سەرەکی » دۆسێ » فەرەنسا رێگەنادات داعشە بەدیلگراوەكانی بگەڕێنەوە وڵاتەكەی

رادەستی عیراق دەكرێن

فەرەنسا رێگەنادات داعشە بەدیلگراوەكانی بگەڕێنەوە وڵاتەكەی

رۆژنامەی «تایمز»ی بەریتانیا، ئاماژە بە بوونی دەستەژەی لێكنزیكبوونەوەی نێوان پاریس و بەغدا دەكات بۆ رێكەوتن لەسەر رادەستكردنی ئەو هاووڵاتییە فەرەنساییانەی لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ەوە دەستبەسەركراون بە عیراق، تا لەبەرانبەر پارەیەكدا رێگەی گەڕانەوەیان لێبگرێت.
رۆژنامە بەریتانییەكە، لە ژمارەی رۆژی 4ی نیسانی 2019دا نوسیویەتی» پاریس هەوڵ دەدات بەغدا رازیی بكات، تا چەكدارە فەرەنساییەكانی نێو ریزەكانی رێكخراوی داعش و خێزانەكانیان كە لەلایەن هێزە كوردییەكان لە سوریا دەستگیركراون قبوڵ بكات، ئەمەش لەبەرانبەر پێدانی پارە بە حكومەتی عیراق و پشتیوانیكردنی دیپلۆماسی و بەخشینی چەك لەلایەن فەرەنساوە».
رۆژنامەكە پێیوایە»حكومەتەكەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپا كە هاوڵاتییەكانیان لە سوریا دەستگیركراون و پێشتر لە ریزەكانی داعشدا شەڕییان كردووە، ئەو رێگەچارەیە بە ئەلتەرناتیڤ لەبری گێڕانەوەیان بۆ وڵاتەكانیان بە باشتر دەزانن، پێشبنیش دەكرێت حكومەتی بەغدا داوای 1.8 ملیار دۆلار لە وڵاتە خۆرئاواییەكان بكات، لەبەرانبەر لەخۆگرتنی ئەو ژمارە توندڕەوەی لە سوریا دەستبەسەرن».
بەڵام ئەوانەی دانوستان دەكەن لەنێوان پاریس و بەغدا، پێداگری لەسەر پڕچەككردن دەكەنەوە، بەجۆرێك كە دەسەڵاتدارانی عیراقی بەپێی (تایمز) «خواستییان لە دەستبەركردنی چەند بارە چەكێك و سیستمی بەرگری فەرەنسایی هەیە، وێڕای بەڵێن وەرگرتن لە پاریس، تا دەست لە پشتیوانیكردنی كوردانی عیراق هەڵبگرێت».
بەپێی ئەو رێكەوتنانەی دەبەسترێن لە چوارچێوەی دانوستانەكانی ئێستا، 14 توندڕەوی فەرەنسایی لە سوریاوە رادەستی عیراق كراون و دادگایی دەكرێن، بەڵام بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەكان، ژمارەی راستەقینەی ئەو توندڕەوانە زۆر لەو ژمارەیە گەورەتر و زیاترە.
ئەم رێگەچارەیەش مشتومڕی لە فەرەنسا دروستكردووە، چونكە قسەوباسەكان تەنیا لەسەر هاوڵاتییە توندڕەوەكان نیین كە لەسەر خواستی خۆیان وڵاتەكەیان بەرەو سوریا بەجێهێشتووە، بەڵكو لەسەر ئەو منداڵانەن كە لەسەر خاكی رێكخراوەكە لەدایكبوون، و بەرپرسیارێتی هەڵسوكەوتی باوكیان لەئەستۆ ناگرن.
ئەمین باهی (23 ساڵ) كە خوێندكاریی كۆلێژی مافە، لەگەڵ سێ خانەوادەی فەرەنسایی تردا لەم مانگە پەنایان بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بردوو كە باڵاترین دەزگای دادوەرییە لە فەرەنسا، و داوای گێڕانەوەی كەسوكارە دەستبەسەركراوەكانیان كردبوو لە سوریا، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنەكەوە داواكارییەكەیان رەتكرابۆوە.
باهی كە خوشكەكەی سەفەری كردبوو بۆ سوریا و لەوێ دوو منداڵی خستبۆوە و ئێستا لە ئۆردوگای ئەلهولە لە خۆرهەڵاتی سوریا، سكاڵایان بۆ دادگای ئەوروپایی بۆ مافەكانی مرۆڤ بەرزكردبۆوە و تێیدا حكومەتی پاریسیان بە خۆدزینەوە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی پاراستنی هاوڵاتییەكانی، تۆمەتبار كردبوو.
پاریس پێشتر رزامەندی لەسەر وەرگرتنەوەی ژمارەیەك لە «بێ باوكەكانی داعش» دەربڕیبوو، ئەمەش لە نێوەندی ترس و نیگەرانی بەرپرسانی فەرەنسا بەرانبەر بە ئەگەری هەڵاتنی توندڕەوە دەستبەسەركراوەكان و پەیوەندیكردنەوەیان بە ریزەكانی داعش، یان گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكە.
هەر لەو بارەیەوە پێشتر، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، ئەو وتوێژانەی لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا ئەنجامدرابوون ئاشكرا كرد كە ئامانج لێیان گواستنەوەی دەیان هەزار چەكداری رێكخراوی داعش و خێزانەكانیان بووە لە ناوەندەكانی دەستبەسەركردن لە سوریا، بۆ گرتوخانەكان لە عیراق.
لە 12ی نیسانی 2019، ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێكیدا بڵاویكردبۆوە”عیراق داوای 10 ملیار دۆلاری كردووە، وەك وەجبەی یەكەم، وێڕای چەندان ملیار دۆلاری تری ساڵانە، لەپێناو ڕازیبوون بە وەرگرتنی دەستگیركراوەكان”.
بەپێی ڕاپۆرتەكە”هەردوو لایەن لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، وتوێژ دەكەن و دانوستان لەسەر مەرجەكان دەكەن”.
(گاردیان) ئاماژەی بە لێدوانەكانی برێت ماكگۆرك نێردەی پێشووی واشنتۆن بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردبوو كە ڕایگەیاندبوو،» عیراق رێگەچارەیەكی باشە گەر ڕێكەوتن لەسەر مەرجەكان بكرێت».
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەندامێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندبوو، زیاتر لە 30 هەزار تیرۆریستی داعش ڕادەستی عیراق كراون.
مەنسور بەعیجی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو،» ڕادەستكردنی داعشەكانی سوریا بە عیراق زیانی بۆ وڵات دەبێت و ژمارەی ئەو داعشانەی ڕادەستی عیراق كراون زیاترە لە 30 هەزار تیرۆریستن، ئەمەش بارگرانی بۆ حكومەتی بەغدا دروست دەكات، چونكە مانەوەی ئەو داعشانە لە زیندانەكاندا خەرجییەكانی حكومەتی عیراق زیاد دەكەن».
بە بۆچوونی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران» لەهەمان كاتدا بوونی ژمارەیەكی لەو شێوەیەی تیرۆریستان لە زیندانییەكانی عیراقدا مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات دروست دەكات».
مەنسور بەعیجی بەپێویستی زانیبوو، حكومەتی عیراق وەرگرتنی ئەو تیرۆریستانە ڕەتبكاتەوە بەوپێیەی هەنگاوەكە زیان بە ئاسایش و بەرژەوەندنی باڵای عیراق دەگەیەنێت و ڕەتیشكردبۆوە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕێگەبدات عیراق بكرێتە كۆگایەك بۆ كۆكردنەوەی تیرۆریستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە

سەرچاوەیەكی كەرتی نەوت رایگەیاندووە، بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە رێژەی هەناردەی ...