سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » پەلکەڕەنگینەی بیروڕای ئازاد

پەلکەڕەنگینەی بیروڕای ئازاد

پوختەی خەسڵەتاکانی دەوڵەتی فیدراڵ و فیدراڵیزم

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز

زۆر بە کورتی، بیری فیدراڵیزم، وەک یەکێ لە دیاریکردنی مافەکانی چارەنووسی گەلانی سەر ڕووی زەوی، لە ڕیزبەندیی مافی چارەنووسدا، بە پلە (5) دێ. بەڵام وەک سیستەمێکی فەرمانڕەوایی دەتوانێ، چەن گەلێکی جیاواز، لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و نیشتماندا کۆکاتەوە. هەر گەلێکیش، لە سنووری دیاریکراوی هەرێمەکەی خۆیدا، بە سەربەخۆیی فەرمانڕەوایی خۆی بکا و بە ئازادیی بژی، گەر دێمۆکراسیی ڕاستەقینە هەبێ، نەتەوەی سەردەس، لە گۆشەنیگای دیدێکی مرۆپەروەرانە و باوەڕێکی بەرزی پێشکەوتووخوازانەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی گەلانی بندەس و چەوساوە بڕوانێ، ئەگینا مەحاڵە، ئەو سیستەمە سەرکەوتن بەدەسبێنی، هێمنیی و ئاساییشی، نێوان گرووپە ئیتنیکەکان بپارێزێ.
ئەم بیرە، بیرێکی گەلێ کۆنە، لە پێش زایینەوە پەیدابووە و تا ئەوڕۆش، لە هێندێ وڵاتانی جیهان، بە شێوە و ناوەڕۆکی جۆراوجۆر، کاری پێ دەکرێ و بە شێوەیەکی بەردەوامیش، لە گۆڕان دایە، تا چەن گەلێکی جیاواز بتوانن، لەنێو چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووی تێریتۆریاڵدا، پێکەوە هەڵکەن، بە ئازادیی و بە ئاشتیی بژین.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، ئاماژە بە هێندێ لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی بیری فیدراڵیزم و سیستەمی فیدراڵ بکەم:
1. بیری فیدراڵیزم، لە بنەڕەتدا بە کارێکی یاسایی نێوخۆێی هەر دەوڵەتێ دادەنرێ. واتە دەوڵەتی فیدراڵ، بە ڕێککەوتننامەیەکی نێونەتەوەیی درووست نابێ.
2. هەموو دەوڵەتێکی فیدراڵ دەبێ، خاوەنی دەستوورێکی نووسراوی دیاریکراوی تایبەتی خۆی بێ. لە ئەو دەستوورەشدا پێویستە، چوارچێوەیەکی یاسایی، بۆ پێوەنییەکانی نێوان میریی هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدراڵ دەسنیشانکرێ.
3. پێویستە، هەر یەکێ لە میرییە ئەندامەکانی نێو دەوڵەتە فیدراڵەکە، دەستووری تایبەتی خۆیان هەبێ، ئەو دەستوورەش دەبێ، بە شێوەیە بنووسرێ، هەموو کار و فەرمانەکانی هەموو لایەکیان دیریبکا.
4. یەکێ لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی دەوڵەتی فیدراڵ ئەوەیە: لە دوو ڕەگەزی ناکۆک بە یەکی وەک (یەکێتیی) و (سەربەخۆیی) پێکهاتووە. (یەکێتیی) واتە، هەموو گرووپە ئیتنیکەکان، هەموو هەرێمە فیدراڵەکان، لە چوارچیوەی یەک دەوڵەتی یەکگرتووی فیدراڵدا دەبن و جیانابنەوە. (سەربەخۆیی)ش ئەوەیە، هەموو هەرێمەکان، لە کاروباری نێوخۆی خۆیاندا، سەربەخۆ و ئازادن، دەوڵەتی نێوەندیی بۆی نییە، دەس لە کاروباری نێوخۆیان وەردا.
5. دەزگە ناسراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، چ لەسەر ئاستی میریی هەرێمەکان بێ، چ لەسەر ئاستی دەوڵەتی فیدراڵ بێ، لە سێ دەسەڵاتی جیاوازی (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادگەریی) پێکدێن.
6. جۆری سیستەمی فیدراڵ، پێبەپێی جۆری دەوڵەتەکان دەگۆڕێ و دەتوانرێ، لە هەر دوو جۆرە دەوڵەتە ناسیۆنال و تێریتۆریاڵەکاندا پێڕەوکرێ. بەڵام جیاوازییەکەیان ئەوەیە، لە دەوڵەتی ناسیۆنالدا، هەر هەرێمێ سەربەخۆدەبێ و فیدراڵییەکی کارگێڕیی خۆی دەبێ. لە دەوڵەتە تێریتۆریاڵەکانیشدا، هەرێمەکان سەربەخۆدەبن، بەڵام جۆری فیدراڵییەکەیان جیاوازە، فیدراڵییەکی ڕامیاریی و جوگرافیاییان دەبێ.
لە کۆتاییشدا دەڵێم: ئەوڕۆ لە جیهاندا، گەلێ دەوڵەتی گەورە و گچکە هەن، هەردوو شێوەکەی دوڵەتی فیدراڵ پێڕەودەکەن. بۆ نموونە: (ئەمێریکا، کەنەدە، سویسرە، ئەڵمانیا، ئەرژەنتین، مەکسیک، ڤنزەوێلا، نێجیریا، هیندستان، یەکێتیی میرنشینەکانی عەرەب …)
لە باشووری (کوردستان)یش، دوای ئەوەی جەماوەری گەل، لە بەهاری ساڵی (1991)دا ڕاپەڕین و هێزەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی (بەعس)یان دەرپەڕاند، دەسەڵاتێکی نیشتمانپەروەری کوردیی دامەزرا، پەرلەمانی (کوردستان) هەڵبژێررا. ئەوە بوو، ڕۆژی (4. 10. 1992)، پەرلەمان بڕیاری ژمارە (22)ی دەرکرد، لە یەک لایەنەوە، سیستەمی فیدراڵی بۆ گەلی باشووری (کوردستان) ڕاگەیاند. دواتریش کاتێ ڕژێمی (بەعس) ڕوخا، دەوڵەتی (عێراق) بە شێوەیەکی فەرمیی، دانی بە سیستەمە فیدراڵەکدا نا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستە هێندێ کەموکووڕیی هەیە، زۆر سەرکەوتووانە بەڕێوەناچێ و دینگە سەرەکییەکانیشی، بە تەواویی نەچەسپیوە!

حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، فیدراڵیزم و ده‌وڵه‌تی فیدراڵ، چاپی3، 2004، ل 37، 47، 128-129

نووسەر و مامۆستای زانکۆ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سابیر ره‌شید: ئه‌ده‌ب دیوی‌ دووه‌می‌ ژیانه‌

یه‌كێك له‌ چیرۆكنووس و رۆماننووسه‌ دیاره‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردی ...