سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » پەیامەكەی ترەمپ بۆ ئێران

پەیامەكەی ترەمپ بۆ ئێران

بەو پێیەی كۆشكی سپی ژمارە تەلەفۆنی سەرۆكی ئەمریكای رادەستی سویسرییەكان كردووە تا ئەوانیش لای خۆیانەوە رادەستی ئێرانییەكانی بكەن، بۆ كردنەوەی دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ، پێدەچێت ئەمریكا هێشتا دەرگای بەڕووی دانوستانێكی نوێدا دانەخستبێت.
ئەمریكاییەكان، لەگەڵ پاشەكشەكردنیان لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، واخۆیان پیشان دەدەن خواستیان لە بەستنی رێكەوتنێكی نوێ‌ بێت لەگەڵ ئێران كە جگە لەسنورداركردن و كەمكردنەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكان، چالاكییەكانی تریش لەخۆبگرێت.
ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ ئەوەی بەپێویستی دەزانێت تاران پابەندی رێكەوتنە ئەتۆمییەكە ببێت لەگەڵ زلهێزەكان، دەیەوێت پیشەسازی پەرەپێدانی موشەكە بالیستییەكان و هەژموونیشی لە ناوچەكەدا لغاو بكات و رێگە بە وڵاتەكە نەدات بە ئارەزووی خۆی لە عیراق و سوریا و لوبنان و یەمەندا تەراتێن بكات.
واشنتن دەزانێت، گرتنەبەری رێگەچارەی سەربازی لە دژی تاران، هەروا ئاسان نییە و پێناچێت بە هەمان شێوەی جەنگی عیراق خواستە چاوەڕوانكراوەكانی بهێنرێنەدی، بۆیە بەهەر شێوەیەك بێت، لەلایەك گوشارەكان لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێرانی زیاتر دەكات و لەلایەكی ترەوە قوژبنێك بۆ دانوستان و دیالۆگ دەهێڵێتەوە.
سیاسەتی ئێستای ئەمریكایی وادەردەكەوێت، تەواوی كارتەكان لە دژی ئێران بەكابهێنێت بە گرتنەبەری رێگەچارەی سەربازییشەوە، لەلایەكی ترەوە جڵەو بۆ نێوەندگیرەكان شل دەكات، تا دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا دەستپێبكات.
دانانی ژمارە تەلەفۆنی ترەمپ لەلایەن كۆشكی سپی لە سویسرا، پەیامێكی ترە بۆ ئێرانییەكان كە دەتوانن لەبری خۆئامادەكردن بۆ رووبەڕبوونەوە، یان سڵەمینەوە لە جموجۆڵەكانی ئەمریكا، هەنگاو بەرەو گفتوگۆ هەڵبنێن و سازش لەسەر هەندێك داواكاریی كۆنكریتی بكەن.
هەرچەندە ئەمریكاییەكان سورن لەسەر ئەوەی كە دەبێت تەواوی كارتەكان لە دژی ئێران بەكاربهێنن، بەڵام فاكتەری كات و درێژكردنەوەی ماوەی بەكارهێنانی ئەو كارتانە، رەنگە چەندان ساڵ بخایەنن، تا بە تەواوەتی تاران ناچار ببێت مل بۆ خواست و داواكارییەكانیان كەچ بكات، ئەمەش لەئێستادا لە بەری ئێرانەوە بەدی ناكرێت.
ئیدارەكەی ترەمپ، وەك بەكارهێنانی سیاسەتێكی مەرحەلی و بۆ بەفیڕۆدانی كاتی زیاتر، لەلایەك لینكۆڵن بۆ كەنداو رەوانە دەكات و لەلایەكی ترەوە، دەرگای دانوستانێكی جیاواز، بەڕووی ئێرانییەكاندا ئاواڵا دەكات، ئەمەش خۆی لەخۆیدا خستنەڕووی پەیامی سیاسەتە كۆنەكەی (كوتەك و گێزەر) دەگەیەنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆڵی نێوەندگیری عیراق

عیراق لە حاڵەتی بەرپابوونی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران، بەدەر ...