سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » میدیا لە خزمەتی بەغدادی دا

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

میدیا لە خزمەتی بەغدادی دا

میدیای كوردییش وەك زۆرێك لە میدیای جیهانی و عەرەبی بەتایبەتی، نا بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ دەركەوتن و پەیامی ئەبوبەكر بەغدادی دا كرد، كە دوای (5) ساڵ دەركەوتەوە.
ئەم دەكەوتنەوەیەی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هەڵایەكی راگەیاندنی بەدوای خۆیدا هێنا، كە ئەوەش ئامانجی سەرەكی دەركەوتنەكەی بوو، لەگەڵیشیدا پەیامی خۆی گەیاند، كە هەندێكیان، خانە داعشییەكان كۆدەكەی دەزانن، بەشێكیشی ئاشكرا بۆ دژە داعشییەكان بوو.
بایەخپێدانی میدیایی بە دەركەوتنی بەغدادی پەڕییەوە بۆ پەخش و گەیاندنی پەیامی داعش لەهەر شوێن و جێیەك بن، چونكە بەچەندین زمان لە ماسمیدیای جیهانی و سوشیالمیدیا بڵاوكرایەوە، بەڵام كەمترینیان رەچاوی بەرپرسیارێتی و ئاكاری میدیاییان كرد، بەتایبەتی میدیای نوێ، ماسمیدیا، لەناو ئەوانەشدا بەشێكی زۆر لە میدیای كوردی!.
ئەو میدیایانەی پشتیووان، یان بارگاوی بیریی داعشیین، وەك خۆی و چەندبارە پەیامی بەغدادییان بڵاوكردەوە كە زۆرێكیان عەرەبیین و مەبەستیان گەیاندنی پەیامی داعش و بایەخپێدانی بوو، بەڵام بەشێكیشیان بەنەزانی كەوتنە هەمان هەڵەی بڵاوكردنەوەی پەیامی ئەمیری داعش.
ئەركی میدیاكاری بەرپرسە، كە بەپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكاندا بكات، بەتایبەتی لە پرسێكی وەك تیرۆر و تۆقاندن و هاندانی توندوتیژی و خۆی لە پەخش و بڵاوكردنەوەی مەسجی پەیامەكان بپارێزێت، یاخود بتوانێت وردەكاری ئامانج و پەیامەكان شیبكاتەوە، بەجۆرێك بە وەرگری بگەیەنێت كە خزمەتی بكات، نەك پێچەوانە.
ناكرێت، میدیای كوردی لەئاستێكدا بێت لەكۆدی پەیام و دەركەوتنی بەغدادی تێنەگات و راستەوخۆ جارێكی دیكە هەر 18 خولەكەكەی بۆ بڵاوبكاتەوە و ببێتە پاڵپشتێكی ئاسان و خێرا بۆ خزمەتكردنی گەیاندنی وتارە پڕ مەسیجەكەی بەغدادی، لەكاتێكدا كوردستان خۆی یەكێكە لە زۆنی پەلامار دراوی داعش و هێشتا هەرێم و رۆژئاوای كوردستان لە ژێر كاریگەرییە خراپەكانی تیرۆر دان، كە گورزی مرۆیی و ئابووریی و سەربازیی و كۆمەڵایەتی لێداوە، جارێكی دیكە لەم سەدەیەدا كورد كەیسێكی جینۆسایدی پێبڕایەوە، بەڵام بەشێك لە میدیای كوردزوبان دەبێتە ئامێرێك بۆ شڵۆقكردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دروستكردنی مەترسی! و لەبیری دەچێت كە داعش چی بەسەر شەنگال و كۆبانی هێناوە!.
رەنگە هەنجەتی ئەو میدیا و كەناڵە ئاسمانییە كوردیانە ئەوەبێت، كە وەك بابەتێكی میدیایی كاریان لەسەر دەركەوتنی بەغدادی كردبێت، ناكرێت رووداوێكی لەو شێوەیە لەدەست بدەن، بەڵام ئاكارو پرانسیپی میدیایی پڕۆفیشناڵ هەنجەتەكە بەتاڵ دەكاتەوە، كە نابێت هانی ترس و تۆقاندن و توندوتیژیی بدرێت، بۆیە پەیامەكەی بەغدادی، دەستخۆشیكردن بوو لەوانەی كردەوەی تیرۆریستیان لە سریلانكا كردو هەڕەشەی تیرۆریستی دیكەی لە فەرەنساو شوێنی دیكە كردو راپۆرتی تیرۆریستی درایە دەستی ئەمیر!، هاوكاتیش شانە نوستووەكانی داعشی دڵخۆشكرد كە ئەمیرەكەیان ماوەو زۆری دیكەیشی تێدابوو! كەواتە میدیای كوردی چی لەم پەیامە دەستدەكەوێت؟.
میدیای كوردستانی ئەركی ئەوە نییە، ببێتە ماكینەیەكی بەلاشی پەخشكردنی پەیام و چالاكییەكانی بەغدادی، بەڵكو دەتوانێت تەنیا دەركەوتنی بەغدادی بكاتە هەواڵێك و لە كاریگەرییەكەی كەم بكاتەوە، نەك راستەوخۆ دێڕو وشە بەوشەی پەیامەكەی وەربگێڕێتە سەر زمانی كوردی و بگەیەنێتە هاونیشتمانیانی خۆی و باز بەسەر مەترسیی ئاسایشی نیشتمانی و كۆمەڵایەتیدا بدات!.
داعش، تەنیا لە ئەكاونتێكی تیلیگرامی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە پەیامەكەی بەغدادی بڵاوكردەوە، بەڵام توانی زۆرترین رووبەری پەیامەكەی لە میدیای جیهانیدا داگیربكات، لەناویاندا میدیای كوردی، لەكاتێكدا میدیا هۆكاری سەرەكی بوو لە ناساندنی چالاكییە تۆقێنەرەكانی داعش لە كوشتن و سەرپەڕاندن و چاندنی ترس لە كۆمەڵگەدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حكومەتی بەهێز!

ئامانجی هەموو حكومەتێك، بەهێزییە و ئامانجی راگیربوونیەتی لە لوتكەیەك كە ...