سەرەکی » کەلتوور » ناسیۆنالیزمی کوردی: رەگوڕیشەکانی چین؟پەڕە 3

ناسیۆنالیزمی کوردی: رەگوڕیشەکانی چین؟

ژێگەر حەسەن
زانکۆی ئۆنتاریۆی رۆژئاوا- کەنەدا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

به‌شی دووەم

باس و خواسی مۆدێرنە و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی
رێبازی مۆدێرنە بەرەنگاری گریمانە بنەڕەتییەکانی سەرەتاییناسی دەبێتەوە سەبارەت بە سروشتی نەگۆڕ و چەسپاوی ناسنامە نەتەوەیی یان نیشتمانییەکان و بەردەوامییان. لە ساڵانی ١٩٨٠ کانەوە، مۆدێرنیستەکان، بە جەختکردنەوەیان لە سەر سروشتی پێکهاتنی نەتەوە و گەلان، گریمانە بنەڕەتییەکانی سەرەتاییناسییان هەڵتەکاندووە. مۆدێرنیتە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە ناسنامەی نەتەوەیی یان نیشتمانی، لەجیاتی ئەوەی جێگیر و چەسپاو بێت، بەردەوام لە لایەن نەوە تازەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و چوارچیوەی نوێی بۆ دادەنرێت (Ozkirimli 2010 : 61). مۆدێرنیتە بەرەنگاری بیر و باوەڕی سەرەتایی دەبێتەوە بە سروشتی بوون و مەزنیی گەلان و نەتەوەکان و مۆدێرنیزم، وەک تیۆرییەک بۆ ناسیۆنالیزم، لە تیۆرییەکانی نوێگەریی ساڵانی ١٩٦٠کانەوە سەریهەڵداوە و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا (2010: 72). پاڵپشتە سەرەکییەکانی ئەم رێبازەش جۆن بروڵی (1982) و ئەریك هوبسباوم (1990) وئێرنست گیڵنەر (1964 و 1983) و بێنەدیكت ئەندرسن (1985). ئەوان چاپ و بڵاوکردنەوە و پیشەسازی و سێکولاریزم و دەوڵەت بە ئامراز دەزانن بۆ لەدایکبوونی نەتەوە و نەتەوەسازی (ناسیۆنالیزم) و جەخت لە سەر بنیاتنانی کۆمەڵایەتی دەکەن بۆ پێکهێنانی نەتەوە و نەتەوەسازی. بۆ نموونە، ئێرنست گیڵنەر (1964)، باس لەوە دەکات کە»ناسیۆنالیزم هۆشیاری و بێداربوونەوەی گەلان و نەتەوەکان نیە لەسەر خودئاگایی، بەڵکو ئەوانی تێدا دەدۆزێتەوە لەکاتێکدا کە تێیدا نین».
بێنەدیكت ئەندرسن (1985) لە کتێبی «کۆمەڵگەکانی خەیاڵ»دا یەک لە قەناعەتبەخشترین مەسەلەکانی تیۆریی مۆدێرنە دەخاتەڕوو. توێژینەوەکەی ئەندرسن تیشک دەخاتە سەر سێ «پارادۆکس – دژبەر»ی ناسیۆنالیزم. یەکەم، سەرنجی ئەوە دەدا کە نەتەوەکان بە شێوەیەکی رێژەیی دیاردەیەکی نوێن بە پێی گێڕانەوە و باسە بابەتییەکان بەڵام ئەوان بڕوایان بە خۆیان هێناوە کە زۆر کۆنن (1985: 6). دووەم، مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کەوا گەلان و نەتەوەکان تایبەتمەندییان نیە و بە هەزاران بوونیان هەیە. سێهەم، ئەندرسن (1985: 6) وایدەبینێت کەوا گەلان و نەتەوەکان هێزی سیاسییان هەیە بەلام بەزۆری لەڕووی فەلسەفییەوە یەکگرتوو نین و بۆ یارمەتیدان لە تێگەیشتنی چۆنێتیی پەیدابوونی ئەم پەیوەندییە دژبەیەکە، ئەندرسن وا پێناسەی نەتەوەیەک دەکات کە «کۆمەڵگەیەکی سیاسیی خەیاڵ ئامێزە» و تاکەکان تێیدا باوەڕیان وایە کە ئەندامی کۆمەڵگەیەکن لەگەڵ تاکەکانی تردا کە شتێکی لەبارەی یەکترەوە دەزانن یان رەنگە هەر یەکتریشیان نەبینیبێت.
مۆدێرنیستەکان وایبۆدەچن کە ناسیۆنالیزم لە رێگەی بنیاتنانی زمان و مێژووی هاوبەشەوە زاتی وەبەر دەنرێت. چاپەمەنیی سەرمایەداری ئاسانکاریی بۆ پاشەکشەی زمانە لۆکاڵی و ناوچەییەکان کردووە و ئەنجامیش پاڵپشتی پەرەسەندنی زمانێکی هاوبەش بووە٤. چاپی بەکۆمەڵی رۆمان و رۆژنامە بواری رەخساند بۆ ئەو کەسانەی لێکتر دابڕابوون کە لە یەک کاتدا بەشداریی رووداوەکان بن و ئەزموونی بکەن. بە تێپەڕینی رۆژگار چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کار و بەرهەمەکان بە زاراوە ناوچەییە جیاوازەکان هەموویانی پێکەوە بەستەوە و زمانێکی نووسینی هاوبەشی لێبەرهەم هات (ئەندرسن 1985). ئەم پەرەسەندنەش هاوکات بوو لەگەڵ بیرۆکراتییەتدا و بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارا پراکتیزەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێت، ناوەندەکانی کارگێڕی پشتیان بە زمانێکی هاوبەش بەست.
لێکدانەوە نوێگەرەکان بەردەوام بەکاردەهێنرێن بۆ راڤە کردنی بنەماکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و زۆربەی ئەکادیمییەکان وا باس لەم ناسیۆنالیزمە دەکەن کە مۆدێرن و دروستکراوە. ئەم بەرەیە تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم شوێن ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەوێت و مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە ناسیۆنالیزمی کوردی وەک رەتکردنەوەیەکی شۆڕشی تورکە لاوەکان لە ساڵی ١٩٠٨دا و دوابەدوای ئەویش رووخانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمدا هاتە ئاراوە. بیر و ئایدیای شۆڕشی تورکە لاوەکان سەبارەت بە چاکسازیی دەستوور و ناسیۆنالیزمی تورکی بوو بە ئیلهامبەخشی کوردەکان بۆ دامەزراندنی یانە و رێکخراوەکانیان و پیادە کردنی خوێندنیان بە زمانی کوردی. نەتەوەپەروەرەکانی کورد کەوتنە هاندانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لەنێو کوردەکاندا لە رێگەی دووبارە چاپکردنی فۆلکلۆر و ئەدەبی کوردییەوە و بە تایبەتی کار و بەرهەمەکانی ئەحمەدی خانی و شەرەفخانی بەدلیسی (نەعمانی 1966: 281). ئەمە یەک لەو رێگایانە بوو کەوا ئەم کار و بەرهەمانەی پێگەڕایەوە نێو کۆمەڵگەی کوردی و یارمەتیی ناسیۆنالیستە کوردەکانی دا نەتەوە و میللەتی کورد بنیات بنێن. هەرچەندە نەعمانی هەڵکشانی هەستی نەتەوایەتی دەگێڕێتەوە بۆ دەڤەرە کوردییەکەی تورکیا، بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی لە عێراق بەجۆش و خورۆشترە و هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەش دیمۆگرافیا و جوگرافیایە، چونکە کوردەکان لە عێراقدا رێژەیەکی گەورەتر لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن وەک لە رێژەی کورد لە وڵاتەکانی تردا. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دانیشتوانی کورد نزیکەی ١٠%یان پێکدەهێنا لە هەریەکە لە تورکیا و ئێراندا، کەچی نزیکەی ٢٠% ی دانیشتوانی عێراقیان پێکدەهێنا. بێجگە لەوەش کورد لە عێراقدا لەڕووی جوگرافییەوە زیاتر چڕبوون و توانییان بەرهەڵستییەکی کاریگەر بەرپا بکەن دژ بە دەوڵەتی عێراقی تازە دروستبوو.
وەک لە پێشەوە باسکرا، زۆرێک لە نووسین و دانراوە ئەکادیمییەکان لەبارەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە چەندوچوون لەسەر ئەوە دەکەن کەوا لە پاش رووخانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانییەوە سەریهەڵداوە (گونتەر 2007 ؛ هاڵیدەی 2006 ؛ جەبار 2006 ؛ جوەیدە 2006 ؛ ماكدواڵ 2004 ؛ ئۆڵسن 1989 ؛ وەلی 1998). بۆنموونە، رۆبەرت ئۆڵسن (1989) تێبینیی ئەوە دەکات کە لەبەریەک هەڵوەشانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و شۆڕشی تورکە لاوەکان هانی خۆکۆکردنەوە و جموجووڵی خەڵکی کوردی دا کە رێکخراوەکانی خۆیان پێکهێنابوو. هەروەها جموجووڵەکە هاوڕێ و هاوزەمان بوو لەگەڵ ئەوەی کە لاوەکانی کورد رووبکەنە خوێندن لە قوتابخانە ئەورووپییەکاندا و لەوێ ئاشنا بن بە چەمکە نەتەوەییە نوێکان. پاشان ئەم بیر و ئایدیایەیان گواستەوە بۆ کاربەدەست و بەرپرسە ئاینییە لۆکاڵییەکان و ئەمانیش بە رۆڵی خۆیان کەوتنە بڵاوکردنەوەی چەمکی ناسنامە و دابونەریتی کورد لە نێو رەشەخەڵکەکەی کورددا (Olson 1989: xvii). لە پێش ساڵانی 1900کاندا، کوردەکان لە لایەن میرنشین و خێڵەکانەوە لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا رێکخرابوون. لەبەریەک هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بوو بە هۆی کێبەرکێی هەرێم و ناوچەکان لەسەر زەوی و زار و سەرچاوەکان لە نێوان گرووپە جیاجیاکاندا و سەرۆک هۆزە کوردەکانی ناچار کرد داوای خاوەندارێتیی مێژوویی ئەو خاک و زەوییانە بکەن کە تێیاندا نیشتەجێ بوون.
دروستکردنی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کورد پرۆژەی مشتومڕی دەستەبژێرێکی مۆدێرنیستەکانە و ئەم ناسیۆنالیزمە زیاتر دروستکراوی ئەندێشە و خەیاڵە (Strohmeier 2003). هەروەها یەکەم رۆژنامەی کوردی، کوردستان، کە ساڵی 1898 دامەزرا، هۆکارێکی یارمەتیدەر بوو لە بنیاتنانی ناسنامەیەکی کوردیدا (Strohmeier 2003). سترۆهمییر، وەک بەڵگەیەک ئاماژە بۆ بیر و بۆچوونی رۆژنامەی كوردستان دەکات کەوا هانی کوردەکانی داوە لە «خەوی غەفڵەتی خۆیان بەئاگابێنەوە و پێ لە دواکەوتووییان بنێن» (2003 : 23). بە هەمان شێوە رۆژنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد کۆمەڵە خەڵکێکی جیاوازن و مێژوویەکی کۆن و کولتوور و زمانێکی جیاکاریان هەیە و هەر کاتێ لە دەسی زاڵم و ستەمکارانی بێگانە رزگاریان بوو توانای گەشەکردن و بووژانەوەیان هەیە. رۆژنامەی کوردستان هاوکار و یارمەتیدەر بوو لە زیندووکردنەوە و بووژانەوەی ئەدەب و مێژووی کورد بە ئامانجی گەڵاڵە کردنی ناسنامەیەکی کوردی (2003 : 26 ؛ ڤان برونەسن 2003 : 50). ئەمەش بەڵگەیە کەوا کورد ناسنامەیەکی تۆکمە و پتەویان لە تاکەکەس و هۆزەکان کۆمەڵە بچڕبچڕ و جیاجیاکان دروستکردووە. چاپ مەسەلەیەکی تەواو پێویست بوو بۆ بنیاتنانی نەتەوە و گەلان و لە سەرێکی تریشەوە گۆڕانکاریی ستروکتووری لە ئەنجامی رووخانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا ناسیۆنالیزمی کوردی بەهێز کرد. وەک پێشتر باسی لێوەکرا، لەپێش رووخانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا، ئاین ناسنامەی گشتگیری خەڵک بوو کە دانیشتووانی پێ دیاری دەکرا و دەناسرا، بەڵام لەگەل دروستکردنی دەوڵەتگەلێکی نوێ لە ناوچەکەدا، وەک عێراق و تورکیا، کۆمەڵە و گرووپەکان کەوتنە ناساندنی خۆیان بە پێی رەگەز و ئیتنیکیان. بۆ نموونە، لەپێناوی تەنگ پێهەڵچنین و سنووردار کردنی گرووپە ئەتنیکییەکانی تردا، تورکیا ناسنامەی تورکبوونی زاڵ کرد بەسەر ناسنامەی ئیسلامیدا کەوا گشتگیرتر بوو. ئەڵبەتە تەنها لەم کاتەدا کوردەکان دەستیانکرد بە بنیاتنانی ناسنامەیەکی پێچەوانە لە شێوەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا.
تیۆریی مۆدێرنیزم گێڕانەوەیەکی قەناعەتبەخش دێنێتە ئاراوە بۆ هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی کوردی. بەهەرحاڵ، رەخنەکان لەوە دەدوێن کە مۆدێرنیستەکان بەزۆری گریمانەی شێوەیەکی نموونەیی باس دەکەن بۆ گەل و نەتەوە، لەسەر بنەمای ئەزموونی ئەوروپای رۆژئاوا لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا (2010 : 126 Ozkirimli). ئەوان چەندوچوون لەسەر ئەوە دەکەن کە هەستی نەتەوایەتی پێش سەدەی هەژدە هەبووە. بۆ نموونە، باس لەوە دەکرێت کە هاووڵاتیانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئیسپانیا لە سەدەکانی پانزە و شانزەدا هەستی نەتەوایەتییان زۆر بەهێز بووە (2010 : 126).
بێجگە لەوە، مۆدێرنیستەکان شکستیانهێناوە لەو تێگەیشتنەی کە بنیاتنانی نەتەوە و گەلان پێویستی بە هەندێک بنەمای رابوردوو هەیە. ناسیۆنالیستەکان ناتوانن نەتەوە یان گەلێک دروست بکەن بە بێ نەریتێکی مێژوویی کەوا کاری پێبکات. رەخنەی دووەمیش دژ بە مۆدێرنیزم کە ئەمەیان بەهێزترە ئەوەیە کە ناتوانێت توخمی سۆزداریی ناسنامە و ناسیۆنالیزم راڤە بکات (Ozkirimli 2010: 131). هەروەها ناشتوانێت کاریگەریی نەتەوە و میللەتان رەچاو بکات لەسەر ئەندامەکانی. بۆ نموونە، بۆچی باوەشیان بۆ نەتەوە کردووەتەوە و ئامادەن لەپێناوی مەسەلەی نەتەوەییدا بمرن ئەگەر نەتەوە و ناسیۆنالیزم ئەندێشە و خەیاڵ بن؟ ئەڵبەتە مۆدێرنیزم ئەو پەیوەندییە سۆزدارییانە فەرامۆش دەکات کەوا تاکەکەسان بە گەل و نەتەوەوە دەبەستن. بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگە مەودای بیر و باوەڕی خەڵک بە بابەتێتیی گەل و نەتەوە هەڵبسەنگێنین و بۆ سەلماندنی ئەم خاڵە نووسینەکە فۆرمەلەی دیدێکی ئەڵتەرناتیڤ پێشکەش دەکات بۆ نەتەوە و ناسیۆنالیزم، ئەویش سەرەتاییناسیی «نەرمە» و بەشی داهاتووش خستنەڕووی زیاترە کە چۆن سەرەتاییناسیی «نەرم» هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت لە راڤە کردنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا.

تیۆرییەکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ناسیۆنالیزم
ئەم پەرەگرافانەی خوارەوە چەندوچوون لەسەر ئەوە دەکات کەوا کارەکەی ئەنتۆنی سمیس تێگەیشتنیکی سوودبەخش دەستەبەر دەکات بۆ دەرکەوتنی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بەگشتی و مەسەلەی کورد بە شێوەیەکی زۆر تایبەتتر. ئەم بەشە هەوڵدەدات بۆشایی نێوان سەرەتاییناسی و مۆدێرنیزم پڕبکاتەوە لە رێگەی پێشکەش کردنی تێگەیشتنێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی. ئەم دید و روانگە ئەڵتەرناتیڤە تێگەیشتنی سەرەتایی «نەرم» لە ساندرا جۆیرمان (Sandra Joireman 2003) وەردەگرێت. وەک لێرەدا بەکارهاتووە، سەرەتاییناسیی «نەرم» وا لە گەلان و ناسیۆنالیزم گەیشتووە کە خاوەنی توخمە کۆن و نوێکانە و ناسنامەشی بە شێوەیەکی دەڵەمەیی رەچاو دەکات. لە پێش سەدەی نۆزدەهەمدا کۆمەڵە و گرووپگەلێک هەبوون کەوا کولتوور و زمانی هاوبەشیان هەبوو بەڵام تەکنۆلۆجیا و پیشەسازی و مۆدێرنیزمیان پێویست بوو بۆ یەکخستن و روونبوونەوەی ناسنامەی تەمومژاوییان. گرووپگەلێک کەوا فەرهەنگ و زمانێکی تایبەتی و هەست و هۆشی کۆمەڵگەییان هەبووبێت لە پێش چەند سەدەیەکەوە بوونیان هەبووە و بنەما سەرەتاییەکانی گەل و نەتەوەیان رەخساندوو (: 101995Clark ). بەم رێگەیە سەرەتاییناسیی «نەرم» دانی بە سەردەمی گەل و میللەتە کۆنەکاندا ناوە و بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە گرنگیی مۆدێرنە تێدەگات لە رابەریکردنی دەرکەوتنی نەتەوە و ناسیۆنالیزمدا. ئەم تێگەیشتنەش بۆ ناسیۆنالیزم پشت بە کارەکەی ئەنتۆنی سمیس دەبەستێت.
سمیس (1986) رەخنە لە هەردوک سەرەتاییناسی و مۆدێرنیزم دەگرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مۆدێرنیزم رۆڵی کولتوور و زمان و سیمبۆڵ و ئەفسانە کەمدەکاتەوە لە پرۆسەی پێکهاتن و دروستکردنی گەل و نەتەوەدا، لەکاتێکدا کە سەرەتاییناسی راڤەی پەرەسەندنی گەل و نەتەوە ناکات بە تێپەڕینی رۆژگار یان بۆچی خەڵک ناسنامەیەک وەردەگرن و یەکێکیتر دەخەنە لاوە (وەک ئەڵمانی لەجیاتی پرووسی) (54: 2001 Smith). بۆ راستکردنەوەیئەم ناتەواوی و کەموکووڕییانە سەرەتاییناسیی «نەرم» جەخت لەسەر رۆڵی کولتوور و زمان دەکاتەوە کە کار لەسەر یەکخستنی ئەو کۆمەڵە خەڵکانە دەکەن کەوا هاوبەشن لە پراکتیزەکردنیاندا. سمیس دەڵێت کەوا چەند خاسییەتێکی «کۆن» هەن کە تایبەتن بە گەل و نەتەوەکان و دەکرێت لە هونەر و زمان و زانست و یاساکانی کۆمەڵگەدا بیاندۆزینەوە (Smith 2008). بەو پێیە بێت نەتەوە و ناسیۆنالیزم دەکرێت لە یەک کاتدا سەرەتایی و مۆدێرن بن.
وەک پێشتر باسی لێوە کراوە سمیس تێرمی «ئیتنی ethnie» بەکاردێنێت بۆ لێکدانەوەی ئەو رێگە و شێوازەی لە چەرخ و سەردەمە کۆنەکاندا گرووپەکانی پێ رێکدەخرا (Smith 1986: 32). تێرمی «ئیتنی» جەخت لەسەر هەست و هۆشی مێژوویی کۆمەڵگە دەکاتەوە. پێناسەی ئەمەش وا هاتووە کە «کۆمەڵە مرۆڤێکی دیاریکراوە و ئەفسانە و کولتوور و مێژووی رەچەڵەکی هاوبەشیان هەیە و پەیوەستن بە ناوچەیەکی دیاریکراو و هەستکردن بە هاوکۆیی و هاوکاریی یەکتر» (1986: 32). بە پێی ئەم تێگەیشتنە، سمیس مشتومڕی ئەوە دەکات کە رەگەز و ئیتنیکەکان لە سەردەمی جیاجیادا پەیدابوون و دووبارە دەرکەوتوونەتەوە لە کاتی جیا و کیشوەری جیاوازدا و هەندێکیشیان لە کۆتاییدا بوون بە گەل و دەوڵەت بە هۆکاری «شۆڕشی سێینەوە». ئەم شۆڕشی سێینەیە بریتییە لە شۆڕش لە دابەشکردنی کاردا، شۆڕش لە کۆنترۆڵ کردنی بەڕێوەبەرایەتیدا و شۆڕش لە هەماهەنگی و رێکخستنی کولتووریدا (131: 1986). بۆ نموونە، خوێندن و سەربازگیریی زۆرەملێ دوو بنەمای سەرەکی بوون بۆ چاندنی هەستی نەتەوایەتی لە هاووڵاتیبووندا.
سمیس پرسیارگەلێک دەورووژێنیت لەبارەی ئەو هۆکارانەوە کە وای لە «گەل – نەتەوە» کردووە ببێت بە نموونە و ئایدیای سیاسی و کۆمەڵایەتیی رەگەزی مرۆڤ و بۆچی زۆرێک لە ئیتنییەکان، ئەگەرچی هەمووشیان نەبن، هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوە دەدەن. لەم سۆنگەیەوە ئەو باوەڕی وایە کە شۆڕشی سێینە بەرپرسیار بووە لەوەی پێکهێنانی گەل – نەتەوە مایەی پەسەندی بێت )131 Smith 1986:). لە حاڵەتی یەکەمدا، چالاکیی بەرزی دەوڵەت ناوەندە ئابوورییە جۆراوجۆرەکانی ناچار کردووە پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دروست بکەن و ئەمەش بوو بە هۆکاری پێکەوەبەستنی ناوەندەکانی دێهات و شارستان. دووەم، شۆڕشی کارگێڕی و سەربازی دابەشکردنی هەرێمی بەهێز کرد لە ئەوروپادا و بوو بە پشتیوانی رێکخستنی یاسا و رێسا لە نێوان دەوڵەتەکاندا. دواجاریش شۆڕشی کولتووری و خوێندەواری سیستەمی نەریتیی کەنیسەی گۆڕییەوە بە دەوڵەتی خاوەن سەربەخۆیی. بەم شێوەیە، شۆڕشی سێینە بوو بە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتگەلێکی ناوەندی و هەموار لەڕووی کولتوورییەوە و بە داهاتنی سەدەی بیستەم ئەوروپای دابەشکردە سەر «تۆڕێک لە دەوڵەتی» بیرۆکراتی و «ئەقڵانی» )134 Smith 1986:). لەگەڵ ئەوەشدا، پەرەسەندنی دروستبوونی دەوڵەت – نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بەکەمی دەشوبهێتە پەرەسەندنی رۆژئاوایی. دواجار شۆڕشی سێینە بە ماوەیەکی دوورودرێژ گەیشت و بە شێوەیەکی نایەکسان تەشەنەی کرد و بڵاوبووەوە و بەهۆی کۆمەڵگە ئیتنیکییە جۆراوجۆرەکانەوە، ئەم کۆمەڵانە بە پێی بنەما و پێوەرە ئیتنیکییەکان زیاتر خۆیان دەناساند. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەست و هۆشە ئیتنیکییەکان بەردەوام بوون بەڵام، بێجگە لە ئێرانییەکان، ئەم کۆمەڵ و گرووپانە نەیانتوانی دەربڕین و گوزارشێکی هەرێمی یان سیاسی بدۆزنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەربارەی ئایندەی عیراق و سوریا لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا

رۆژی دووشەممە ٢٠/٥/٢٠١٩ لەدرێژەی کاروچالاکییە سیاسی و ڕووناکبیرییەکانیدا بەشی ڕوناکبیری ...