سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: گرنگیدان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار

لەگەڵ وەفدێكی وەزارەتی دارایی فەرەنسا كۆبۆوە

قوباد تاڵەبانی: گرنگیدان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەفدێكی وەزارەتی دارایی فەرەنسا گەیشتنە لێكتێگەیشتن بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێم لە بوارەكانی چۆنێتی گەڵاڵەكردنی بودجە و وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەكان و رێكخستنەوەی باجەكان لە قۆناغی داهاتوودا.
لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا كە رۆژی 7/5/2019 لە هەولێر لەنێوان قوباد تاڵەبانی و وەفدێكی بەشی هاوكاری نێودەوڵەتی وەزارەتی دارایی فەرەنسا بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران داوایكرد كە فەرەنسییەكان هاوكاری حكومەتی هەرێم بن لە داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجە و چاودێریكردنی خەرجییەكان‌و و چۆنێتی وردبینیكردنیان.
وەفدەكەی فەرەنساش بەڵێنیاندا لە ماوەی دوو مانگدا بۆ راوێژدان بە حكومەتی هەرێم، پسپۆڕەكانی خۆیان بنێرنە هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە: بۆ نەهێشتنی كورتهێنانی بودجە، حكومەت پێویستی بە راهێنانی كارمەندەكان‌و هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكان هەیە، كە هەندێكیان مێژووی دەركردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی چلەكان‌و لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئێستادا نایەنەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا جەختیان لە بە ئەلیكترۆنیكردنی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم‌و چاكسازیی لە شێوازەكانی كۆكردنەوەی باج كردەوە، كە كێشەیەكی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم‌و ناوەندە لە یەك كاتدا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیاردرا لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا، فەرەنسییەكان سیمینارێكی گەورە لەگەڵ حكومەت رێكبخەن بۆ یارمەتیدانی هەرێم لە دۆسێ داراییەكانی پەیوەست بە بودجەو خەرجی بەشێوەیەكی دروست.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گرنگی كەرتەكانی كشتوكاڵ‌و گەشتوگوزار بە شێوەیەك كە دەبێت لە بودجەكانی داهاتوودا گرنگی تەواو بەم دوو كەرتە بدرێت‌و كۆتایی بەو پەراوێزخستنە بهێنرێت، كە لە دوایین پڕۆژەی بودجەدا تەنها %2 بودجە بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخانكرابوو.
ئەم كۆبوونەوەیە درێژكراوەی كۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی قوباد تاڵەبانی-یە لەگەڵ وەفدێكی فەرەنسی‌و بەشێكە لە هەوڵەكانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ هێنانی راوێژكاری بیانی، بە مەبەستی چاكسازیی لە كەرتی دارایی هەرێمی كوردستاندا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*