سەرەکی » هەواڵ » حكومەتی هەرێم بودجەی خێرا بۆ چاكردنەوەی رێگەوبانەكان تەرخان دەكات

حكومەتی هەرێم بودجەی خێرا بۆ چاكردنەوەی رێگەوبانەكان تەرخان دەكات

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دووەم كۆبوونەوەی تایبەت بە چاكردنەوەی رێگەوبانەكانی هەرێم بەڕێوەچوو، تێیدا بڕیاردرا بودجەی خێرا و پێویست بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكرێت و هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دوێنێ 8/5/2019، بەڕێوەچوو، هەریەك لە وەزیرانی ناوخۆ، دارایی، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لەگەڵ هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بەشدار بوون، بڕیار لەسەر كۆمەڵێك هەنگاو درا لەپێناوی چاكردنەوەی هەموو رێگەوبانە زیانلێكەوتووەكانی كوردستان و رێكخستنەوەی باشتری هاتوچۆی بارهەڵگرەكان.
هەرچەندە پرۆسەی چاكردنەوەی رێگەوبانەكان دەستیپێكردووە، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بودجەی زیاتری خێرا و پێویست بۆ هەموو رێگەوبانەكانی كوردستان تەرخان بكرێت بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی لافاو و بارانبارینی ئەمساڵەوە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە.
كۆبوونەوەكە بڕیاریشیدا لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی تری تایبەت سەبارەت بە شەقامی 100 مەتری سلێمانی بكرێت لەپێناوی خێراكردنی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە.
سەبارەت بە رێكخستنی هاتوچۆش بڕیاردرا وەزارەتی ناوخۆ لە رێگای لیژنەی تایبەتەوە چاودێری زیاتری جووڵەی بارهەڵگرەكان بكات بەتایبەت بارهەڵگرە بیانی و ترانزێتەكان، لەگەڵ دانانی كاتی گونجاو بۆ هاتوچۆكردنیان بەجۆرێك نەبنە ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان.
جێگەی ئاماژەیە ئەم كۆبوونەوەیە درێژكراوەی كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی قوباد تاڵەبانی-یە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە چاكردنەوەی رێگەوبانەكانی كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان: چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر

لەكۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكانی عیراقدا، جەخت لەپێویستیی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ...