سەرەکی » دۆسێ » ژنێکی سەرمەشق بۆ ژنانی دنیا

بێنەزیر بۆتۆ

ژنێکی سەرمەشق بۆ ژنانی دنیا

نووسەر: میری انگلر
وەرگێڕ: جەواد حەیدەری

(٢-٢)

بەرەبەیانی رۆژی سێیەمی مانگی نیسانی 1979 بێنەزیر بۆتۆ و دایكیان برد بۆ زیندان بۆ ئەوەی زولفەقار ببینن. هەرچەند ئەو ڕۆژە رۆژی سەردانی بەندكراوەكان نەبوو، بێنەزیر و دایكی تێگەیشتن ئەمە یانی چی، زولفەقار لە ژوورەكەی خۆیدا لە گرتووخانە لەسەر عەرز دانیشبوو و كاتێك كە كچەو ژنەكەی بینی سەری سوڕما و پێی سەیر بوو. لە پاسەوانەكانی گرتووخانەكەی پرسی ئایا ئەمە دوایین جارە كە كەسوكاری و خێزانەكەی دەبینێت؟ پاسەوانەكان بەنیشانەی بەڵێ سەریان راوەشاند. بێنەزیر و دایكی بۆیان نەبوو بچنە ناو ژوورەكەوە، ئەوان ناچار بوون لە پشت پەنجەرەوە كە بەشیش چواردەوریان تەنیبوو دەستی بگرن.
زولفەقار لەدوایین قسەكانیدا وتی: زۆر شانازی بە بنەماڵەكەیەوە دەكات، بە كچ و ژنەكەشی وت: ئەگەر حەزتان لێیە لەشوێنێكی تر بژین دەتوانن لە پاكستان بڕۆن و ڕوو بكەن شوێنێكی تر. لە وەڵامدا بێنەزیر و دایكی بێنەزیر وتیان ئەوان بە هیچ شێوەیەك خاكی پاكستان بەجێناهێڵن. نایانەوێت ژەنەڕاڵ زیاحەق واتێبگات كە ئەوان دەست لەخەبات لەپێناوی سەقامگیركردنی دیموكراسی هەڵدەگرن. زولفەقار عەلی بۆتۆ رووی كردە كچەكەی و گوتی: نازانی چەندم خۆشدەوێت، هەمیشە خۆشم ویستووی، تۆ گەوهەری منی.
بەرەبەیانی رۆژی چواری نیسانی ساڵی 1979 زولفەقار عەلی بۆتۆ لەسێدارە درا. سوپا بە بێدەنگی تەرمەكان بردووە بۆ هەمان ئەو گۆڕستانەی كە كەسوكاری بۆتۆیان تێدا نێژرابوون لەنزیك باخی ئەلمورتەزا. سوپا بەدزییەوە تەرمەكان ناشت بۆ ئەوەی هەوادار و لایەنگرانی بۆتۆ نەزانن كە چی روویداوە. رۆژی دواتر بێنەزیر و دایكیان ئاگادار كردەوە. رێگەیان بە كەسوكاری نەدا كە بەشداری بەخاكسپاردنی بكەن، لەكاتێكدا كە ئەمە ئەركێكی ئیسلامی و موسڵمانانە كە بەشداری مەراسیمی بەخاكسپاردن بكەن. لێرەدا ژیانی بێنەزیر لەكاتێكدا كە دوو ساڵ بوو گەڕابووە بۆ پاكستان تەواو تێكچوو. ژیانی پڕ بوو لە دەستگیركردنی بەكۆمەڵی خەڵك ، ئەویش بە شێوەیەكی توندوتیژ، جیابوونەوە لە بنەماڵە، زیندان بوو بەبەشێك لەژیانی بێنەزیر.
دوای لەسێدارەدانی زولفەقارعەلی بۆتۆ، بێنەزیر سەری لێ شێوا، نەیدەزانی چ بكات. بێنەزیر لەدوایین سەردانی بۆ لای باوكی لە گرتووخانە، بەڵێنی بە باوكی دابوو كە لەپێناو سەقامگیركردنی دیموكراسی درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.
لەسێدارەدانی زولفەقار سەرلەبەری ژیانی بێنەزیر بۆتۆی گۆڕی و ئەو بڕیاریدا كە رێبازی باوكی درێژە پێبدات و هەوڵبدات كە یەكسانی و رێزگرتن لەمافی مرۆڤ بۆ پاكستان بگێڕێتەوە.
سێ ڕۆژ دوای لە بەخاكسپاردنی زولفەقار عەلی بۆتۆ لەلایەن سوپاوە، ڕێگەیان دا كە بێنەزیر و دایكی بچنە سەر گۆڕی زولفەقار عەلی بۆتۆ. ئەفسەرەكانی سوپا بێنەزیر و دایكیان برد بۆ گۆڕستانەكەی نزیك باخەكەی ئەلمورتەزا، گۆڕەكەی زولفەقار زۆر بێ ناو و نیشان و بێناز بوو، تەنها بڕێك گڵ هەڵدرابووە و چەند گوڵێكی سوور، ئیتر هیچی تری لێ نەبوو. بە بێنەزیر بۆتۆیان گوت كە باوكی لە فڵان شوێن بە خاكسپێردراوە. بێنەزیر لە تەنیشت گۆڕی باوكی ئەژنۆی دادا و وەبیر ئەو قسەیەی باوكی كەوتەوە ئەو كاتەی كە دەیویست بڕوات بۆ ئەمریكا، زولفەقار بێنەزیری هێنا بوو بۆ ئەو گۆڕستانە و پێی گوتبوو: « كچم ئەوە دەڕۆی بۆ ئەمریكا، بەڵام لەبیرت بێ كە هەر ڕووداوێك بۆ تۆ ڕوو بدات دەتهێنەوە بۆ ئێرە، ئێرە شوێنی تۆیە، ریشەكانی تۆ لێرەیە، ئێرە ئەو شوێنەیە كە تۆیی لێ دەنێژن.»
بێنەزیر بە لەسێدارەدانی باوكی بە ڕادەیەك خەفەت دایگرت كە هیچی بۆ نەدەخوراو نە دەیتوانی هیچ شتێك بخواتەوە. خەونی بە باوكییەوە بینیبوو كە بەڕاستی باوكی نەمردووە. دایكی سووپی بۆ لێنابوو و داوای لێكرد كە بیخوات. چەند هەفتەیەك بەسەر لەسێدارەدانی زولفەقار عەلی بۆتۆ تێپەڕی كە بێنەزیر و دایكی كە دەستبەسەر بوون ئازاد كران و گەڕانەوە بۆ ماڵەكەیان لە كەراچی.
هێشتا شەش مانگ بەسەر ئازادبوونی بێنەزیر و دایكی تێنەدەپەڕی كە ژەنەڕاڵ زیاحەق دووبارە ئەوانی دەستگیر كرد و لە ماڵەكەی خۆیاندا لە باخی ئەلمورتەزا دەستبەسەری كردن( گلدانەوی زۆرەملێ) .
ئەو دایك و كچە بۆیان نەبوو بە هیچ شێوەیەك لەو باخە دەربچن. تەلەفۆنیان لێ پچڕاندبوون و هیچ پەیوەندییەكیان بە دەرەوە نەبووە. تەنها سەنەمی خوشكی بێنەزیر بۆی هەبوو سەردانیان بكات. جارجارە بە ئەنقەست كارەبای ماڵەكەشیان لێدەبڕین، سەربازانی سوپا زۆر بە چڕوپڕی دەوروبەری ماڵەكەیان گەمارۆ دابوو. كەس بۆی نەبوو هاتووچۆیان بكات. نوسرەت یاری وەرەقی دەكرد و بێنەزیریش بەردەوام خەریكی خزمەتكردنی گوڵ و ئینجانە و باخچەكان بوو.
لە مانگی ئازاری ساڵی 1980 بەشێوەیەكی لەناكاو و كتوپڕ ئەو كچ و دایكە ئازاد كران و گەڕانەوە بۆ ماڵەكەیان لە كەراچی. زۆر دەترسان دووبارە دەستگیر بكرێنەوە هەربۆیە پلانی سەفەریان دانا و بۆ ئەوەی پێكەوە دەستگیر نەكرێن لەیەكتر دابڕان و هیوادار بوون كە ئەم كارە ببێتە هۆی ئەوەی كە ئەوان پێكەوە دەستگیر نەكرێنەوە.
لە رۆژی 13 مانگی ئاداری ساڵی 1981 جارێكی تر بێنەزیر و نوسرەتی دایكی قۆڵبەست كران، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازی جیاجیا. نوسرەت دەستگیر كرا و ڕەوانەی گرتووخانەی ناوەندی شاری كەراچی كرا، بێنەزیریش بۆ گرتووخانەی شاری» سكر» دوورخرایەوە. لێرەدا ئەوەی كە بێنەزیری نیگەران كردبوو ئەوە بوو نەیدەزانی لەسەر چی گیراوە و لەلایەكی ترش نەیدەزانی دایكی لەكوێ بەند كراوە.
شەوی 13 ی مانگی ئازاری ساڵی 1981 گروپێك بە ناوی ئەلزولفەقار یەكێك لە فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانی پاكستانیان رفاند. مەبەستی ئەو گروپە لە ئەنجامی ئەو كارە لەسەركارلابردنی زیاحەق لەسەر كورسی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی دیموكراسی بۆ پاكستان راگەیەندرا.
ژەنەڕاڵ زیاحەق دەستی كرد بە دەستگیركردنی هەزاران كەس بە تۆمەتی ئەوەی كە ئەوان ئەو گروپە دەناسن. بێنەزیر لەرێگەی ئەو رۆژنامەیەوە ئەو هەواڵەزانی كە پاسەوانی گرتووخانەكە پێی دابوو. پاسەوانی گرتووخانەكە رۆژنامەیەكیان دابووە دەست بێنەزیر بۆتۆ و ئەو بۆ یەكەمجار زانی كە فڕۆكەیەكی پاكستانی رفێندراوە. خراپتر لەوەش ئەوە بوو كە بێنەزیر بۆتۆ تێگەیشت كە براكانی لەناو گروپی ئەلزولفەقاردان كە ئەو فڕۆكەیان رفاندووە. بێنەزیر ماوەی چوار ساڵ بوو نەیدەزانی كە براكانی لەكوێن؟ هەڵبەت نوسرەتیش نەیدەزانی كوڕەكانی سەریان بە كوێدا كردووە و لەكوێ گیرساونەتەوە؟ بەڵام ژەنەڕاڵ زیاحەق پێی وابوو كە ئەو دایك و كچە یارمەتی كوڕەكانی زولفەقار عەلی بۆتۆ دەدەن.
بێنەزیر لە گرتووخانە هیچ جلو بەرگێكی پێنەبوو هەر ئەو جلانەی هەبوو كە لەكاتی دەستگیركردنیدا لەبەریدا بوو. ژووری گرتووخانەكەی ژووری تاكەكەسی بوو، هەر چوارلای پەنجەرە بوو بەڵام هەمووی كەتیبە بوو، جلی ژێرەوەی پێنەبوو، گۆرەوی پێنەبوو، بەتانی نەبوو، تەنها سیستمێكی رەق و تەقی هەبوو. ژوورەكەی زۆر سارد بوو لەبەر سەرما خەوی لێنەدەكەوت، وەك شەقشەقە دەلەرزی. كەس بۆی نەبوو سەردانی بكات. تەنها كەسانێكی كە دەیدی پاسەوانەكانی گرتووخانەكەبوو. ئەو پاسەوانانەی كە رۆژانە دوو جار چایەكی كەم ڕەنگ و نان و سوپێكی بێتام و هەندێكجار ماسیشیان بۆ دەهێنا. وردە وردە بێنەزیر بۆتۆ كێشی دابەزی و لەڕ و لاواز بوو. زۆربەی كات نەخۆش بوو. ماوەی پێنج مانگ بوو لەو گرتووخانەیە بوو. تووشی ئازاری گوێ ببوو، گوێچكەی دێشا، پێستی دەخورا، قژی وردە وردە خەریكبوو دەڕووتایەوە. كاتێك وەبیر بزەكانی باوكی لە گرتووخانە دەهاتەوە، بڕیاری دا خۆراگر بێ و زیندوو بمێنێتەوە. دایكی لە گرتووخانەی كەراچی چەند نامەیەكی بۆ ناردبوو، دایكی داوای لە بێنەزیر كردبوو هەتا دەتوانێت میوە و سەوزە بخوات. هەرچەند لە گرتووخانە بە دەگمەن سەوزەیان دەدایە و هیچ كاتێكیش لە گرتووخانە چاوی بە میوە نەكەوت و میوەیان نەدایە. بەڵام هەوڵی دا ئەو چێشتەی كە پاسەوانەكان بۆی دەهێنن بیخوات.
رۆژانە تەنها یەك رۆژنامەیان دەدایە بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە و ئەویش خوا هەڵناگرێ وشە بە وشە دەیخوێندەوە. زۆربەی هەواڵەكان تایبەت بوون بە رفاندنی فڕۆكە پاكستانییەكە، بەڵام ئەو هەموو هەواڵ و بابەتەكانی رۆژنامەكەی دەخوێندەوە و تەنانەت خشتەی وشەی یەكبڕی پڕ دەكردەوە. لەناو ژوورەكەیدا وەرزشی دەكرد، ئەگەر پاسەوانەكان دەرگای ژوورەكەیان بۆ كردبایەتەوە دەچوون حەوشەی گرتووخانە و پیاسەی دەكرد. پاسەوانێكی میهرەبان دەفتەر و قەڵەمێكی بۆ هێنابوو رۆژانە بۆ ماوەی یەك كاتژمێر شتی دەنووسی.
هاوینان گرتووخانەی» سكر» زۆر گەرم بوو. هەندێك رۆژ پلەی گەرما دەگەیشتە بە 49 پلە. بێنەزیر بیری لە ئاوی سارد و دۆندرمەی نەعنایی دەكردەوە. لەخەیاڵی خۆیدا لەگەڵ هاوپۆلەكانی لە زانكۆی ئۆکسفۆرد قارچ دەخوات . نوسرەتی دایكی لە نامەیەكدا داوا لە كچەكەی دەكات رۆژانە چەند جارێك ئاو بكات بەسەریدا و خۆی لە ئاو هەڵكێشێت تا ئەو كاتەی كەجلەكانی وشك دەبنەوە جەستەی فێنك دەبێت و گەرما زۆر بێزاری ناكات. بێنەزیر بە قسەی دایكی كرد و ئەو كارەی تاقیكردەوە و تا ڕادەیەك ئاسودە بوو. هەركاتێك ترسی لێ نیشتبا، نوێژی دەخوێند. زۆربەی خەڵكی پاكستان لە بێنەزیر زیاتر ئازاریان دەچێشت. لە زیندان هەواڵی ئەشكەنجەدانی زۆربەی سەركردەكانی حزبی گەل و هەروەها لێدانی خەڵكی دەبیست. نزا و پاڕانەوەی دەكرد بۆ ئەوەی بەندكراوەكان ئازاد بكرێن. بۆ ئازادی خۆی و دایكی لەخودا دەپاڕایەوە.
لە مانگی حوزەیران 1981 لە دەفتەری یاداشتەكەیدا نووسیویەتی:» كەوتوومەتە دەردیسەرییەوە، كاتەكانم زۆر بە خاوی لێ دەگوزەرێ، بەڵام هەر دەگوزەرێ، تەنها خوا لە تەحەمولكردنی ئەو ئازارانە یارمەتیم دەدا. ئەگەر خوا یارمەتی نەدابام، تا ئێستا زۆر لە مێژ بوو كە مردبووم. بێنەزیر بیروباوەڕە ئایینەكەی لە گرتووخانە زۆر خۆراگر بووە، بە هۆی ئەوەی كە هاوڕێیەكی لەگەڵ نەبووە، زۆربەی كاتەكانی لەژوورەی تاكەكەسییەكەی دا سەرقاڵی نوێژ و دوعا و نزا و پاڕانەوە بووە و تێگەیشت تەنها شتێك كە پاسەوانەكان ناتوانن لێی زەوت بكەن پەیوەندی نێوان خۆی و خوای خۆیەتی. زیندان لەبری ئەوەی كە ئیمان و باوەڕی لێ بستێنێت زیاتر باوەڕداری كرد.
رۆژی 21 حوزەیران ساڵی 1981 بێنەزیر بۆتۆ تەمەنی بوو بە 28 ساڵ. لەو ماوەیەدا سەنەمی خوشكی سەردانی گرتووخانەی كرد و چاوی بە بێنەزیر كەوت و كاتێك كە بێنەزیری بینی كە ئەوەندە لەڕ و لاواز و نەخۆشە، گریا. سەردانەكە تەنها بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بوو، بێنەزیر داوای لە سەنەمی خوشكی كرد كە باسی دۆستان و خزم و كەسوكاری بۆ بكات. سەنەم وتی: بەنیازە بەمنزیكانە شوو بكات، بەڵام حەز دەكا راوەستێت تا بێنەزیر و دایكی لە زیندان ئازاد دەكرێن. بێنەزیر وتی: تۆ شووی خۆت بكە و شایی خۆت ساز بكە، چونكە ئەگەر تۆ مێرد بكەی فیكرم ئاسودە دەبێت و مێردەكەت ئاگای لەتۆ دەبێت.
لە مانگی ئەیلول سەنەم لەماڵی باوكی لە كەراچی شووی كرد و ئاهەنگی زەماوەندی رازاندەوە. بێنەزیر لەوەی كە رێگەیان دابوو بەشداری ئاهەنگی شایی خوشكەكەی بكات زۆر دڵخۆش و بەلایەوە جێی سەرسوڕمان بوو. بۆ ماوەی دوو شەو و دوو ڕۆژ نەخەوت. ماوەیەكی زۆری لە حەمام و گەرماو بەسەر برد. لەگەڵ دایكی كە لە مانگی تەمووزەوە بەهۆی نەخۆشییەوە ئازاد كرا بوو گفتوگۆی كرد و لەگەڵ زۆربەی خزمان و كەسوكار كە بەشداری ئاهەنگی زەماوەندی سەنەمیان كردبوو قسەی كرد. میوانانی بەشداربووی ئاهەنگەكە چەندین رۆژ شایی و هەڵپەڕكێیان كرد و گۆرانیان چڕی و شادی و خۆشیان كرد، موزیك و گۆرانی و هەرا و بزم گوێی بێنەزیریان پڕكردبوو. بێنەزیر زۆری پێخۆشبوو كە دوای شەش مانگ زیندان ئێستا لەناو كەسوكاری خۆیدایە و گوێی لە گۆرانییە.
رۆژی سێیەم پۆلیس بە دوایدا هاتن بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ زیندان. بێنەزیر خۆی ساز كردبوو، جانتای جلوبەرگەكەی و گۆڤار و رۆژنامە هەموو ئامادە كردەبوو و لەگەڵ خۆی بردی. پۆلیس بێنەزیری بۆ گرتووخانەی ناوەندی كەراچی برد هەر ئەو گرتووخانەی كە پێشتر دایكی لەوێ بەند كرابوو. سێ رۆژ بوو كە گەڕابووە زیندان كە بیستی 3 مانگی تر لە ماوەی زیندانییەكەی زیاتر كراوە. زیاحەق بەنیاز نەبوو ئەو ئازاد بكات، مەگەر ئەوەی كە بێنەزیر بەڵێن بدات كە كاری بە سیاسەت نەداوە.

بەشی شەشەم
ژیان لە تاراوگە
لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1981 بێنەزیر بۆتۆ لە گرتووخانەی ناوەندی كەراچی گواسترایەوە بۆ هاوینەهەواری ئەلمورتەزا و لەوێ لەژێر چاودێری و گلدانەوەی زۆرملیدا بوو. تەنها دایك و خوشكی و یەكێك لە پوورەكانی بۆیان هەبوو كە سەردانی بكەن. چونكە چوون بۆ كەراچی بە فڕۆكە، ماوەی یەك كاتژمێری دەخایاند و هەروەها خزم و كەسوكار نەیاندەتوانی بە بەردەوامی سەردانی كەراچی بكەن و لەلایەكی تریشەوە دایكی بێنەزیر نەخۆش و هەروەها نەیدەتوانی بچێت بۆ گرتووخانە بۆ ئەوەی سەردانی كچەكەی بكات.
نوسرەت لەو ماوەیەی كە لە گرتووخانە بوو زۆر لەڕ و لاواز ببوو و هاوكاتیش كە دەكۆكی خوێن دەرشایەوە . لە مانگی تەمووزی ساڵی 1981 لە زیندان ئازادیان كرد، بەڵام لە ماڵەكەی خۆیدا لە كەراچی دەستبەسەر بوو. پزیشكەكان پێیان وابوو كە تووشی شێرپەنجەی «سی» بووە و بۆ چارەسەری زیاتر و باشتر، پزیشكەكان داوایان كرد كە نوسرە بنێردرێتە دەرەوە، بەڵام حكومەتی پاكستان ڕازی نەبوو و دژی ناردنە دەرەوەی نوسرەت بوو.
لە دواییدا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1982 نوسرەت توانی مۆڵەتی چوون بۆ ئەوروپا وەربگرێت و بەرلەوەی بۆ ئەڵمانیا بڕوات بێنەزیریان برد كە چاوی پێی بكەوێت. نوسرەت لە سەر تەخت و قەرەوێڵە كەوتبوو و بۆ جووڵەكردن پێویستی بە عارەبانەی تایبەت بوو. بێنەزیر لەلایەك زۆر دڵخۆش بوو كە حاڵی دایكی باشتر دەبێت و چارەسەری بۆ دەكرێت و لەلایەك زۆر دەترسا كە بە تەنیا لە پاكستان دەمێنێتەوە. سەنەم لەگەڵ دایكی بەرەو ئەڵمانیا وەرێ كەوت و بێنەزیر بە تەنیا مایەوە. هەمدیسان بێنەزیر لە كەراچی لەماڵەكەیدا دەستبەسەر و لەژێر چاودێریدا بوو. زۆر نیگەرانی دایكی بوو و دڵتەنگی بنەماڵەكەیان بوو. گوێچكەی ئازاری دەدا، گوێچكەی تووشی چڵك( ئیلتیهاب) ببوو. لە زیندان تووشی گوێچكە ئێشە ببوو. دەبوایە نەشتەرگەی بۆ كردبوایە. بەڵام حكومەت وەڵامی نەدەدایەوە و رێگەی پێنەدەدا.
سەرئەنجام رۆژی دەیەم مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1984 رێگەیان دا بۆ چارەسەر رێگەی لەندەن بگرێتە بەر، ئەو سەرەتا چووە سویسڕا، دایكی هات بۆ سەردانی. تەنانەت ئەو كاتەی كە دایكی هات بۆ لای هێشتا نەیدەتوانی باوەڕ بكات كە ئازاد كراوە و ئازادە. سێ ساڵی تەواو لە ناو گرتووخانە یان لەناو ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەر بووە . سەیری شاخ و كێوەكانی سویسرای دەكرد و هەناسەی هەڵدەمژی.
چوو بۆ ئەپارتەمانەكەی دایكی، هەردوو براكەی تەلەفۆنیان بۆ كرد بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بكەن. بۆ حەوت ساڵ دەچوو كە گوێی لە دەنگی براكانی نەببوو. میرمورتەزای برای لەگەڵ هاوسەرە ئەفغانییەكەی و كچە چكۆلەكەیان كە ناوی فەتحی بوو سەردانی بێنەزیریان كرد. براكەی تری كە ناوی «شانەواز» بوو لە فەڕەنسا دەژیا، نەیدەتوانی بەرلە سەفەری بێنەزیر بۆ لەندەن ئەو ببینێت هەر بۆیە خوشك و برا بەڵێنیان بەیەكتر دا كە دوای نەشتەرگەرییەكەی بێنەزیر چاویان بە بینینی یەكتر شاد ببێتەوە.
ئەو كاتەی كە بێنەزیر و سەنەمی خوشكی گەیشتنە شاری لەندەن جەماوەریكی زۆر لە پاكستانییەكانی دانیشتووی بەریتانیا بۆ پێشوازیكردن لەوان هاتبوونە فڕۆكەخانەی شارەكە و قەرەباڵغییەكەی زۆری دروست كرد و پۆلیس ناچار بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە بچێتە ناو فڕۆكەخانەكەوە. بێنەزیر بۆتۆ هەستی دەكرد گەڕاوەتەوە بۆ رۆژە خۆشەكانی رابردوودا. ئەو كاتەی كە بەنێو جەماوەركەدا تێدەپەڕی گوێی لە ناوی خۆی و ناوی باوكی بوو كە لایەنگران و هەوادارانی دووبارەیان دەكردەوە و هاواریان دەكرد. رۆژنامەنووسەكان لێیان پرسی ئایا بۆ هەمیشە پاكستانی جێهێشتووە و بەنیاز ژیان لە تاراوگە بباتەسەر؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی: من لە پاكستان لە دایكبووم و گەرەكمە هەر لە پاكستانیش بمرم، باو و باپیرم لەو پاكستان نێژراون. من هەرگیز پاكستان بەجێناهێڵم.
بێنەزیر پێش ئەوەی نەشتەرگەری بۆ گوێی بكات، گوێی چەپی لەدەستدا بوو، گوێیەكی كەڕ ببوو. رۆمەتی لای چەپیشی تێكچوو بوو و ناشیرین ببوو. نەشتەرگەری بۆ كرا و نەشتەرگەرییەكەشی سەركەوتوو بوو. بەڵام چەند حەوتوویەكی خایاند تا باری تەندروستی باشتر بوو. دەبوایە لەسەر گازەری پشت پاڵ كەوتبایە و نەیدەتوانی دابنیشێت، ئەگەر دانیشتبوایە سەرئێشە ئۆقرەی لێهەڵدەگرت و ئامانی نەدەدا. بەنیاز بوو پاش چاكبوونەوەی دەستبەجێ بۆ پاكستان بگەڕێتەوە. دایك و خوشكی زۆریان هەوڵ لەگەڵی دا كە ڕازی بكەین لە ئەوروپا بمێنێتەوە، چونكە ترسیان لەوە ببوو كە ئەگەر بینەزیر بگەڕێتەوە دووبارە ژەنەڕاڵ زیاحەق دەستگیر دەكات و رەوانەی بەندیخانەی دەكاتەوە.
بێنەزیر لە لەندەن دەیتوانی بە ئاسانی و سەربەستانە بگەڕێت و هاتوچۆ بكات و هەر كوێیەك كە حەزی لێ بێت بچێت، ئێستاش لەوە دەترسا كە لە خانووەكەی پووری بچێتە دەرەوە چونكە دەترسا كە زیاحەق كەسانێكی دانابێت كە چاودێری بكەن.
قەرەباڵغی و دەنگە دەنگ و هەرا و هوریای شەقامەكانی لەندەن ئەوی زۆر بێزار و وەڕەز كردبوو. بێنەزیر بەهۆی خەبات لەدژی ژەنەڕاڵ زیاحەق لە شاری لەندەن زۆر ناسراو بوو و زۆربەی دانیشتوانی شارەكە ئەویان دەناسی، بێنەزیر بۆ ئەو 350 هەزار پاكستانییەكەی كە لەبەریتانیا دەژیان وەك قارەمان و پاڵەوانێكی نیشتمانی حسابی بۆ دەكرا و سەیر دەكرا. سەرەڕای هەموو ترس و هەڕەشەكان بێنەزیر بۆتۆ زۆر بوێرانە سەری بەرز راگرت.
ئەو بیری لەوە دەكردەوە كە چۆن لە بەریتانیاوە دەتوانێت لەدژی زیاحەق درێژە بە خەباتی خۆی بدات. هاوڕێكانی لە پاكستانەوە سەبارەت بە بەندكراوەكانی ناو گرتووخانەی زیاحەق نامەیان بۆ بێنەزیر دەنووسی و ئاگاداری رەوشەكەیان دەكردەوە. حكومەتەكەی زیاحەق رۆژنامەكانی پاكستانی كۆنترۆڵ كردبوو و هەر بەو هۆیەشەوە خەڵكی وڵاتانی جیهان ئاگاداری دۆخی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەو وڵاتە نەبوون. هەربۆیە بێنەزیر بۆتۆ لە ڕێگەی نامەوە ڕۆژنامەكانی بەریتانیا و ئەمریكای لە هەلومەرجی بەندكراوانی سیاسی پاكستان ئاگادار دەكردەوە. ڕێكخراوی لێبوردنی گشتی كە بەرگریكاری مافی مرۆڤە لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ ئەوەی دەنگی بۆتۆ بگات بە هەموو جیهان یارمەتی ئەویان دەدات.
بۆتۆ لە شاری لەندەن بینایەكی بە كرێ گرت و كردی بە بارەگای حزبەی خۆی. گەنجەكانی پاكستان كە لە بەریتانیا وەك پەنابەر و ئاوارە دەژیان و هەندێك دوورخرابوونەوە لە وەڵامدانەوە و نووسینی نامە و تایپ و كارەكانی پەیوەندیدار بە ئۆڤیس و نووسینگە یارمەتی بینەزیر بۆتۆیان دەدا. بینەزیر نامەگەلێكی زۆری بۆ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا نووسی و لەو نامانەدا كە هەندێكیان پاشكۆیان لەگەڵ بوو دۆخی بەندكراوانی سیاسی پاكستان بە نووسین و وێنە بۆ ئەوانی خستەڕوو و لەنامانەدا باسی لەوە كردبوو كە چۆن زیندانیان سیاسی لە پاكستان ئەشكەنجە و ئازار دەدرێن.
بێنەزیر بۆتۆ هەركە هەواڵی بڕیاری لەسێدارەدانی یەكێك لە زیندانییە سیاسییەكانی پاكستانی دەبیست بە هاوكاری هاوڕێ و كەسانی خۆبەخش شەو وڕۆژ كاریان دەكرد بۆ بتوانن رێگری لە سێدارەدانی بكەن و لەو بارەیەوە هەموو هەوڵەكانی خۆی وەگەڕ دەخست بۆ ئەوەی راستییەكانی دادگا سەربازی و ئێعدامەكانی پاكستان بگەیەنێتە هەموو وڵاتانی جیهان و رای گشتی جیهانی.
لەهەندێك حاڵەت نامەكانی بێنەزیر بۆتۆ سەبارەت بە ئێعدامەكانی پاكستان دەبوونە جێی سەرنجی رۆژنامەكان و وڵاتانی جیهان. هەندێكجار سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و سەركردەكانی جیهان پاكستان سووربوو لە سەر جێبەجێكردنی ئێعدامەكان. زیاحەق هەموو جارێ رایدەگەیاند كە ئەو نامانە درۆیە ، دادگا سەربازییەكان بۆ دادگاییكردنی خەڵك بەردەوام بوو.
لە پایزی ساڵی 1984 ئەمریكا گوشاری خستەسەر ژەنەڕاڵ زیاحەق بۆ ئەوەی رێگە بدات كە هەڵبژاردنی دیموكراتێك لەو وڵاتە بەڕێوە بچێت، لەبەرامبەریشدا زیاحەق رایگەیاند لە شوباتی ساڵی 1985 ڕێگە دەدات كە هەڵبژاردن لەو وڵاتە بەڕێوە بچێت. بێنەزیر دەیویست بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنە بۆ پاكستان بگەڕێتەوە، بەڵام پێیان وتبوو ئەگەر پێ بێنێتەوە خاكی پاكستان دەستبەسەر دەكرێت.
ژەنەڕاڵ رەزامەندی خۆی نیشاندا لەوەی كە هەڵبژاردنەكان بكرێت، بەڵام بۆ هەندێك لە كاندیدكان و پاڵێوراوانی سیاسی یاساییەكی دەركرد ك بەپێی ئەو یاسایە پاڵێوراوان و كاندیدەكان مافی ئەوەیان نەبوو كە گردبوونە ساز بكەن یان مافی ئەوەیان نەبوو لە رادیۆ و تەلەفزیۆن قسە و گفتوگۆ بكەن. بەرلەوەی هەڵبژاردنەكان دەستپێبكات ژەنەڕاڵ زیاحەق سێ هەزار كەسی لە رابەران و سەركردە و كەسایەتییە سیاسییەكانی بەرهەڵستكار و نەیاری حكومەتی دەستگیر و رەوانەی گرتووخانەكانی كرد.
بەپێچەوانەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە بەقازانجی حزبی گەل(حزبەكەی بێنەزیربۆتۆ) شكایەوە، ژەنەڕاڵ زیاحەق بڕگەیەكی لەناو یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە هەموار كردەوە، بۆ ئەوەی هەر لە سەر كورسی دەسەڵات بمێنێتەوە. بێنەزیر بۆتو تێگەیشت كە هیچ شتێك لە پاكستان نەگۆڕاوە، هەر بۆیە لە بەریتانیاوە خەباتی بۆ ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان درێژە پێدا و لەگەڵ ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە نیویۆرك و پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراستبۆرگ و فەڕەنسا گفتوگۆی كرد و وەبیر ئەوانی هێنایەوە كە ئەمریكا و ئەوروپا هەرچەند ئاگاداری پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤن لە پاكستان، بەڵام دیسان هەر كۆمەك و یارمەتی دارایی دەدەنە حكومەتی پاكستان.
بێنەزیر لە مانگی تەمووزی ساڵی 1985 بۆ بینینی شانەواز- ی براكەی كە لەشاری « كان» لە باشووری فەڕەنسا دەژیا سەردانی ئەو وڵاتەكەی كرد. میر مورتەزا و شانەواز ئەو كاتەی كە لە ئەفغانستان بوون هەردووكیان لەگەڵ دوو كچی ئەفغانی كە خوشكی یەك بوون، ژیانی هاوبەشیان پێكەوەنابوو. بێنەزیر بەهیوا بوو لەم سەفەرەدا هەردوو بووكەكەی ماڵی باوانی ببینیت و بیانناسێت. ئێوارە سەیرانێكیان بە ئامادەبوونی دایك و خوشكی و براكانی و براژنەكانی ڕێكخست و ئەو سەیرانە، سەیرانەكانی قەراغ بەندەری كەراچی پاكستانی وەبیر بێنەزیر هێنایەوە. لەو سەیرانەدا بێنەزیر بۆ دوای برازاكانی ڕای دەكرد و یاری و گەمەی لەگەڵدا دەكردن و سەری دەخستە سەریان. دوای كوشتنی زولفەقار عەلی بۆتۆ لەلایەن زیاحەقەوە بنەماڵەی بۆتۆ هەریەكەی بەلایەكدا ڕۆیشتن و هەرگیز بیری نەدەكردەوە كە ڕۆژێك بێت ئەوان دووبارە لە دەوری یەكتر كۆببنەوە، بەڵام دواتر لە فەرەنسا لە یەك ڕۆژدا هەموو ئەندامانی بنەماڵەی بۆتۆ لە دەوری یەكتر كۆبوونەوە و دڵخۆش بوون لەوەی كە ئازادن.
ئەو خۆشییە چەند كاتژمێر درێژەی نەكێشا هەر ئەو شەوە دوای ئەوەی كە سەیرانەكە كۆتایی پێهات و ئەوان لە سەیران گەڕانەوە، شانەواز ژەهراوی بوو و دوای ماوەیەكی زۆر كەم كۆچی دوایی كرد و مرد. ژنەكەی بنەماڵەی بۆتۆی ئاگادار كردەوەو ئەوانیش داوای ئامبۆلانسیان كرد و دەستبەجێ خۆیان گەیاندە ماڵی شانەواز، بۆتۆ داوای لە شۆفێری ئامبۆلانسەكە كرد كە شانەواز بگەیەنێتە نەخۆشخانە، بەڵام شانەواز پێش ئەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانە چەند كاتژمێر بوو كە كۆچی دوایی كردبوو. پۆلیس هۆكاری مردنی شانەواز ڕایگەیاند و ئاشكرایكرد كە شانەواز كوژراوە، بەڵام ڕوون هەرنەبووە كە كێی شانەوازی ژەهراوی كردووە.
یەكێك لە خزمەكانی خۆیان تەرمەكەی شانەواز لەسەر داب و نەریتی ئیسلامی شۆرد و كفنی كرد و دواتر بێنەزیر و سەنەمی خوشكی و میر مورتەزا تەرمەكەیان لە فەڕەنساوە بۆ پاكستان گەڕاندەوە و لە ناوچەی ئەلمورتەزا بە خاكیان سپارد. ژەنەڕال زیاحەق هەموو ڕێگاوبانەكانی داخستبوو بۆ ئەوەی كەس نەیەت بۆ پێشوازی كردن لە ئەندامانی بنەماڵەی عەلی بۆتۆ، بەڵام كاتێك كە فڕۆكەی هەڵگری تەرمەكەی شانەواز و ئەندامانی تری بنەماڵەی بۆتۆ لە فڕۆكەخانە نیشتەوە بە هەزاران كەس لە فڕۆكەخانە و جادە و شەقامەكانی دەوروبەری فڕۆكەخانە كۆببوونەوە.
تەرمەكەی شانەواز لە تەنیشت گۆڕەكەی زولفەقار عەلی بۆتۆ بە خاك سپێردرا و كفن و دفنیان كرد. بێنەزیر لە خەم و خەفەتدا نوقم ببوو و وەبیر ئەو قسەكانی باوكی كەوتەوە كە سەبارەت بە فیداكاری بۆ نیشتمان فێری كردبوو. بێنەزیر بۆتۆ لە بیرەوەرییەكانیدا نووسیویەتی: ئەو كاتانەی كە منداڵ بووین فێركراين كە لەڕێگەی نیشتماندا هیچ باجێك قورس نییە، بەڵام ئەو باجەكەی كە بنەماڵەی ئێمە بۆ نیشتمان دای زۆر زۆر قورس بوو.

گەڕانەوە بۆ پاكستان
بێنەزیر لەمانگی نیسانی ساڵی 1986 بۆ پاكستان گەڕایەوە، كاتێك كە فڕۆكەكە بە دەوری فڕۆكەخانەی لاهوردا دەسووڕایەوە، فڕۆكەوانەكە رووی كردە بێنەزیر بۆتۆ و گوتی: خانمی بێنەزیر بۆتۆ بۆ پاكستان بەخێر بەیتەوە. پاش ئەوەی فڕۆكەكە لە سووچێك ڕاوەستا بۆتۆ لە جامی فڕۆكەكەوە سەیری دەرەوەی كرد ئەو تەنها زەوی و زاری تازە سەوزبووی بینی، بەڵام نەیتوانی ناو فڕۆكەخانەكە ببینێت، فڕۆكەوانەكەی پێی گوت، لە دەرەوە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس چاوەڕوانی ئەوەن كە تۆ لە دەرگای فڕۆكەخانە بچیتە دەرەوە.
چەندین مانگ بوو كە بێنەزیر بۆتۆ بۆ گەڕانەوەی بۆ پاكستان سەرقاڵی پلان داڕشتن بوو. هەرچەند هاوڕێكانی هۆشدارییان پێدابوو كە نەگەڕێتەوە چونكە پێدەچێت دووبارە دەستگیر بكرێت یان لەوانەیە بكوژرێت. بەڵام ئەو لەسەر گەڕانەوە هەر سوور بوو و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رۆژنامەنووسی بیانی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ ئەوەی لە شەڕی ژەنەڕاڵ زیاحەق لە ئاماندا بێت. ژەنەڕاڵ زیاحەق پێی خۆش نەبوو كە رۆژنامەنووسانی بیانی و دەرەكی لە رۆژنامەكانی خۆیاندا بە خراپی لەسەری بنووسن.
هاوڕێكانی بە دوای دا هاتن و لە گەراجی فڕۆكەخانەكە پێشوازییان لێكرد و سواری ئۆتۆمبێلیان كرد و بردیان بۆ پاركێكی نزیك فڕۆكەخانە بۆ ئەوەی لەوێ وتارێك پێشكەش بكات، لەژیانیدا شتی وای نەدیبوو كە ئەم هەموو خەڵكە بۆی كۆببوونەوە، تەنانەت لەو كاتەی كە باوكیشی زیندوو بوو شتی وای نەبینیبوو.
بینەزیر لە بیرەوەرییەكانیدا سەبارەت بەو كاتە نووسیویەتی: لەژیاندا سات و وەختی وا هەیە كە وەسف كردنەكەی زۆر سەخت و چەتوونە، گەڕانەوەی من بۆ لاهور یەكێكە لەو ساتانە، دەریایەك لە مرۆڤ و بنیادەم لەسەر شەقام و كۆڵان و سەربان و شوێنە گشتییەكان و تەنانەت لە سەر دارتێلی كارەبا و لەسەر دەرختەكان و لەسەر ئۆتۆمبیڵی بارهەڵگرەكان شەپۆلی دەدا، ئەو دەریایە زیاتر لە ئەقیانووس دەچوو.
هەرچەند مەودای نێوان فڕۆكەخانەكە و پاركەكە رێگەیەكی كورت بوو، بەڵام لەبەر ئاپۆرەی جەماوەر ماوەی 10 كاتژمێری كێشا تا بێنەزیر توانی ئەو مەودا كورتە ببڕێت. تا دەهات قەرەباڵغتر دەبوو و خەڵكانی زیاتر بۆ پێشوازی دەهاتن. ئەو رۆژە ملیۆنها پاكستانی هاتبوون بۆ ئەوەی گوێ لە قسەكانی بێنەزیر بگرن.
قسەی بۆ خەڵك كرد و دواتریش بێنەزیر درێژەی بە سەفەرەكەی دا و سەرتاسەری پاكستان گەڕا. لە هەر شوێنێك بۆی لوابا قسەی بۆ خەڵكی دەكرد، خەڵكی لەسەر جادە و شەقام و شۆستەكان بەریز راوەستابوون و پێشوازییان لێدەكرد. لە مانگی ئاب بۆ ماوەی سێ هەفتە دەستگیر و رەوانەی بەندیخانە كرا، بەڵام دوای ئەوەی كە لە زیندان هاتە دەرەوە، لەماڵەكەی خۆیدا دووبارە دەستی بەكارەكانی كردەوە. چاوی بە هەموو ئەو رابەر و كەسایەتییە و سەركردەی هەموو حزبە سیاسییەكانی پاكستان كەوت كە نەیاری ژەنەڕال زیادحەق بوون. باسی لە هەڵبژاردنی دیموكراتیك دەكرد و داوای لە هەموو هەوادار و لایەنگرانی خۆی كرد كە بە بێ پەنابردن بۆ توندوتیژی كاری خۆیان بكەن و نەیدەویست بە هیچ شێوەیەك توندوتیژی ڕوو بدات.
ئەو كاتەی كە گەڕایەوە بۆ پاكستان تەمەنی 32 ساڵ بوو و ژیانێكی نائاسایی هەبوو. زۆربەی كچانی هاوتەمەنی ئەو شوویان كردبوو و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بوون و خاوەنی منداڵ و ماڵی خۆیان بوون. بێنەزیر ئەو كاتەی كە دەچوو بۆ كۆلێژ دایك و پووری لێیان هەڵپێچابوو كە دەبێت شوو بكات و دەگەڕان بۆ ئەوەی مێردێكی باشی بۆ پەیدا بكەن.
بەڵام بێنەزیر پێی وابوو دواتر یەكێك هەر دەبێ كە خۆشبوێت و شووی پێبكات. بەڵام دوای لەسێدارەدانی باوكی و هەروەها چەند ساڵ بەندكردنی بێنەزیر بۆتۆ وایكرد كە ئەو وردە وردە بیر لە قسەكەی دایكی بكاتەوە و بە قسەی دایكی بكات و رازی بێت كە بەشێوەیەكی نەریتی شوو بكات.
بێنەزیر لەپاكستان كەسێكی زۆر ناسراو و بەناوبانگ بوو، زۆربەی پاكستانییەكان وەك خوشك یان كچی خۆیان سەیریان دەكرد و ئەویان بە كچ یان خوشكی خۆیان دەزانی. هیچ كاتێكی ئەوتۆی نەبوو كە بێت بیر لە جێ ژووان بكاتەوە و لەگەڵ مێردی داهاتووی دابنیشێت بۆ ئەوەی زیاتر یەكتر بناسن و دواتری بڕیار بدات لەسەر شووكردنی. زۆربەی كاتەكانی لەڕێگەی راپەڕاندنی كاروباری حزبی تێدەپەڕی و ژیانی خۆی بۆ گەڕانەوەی ئازادی و سەربەستی پاكستان تەرخان كردبوو. پێویستی بە مێردێك بوو كە لێی تێبگات و درك بە گرنگی كارەكەی بكات. بەڵام پێی وا بوو هیچ پیاوێكی پاكستانی ئامادە نییە لەگەڵ كچێك ژیانی هاوسەرێتی پێكبهێنێت كە هاوكات هەم كار بكات و هەم خێزانیشی بوێت و ئەو دووانە پێكەوە هەڵبژێرێت.
بێنەزیر بۆتۆ لە مانگی تەمووزی ساڵی 1987 رازی بوو كە چاوی بە ئاسف زەرداری بكات، پووری بێنەزیر بۆتۆ زۆری پێخۆشبوو كە برازاكەی شوو بە ئاسف بكات. هەرچەند بێنەزیر پێشتر ئەو پیاوەی بینیبوو، بەڵام وەبیری نەدەهاتەوە.
ئاسف پێنچ ساڵ پێشتریش یانی ساڵی 1982 ش خوازبێنی لە بێنەزیر بۆتۆ كرد بۆ ئەوەی شووی پێبكات، بەڵام ئەو كاتە شووكردن بۆ بێنەزیر كاتێكی گونجاو نەبوو. بێنەزیر لەگەڵ دایكی ئاسف زەرداری دانیشت و باسی لە نیگەرانییەكانی خۆی بۆ كرد كە بەهۆی كاروبارەكانییەوە هەیەتی، لەبەرامبەریشدا دایكی ئاسف زەرداری وتی: ئاسف-ی كوڕێكە كە متمانەی بە خۆی هەیە و دەتوانێت لەسەر پێی خۆی راوەستێت و تێدەگات كە بێنەزیر بۆتۆ سیاسەتمەدارە و لە كاروبارەكانیدا پشتگیری و پشتیوانی لە بێنەزیر دەكات.
بێنەزیر لە شاری لەندەن چاوی بە ئاسف و بنەماڵەكەی زەرداری كەوت. حەزی نەدەكرد ژیانی شەخسی و تایبەتی خۆی ببێتە چیرۆكی ناو رۆژنامەكان و هەر بەم بۆنەیەوە دیدارەكەی بردە شاری لەندەن. هەر دوو بنەماڵەی بۆتۆ و زەرداری ماوەی 7 رۆژ یەكتریان دەدەی و شەوان لە دەوری یەكتر كۆدەبوونەوە نانی شەویان پێكەوە دەخوارد. هەموو بەیانییەك ئاسف زەرداری چەپكە گوڵێكی لە جۆری گوڵاڵە سوورەی وەك دیاری بۆ بێنەزیر بۆتۆ دەنارد. بەڵام دوای چوار رۆژ هێشتا بێنەزیر نەیدەتوانی بڕیاری خۆی لەسەر ئەو شووكردنە بدات، هەموو بەیانییەك دایكی لێی دەپرسی كچم چ بوو ڕازی بووی یان نا؟ بێنەزیریش لەوەڵامدا دەیوت هێشتا دڵنیا نەبوو و بڕیاری خۆی نەداوە.
رۆژێك بێنەزیر بۆتۆ برازا بچووكەكەی خۆی بردوو بۆ پاركێكی نزیك ماڵی خۆیان، لەوێ هەنگە سوورەیەك پێوەی دا، دەستی زۆر ئاوسا، كاتێك ئاسف زەرداری هات بە دوای دا بۆ ئەوەی بۆ نانخواردنی شەوێ بچنە دەرەوە بینی كە بێنەزیر ناساخە، هەر كە بەمەی زانی دەستبەجێ بێنەزیری گەیاندە لای پزیشك، نیگەرانی ئەوە بوو كە دەستی بینەزیر چڵك بكات( ئیلتیهاب) هەر بۆیە ئەوی برد بۆ لای دكتۆر، دواتر زانی كە مەترسی لەسەر نییە زۆر دڵخۆش بوو، بۆ یەكەمین جار بێنەزیر بۆتۆ هەستی كرد كە ئاسف هەم میهرەبانە و هەم دڵسۆز.
دوای تێپەڕبوونی حەوت رۆژ بەسەر یەكەمین دیداریاندا، بێنەزیر بۆتۆ بڕیاریدا شوو بە ئاسف بكات و بە دایكی خۆی گوت كە ئامادەیە شوو بكات بە ئاسف و بچێتە ناو ژیانی هاوبەشییەوە. هەر دوو بنەماڵەكە زۆر سەرسام بوون، بڕیاردرا ئاهەنگی شایی و زەماوەندەكە لە مانگی كانوونی یەكەم بەڕێوە بچێت. بێنەزیر بۆ پاكستان گەڕایەوە. ئاسف هەموو شەوێ تەلەفۆنی بۆ دەكرد و پێی دەوت لە هەڕەتی مێرمنداڵی دا ئەوی لە كەراچی بینیوە. ئەو كاتە باوكی ئاسف سینەمای هەبووە و هەموو جارێ بێنەزیر و هاوڕێكانی بۆ سەیركردنی فیلم دەچوونە سینەماكەی باوكی ئاسف. بێنەزیر ئاشق و شەیدا و هۆگری ئاسف زەرداری نەبوو، بەڵام پێی وابوو لەگەڵ ئاسف هەست بە ئۆقرەیی و ئارامی دەكات.
بێنەزیر بە هۆی كاروبارەكەیەوە زۆر سەرقاڵ بوو و كاتی ئەوەی نەبوو كە ئاهەنگی شووكردنی نەریتی بەڕێوە ببات. بە پێی نەریتی پاكستان بووك دوو حەوتوو پێش ئەوەی كە بگوازرێتەوە بۆی نەبوو لە ماڵەوە بێتە دەرەوە و دەبوایە لەماڵەوە بمێنێتەوە و تەنها مافی ئەوەی هەبوو كە چاوی بە كەسوكاری نزیكی خۆی بكەوێت و زاوا دەبوایە بە پێی نەریت بیست بۆ پەنجا دەست جل و حەوت تاقم ئاڵتون و زێڕ و گەوهەر بنێرێت بۆ ماڵی بووكێ، بەڵام بێنەزیر وتی: تەنها دوو دەست جلی دەوێت، یەكێک بۆ رۆژی گواستنەوە و دەستێك جلی تر بۆ میوانی و پێشوازی كردن لە میوانەكان، دوو تاقم ئاڵتون. هیوای ئەوەی دەخواست كە بە زەماوەند سادە و ساكارەكەی خۆی بتوانێت نەریتی شووكردن لە پاكستان بگۆڕێت كە هەندێك جار وای دەكرد كە بنەماڵەكان لەبەر ئاهەنگ و مەراسیمی ژن هێنان چەندین ساڵ بكەونە ژێر قەرزەوە.
نوسرەتی دایكی بێنەزیر بۆ بەشداریكردن لە ئاهەنگی زەماوەندی كچەكەی گەڕایەوە بۆ كەراچی. ئەو ماوەی 5 ساڵ بوو كە چاوی بە پاكستان نەكەوتبووەوە. میرمورتەزای برای بێنەزیر زۆری پێخۆش بوو كە بەشداری ئاهەنگی زەماوەندی خوشكی بكات، بەڵام ئەو كارە زۆر مەترسیدار بوو. بێنەزیر جلی سپی بووكێ كە زۆر شوێنی بە دەزووی ئاڵتوونی چێندرابوو لەبەر كردبوو. كوڕە مامەكەی سێ جار پێی گوت ئایا تۆ ڕازی كە شووی بكەی بە ئاسف زەرداری یان نا؟ هەرسێ جارەكە وەڵامی بینەزیر وشەی» بەڵێ» بوو. بەمشێوە بە پێی نەریت بێنەزیر لە ئاسف مارەكرا.
دوای ئاهەنگی زەماوەندەكه ، زەرداری و بینەزیر جارێكی تر لە یاریگای كەراچی ئاهەنگێكی بەرفراوانی گشتییان ساز كرد و لەو ئاهەنگەدا زیاتر لە 200 هەزار كەس بەشدارییان كرد و دوعا و نزایان كرد كە ئەو بووك و زاوایە پیر و خەڕۆ بن و لەیەكتر بحەسێنەوە و بەختەوەر بن. بۆتۆ دەترسا كە نەبا لایەنگران و هەوادارەكانی پێیانوا بێ كە ئەو تازەی شووی كردووە و ئیتر واز لە سیاسەت دەهێنێت، بەڵام ئامادەبووانی ئاهەنگە بەرفراوانەكە بەجۆرێك ئاهەنگیان گێڕا كە نیشانی بدەن كە ڕازین بەو زەماوەندە.

بێنەزیر بۆتۆی سەرۆك وەزیر
لە ساڵی 1988 نائارامی و ئاشووب بە تەواوەتی باڵی بە سەر پاكستاندا كێشابوو. بە رەواڵەت ژەنەڕاڵ زیاحەق نەیدەتوانی شەڕوپێكدانە قەومی و ناوچەیی لە وڵات كۆنترۆڵ بكات .
ئەو لە مانگی ئایاردا سەرۆك وەزیرانی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و تاوانی ئەو كارانەشی هەموو خستە گەردنی نەیاران و ئۆپۆزسیۆنی خۆی و رایگەیاند لە پاییزدا هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچێت.
بێنەزیر بڕوای بەو هەواڵە نەبوو. دڵنیا بوو كە ژەنەڕاڵ زیاحەق بەدوای رێگایەكدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی رێگری لەئامادەبوون و بەشداری حزبی گەلی پاكستان لە هەڵبژاردنەكاندا بكات. هەر لەو ماوەیەدا ئاسف و بێنەزیر بۆتۆ رایانگەیاند كە دەبن خاوەن منداڵ و بەمشێوەیە بێنەزیر دەبێت بە دایك و ئاسفیش بە باوك. بنەماڵەی بۆتۆ بە گاڵتەوە دەیانوت چونكە بێنەزیر لەو ماوەیەدا ناتوانێت چالاك بێت و چالاكی بكات، بۆیە ژەنەڕاڵ زیاحەق كاتی هەڵبژاردنەكانی خستۆتە وەرزی پاییزەوە. بەڵام بۆتۆ سەرەڕای ئەوەی كە دووگیان بوو دەستی لە چالاكی هەڵنەگرت و لەسەرتاسەری پاكستاندا چالاكی دەكرد بۆ هەڵبژاردنەكان و دووگیان بوون نەیتوانی رێگری چالاكییەكانی بێنەزیر بگرێت.
لەمانگی ئابدا ژەنەڕاڵ زیاحەق و ژمارەیەك لە ژەنەڕاڵەكانی سوپا بە هۆی رووداوێكی ئاسمانی كوژران. بەهۆی لێكۆڵینەوەكانەوە دەركەوت كە فڕۆكەكە تەقێندراوە، بەڵام هیچ كەس نەیزانی كە پلانی كوشتنی زیاحەق و ژەنەڕاڵەكان لەلایەن كێ دارێژرابوو. لەناكاودا وڵات بێ حكومەت مایەوە، بەپێی یاسای پاكستان تا كاتی هەڵبژاردنەكان سەرۆكی پەرلەمانی ( ئەنجومەنی پیران) دەیتوانی حكومەتی كاتی پێكبهێنێت. هەموو دەیانویست بزانن كە ئایا سوپا دووبارە دەیەوێت دەسەڵات بگرێتەوە دەست یان نا.
غوڵام ئیسحاق خان سەرۆك كۆماری كاتی پاكستان رایگەیاند: كە هەڵبژاردنەكان بە پێی بەرنامە لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوە دەچێت و بێنەزیر تێگەیشت كە ئەگەری هەیە حزبەكەی براوەی هەڵبژاردنەكان بێت. دڵنیا بوو كە ئەگەر خەڵك مافی دەنگدانیان هەبێت حزبی گەلی(خەڵك) پاكستان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان وەدەست دەهێنێت. زۆربەی كاتەكانی خۆی بە گردبوونەوە و گفتوگۆ و وتاردان و سەفەر بۆ شار و گوندەكانی پاكستان تەرخان كرد و بەڵێنی بە پاكستانییەكان دا كە بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ لە وڵاتدا جێبەجێ بكات. بێنەزیر لەسەر ئەو بڕوایە بوو، كە هەموو پاكستانییەكان شایستەی ئەوەن كە خانوویەكی ئابڕومەندانەیان هەبێت و پیشەیەكی گونجاو و خۆراك پێویستیان هەبێت و مافی خوێندن بۆ هەمووان بێت. هەروەها بڕواشی بەوە بوو كە ئەگەر هەر كەسێك تاوانێكی ئەنجامدا دەبێت لە دادگایەكی عادیلانە دادگایی بكرێت و سزای خۆی وەربگرێت و ناهەقی لێنەكرێت.
لەكۆتایی مانگی ئابدا باری تەندروستی بێنەزیر تێكچوو، پزیشك پێی گوتبوو بەهۆی دووگیان بوونەكەیەوە تووشی كێشە بووە و دەبێت كەمتر كاربكات و زیاتر پشوو بدات.
هەرچەندە هێشتا كاتی ئەوەی مابوو كە منداڵی بێت لە رۆژی 21 مانگی ئەیلول لەرێگەی نەشتەرگەرییەوە بێنەزیر بۆتۆ منداڵەكەی بوو و بوو بە دایك، ئەوە لەكاتێكدا بوو كە هێشتا پێنچ هەفتەی مابوو كە منداڵەكە بەشێوەی سروشتی لەدایك ببێت. منداڵەكە لەباری جەستەوە زۆر بچووك بوو، ناویان لێنا « بیلوال» یانی بێ هاوتا، بێنەزیر دوای پێنجچ رۆژ لە منداڵبوون گەڕایەوە بۆ نووسینگەكەی خۆی بۆ ئەوەی كارەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
رۆژی 16 ی تشرینی دووەم بێنەزیرو ئاسفی مێردی بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردن چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و ئەمە بۆ یەكەمجار بوو كە بێنەزیر بەشداری دەنگدانی دەكرد. حزبەكەی بێنەزیر تەواوی كورسییەكانی ویلایەتی « سند» شوێنی لەدایكبوونی خۆی، بەدەست هێنا و 92 كورسی تریشی لە كۆی 215 كورسی پەرلەمان بەدەستهێنا، هەرچەند ئەمە زۆرینەی دەنگەكان نەبوو، بەڵام رێژەی دەنگەكانی حزبەكەی بێنەزیر بۆتۆ لەچاو پارت و رێكخراو و حزبەكانی تر زیاتر بووە و ئەمەش ڕێگەی دەدا كە ئەو حزبە سەرۆك وەزیرانی نوێی پاكستان دیاری بكات.
رۆژ یەكەمی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1988 بێنەزیر بۆتۆ وەك یەكەمین سەرۆك وەزیرانی ژن لە پاكستان هەڵبژێردرا. ئەو ماوەی 11 ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی دیموكراتێك و ئازاد خەباتی كردبوو و پاكستانییەكان لەكاتی بەڕێوەچوونی جەژنی سەركەوتنی بێنەزیر لە هەڵبژاردنەكاندا لەسەر شەقام و كۆڵانەكان ناوی ئەویان دەینا و هاواریان دەكرد، بەڵام ئەو دەرفەتێكی زۆری بۆ شادی و خۆشی و ئاهەنگێڕان نەبوو، بەهۆی سیاسەتە نادروستەكانی ژەنەڕاڵ زیاحەق وڵات تووشی كێشەیەكی زۆر ببوو، بە ملیۆنان كەس بێكار بوون و هەژارەكان زۆر بەسەختی دەیانتوانی شتە سادە و ساكارەكان و تەنانەت پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان بۆ خۆیان دابین بكەن، زۆربەی جوتیاران بەروبوومی كشتوكاڵی خۆیان لەدەستدابوو. رێژەی قەرزەكانی پاكستان بە وڵاتانی تر ڕووی لەهەڵكشان كردبوو، بێنەزیر پێی وابوو بەشێك لە كێشەی كارەكانی هەڵبژاردنەكەیەتی، بەڵام دواتر كە بوو بە سەرۆك وەزیران بۆی دەركەوت كە تازە كێشەكانی دەستپێدەكات.
بێنەزیر بۆتۆ لە یەكەمین رۆژی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیران بڕیاریدا 1000 هەزار زیندانی سیاسی لە گرتووخانەكان ئازاد بكرێن. بۆ ئەوەی پلان و بەرنامەكانی سەبارەت بەباشتركردنی هەژاران و نەداران جێبەجێ بكات، پێویستی بەپارە بوو و بۆ ئەو مەبەستەش بە شوێن پارەوە بوو. گەرەكی بوو نەخۆشخانە و قوتابخانە دروست بكات، بەڵام پاكستان بە ئەندازەیەك قەرزدار بوو هەموو هەوڵەكانی یەك ساڵەی سەرۆكایەتییەكەی تەنها دانەوەی قەرزە دەرەكییەكان بوو.
ئاشووب و تیرۆر لە پاكستان هەر بەردەوام بوو، بێنەزیر ناچار بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە سوپای رەوانەی كەراچی بكات بۆ ئەوەی نائارامی و ئاشووبەكان كۆنترۆڵ بكا، رابەران مەزهەبی لەبەر ئەوەی كە بێنەزیر ژن بوو، ئامادە نەبوو پشتیوانی و پشتگیری لە حكومەت و بڕیارەكانی بكەن. زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارەی ئەفغانی لەسەر سنوورەكانی باكووری خۆرئاوای پاكستان خێوەتیان هەڵدا بوو. بۆتۆ و حزبەكەی لە پەرلەمانی پاكستان زۆرینەی كورسییەكانیان نەبوو بۆ ئەوەی بتوانن یاسای نوێ دابڕێژن. بەڵام ئەو هەموو هەوڵەكانی وەگەڕخست.
هەموو بەیانییەك زوو دەچوو بۆ نووسینگەكەی لە ئیسلام ئاباد. بەیانی تا ئێوارێ سەرقاڵی كاروبار و بینینی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بوو، شەوانیش لەگەڵ باڵوێز و سیاسەتمەدارانی بیانی و دەرەكی كۆدەبووە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1989 جۆرج بوش سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێنەزیر بۆتۆی بانگهێشتی كۆشكی سپی كرد و بەڵێنی پێدا كە یارمەتی بدە و هاوكاری پێشكەشی پاكستان بكات. بۆش لێی پرسیبوو كە ئایا پاكستان خاوەنی چەكی ئەتۆمییە؟ ئەمریكا رایگەیاندبوو لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە چەكی ئەتۆمی بەرهەمدەهێنن مامەڵە ناكات و زۆر كەس و لایەن و وڵات پێیان وا بوو كە پاكستان سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمییە.
پاكستان لەو كاتەوە كە زولفەقار عەلی بۆتۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو بەرنامە و پلانی بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی دەستپێكردبوو، سوپا ئەو پلان و بەرنامانەی بە تەواوەتی شاردبووە و بە نهێنی كاری لەسەر دەكرا و بێنەزیر لە توانای پاكستان بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی زانیارییەكی ئەوتۆی نەبوو و بە ڕای بێنەزیر بۆتۆ هیندستان گەورەترین دوژمن و نەیاری پاكستانه و زۆربەی هاووڵاتیانی پاكستانی لەوە دەترسان كە هیندستان بە چەكی ئەتۆمییەوە هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەیان و پاكستانییەكان پێیان وابوو كە ئەگەر هیندستان وەها خەیاڵێكی هەبێت كەواتە پاكستانیش بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات پێویستی بە چەكی ئەتۆمی هەیە.
حزبەكەی بێنەزیر بۆتۆ نەیار و دوژمنێكی زۆر لەناو پەرلەمانی وڵاتەكەیدا هەبوو كە بەهێزترینیان حزبی كۆمەڵی ئیسلامی پاكستان(مسلم لیگ) بوو كە دەیانویست پاكستان بە پێی حوكمی ئیسلامی و شەریعەت بەڕێوە ببەن. نەواز شەریف سەرۆكی حزبی مسلم لیگ بە بەردەوامی لەگەڵ بێنەزیر لەبارەی داهاتووی پاكستان لە گفتوگۆدا بوو. لە كۆتایی لە مانگی ئابدا سەرۆك كۆمار بێنەزیر بۆتۆی دوورخستەوە و پەرلەمانی هەڵوەشاند. سەرۆك كۆمار پێی وابوو حكومەتەكەی بێنەزیر ئەوەندە بەهێز نەبووە كە بتوانێت یاسا جێبەجێ بكات و وڵات رێكبخات و باری ئابووری خەڵك لەچاو جاران خراپتر بووە و باشتر نەبووە. لەلایەكی ترەوە نەواز شەریف حكومەتەكەی بێنەزیر بۆتۆی بە گەندەڵی تۆمەتبار دەكرد.
نەواز شەریف و باقی حزبە ئیسلامییەكانی تر توانیان لە هەڵبژاردنە نوێیەكەی پاكستاندا زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەستبهێن. حزبەكەی بۆتۆش لەناو پەرلەماندا وەك حزبێكی ئۆپۆزیسیۆن مایەوە. نەواز شەریف بوو بە سەرۆك وەزیران، بۆ باشتركردنی باری ئابووری وڵات بەرنامەی خستەڕوو. زۆربەی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەمریكا پچڕاند. ئەو كارەی نەواز شەریف ئەوەندەی تر قەیرانی ئابووری پاكستانی قوڵتر كردەوە و ئاستی ئاشووبەكان لە پاكستان رووی لە هەڵكێشان كرد و تیرۆریستان مزگەوت و كڵێسەیان دەتەقاندەوە و ماددە هۆشبەرەكان لە رێگەی ئەفغانستانەوە هاوردەی پاكستان دەكرا و زۆربەی قاچاغچییەكانی ماددە هۆشبەرەكان بۆ بەرگری لەخۆیان چەكی قورسیان و گەرمیان هەڵگرتبوو.
لەگەڵ هاتنی مانگی حوزەیرانی ساڵی 1993 كارەكانی حكومەت راوەستا. سیاسەتمەدارانی پاكستان نەیانتوانی بۆ گەڕانەوەی ئارامی و ئۆقرەیی و سەروەری یاسا بگەنە رێككەوتن، هەربۆیە سوپا هۆشداری دایە هەر یەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران لەپێناو بەرژەوەندییەكانی وڵات هەردوو دەست لەپۆستەكانیان بكێشنەوە، دواتر هەم سەرۆك كۆمار و هەم سەرۆك وەزیران هۆشدارییەكەی سوپایان بە هەند وەرگرت و وازیان لە پۆستەكانیان هێنا.
سەرەڕای هەموو ئاشووب و نائارامییەكان، بێنەزیر بۆتۆ پێی وابوو كە دەتوانێت جارێكی تر دیموكراسی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵ 1993 بینەزیر بۆتۆ توانی بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەمجارەیان ئەو سەركردە نەیارەكانی خۆی لەناو كابینەكەیدا جێ كردەوە و ئەو بە شوێن رێككەوتنەوە بوو بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە لەبری ئەوەی حكومەت سەرقاڵی مشتومڕ و ململانێ بێت، سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكان بێت.
بینەزیر بۆتۆ لە خولی دووەمی سەرۆك وەزیری خۆیدا، بە دروستكردنی قوتابخانە زیاتر گرنگی بە بەشی گەشەكردنی پەروەردە دا. بۆ ئەوەی منداڵەكان تووشی نەخۆشی ئیفلجبوون نەبن پرۆژەی لێدانی ڤاكسیۆنی جێبەجێ كرد. كارەبای بۆ هەموو گوندەكانی وڵات دابین كرد. هەوڵی دا ئەو ئاشووبەی كە سەرتاسەری وڵاتی گرتۆتەوە كۆنترۆڵ بكات، بەڵام كاتێك لەگەڵ رابەرانی مەزهەبی رێككەوت، پشتگیری ئەو كەسانەی لەدەستدا كە حكومەتی مەزهەبیان نەدەویست.
سەرەڕای هەموو كێشەكانی پێشوو، بێنەزیر تووشی كێشەی خێزانی بوو. لەگەڵ میر مورتەزای برای كێشەیان لەپەیدا بوو. مورتەزا بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1993 بۆ پاكستان گەڕابوەوە و لەبری ئەوەی كە پەیوەست بێت بە حزبی گەل، بۆخۆی چوو حزبێكی نوێی بە ناوی باوكییەوە دامەزراند. هەرچەند میر مورتەزا بەنیاز نەبوو ببێتە سەرۆكی حزبی گەل، بەڵام رایگەیاندبوو بۆیە حزبی نوێی دامەزراندووە، چونكە ئەو حزبە نوێیە زۆر لە ئامانجەكانی باوكی نزیكە، هەربۆیە میرمورتەزا بە یارمەتی دایكی توانی لە هەڵبژاردنە ناوچییەكانیدا كورسێكی زۆر بەدەسبهێنێت.
لە مانگی ئەیلول میر مورتەزای برای بێنەزیر لەبەردەم ماڵەكەی لە كەراچی لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا. شەڕە تەقە لە نیوە شەودا ڕوویدا و هیچ كەس دڵنیا نەبوو كە شەڕە تەقەكە سەرەتا لەلایەن میرمورتەزا و چەكدارەكانی ئەوەوە دەستپێكردووە، بەمشێوەیە بێنەزیر بۆتۆ براكەی تریشی لەدەستدا. دوو مانگ دوای ئەو رووداوە سەرۆك كۆمار جارێكی تر بێنەزیر بۆتۆ لە پۆستەكەی دوورخستەوە.
سوپا بیست كەسی بە تۆمەتی كوشتنی میرمورتەزای برای بێنەزیر دەستگیر كرد و ئاسف زەرداری مێردی بێنەزیر بۆتۆش تۆمەتبار كرا لەوەی كە ئەو پلانی كوشتنی میرمورتەزای داڕشتووە و ئەمەش بووە هۆی سەرسوڕمانی بێنەزیر بۆتۆ.
ئاسف زەرداری لەلایەن پۆلیسەوە بە هەمان تۆمەت دەستگیر كرا و تا كاتی بەستنی كۆبوونەوەی دادگا، ڕەوانەی زیندان كرا. كاتێك بێنەزیر بۆتۆ بەرگری لە مێردەكەی كرد لەبەرامبەر ئەو تۆمەتەی كە درابووە پاڵی، جارێكی تر نەواز شەریف بێنەزیر بۆتۆی بە گەندەڵی تۆمەتبار كرد و رایگەیاند: بێنەزیر و مێردەكەی پارەیەكی زۆری حكومەتیان دزیوە. زۆربەی پاكستانییەكان پێیانوابوو كە بۆتۆ ئاگای لە گەندەڵییە داراییەكان نییە و بێنەزیریش دڵخۆش بوو كە كاری بەستنی گرێبەستەكان و مامەڵە حكومییەكانی داوەتە دەست مێردەكەی، چونكە زیاتر گرنگی بە خستنی پارە بۆ ناو بازارەكان بوو ئاگای لە چۆنێتی خەرج كردنی پارەكان نەبووە و هەر ئەمەش وای كرد كە زیان بە ئاستی خۆشەویستی ئەو لەناو جەماوەردا بگەیەنێت.
لەهەڵبژاردنەكەی دواتر حزبی گەل كە بینەزیر سەرۆكایەتی دەكرد، بە تەواوی هەموو كورسییەكانی پەرلەمانی لەدەستدا و بینەزیر بۆماوەی دوو ساڵ لە پاكستان مایەوە و لەو ماوەیەدا ویستی لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی كە دەدرێنە پاڵ خۆی و مێردەكەی بەرگری بكات، بەڵام لەساڵی 1999 بینەزیر و ئاسفی مێردی بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی بە پێنچ ساڵ زیندانی سزا دران. ئاسف دەستگیر و لە كۆنەڕەش (زیندان) كرا، بەڵام بێنەزیر دوو ڕۆژ پێش ئەوەی دادگا بڕیاری گرتنى بۆ دەربكات، بەمەبەستی سەردانێك پاكستانی بەرەو لەندەن بەجێهێشت.

ڕوانینێك بۆ رابردوو و داهاتوو
بێنەزیر بۆتۆ لەچاوپێكەوتنێك كە لەساڵی 2000 ئەنجامیداوە چاوێك بە رابردووی خۆیدا دەخشێنێت و دەڵێت: قبوڵمە كە لەسەردەمی سەرۆك وەزیریمدا تووشی هەڵە بووم، بەڵام لەو هەڵانە پەندێكی زۆرم وەرگرتووە. دەیزانی كە پاكستان هەمیشە لەگەڵ گەندەڵی حكومەتی دەست و پەنجە نەرم دەكات، بەڵام لەسەردەمی سەرۆك وەزیری ئەودا ئەو گەندەڵییە بە ئەندازەی هەژاری و ئاشووبەكانی سەرشەقام گرنگی نەبووە.
ئەو بە چاوخشاندنێك بە رابردوودا گوتی: خوزگە لەگەڵ ئەو پرسانە بە تایبەتی پرسی گەندەڵی توندتر رەفتارم كردبوایە. هەڵبەتە نەیدەزانی ئەگەر هەمان كات گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناو حكومەتی كردبوایە، ئێستا زیاتر دەیتوانی لە پاكستان درێژە بە كارەكانی بدات.
بێنەزیر بۆتۆ لە پاكستان دوژمن و نەیارێكی زۆری هەبوو كە دڵنیا بوون كە ئەو ئاگاداری گەندەڵی ناو حكومەتەكەیەتی. نەیارانی بێنەزیر بۆتۆ پێیانوابوو كە بێنەزیر و مێردەكەی ،بەهۆی ئەو پارانەی كە لە پاكستان دزیویانە، بوونەتە دەوڵەمەند و خاوەنی پارەیەكی زۆر: ئاسف زەرداری مێردی بێنەزیریان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە لە بۆ بەستنی گرێبەستە حكومییەكان بەرتیل وەردەگرێ و پارەیەكی زۆر دەخاتە تەنگەی باخەڵی. هەروەها بێنەزیریشیان بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە لەڕێگە ئەو پارەیەوە بۆ خۆی تاقمی ئاڵتونی گرانبەها دەكڕێ و لە لەندەیش خانووی كڕێوە.
ئەم تۆمەتانە چ ڕاست بن و چ ناڕاست و درۆ بن هەتا ئەو كاتەی كە بێتاوانی ئەو نەسەلمێندرێ بێنەزیر بۆتۆ نەیدەتوانی بۆ پاكستان بگەڕێتەوە، ئەو لەگەڵ كوڕەكەی و هەردوو كچەكەی «بەختاوەر» و» ئاسفە» زۆربەی كات لە بەریتانیا و دوبەی دەژیا. دواجار لەساڵی 2004 ئاسفی مێردی لە زیندان بەربوو و چوو بۆلای ژن و منداڵەكانی.
بێنەزیر لەگەڵ منداڵەكانی زۆر دڵخۆش بوو و تامی ژیانی دەكرد، بەڵام دەیگوت» بەختەوەری راستەقینەی من هەمیشە لەگرەوی بەختەوەرییەكی گەورەتر، كە ئەویش بەختەوەری 150 ملیۆن هاووڵاتی پاكستانییە. هەربۆیە بەو هۆیەوە، چالاكییەكانی خۆی لە زەمینەی مافەكانی مرۆڤ و ئاشتی درێژە پێدا. بەرنامەیەكی چڕوپڕی هەبوو بۆ ئەوەی بەشداری كۆڕ و كۆبوونەوەكان بكات و وتار پێشكەش بكات. هەرچەند بە شێوەی خۆویست تاراوگە و دوورخستنەوەی لە پاكستان قبوڵ كرد بوو، بەڵام ئەو سەردانەكەی خۆی بۆ وڵاتانی ئاسیای باشوور،درێژە پێدا و لەو وڵاتانەدا مەدالیای فەخری و خەڵات و پاداشتی جۆراوجۆری وەرگرت.
بێنەزیر بۆ سەقامگیری دیموكراسی لە پاكستان لەهیچ شتێک درێغی نەكرد و بەردەوام گەشبین بوو لەوەی كە دووبارە رۆژێک بێت كە هەڵبژاردنی دیموكراتێك لە پاكستان بەڕێوە بچێت. هیوای دەخواست كە پەروێز موشەڕەف( سەرۆك كۆماری ئەو كاتی پاكستان) بیروبۆچوونەكانی خۆی بگۆڕێت و ڕێگە بدات كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازاد لە وڵات بەڕێوە بچێت و رێگە بدات كە ئەویش بگەڕێتەوە بۆ وڵات. بێنەزیر پێی وابوو ئەگەر نەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات، ئەوە ئەو كات دەتوانێت یارمەتی حزبی گەل( خەڵك) پاكستان بدا بۆ ئەوەی ئەوان خەباتی خۆیان بۆ پیادەكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ لەو وڵاتدا درێژە پێبدەن.
كاولبوونی پاكستان بەهۆی بوومەلەرزەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2005 هیوا و ئومێدێكی بۆ بێنەزیر گەڕاندەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وڵات، هەڵسوكەوت و مامەڵە و كرداری حكومەتی پاكستان لەبەرامبەر كارەساتی بوومەلەرزەكە، رەخنەیەكی زۆری لێكەوتەوە، بێنەزیر بەمەبەستی یارمەتیدان و كۆمەك گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە، سەنتەرێكی دامەزراند بۆ ئەوەی هاریكاری و كۆمەك بكات بە لێقەوماوان. زۆری پێخۆش بوو لەو رێگەیەوە بگەڕێتەوە بۆ وڵات. ئەو هەموو تەمەنی خۆی بۆ جێگیركردنی ئازادی و سەربەستی لەپاكستان تەرخان كردبوو.
كاتێك خەڵكی لێیان دەپرسی كە سەرەڕای ئەم هەموو دیكتاتۆرییەی كە لەپاكستان هەیە و حكومەتی دیكتاتۆری سەربازی زاڵە بەسەر وڵاتدا چۆن دەتوانێت گەشبین بێت، لە وەڵامدا دەیگوت: دەبێت لەبەر دایك و باوكی درێژە بە خەباتی بدات و هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە. لە چاوپێكەوتنێكدا گوتی: لە هەر سەد كەس لەوانەیە 10 كەس خراپ بێت و باقی هەموو باشن.
بێنەزیر لەسەر ئەو باوەڕە بوو كە بنەماڵەكەی بۆ گەلی پاكستان خەباتیان كردووە و ئەویش دەبێت درێژە بەو خەباتە بدات.
هەرچەند لە نێو بنەماڵەكەی دەوڵەمەند و خۆشگوزەران لەدایك بوو، بەڵام لە رێگەی ژیاندا زۆر نەگبەتی و سەختی و نەهامەتی هاتە سەر ڕێی و زیندان و تاراوگە و ناخۆشی زۆری بەسەر هات، بەڵام ئەو هەر پابەندی ئامانجەكانی خۆی بوو. هەروەك خۆی دەڵێت: لەژیاندا كێشەگەلێكی زۆر هەیە، بەڵام بەڕای من سەرۆكایەتی و سەرۆك پەیوەندی بەو پەندانەوە هەیە، كە لە شكست و هەرەسهێناندا، بەدەستیان دەهێنێت. ئێستا بیست ساڵ بەسەر ئەو كاتەدا تێدەپەڕێت كە من پێم ناوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە، گەیشتووم بەو ئەنجامە، كە جیاوازی نێوان كەسی سەركەوتوو و كەسی شكستخواردوو، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێز و توانایانەی کە ئەو كەسانە لەوەرگرتنی ئەو پەندانەدا هەیە، كە كاتی خۆی لە هەرەسهێنان و شكست و كەوتن وەریدەگرن.
دەستكەوتەكانی بێنەزیر بە تایبەتی لەكاتی بەرەنگابوونەوە لەگەڵ كەندو كۆسپەكان، ببووە پەند و سەرمەشقێك بۆ هەموو ژنان.
بێنەزیر كاتێک لە ساڵی 2000 لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوت لە چاوپێكەوتنێكدا گوتی: ئەم سەركەوتنە سەركەوتنی هەموو ژنانی جیهان بوو. سەركەوتنەكانی بێنەزیر ببوو بە هاندەرێك بۆ ئەوەی ژنانی وڵاتانی تریش بۆ بەدەستهێنانی پێگەوجێگەی خۆیان هەوڵبدەدەن. هەرچەند ئامانجی ئەو ئەوە نەبوو كە ببێتە سەرمەشق و نموونە بۆ ئەوانی تر، بەڵام وەفاداربوون و پابەندبوون بە ئامانجەكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ كاریگەرییەكی زۆری لەسەر مرۆڤەكان داناوە.
بێنەزیر دەیزانی كە ژیان وێدەچێ زۆر سەخت ، چەتوون و دژوار بێ، بەڵام هیوای دەخواست كە جیهانێك بێتە ئاراوە كە لێوانلێو لە ئاشتی و ئارامی و ئۆقرەیی بێت و هەموو مرۆڤەكان دەرفەتی بەختەوەری و خۆشبەختیان بۆ فەراهەم بێت ، چونكە پێی وابوو هەموو مرۆڤێك تەنها یەكجار مەجالى هەیە بژیت و هەموو كەسێک شایستەی ئەوەیە كە دەرفەتێكی بۆ هەڵكەوێ بۆ ئەوەی بەختەوەر و خۆشبەخت بێت. خەڵك پێویستیان بە ئاشتی و دەرفەت هەیە، هەم خەڵكی پاكستان و هەم خەڵكی هەموو جیهان پێویستیان بە ئاشتی و دەرفەت هەیە، ئەمە هەمان ئەو جیهانە كە من گەرەكمە و پێمخۆشە بیبینم.
بێنەزیر بۆتۆ بە بەردەوامی لە دژی توندوتیژی و نایەكسانی و خراپ بەكارهێنانی چەمكی مافەكانی مرۆڤ قسە و وتاری پێشكەش دەكرد و هیواشی دەخواست كە زۆر زوو رۆژێك بێت كە هەموومان دنیایەكی باشتر و جیهانێكی خۆشترمان هەبێت و بتوانین بە شادی و خۆشی و باشتر بژین. جیهانێك كە هەمووان تێیدا لەمافەكانیاندا یەكسان بن، بە ژن و پیاوەوە، بە هەژار و نەدارەوە بە تایبەتی خەڵكی پاكستان مافی یەكسانیان هەبێت.
سەرئەنجام پەروێز موشەرەف سەرۆك كۆماری پاكستان ملی دا كە هەڵبژاردنی دیموكراتیك لە وڵات بەڕێوە بچێت و بێنەزیریش بۆ بەشداری كردن لە هەڵبژاردنەكان گەڕایەوە بۆ وڵات.
بێنەزیر بۆتۆ رۆژی 27 مانگی كانوونی یەكەمى 2007 لەشاری راولپەندی لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لە یەكێك لە شەقامەكانی ئەو شارەدا،لەكاتێك كە لەناو لایەنگران و هەوادارەكانیدا بوو، لەلایەن چەند چەكدارەوە تەقەی لێكراو و هاوكاتیش لەهەمان شوێنی روودا تەقینەوەیەك روویدا. بێنەزیر زۆر بە سەختی بریندار بوو، دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە كرا، بەڵام بە هۆی سەختی برینەكانییەوە كۆچی دوایی كرد و چاوەكانی لەسەر یەك دانا و مرد.
دواتر پزیشكان هۆكاری مردنی بێنەزیریان رایگەیاند و ئاماژەیان بەوەكردبوو كە بە هۆی تەقینەوە كاسەی سەری شكابوو بۆیە گیانی لەدەستداوە.
تەرمی بێنەزیر بۆتۆ لە تەنیشت گۆڕی باوكی و براكانی لە گۆڕستانە تایبەتییەكەی خۆیان لە ناو جەماوەرێكی زۆردا بە خاك سپێردرا و هەزاران لایەنگر و هەواداری هاواریان دەكرد، بێنەزیر زیندووە، بێنەزیر زیندووە.

1- بینەزیر بۆتۆ ساڵی 1953 لە شاری كەراچی لە پاكستان لەدایكبووە.
2- ساڵی 1965 لەنێوان هیندستان و پاكستان لەسەر سنووری كشمیر شەڕ هەڵگیرسا.
3- ساڵی 1967 زولفەقار عەلی بۆتۆ حزبی گەل (خەڵك) دامەزراند؟
4- ساڵی 1968 زولفەقار عەلی بۆتۆ بۆ یەكەمین جار رەوانەی زیندان كرا.
5- ساڵی 1969 بۆ 1973 بێنەزیر بۆتۆ لە كۆلێژی رادكلیف لە ویلایەتی ماساچۆست لە ئەمریكا درێژەی بە خوێندن دا.
6- ساڵی 1971 پاكستانی رۆژهەڵات سەربەخۆیی وەرگرت و ناوی خۆی گۆڕی بۆ بنگەڵادش.
7- ساڵی 1973 بۆ 1977 بێنەزیر بۆتۆ لە زانكۆی ئەكسفۆرد لە بەریتانیا درێژەی بە خوێندن دا.
8- ساڵی 1977 ژەنەڕاڵ زیاحەق حكومەتەكەی زولفەقار بۆتۆی ڕووخاند.
9- ساڵی 1979 زولفەقار عەلی بۆتۆ لەسێدارە دارا.
10- ساڵی 1984 پاش دەستبەسەربوونی بێنەزیر بۆتۆ لە ماڵەكەی ئازاد كرا و رێگەیان پێدا بۆ نەشتەرگەری گوێی سەردانی ئەوروپا بكات.
11- ساڵی 1985 شانەوازی برای بێنەزیر بۆتۆ لە وڵاتی فەڕەنسا لەرێگەی مادەی ژەهراوییەوە كوژرا.
12- ساڵی 1986 بێنەزیر بۆتۆ وەك سەرۆكی حزبی گەل(خەڵك) لە ئەوروپاوە گەڕایەوە بۆ پاكستان.
13- ساڵی 1987 بێنەزیر بۆتۆ شووی بە ئاسف عەلی زەرداری كرد.
14- ساڵانی 1988بۆ 1990 یەكەمین خولی سەرۆك وەزیرانی بێنەزیر بۆتۆ دەستی پێكرد.
15- ساڵانی 1993 بۆ 1996 بۆ دووەمین جار بوو بە سەرۆك وەزیرانی پاكستان
16- ساڵی 1996 براكەی تری بێنەزیر بۆتۆ بە ناوی میر مورتەزا بۆتۆ لەبەر دەم ماڵەكەی خۆی لە كەراچی كوژرا.
17- ساڵی 1999 بێنەزیر بۆتۆ پاكستانی بەجێهێشت و ماوەیەك لە بەریتانیا ژیا و دواتریش وەك دوورخراوەیەك لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات گیرسایەوە.
18- ساڵی 2004 ئاسف عەلی زەرداری مێردەكەی بێنەزیر بۆتۆ پاش 8 ساڵ لە زیندان ئازاد كرا.
19- بێنەزیر بۆتۆ لە رۆژی 27 مانگی كانوونی یەكەمى 2007 لەشاری روالپندی پاكستان تیرۆر كرا.

سەرچاوە:
-منبع/ کتاب بینظیر بوتو
-نویسنده/ مری انگلر
-مترجم فارسی/ مهسا ملك مرزبان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە

سەرچاوەیەكی كەرتی نەوت رایگەیاندووە، بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە رێژەی هەناردەی ...