سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » سیاسەتی خۆبەدوورگرتن

سیاسەتی خۆبەدوورگرتن

ماوەیەكە زاراوەی سیاسەتی خۆبەدوورگرتن بۆتە ویردی سەر زوبانی سیاسەتوانان لە عیراق و لە هەر كون و قوژبنێكدا باس لە سیاسەتی ئەمڕۆی عیراقی بكرێت، دەگوترێت عیراق خۆی لە قەرەی ململانێ‌ ئیقلیمییەكان نادات و «سیاسەتی خۆبەدوورگرتن» پیادە دەكات.
ئەم سیاسەتی خۆبەدوورگرتنە سیاسەتێكی دروست و شیاوە بۆ رەوشی ئێستای عیراق، بە تایبەت كە حكومەتە ناكامڵەكەی عادل عەبدولمەهدی دەستیكردووە بە هەڵپەكردن بۆ دروستكردنی پەیوەندی دیپلۆماسی فرە لایەن و چاوی لە كرانەوەی زیارترە بەڕووی ناوچەكە و جیهان.
لەگەڵ ئەوەی سیاسەتی خۆبەدوورگرتن، یان «النأی بالنفس»، خۆدوورخستنەوە دەگەیەنێت لەو ململانێ‌ قوڵ و قورسەی ناوچەكەی تێكەوتووە، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و هەوڵدانە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری وڵات و كاركردن بۆ ئاوەدانكردنەوە لە پاش چەندان ساڵ لە جەنگ و ماڵوێرانی و خەریكبوون بە كێشمەكێشی ناوخۆیی و سەرقاڵبوون بە پشكداریی و حزبایەتی بەرتەسك.
ئەم سیاسەتەی ئێستای عیراق، ئاشكرا نییە سەركەوتوو دەبێت یان نا كە بەدەستەوەگرتنی دارەكەیە لە ناوەڕاستەوە، لە هەمان كاتدا روون نییە میحورەكان هەڵوێستەكە قبوڵ دەكەن، یان وڵات بۆ پشتیوانیكردن لە یەكێكیان راپێچ دەكەن، بە تایبەت كە پێگەی جوگرافی عیراق كەوتۆتەوە نێوەند و چەقی گێژاوەكەوە.
هەڵوێستی رەسمی عیراق خۆبەدوورگرتنە لە پزیسكی ئەو ئاگرەی ناوچەكە دەگرێتەوە، پشتوانی نەكردنە لە میحوەرەكان، خۆسەرقاڵكردنە بە بوژاندنەوەی ئابوری و سیاسەتی كرانەوە بەڕووی هەمواندا، ئەمەش لە واقعی سیاسەتی ئێستای ناوچەكە، جگە لە خۆگێلكردن و سیاسەتی نەعامە بەولاوە چی دی ناگەیەنێت، بەو پێیەی ئەو باهۆزەی بەڕێوەیە دەمانگرێتەوە و هەموان دەكەوینە بەر لێشاوی زیانەكانی.
هەڵوێستی سیاسەتوانانی عیراق لەبەرانبەر ئەم رەوشەدا رەنگە بەشێوەیەكی لۆجیكانە دەربكەوێت، چونكە جگەلەم هەڵوێستەی ئێستا، پێناچێت لە هەگبەیاندا چی دی هەبێت، تا لێوەی خۆیان لەگەڵ كەشەكەدا بگونجێنن و سیاسەتەكانیان بۆ خۆپاراستن لە شەڕی نێوان گەورەكان بپارێزن.
خۆبەدوورگرتن لە قۆناغی ئێستای سیاسەتی عیراقیدا گەر سەربگرێت و سەركەوتوو بێت، رەنگە لە سەركەوتن بەسەر تیرۆر و دەربازبوون لە شەڕی تایەفەگەری و ململانێكانی تر گەورەتر بێت، رەنگە ببێتە مایەی وەرچەرخان و لێوەی عیراق هەنگاو بەرەو ئەو ئاسۆیە هەڵبنێت كە دەكرێت ناوی عیراقی نوێی لێبنرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆڵی نێوەندگیری عیراق

عیراق لە حاڵەتی بەرپابوونی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران، بەدەر ...