سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » «شه‌عب» چاوه‌ڕێیه‌ به‌ دیداری بێگه‌رد شاد بێته‌وه‌!

«شه‌عب» چاوه‌ڕێیه‌ به‌ دیداری بێگه‌رد شاد بێته‌وه‌!

مخابن ماوه‌یه‌كه‌ مامۆستای رووخۆش و قسه‌خۆش و ده‌نگخۆش، مامۆستا ره‌وف بێگه‌رد له‌ یاران و هاوڕێیانی دووره‌ و نایه‌ته‌ ناو هه‌راو هوریای چایخانه‌ی شه‌عب و به‌ دیداری هاوڕێیانی له‌ گه‌نجان و هاوته‌مه‌نانی شاد نه‌بووه‌، نیگاكانی یارانی بێگه‌رد هه‌موو چاوه‌ڕێی دیداری ئه‌م زاته‌ بێگه‌رد و خۆشه‌ویسته‌ن، تا له‌ ناكاو خۆی بكات به‌ چایخانه‌ی شه‌عبدا و كه‌رنه‌ڤاڵی ته‌وقه‌ و خۆشی و چلۆنی ده‌ستپێبكات، دواتر له‌ جێگایه‌كدا ئارام بگرێ و به‌ چایه‌كی تایبه‌تی كاك عومه‌ر یان به‌كر یان جه‌لال یان هیوا دڵی ئارام بێته‌وه‌ و داوای قاورمه‌یه‌كی تایبه‌ت بكات و… هه‌مووان چاوه‌ڕێی ئه‌و دیداره‌ن و نزا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بێگه‌رد ده‌كه‌ن…
مامۆستا ره‌وف بێگه‌رد ناوێكی‌ دیار و ناسراوه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ سلێمانی‌ پایته‌ختی رۆشنبیری، بگره‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ كوردستاندا به‌ گوێی خوێنده‌وار و نووسه‌ران و خوێنه‌ران ئاشنایه‌. زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ خزمه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ ده‌كات هه‌م به‌ وه‌رگێڕان و هه‌م به‌ نووسین و به‌ تایبه‌تی چیرۆك. ئه‌م پیاوه‌ شیرین و بێگه‌رده‌ی‌ كوردی‌ به‌شخوراو و سته‌م دیده‌، وه‌كو هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و ئه‌دیبه‌ جوامێرانه‌ی‌ كورد كوڕی‌ شاخ و شاره‌ و پتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ خزمه‌ت ده‌كات، شوێن ده‌ستی‌ له‌ نێوه‌ندی رۆشنبیریی كوردیدا دیاره‌ و چه‌ندین به‌رهه‌می‌ جیهانی‌ وه‌رگێڕاوه‌. هه‌ر له‌ رۆمانه‌كانی‌ دۆستۆیڤسكییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ چیرۆكه‌كانی‌ چیخۆف و به‌رهه‌مه‌كانی‌ میلان كۆندێرا و زۆرباكه‌ی‌ نیكۆس كازانتزاكیس، كه‌ تا ئێستا چه‌ندین جار چاپكراونه‌ته‌وه‌. له‌ بواری‌ چیرۆكنووسینیشدا چه‌ندین چیرۆكی‌ جوان و هونه‌ری‌ هه‌یه‌، له‌ ساڵانی‌ كاركردنیدا چه‌ند كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی‌ پێشكه‌شی‌ ئه‌ده‌بی كوردی‌ كردووه‌، به‌درێژایی ساڵانی‌ نووسینی‌ بابه‌ت و وتار و چیرۆك و وه‌رگێڕانه‌كانی‌ له‌ رۆژنامه‌كاندا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌ نێوه‌ندی‌ ئه‌ده‌بی‌ كوردیدا جێده‌ستی‌ دیاره‌ و به‌ یه‌كێ له‌ چیرۆكنووس و وه‌رگێڕه‌ باشه‌كانی‌ نێوه‌ندی‌ ئه‌ده‌بی كوردی‌ داده‌نرێت.
وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولدا چۆته‌ شاخ و هاوهه‌ڵوێستی هاوڕێیانی و گه‌له‌كه‌ی بووه‌ دژی زوڵم و زۆری به‌عسیان، له‌ قۆناغی دواتریشدا له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی نوێدا شانبه‌شانی هاوڕێی نزیكی شاعیری گه‌وره‌ و داهێنه‌ری كورد شێركۆ بێكه‌س هه‌میشه‌ دڵی لای شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و له‌ چیرۆكه‌كانیدا هاوڕێی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و چیرۆكه‌كانی به‌ ناوی خوازراوه‌وه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی شاخدا بڵاوكردۆته‌وه‌. كاتێ كوڕه‌ تاقانه‌كه‌شی (ئاری-رزگار) بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ و پارتیزان و له‌ رۆژگاره‌ سه‌خته‌كاندا به‌رگه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی گرتووه‌، مامۆستا ره‌وف بێگه‌رد هه‌میشه‌ هانده‌ری بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگای شه‌هیدبوون هه‌ڵبژێریت نه‌ك رێگای چۆكدادان بۆ به‌عس. به‌ڕاستی بۆ باوكێك كه‌ تاقه‌ كوڕێكی هه‌بێت ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستێكی ئه‌وه‌نده‌ جوامێرانه‌یه‌ هیچ قه‌ڵه‌مێك ناتوانێت وه‌سفی بكات و ئاری-ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆ خۆی پێشمه‌رگه‌ریه‌كی جه‌ربه‌زه‌ بوو، حه‌قی خۆیه‌تی شانازیی به‌ باوكییه‌وه‌ بكات كه‌ له‌ رۆژگاره‌ سه‌خته‌كاندا خاوه‌نی هه‌ڵوێستی وه‌ها جوامێرانه‌ بووه‌.
مامۆستا ره‌وف بێگه‌رد جیاواز له‌ زۆرێك له‌ هاوسه‌رده‌مه‌كانی‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی‌ نووسین و وه‌رگێڕانه‌ و گه‌نجانه‌ كار ده‌كات و گه‌نجانه‌ ده‌ژی، تا پێش ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی‌ به‌رده‌وام به‌ رۆحێكی‌ گه‌نجانه‌ و به‌ ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێزه‌وه‌ سه‌رقاڵی‌ نووسین و وه‌رگێڕان بوو، هیودارین زوو چاك بێته‌وه‌ و بێته‌وه‌ ناو هاورێكانی و بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كانی‌ و به‌و رۆحه‌ گه‌نجانه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانیدا دروست بكاته‌وه‌. به‌ده‌ر له‌ نووسین مامۆستا هه‌میشه‌ پیاوێكی‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه‌، راستگۆ بووه‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌یدا و هه‌میشه‌ به‌ راستگۆییه‌وه‌ خه‌باتی‌ بۆ ئامانجه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد كردووه‌. بێگه‌رد پڕ به‌ پێستی خۆی هه‌میشه‌ بێگه‌رد بووه‌.
مامۆستا ره‌وف بێگه‌رد به‌ده‌ر له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی‌ باسمان كرد، چه‌ندین سیفاتی‌ جوانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵسوكه‌وتدا هه‌م له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌كانی‌ خۆی‌ رێك و ته‌بایه‌ و رێزیان لێده‌گرێ، هه‌م له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌كانیشدا گونجاوه‌ و گه‌نجانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كات و به‌وه‌ ناسراوه‌ رۆحێكی‌ گه‌نجانه‌ی‌ هه‌یه‌ و گه‌نجه‌كانی‌ خۆشده‌وێت و پشتیوانیان ده‌كات.
به‌داخه‌وه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ ئه‌م رۆحه‌ پاك و بێگه‌رده‌ نه‌خۆشه‌ و ئێمه‌ش ده‌خوازین رۆحی‌ پاك و بێگه‌ردی‌ له‌ جه‌سته‌ی‌ ماندووه‌ی مامۆستادا ستار بگرێ، به‌ ته‌ندروستییه‌كی باشه‌وه‌ بێته‌وه‌ ناومان و جارێكی‌ تر له‌ كونجی‌ چایخانه‌ی‌ شه‌عب وه‌ك جاران گفتوگۆی‌ چیرۆك بكات و جار جاره‌ش به‌ نوكته‌ تازه‌كانی هه‌موومان بخاته‌ قاقای پێكه‌نین.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گورگێك له‌ فنجانه‌كه‌مدایه‌!

کەژاڵ ئەحمەد قاوه‌مان خوارده‌وه‌، دوو رێبوار و دوو خه‌ونی جیاواز ...