سەرەکی » زانست » په‌یكه‌ره‌كانی بودا دروست ده‌كاتەوە

په‌یكه‌ره‌كانی بودا دروست ده‌كاتەوە

تیمێكی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تیی و ئه‌فغانیی سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی بودان له‌ ئه‌فغانستان كه‌ له‌سه‌رده‌می تاڵیباندا تێكشكێنران و له‌ ناوبران.
كاتێك بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ ساڵی 1996دا له‌ ئه‌فغانستان ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، حوكمێكی ئاینیی توندڕه‌وی له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌و وڵاته‌دا په‌یڕه‌وكرد و هه‌وڵیدا هه‌موو شوێنه‌وارێكی مێژوویی به‌ر له‌ ئیسلام له‌و وڵاته‌دا بسڕێته‌وه‌.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌و ڕژێمه‌ فه‌رمانیكرد هه‌موو په‌یكه‌ره‌ مێژوویی و شوێنه‌وارییه‌كان له‌ناوبه‌رێت كه‌ به‌بڕوای بزووتنه‌وه‌كه‌ ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ نیشانه‌ و زیندووكه‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌می بتپه‌رستیی بوون .
له‌دوای ڕوخانی ئه‌و رژێمه‌ش له‌ ساڵی 2002 دا تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و پسپۆڕانی ناوخۆیی شوێنه‌وار له‌ ئه‌فغانستان هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی كه‌ تێكدراون یان شوێندراون یان له‌ ناوبراون.
یه‌كه‌م كاری ئه‌و تیمه‌ هاوبه‌شه‌ چاككردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تابلۆی كۆمه‌ڵه‌ په‌یكه‌ری بودایه‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ شوێنه‌واره‌ هه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كان له‌ ئه‌فغانستاندا و به‌شێك بوون له‌ مێژوو و كه‌له‌پوری دێرینی ئه‌و وڵاته‌ .
شوێنه‌وارناسانی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ پێشتر و له‌ كۆندا ئه‌فغانستان پێگه‌یه‌كی بودایی دیار‌و به‌رجه‌سته‌ی هه‌بووه‌‌و ناوچه‌یه‌كی به‌ناوبانگیش بووه‌ به‌و پێیه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر ڕێگه‌ی بازرگانیی ئاوریشم .
له‌سه‌رده‌می بزووتنه‌وه‌ی تاڵیباندا ئه‌و تابلۆی كۆمه‌ڵه‌ په‌یكه‌ره‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی تاڵیبانه‌وه‌ به‌چه‌كوش تێكشكێنراوه‌ و وردو خاش كراوه‌، به‌ڵام له‌ كاتی خۆیدا له‌ لایه‌ن دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی شوێنه‌واره‌وه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ و له‌ شوێنی نهێنیدا پارێزراوه‌. ئێستاش ئه‌و تیمه‌ هاوبه‌شه‌ سه‌رقاڵی دووباره‌ پێكه‌وه‌ لكاندنی پارچه‌كانی ئه‌و تابلۆ په‌یكه‌ره‌ن كه‌ پارچه‌كانی نزیكه‌ی 7000 پارچه‌ی وردو گه‌وره‌یه‌.
نه‌جیبولا ئه‌سه‌دیی نۆژه‌نكه‌ره‌وه‌ له‌مۆزه‌خانه‌ی كابول ده‌ڵێت» كاتێك زانیم ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ تێكدراون، خه‌مباربوم و دڵته‌نگ بووم، وامزانی ئه‌وه‌ خۆمم تێكشكێنراوم و پارچه‌پارچه‌كراوم، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ به‌ ته‌نها هیی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵكو هیی جیهانیشه‌».
ئه‌سه‌دوڵا ده‌ڵێت» ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ ڕۆژگارێك بوو سومبولی شارستانییه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌فغانستان بوون، دوای تێكشكاندنیشیان بوونه‌ شاهێدی تووندڕه‌ویی ڕژێمی تاڵیبان كه‌ دوژمنی هه‌موو جوانیی و شارستانییه‌تێكی له‌ مێژینه‌ بوون».
نه‌جیبوڵای شاره‌زای شوێنه‌وار ده‌ڵێت» من و هاوپیشه‌كانم و هه‌موو ئه‌فغانستان و ته‌نانه‌ت جیهانیش نیگه‌رانین له‌وه‌ی جارێكی تر تاڵیبان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات‌و حوكمی ئه‌فغانستان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵێنیان داوه‌ شێوازی مامه‌ڵه‌یان بگۆرن، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌رگیز تاوان و كاره‌ قێزه‌ونه‌كانیانمان له‌بیر ناچێته‌وه‌ كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ مرۆڤ و كه‌لتوور و كه‌له‌پوری ئه‌م وڵاته‌ ئه‌نجامیانداوه‌».
شیاوی بیرهێنانه‌وه‌یه‌، دوا كاری تێكده‌رانه‌ی شوێنه‌واره‌كان كه‌ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ ئه‌فغانستان كردیان، ته‌قاندنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری گه‌وره‌ی بودا بوو له‌ ناوچه‌ی بامیان كه‌ به‌ درێژترین په‌یكه‌ری بودا داده‌نرا له‌ جیهاندا.
سه‌رچاوه‌: BBC

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆڕانی ئاوو هه‌وا له‌ سه‌ر كشتووكاڵ

د. محەمەد ئەمین له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌ وه‌ی ئاستی له‌ هه‌ وادا ...