سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » دوای ئه‌وه‌ چی بكرێت؟

دوای ئه‌وه‌ چی بكرێت؟

رێكه‌وتنه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ كۆتاییان هات‌و دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیش كاراكرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كی گرنگی ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئیدی دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكی كابینه‌ی نوێش هه‌نگاوه‌كانی ده‌ست پێده‌كات، ئه‌م قۆناغه‌ له‌ هه‌ر گۆشه‌یه‌کەوه‌ سه‌یری بكه‌ی، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ ده‌بینرێت، چونكه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دوای حه‌وت مانگ ئیدی پێویست بوو رێكه‌وتنی لایه‌نه‌كان ببینن‌و ئه‌وه‌ی له‌م حه‌وت مانگه‌شدا جیاوازبوو پێداگریی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ ده‌ستپێكێك، كه‌ ته‌نها له‌ توانای یه‌كێتیدا بوو، كه‌ كردییه‌ نه‌ریتی سیاسی‌و بۆ داهاتووش به‌شوێن ئه‌م هه‌نگاوانه‌دا قۆناغی تری سیاسی ده‌ست پێبكات كه‌ یه‌كێتی به‌ یه‌كده‌نگی‌و به ‌هێمنی، له ‌چوارچێوه‌ی خه‌می قوڵی بۆ داهاتووی پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌م ئه‌ركه‌شی جێبه‌جێكرد. بێگومان بۆ دوای ئه‌م قۆناغه‌ش ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌ پێویستی به‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌و سیحری گرنگی قۆناغه‌كه‌ش بێ شك هه‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وامی پێ بدرێت. یه‌كێتی ئه‌وه‌ی داوای كردووه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك‌و له‌ پێناوی خه‌ڵكدا بووه‌، روونه‌ یه‌كێتی له‌ ده‌ستپێكیشه‌وه‌ هه‌رگیز داوای سه‌رده‌می په‌نجا به‌ په‌نجای نه‌ده‌كرد، به‌ڵام پێداگریی یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك كه‌ پشك‌و به‌ركه‌وته‌ی ده‌ره‌نجامی گفتوگۆكانییه‌تی، جیاواز له‌ رابردوو رۆڵی تیادا بگێڕێت‌و سه‌رەنجامیش هه‌ر ئه‌م خواسته‌ی یه‌كێتی توانی پانتایی رێكه‌وتنه‌كان بگرێت. ئێستا یه‌كێتی به‌ركه‌وته‌كانی هه‌رچه‌ندێك بن، به‌ڵام به‌شدارێكی كاراو كاریگه‌ری بڕیاری داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، كه ‌به‌ داخه‌وه‌ هه‌رێم له‌ رابردوودا باجی زۆری ناهه‌وسه‌نگیی سیاسی داو له‌ دواجاریشدا به‌ زیانێكی زۆره‌وه‌ لێی ده‌رچوو، كه‌ ئه‌وكاتیش ئەگەر ستراتیژی یه‌كێتی بكرابایە به‌ بنه‌ما، بێگومان هه‌رێم دووچاری ئه‌و هه‌موو ته‌نگژه ‌سیاسییه‌ی نه‌ده‌بوو، كه‌ سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌و تاكه‌ كه‌سی هه‌مووانی له‌ قه‌یرانێكه‌وه‌ لكاند، ره‌نگه‌ كاتی زیاتر گه‌رەك بێت بۆ ساڕێژبوونی برینه‌كانی.
ئێستا دوای بینینی هه‌موو ئه‌و رووداوو پێشهاتانه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ دروستكردنی كه‌شێكی تری سیاسییه‌، دوور له‌ موزایه‌ده‌و هه‌ڵچوون‌و داچوونی سیاسی، تا‌كو بتوانرێت به‌ سوودوه‌رگرتن له‌م دۆخه‌ نوێیه‌و له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان، هه‌مووان به‌رنامه‌كانیان یه‌كبخه‌ن، بۆئەوەی زۆرترین خزمه‌تی ئه‌زموونی حوكمڕانی كورد بكرێت، كه‌ بێگومان هه‌نگاوی گرنكیش بۆ دروستكردنی ئه‌م ژینگه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌، به‌ به‌رده‌گای یه‌كێتی‌و گۆڕاندا تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌م دوو هێزه‌ سیاسییه‌ كه‌ ئه‌زموونی كاری پێكه‌وه‌ییان هه‌یه‌و رێكه‌وتنێكیش له‌نێوانیاندایه‌، پێویسته‌ له ‌ژینگه‌یه‌كی سیاسی نوێدا هه‌نگاوه‌كانیان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی لێكتێگه‌یشتنی نوێ، كه‌ بێگومان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش یه‌كێتی ئاماده‌یی هه‌یه‌و له‌ رابردووش ئه‌و نیەته‌ی پیشانداوه‌.
ره‌نگه‌ كه‌سانێك لایان سه‌یربێت كه‌ كاری پێكه‌وه‌یی یه‌كێتی‌و گۆڕان بۆچی گرنگه‌؟ له‌ كاتێكدا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له ‌ئێستادا به ‌درێژایی مێژووی دروستبوونی له‌ لاوازترین قۆناغه‌كانیدایه‌و ناڕه‌زایه‌تیش له‌ناو خودی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ به‌هۆی شێوازی مامه‌ڵه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا كات بۆ ئه‌وه‌ ماوه‌ لێكتێگه‌یشتنێكی نوێ له‌ نێوان ئه‌م دوو هێزه‌دا هه‌بێت، تا‌كو لانیكه‌م بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ی له‌ به‌رده‌مماندایه‌ بتوانن هه‌ندێ كاری گرنگ بکەن، تا‌كو داهاتووی هه‌رێم به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ دووری نێوان یه‌كێتی‌و گۆڕان نه‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتی لایه‌نێكی تری دیاریكراو، كه‌ بێگومان دووری نێوان ئه‌م دوولایه‌نه‌ (یه‌كێتی‌و گۆڕان) چه‌ند زۆر بێت زیاتر رووداوه‌كانی داهاتوو ده‌چنه‌ خزمه‌تی پارتی، كه‌ ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ بۆ داهاتووی هه‌رێم هه‌روا كارێكی ئاسان نه‌بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، به‌ درێژایی زیاتر له‌ حه‌وت مانگی رابردوو، هه‌میشه‌ پارتی سوودی له‌م دۆخه‌ وه‌رگرتووه‌و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یەشدا بوو پارتی به‌جیا رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌و گۆڕان ئیمزاكردو رێكه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشی وه‌ك كارتێك به‌رامبه‌ر به‌ داخوازییه‌كانی یه‌كێتی به‌كارهێنا. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو هێزه‌ هاوته‌ریب گفتوگۆیان كردبا(كه‌ یه‌كێتی ئاماده‌ بوو به‌ڵام به‌شێك له‌ گۆڕان له‌ دژی بوون) ئێستا ئاراسته‌ی گفتوگۆو رێكه‌وتنه‌كان به‌ شێوازێكی تر ده‌بوون. له‌ هه‌مانكاتیشدا لانیكه‌می ده‌توانرا باڵانسی ژماره‌ی زۆری كورسییه‌كانی پارتیش له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان راستبكرێته‌وه‌، ئێستاش دوای بینینی هه‌موو ئه‌م دیمه‌نانه‌، هه‌نگاوی دروستی دوای قبوڵكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ ته‌نها لێكتێگه‌یشتن‌و كاری پێكه‌وه‌ییه‌ كه‌ ده‌توانرێت بۆ داهاتوو له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتنی نوێ، كارێكی له‌م شێوازه‌ بكرێت‌و سازاندنی ژینگه‌ی سیاسی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گه‌ره‌نتی سه‌ركه‌وتنی هه‌نگاوه‌كانه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ده‌بێت چی بۆ كه‌ركوك بكرێت؟

هه‌ڵبژاردنی ئایاری ساڵی رابردوو وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی زۆر پرسیار بوو، له‌ هه‌ڵبژاردنی ...