سەرەکی » دۆسێ » عیزەت شابەندەر: ئەگەر گونجانی نێوان فەتح و سائیرون بەردەوام بێت، عەبدولمەهدی بەهێز دەبێت

عیزەت شابەندەر: ئەگەر گونجانی نێوان فەتح و سائیرون بەردەوام بێت، عەبدولمەهدی بەهێز دەبێت

عیزەت شابەندەر سیاسەتمەداری عیراقی پێیوایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا «ناوچەكە دەسوتێنێت»، و پێویستە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران عەرەب لەو ڕاستییە تێبگەیەنێت، ئاماژە بە هەوڵەكانی ئیسرائیلیش دەكات بۆ سەپاندنی داواكاریی نەخوازراو لە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەیەك لە ناوچە سونییەكانی عیراق.
شابەندەر لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی لە 4ی نیسانی 2019 ڕایگەیاندووە»ترەمپ رێگە بە عیراق نادات بتوانێت دارەكە لەناوەڕاستەوە بەدەستەوە بگرێت لە ململانێی لەگەڵ ئێران، بۆیە بەمزوانە هەڕەشە لە عیراق دەكات و گەمارۆی دەدات».
بە گوتەی ئەو»ئامۆژگارییەكی عیراقی هەیە بۆ ترەمپ كە خۆی بە رێگەدان بە مانەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا دەبینێتەوە، ئامۆژگارییەكە هۆشداریی داوەتە ترەمپ لە پەرچەكردارێكی بەهێزی ئێرانی كە وادەكات ئامانج و خواستەكانی نەهێنێتەدی».
شابەندەر پێیوایە»گەر ببینە بەشێك لە سزاكانی سەر ئێران قورسە، گەر لە دژی خواستەكەش وەستاینەوە بە هەمان شێوە قورس دەبێت، بۆیە پێویستە عیراق وتوێژ لەگەڵ میسر و ئیمارات و سعودیە بكات و تێیانبگەیەنێت كە بەرگەی ئەوە ناگرێت لەگەڵ میحوەرێكدا دژ بەوی تر بوەستێت، بە تایبەتیش دژ بە ئێران، دەبێت عەبدولمەهدی عەرەب لەوە تێبگەیەنێت كە ترەمپ ناوچەكە دەسوتێنێت، و ئێران و عیراق و وڵاتانی ناوچەكە بەهۆی سیاسەتەكانی ئێستای ئیدارەی ئەمریكاوە زیانیان پێدەگات».
بە بۆچوونی ئەو سیاسەتمەدارە عیراقیە»ئێران رێگەی ژیان بە كەس نادات كاتێك خۆی بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە رووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە، ئەم پەیامەش پێویستە بگاتە عەرەب، لەگەڵ ئەوەشدا هاوپەیمانە عیراقییەكانی هاننادات بوونی ئەمریكایی لەئێستادا رەتبكەنەوە، چونكە باجی ئەمە سوككردنی سزاكانی سەر وڵاكەی دەبێت».
شابەندەر چەند زانیارییەك ئاشكرا دەكات سەبارەت بە چاوپێكەوتی كەسێتییە سونییەكان لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی ئیسرائیل لە ئەوروپا، كە بە گوتەی ئەو باسیان لە «نەخشەیەك كردووە بۆ جیاكردنەوەی عیراق لە سوریا و لوبنان لەڕووی وشكانییەوە، ئەمەش لەسەر وروژاندنی هەستی گەڕانەوەی داعش و ستەمدیدەیی سوننە لە ناوچەكانی خۆرئاوای عیراق و ئازادكردنی رفێنراو و زیندانییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بەندە، ئەمانەش داواكاریی واقعی و راستەقینەن، داواكارییەكان شیاون و خواستەكەش خواستی ئیسرائیلییە بۆ دابڕینی عیراق لە سوریا».
سیاسەتمەدارە عیراقییەكە پێیوایە»ئەمریكا لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا دەستی بە جموجۆڵ كردووە بۆ مەشقپێكردنی 10 هەزار سوننە لەسەر چەك و پارەی پێویستی بۆ دابین كردووە، ئاوەدانكردنەوەش لە شارە سوننەكاندا بە كۆمەكی دەرەكی دەستپێدەكات و دەنگی داواكاریی ئازادكردنی رفێنراوەكانیش لەلایەن كەسوكارەكانیانەوە بەرزدەبێتەوە».
ئاماژەی بە «پرۆژەكەی ئیسرائیلیش كردووە كە خۆی لە سەپاندنی داخوازیی قورسدا دەبینێتەوە لە حكومەت، تا ئاراستەیەكی نوێ‌ لە ناوچەكانی خۆرئاوا دروست ببێت و داوای كۆنفدراڵی بكرێت نەك هەرێم، ئەمەش واتای نیمچە جیابوونەوەیەكی تەواوەتی لە عیراق دەگەیەنێت، لە دوای مانگی رەمەزانیش ئەو پرۆژەیە لەدایك دەبێت».
هەر لەو دیمانەیەدا سیاسەتمەدارە عیراقییە، گومانی خۆی دەربڕیوە بەرانبەر بە مانەوە و بەردەوامبوونی حكومەتی ئێستا كە لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و پێیوانییە حكومەتەكە بتوانێت چوار ساڵ بەردەوام ببێت، ئاماژەی بەو شێوازەش كردووە كە لێوەی عەبدولمەهدی توانیویەتی تائاستێك هێوربوونەوە و ئارامی دابین بكات.
عیزەت شابەندەر لە بەرنامەی (وجگە نڤر)دا دەڵێت»هەندێك هەن جلوبەرگی گەورەتر لەخۆیان لەبەر دەكەن لە پۆستەكانیان، ئەمەش یەكێكە لە هەڵەی زیرەكەكان، گۆڕانكارییەكی گەورە بەڕێوەیە و ئەو بێهودەییە مەترسیدارە دەبێت كۆتایی بێت».
بە گوتەی شابەندەر»بێسەرەوبەرەییەكی گەورە هەیە كە پەیوەندی بە ئاسایشی وڵات و ئایندەیەوە هەیە، پێكگەیشتن لەنێوان دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەكان و كەسێتییە سیاسییەكان هەیە تا ئەو كارانە ئەنجام بدەن كە پێویستە بەزوویی وەڵام بدرێنەوە، وەڵامدانەوەكەش نزیكە و لەو رووەوە هیچ هێزێكی شیعە یان سوننە بەدەرناكرێت».
سەبارەت بە گەڕانەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بۆ دەسەڵات، شابەندەر پێیوایە»ئەوە خەونێكی پوچە و حزبە دەعوە ناتوانێت هیچ سەرۆك وەزیراتێك لە حزبەكەی بخاتە ئەو پۆستەوە، ئەو سەردەمە كۆتایی هات، سەردەمی حزبی دەعوە شكستخواردوو بوو، بەجۆرێك كە بواری نەهێشتەوە جارێكی تر حزبەكە بتوانێت حوكمی عیراق بكاتەوە».
هەروەها دەڵێت»عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، لە هەموو سەرۆك وەزیرانەكانی تر زیاتر لە ناوخۆ و دەرەوەدا تاقیدەكرێتەوە، میراتی ناوخۆی و ململانێی ئیقلیمی گەیشتوونەتە ترۆپك، ئەم دۆخەی ئێستا بوار نادات بە گرتنی دارەكە لە ناوەڕاستەوە، تا عیراق لەو ململانێیەدا بتوانێت خۆی بەدووربگرێت».
شابەندەر بەدووریدەزانێت، «بەهۆی ململانێی ئیقلیمییەوە، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بتوانێت چوار ساڵ بەرگە بگرێت، رەنگە لەناوخۆدا بەردەوام بێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە فراكسیۆنە بەهێزەكان پشتیوانی بكەن تا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەمەش لەئێستادا فەراهەم نییە».
ئاماژەی بە هاوپەیمانی سائیرونیش كرووە وەك بڕیاربەدەست لە هاوپەیمانی چاكسازییدا، «موقتەدا سەدر هەریز ناتوانێت بەشێوەیەكی هاوبەش كاربكات و مۆڵەت و هەڵوێستی لەگەڵ هاوپەیمانی چاكسازییدا بێت. ئەو شەقامی هەیە كە متمانەی زیاتری پێدەدات».
لەلایەكی ترەوە، شابەندەر پێیوانییە،»نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، زۆر گونجاو بێت لەگەڵ لایەنەكانی هاوپەیمانی بنیاتنان».
سەبارەت بە لێكنزیكبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون و كۆبوونەوە هاوبەشەكانیان، شابەندەر رایگەیاندووە»ئەوەی رویدا جێگۆڕكێیەكی سائیرون بوو لەگەڵ فەتح، ئەوەی لێیان نزیك ببێتەوە، وەك ئەوان دەچێتە نێو هاوپەیمانییەكی فراوانەوە».
ئەو سیاسەتمەدارە عیراقییە وایدەبینێت»عەبدولمەهدی پێداگر بووە لەسەر رازیكردنی سائیرون و فەتح، بەبێ‌ ئەوەی فراكسیۆنە بچوكەكان لەیادبكات، بۆیە دۆخێكی ئارامی بۆ ڕەخسا، ئەگەر گونجانی نێوان فەتح و سائیرون بەردەوام بێت، عەبدولمەهدی بەهێز دەبێت».
شابەندەر پێیوایە»گەمەكەرە ئیقلیمییە سەرەكییەكان، لێكنزیكبوونەوەی نێوان فەتح و سائیرونیان پێخۆش نییە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

باڵێوزی نوێی ئەمریكا لە بەغدا: دەبێت عیراق لە دەستوەردانی دەركی بپارێزرێت

باڵێوزی نوێی ئەمریكا لە عیراق، بەپێویستی دەزانێت، عیراق لە دەستوەردانی ...