سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » نازییە نوێکانی ئەڵمانیا: بێگانەکان هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانن

نازییە نوێکانی ئەڵمانیا: بێگانەکان هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانن

لە ماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا، لە ئەڵمانیا کرێی خانوو و شوقە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون بە تایبەتی لە شارە گەورەکاندا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و لە رادەبەدەر گرانبوون، بە شێوەیەک کە کارمەند و کاسبکارانی ئەو وڵاتە دەبێ نیوەی زیاتری مووچەکانیان بۆ کرێ تەرخان بکەن. پارتە راستڕەو و گەلپەرستەکانیش هۆکاری ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ هاتنی ئەو هەموو حەشاماتە بێگانەیە بۆ ناو ئەڵمانیا و وەرگیرانیان وەک پەنابەر.

دەرکردنی میللەتانی بێگانە لە ئەڵمانیا
جۆرج باتسدیرسکی سەرکردەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AFD کە پارتێکی پۆپۆلیستە و لەسەر سیستەمی نازییەکان خەبات دەکات بۆ دەرکردنی میللەتانی بێگانە لە ناو ئەڵمانیا. لەسەر ئەم پرسە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی DPA رایگەیاند: قەیرانەکانی ئەم دواییە هەموویان بەهۆی کۆچەر و پەنابەرانەوەن، چونکە ژمارەیەکی زۆرن و لە هیچ شوێنێک جێگەیان نابێتەوە و بێسەرەوبەرەن. وتیشی: خەستەخانە و باخچەی ساوایان و خوێندنگەکان، بە گشتی بواری پەروەردە و خزمەت بە هۆی ئەوانەوە قەیرانیان بۆ دروستبووە، لەبەرئەوەی ئەو بێگانانە مناڵیان زۆرە و بۆ نیشتەجێکردنیان کێشەی زۆر بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانیا دروستبووە.

تاوان زۆر بووە
ناوبراو بۆ هەمان سەرچاوە دەڵێ: لە ساڵی 2015 بە دواوە لە دوای لێشاوی هاتنی پەنابەران بۆ ئەڵمانیا، تاوانی وەک شەڕە چەقۆ و دزی و رێگری و تێکدانی شوێنە گشتییەکان لە وڵاتەکەمان زۆر بووە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کۆتایی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێ و ئەو پارتە دەیەوێت سەرنجی رای گشتی بۆ لای پارتەکەیان‌ و بەرنامەکەیان رابکێشێ و دەنگی زیاتر کۆبکەنەوە. چاوەڕوانیش دەکرێت پارتە راستڕەو و پۆپۆلیستەکان کە بۆ هەڵبژاردنەکە هاوپەیمانێتییەکیان لەسەر ئاستی ئەوروپا پێکهێناوە، لەو هەڵبژاردنەدا دەنگی زۆر بهێنن و ببنە کێشە لە بەردەم ئایندەی یەکێتیی ئەوروپادا.

گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ئایندەی یەکێتیی ئەوروپا
لە کاردانەوەی ئەمەشدا ئارمین لاشیت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی راین وێستیڤاڵیا و سەرکردەی پارتی دیموکراتی کریستیان CDU ، ئیدانەی لێدوانە زبرەکانی بەرپرسانی ئەو پارتە راستڕەوە دەکات و لە وتارێکیدا لە بەردەم ئەندامانی کۆنگرەی پارتەکەی لە دوسلدۆرف، وتی: پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ئایندەی یەکێتیی ئەوروپا و ئەوانە بە جددی کار لەسەر تێکدان و بنەبڕکردنی ئەو یەکێتییە دەکەن، کە لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی و پێکەوەژیان دامەزراوە.

هەڵبژاردنەکەی ئەمجارە زۆر جیاوازە
هەروەک جەختیشیکردەوە: هەڵبژاردنەکەی ئەمجارە زۆر جیاوازە لەوانەی پێشوو، چونکە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنە کە پارتە سۆسیال دیموکرات و پارێزگار و لیبراڵەکان تووشی هەڕەشە دەبنەوە و یەکێتیی ئەوروپاش بکەوێتە حاڵەتی مەترسی و تێکچوونەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پەیمانگەی ستارفۆر: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم زووانە باش نابێت

ئامادەکردنی: بورهان ئەمین لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ...