سەرەکی » مانشێت » ״سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە״

سبەینێ پەرلەمان كۆدەبێتەوە

״سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە״

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 8/5/2019، پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە.
دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە «كۆبوونەوەكە سەعات 11 ی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە 8/5/2019، بەڕێوەدەچێت».
بەپێی راگەیەنراوەكە بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتییە لە دەنگدان لەسەر «پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان-عیراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوور».
لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستانەوە، سەركۆ ئازاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز بە PUKmedia ی راگەیاند: بڕیارە سبەینێ چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، وتیشی: بڕیارە لیژنەی یاسایی پەرلەمان بۆ دەستكاری كۆتایی پڕۆژەكە كۆببێتەوە و پاشان پڕۆژەكە پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات.
دوێنێش ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا «ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی دەدەین بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و ئەو پۆستە ئیستحقاقی یەكێتییە». وتیشی: هیوادارین لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە لە رۆژی چوارشەممە دەنگ لەسەر كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بدەین و بتوانین پێش جەژنی رەمەزان كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رابگەیەنین.
شایانی باسە، رۆژی 4/3/2019، لە هەولێر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێكەوتنی سیاسییان ئیمزاكرد و رۆژی 5/5/2019ش لەسلێمانی رێكەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزاكرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پاراستنی ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دێڤد شینكەر یاریدەدەری ...