سەرەکی » دۆسێ » نەتانیاهۆ: شەڕی غەززە كۆتایی نەهاتووە

دوای ئاگربەستە

نەتانیاهۆ: شەڕی غەززە كۆتایی نەهاتووە

واپێدەچێت لە غەززە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان دەستیپێكردبێت، دوای دوو رۆژ لە پێكداهەڵپژانی توندترین پێكداهەڵپژان لە دوای چەند ساڵێك لە هێوربوونەوە.
راگەیاندنێكی رەسمی دەرنەچووە، بەڵام هێرشە موشەكییەكانی فەلەستینییەكان، و هێرشی فڕۆكەكانی ئیسرائیل، لە سەرلەبەیانی 6ی ئایارەوە راوەستان.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو كۆتوپێوەندانەی هەڵوەشاندۆتەوە كە لەپێناو پاراستنی دانیشتوانی لە باشووری ئیسرائیل سەپاندبوونی.
سەرچاوە فەلەستینییەكان دەڵێن، ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلییەكان بە یارمەتی میسر و نەتەوە یەكگرتووەكان بەئەنجام گەیشتووە.

هەڵوێستی نەتانیاهۆ
بنیامین نەتایاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئەو هەڵمەتەی كراوەتە سەر غەززە كۆتایی نەهاتووە. عۆفێر گندڵمان وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاندبوو:»شەڕەكە تائێستاش تەواو نەبووە، پێویستی بە دانبەخۆداگرتن و داناییە».
بە گوتەی گندڵمان، ئامانجەكە لە سەرەتاوە و تائێستاش فەراهەمكردنی ئارامی و ئاسایشە بۆ دانیشتوانی باشوور.
هەروەها دەڵێت:»بە گوڕێكی بەهێز گورزمان لە حەماس و جیهادی ئیسلامی وەشاند لەماوەی چەند رۆژی رابردوو. زیاتر لە 350 ئامانجمان داوە و سەركردەكانی تیرۆریستان و چەكدارەكانمان كردە ئامانج و تاواوەرەكانی تیرۆرمان خاپوركرد».

قوربانییەكان
لە پێكداهەڵپژانەكاندا، لانی كەم 27 فەلەستینی كوژران و زیاتر لە 180 كەسی تر برینداربوون. گروپی جیهادی ئیسلامی دەڵێت، 7 ئەندامی لە پێكداهەڵپژانەكاندا كوژراون.
لەنێوان كوژراوەكاندا ژمارەیەك مەدەنی هەن كە لەنێوانیاندا مێرمنداڵێكی تەمەن 12 ساڵان و دوو ژنی دووگیان بوون.
هەروەها چوار ئیسرائیلی كوژران كە یەكێكیان پیاوێكی تەمەن 58 ساڵان بوو لە دوای برینداربوونی لە هێرشێكی موشەكی كە ماڵەكەی كردبووە ئامانج لە عەسقەلان گیانی لەدەستدا، لەگەڵ كرێكارێك لە عەسقەلان كاتێك موشەكێك یەكێك لە كارگەكانی كردبوو ئامانج.
هەروەها پیاوێكی تری تەمەن 67 ساڵان كوژرا، دوای ئەوەی موشەكێكی دژە تانك بەر ئۆتۆمبێلەكەی كەوتبوو. كەسی چوارەمیش لاوێكی تەمەن بیست ساڵان بوو لە شاری ئەشدودی باشووری ئیسرائیل.
ئیسرائیل ئاماژەی بە كوژرانی یەكێك لە سەركردەكانی حەماس كردبوو بە ناوی حامید حەمدان خزری، دیمەنی ڤیدیۆیی ساتی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەكەشی بڵاوكرایەوە.
ئەو پێگانەی كە ئیسرائیل دەڵێت خاپوری كردوون، بریتین لە تەلارە بەرزەكان لە شاری غەززە كە دەگوترێت نوسینگەی هەواڵگری سەر بە حەماسیان تێدابووە.
توركیا دەڵێت، ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵی حكومەتی توركیا، نوسینگەیەكی لەو تەلارانەدابووە. مەولود چاویش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیاش رایگەیاندبوو، هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل لە دژی مەدەنییەكان، «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین».
تیمە پزیشكییەكان لە سەرلەبەیانی 6ی ئایاری 2019، تەرمی ژن و پیاوێكیان لەژێر داروپەرردووی ئاپارتمانە كاولبووەكەیاندا دەرهێنا.
ئەو ئاپارتمانەی تێدا نیشتەجێبوون، لە ئێوارەی 5ی ئایاردا رووبەڕووی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆوە.
فڕۆكە جەنگییەانی ئیسرائیل، بەشێوەیەكی راستەوخۆ ناوچەی تاوەرەكانی شێخ زایدیان لە شارۆچكەی بەیت لاهیای باكووری كەرتی غەززە كردبووە ئامانج و بەو هۆیەوە دەستبەجێ‌ 5 كەس كوژران و نزیكەی 10 كەسی تر برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە 4ی ئایارەوە بە 600 موشەك ناوچە جیاجیاكانی خاكی ئیسرائیل كرانە ئامانج، سوپای ئیسرائیلیش 320 ئامانجی لە غەززە بۆدومان كرد.
ئیسرائیل دەڵێت، بەرگرییە ئاسمانییەكانی بەری بە زیاتر لە 150 موشەك گرتووە.
بەهۆی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان لە ناوچەكانی ئیسرائیل، هەموو ئەو خوێندنگانە داخران كە 40 كیلۆمەتر لە كەرتی غەززەوە دوورن، وێڕای كرانەوەی هەندێك لە پەناگە مەدەنییەكان.
لایەنەكان داوایان لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كردبوو، لەوانەش نەتەوە یەكگرتووەكان، كار بۆ هێوربوونەوە بكرێت.
بەپێی راپۆرتەكان، نەتەوە یەكگرتووەكان و قەتەر و میسر، هەوڵی نێوەندگیرییان دابوو لەپێناو ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان.

رەوشی مرۆیی لە غەززە
لەلایەكی ترەوە، ڕۆژنامەی (ئیند پێندنت)ی بەریتانیا بڵاوی كردبۆوە، بەهۆی گەمارۆوە، نزیكەی ملیۆنێك هاووڵاتی لە كەرتی غەزە لە فەلەستین برسین.
ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكدا كە لە كەرتی غەزە پەیامنێرەكانی ئامادەيان كردووە، و لە 10ی ئایاری 2019 بڵاوكرایەوە، نوسیویەتی» رەوشێكی ئابوری قورس لەو ناوچەیە هەیە و داوای هاوكاری فریاگوزاری بە پەلە لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكرێت».
بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە»گەر نەتەوەیەكگرتووەكان ڕێوشوێنی پێویست نەگرێتەبەر، كەرتی غەزە ڕووبەڕووی كارەساتی مرۆیی گەورە دەبێتەوە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە

سەرچاوەیەكی كەرتی نەوت رایگەیاندووە، بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە رێژەی هەناردەی ...