سەرەکی » راپۆرت » (وەقایعی كوردستان) یادی نۆزدە ساڵەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی كردەوە

(وەقایعی كوردستان) یادی نۆزدە ساڵەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی كردەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

لەچەند رۆژی رابردوودا رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان) یادی نۆزدەساڵەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی كردەوە، كە بەگوێرەی یاسای ژمارە چواری ساڵی 1999ی پەرلەمانی كوردستان دەردەچێت، هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەشی لە پەرلەمانی كوردستان دەردەچن، ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەگەر لەو رۆژنامەیە بڵاونەكرێتەوە. جگە لە یاساو بڕیارەكانی پەرلەمانیش, بڕیار و رێنمایی و بەیانی دامودەزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیشی تێدا بڵاودەكرێتەوە.
مافپەروەر سەمیر عومەر بەڕێوەبەری رۆژنامەی رەسمی كوردستان (وەقایعی كوردستان) لەبارەی خستەڕووی زانیاری زیاتر لەسەر رۆژنامەكە، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: رۆژنامەی وەقایعی كوردستان سەر بە وەزارەتی دادە، بەگوێرەی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 1999ی پەرلەمانی كوردستان دەرچووە و یەكەم ژمارەی لە 4/5/2000 بڵاوكراوەتەوە، تا ئێستا 235 ژمارەی لێدەرچووە. وتیشی: ئەو بابەتانەی لەوەقایعی كوردستان بڵاودەكرێنەوە، بە گوێرەی ماددەی دووی یاساكە ئەو بڕیارو یاسایانەی لە پەرلەمانی كوردستان دەردەچن لەگەڵ بڕیارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، دەگرێتەوە، هەروەها بەیاننامە و رێنمایی و پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتەكانیش بڵاودەكاتەوە. هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەشی لە پەرلەمانی كوردستان دەردەچن ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەگەر لەو رۆژنامەیە بڵاونەكرێنەوە.
لەبارەی هۆكاری دەرنەچونی وەقایعی كوردستان لەگەڵ یەكەم خولی پەرلەمان لەساڵی 1992 وتی: لەبەر ئەوەی تاساڵی 1999 هیچ یاسایەك نەبوو بۆ دەركردنی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان, بەڵكو لەوكاتە (رۆژنامەی پەرلەمان) هەبوو، هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی لەو ماوەیە واتا لە ساڵی 1992 -1999 لەپەرلەمان دەردەچوون، لەو رۆژنامەیە بڵاودەكرانەوە، لەو ماوەیەش (رۆژنامەی پەرلەمان) پەنجاو هەشت ژمارەی لێ دەرچووە.
لەبارەی ماوەی دەرچونی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان و ژمارەی لاپەڕەكانی، بەڕێوەبەری رۆژنامەكە وتی: كاتی دەرچون و ژمارەی لاپەڕەكانی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان دیار نییە، بەڵكو بەگوێرەی پێویست و ژمارەی بابەتەكان دەبێت، بەنموونە هەندێكجار لەمانگێك دوو یان سێ ژمارە دەردەچێت و هەندێك مانگیش هیچ دەرناچێت. روونیشیكردەوە: كۆی گشتی ئەو یاسایانەی لەماوەی بیست و شەش ساڵی پەرلەمانی كوردستان دەرچووە واتا لە (1992-2018) دەگاتە (368) یاسا، لەو ژمارەیە (86) یاسا (1992-1999) لە رۆژنامەی پەرلەمان و (282) یاسای دیكە (1999-2018) لەرۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە.
سەبارەت بەكاتی بڵاوكردنەوەی ئەو یاسا و بڕیارانەشی لەپەرلەمان دەردەچن، وتی: هەركاتێك ئەو یاسا و بڕیارانەی لەپەرلەمان دەردەچن دوای ئیمزاكردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، لەماوەی 24 تا 48 سەعات، لە وەقایعی كوردستان بڵاودەبێتەوە.
لەبارەی شێوازی دابەشكردنی وەقایعی كوردستان، وتی: جگە لەوەی لەسایتی وەزارەتی داد بڵاودەكرێتەوە و هەموو كەس دەتوانێ بیبینێ، هاوكات 1300 دانەی بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لێ چاپدەكرێت، دامودەزگاكانی هەرێم و خانەی رۆژنامەفرۆشەكان دەتوانن سەردانمان بكەن تاكو بیكڕن كە دانەی بە 1500 دینارە.
ئاماژەی بەوەشكرد ئەوەی تێبینی دەكرێت ئێستا بەشێكی زۆر لە فەرمانگەكان كەمتر رۆژنامەی وەقایعی كوردستان دەكڕن، ئەمەش جێگای سەرنجی ئێمەیە، چونكە پێویستە هەموو دامودەزگا رەسمیەكان ئاگاداری ئەو یاسا و بڕیارانە بن كە لە پەرلەمان و دامەزراوەكانی هەرێم دەردەچن.
بەرێوەبەری رۆژنامەی وەقایعی كوردستان، لەبارەی ئەو یاسایانەشی لەماوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەرچوون، وتی: بەگوێرەی ئامارەكانی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان، لە 27 ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستاندا، 368 یاسا لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، زۆرترین یاسا لە ساڵی 2007 دەرچوە كە 39 یاسایە، كەمترین یاساش لە ساڵی 1995 بووە كە تەنیا یەك یاسا دەرچووەو لەساڵی 2016ش هیچ یاسایەك لەپەرلەمان دەرنەچووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كه‌شتی ئالان كوردی ئه‌ركه‌كانی ده‌ستپێكرده‌وه‌

شیهاب عوسمان، ئه‌ڵمانیا جارێكیتر كه‌شتی فریاكه‌وتنی »ئالان كوردی» له‌كه‌ناراوەکانی لیبیا ...