سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی سێیەم و کۆتایی

دیاردەی جیابوونەوە لەناو حزبە كوردییەكاندا، دیاردەیەكی بەو رادەیە نوێ نییە كە ئەوەی ئێستا بەهۆی قەیرانە قووڵەكانی ناو حزبە بچووكەكانەوە سەر هەڵدەدات، پێمان وابێت قۆناغێكی نوێ لە كەوتنە قەیرانی حزبەكان دەستیپێكردووە. لەو لایەنەوە دروستە كە حزبە نوێیەكان، لەگەڵ خۆشیاندا قەیرانی نوێیان لەناو خۆیاندا بەرهەمهێناوە. بەڵام جیابوونەوەكان نوێ نین بەو مانایەی كە مێژووی حزبی كوردی لە دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بگرە تا دروست بوونی یەكێتیی نیشتمانیی كورستانیش ئەم جیابوونەوانەی بەردەوام هەبووە.
(دیاردەی جیابوونەوە لە ناوحزبی كوردی، بابەتێكە كە هەنوكە خەریكە لەچوارچێوەی كتێبێكدا كاری لەسەر دەكەم.(
بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی بابەتەكە كە پەیوەندیی بە قەیران و كەوتنە ناو كێشەی حزبە نوێیەكانەوە هەیە، باس لەكۆمەڵی ئیسلامی دەكەین، كە دوای 18 ساڵ لە دامەزراندنی ئەم حزبە، بەم تەمەنە كەمەیەوە هەمیشە لە قەیراندا بووە.
یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی كێشەكانی حزبە بچووكەكانی ئەمڕۆ، مانەوە و گەشە نەكردنیانە لەناو ئەو چوارچێوە و بازنەیەی كە تیایدا دروست بوون، بەجۆرێك هیچ كام لەو حزبانە نەیانتوانیووە ساتەوەختی ژینگەی دروستبوونیان تێپەڕێنن. بۆیە ئەمە داواجار حزبەكان دەستخۆشی لە تەقینەوە و لەبەر یەكهەڵچوونی ناوخۆیی دەكەن.
دوو چین و دەستە لە ناو حزبە بچووكەكانی ئێستای هەرێم لە ململانێدان كە گونجانیان لەناو یەك حزب و رێكخراوی سیاسیدا سەختە- واتە ململانێی دەستە گەنجەكان لەگەڵ ئەوانەی كە حزب بە هی خۆیان و دروستكەری بازووی خۆیان دەزانن، بەجۆرێك لە ئێستادا دەستەو باڵە گەنجەكانی ناو حزبە بچووكەكان لە دروستبوونی قەیرانی حزبە بچووكەكاندا پشكی شێریان بەردەكەوێت. ئەم نموونەیە لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بگرە تا نەوەی نوێ و ئێستاش كۆمەڵی ئیسلامی.
شتێك كە دەكرێت ئاماژەی پێبكەین ئەوەیە، هەموو ئەو حزبە بچووكانەی كە لە رێی میدیاكانیانەوە هێرشیان دەكردە سەر حزبە نەریتییەكان و دەیانوت كە حزبی بنەماڵە و خاوەن كۆمپانیان، بەڵام سەیر لەوەدایە ئێستا قەیرانە ناوخۆییەكانیان كە بەو جۆرە تەشەنە دەسەنێت، پەیوەندیی بەهەمان پرسەوە هەیە، دوایین بەیاننامەی چەند ئەندامێكی كۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێر لەسەر هەمان شت بوو، ئەوان دەڵێن كۆمەڵی ئیسلامی بەرەو بنەماڵە و گەندەڵی دەڕوات و سەرتاپای حزبیان خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندییە تاكییەكان.
ئەمە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان هەڵگریی هەمان بۆچوونە و جیابوونەوەی باڵی بەغدای نەوەی نوێ- ش هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبوو، ئەوان رایانگەیاند سەرۆكی نەوەی نوێ جووڵانەوەكەی خستۆتە خزمەت بەرژەوەندییەكانی كۆمپانیای نالیا.
ئینشیقاق و جیابوونەوەی هەر سێ حزب و جووڵانەوەكان، جیابوونەوەی هاوشێوەن لە بنەمادا یەك كێشەیان لە سێ ماڵدا هەیە. بەڵام پرسیار لە دوا بەشی ئەو نووسینە ئەوە دەبێت كە ئەو قەیران و كێشانە حزبە بچووكەكان بەرەو چ ئایندەیەك دەبات و لە كوێداو بە چ گوتارێكەوە تاو دەدەنەوە بەرخۆیان و بەردەوام دەبن؟ لە كاتێكدا كە تەنها هێزی نەیار، هێزە ناوخۆییەكانی خۆیانن نەك حزبەكانی بەرامبەریان.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا حزبە بچووكەكان هێشتا هەن و دەیانەوێت بۆ چەند دەیەی تریش بەردەوامی مانەوەی خۆیان بدەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*