سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » شاعیری‌ بێ‌ ناز، پایز ده‌رباز

شاعیری‌ بێ‌ ناز، پایز ده‌رباز

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم

ژیان كاتێك چاكتره‌ له‌ مردن، ناو وناوبانگت هه‌بێ‌ له‌ چاكه‌كردن، له‌هه‌ر شوێنێك خه‌ڵك ترسا له‌ده‌سه‌ڵات، واته‌ زوڵم وسته‌م فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات، له‌هه‌ركاتێك ده‌سه‌ڵات له‌خه‌ڵك ترسا، واته‌ ئازادی‌ حوكم ده‌كات ئه‌مه‌ وته‌ی‌ زانای‌ مه‌زن(ترماس)ه‌. ئه‌و مرۆڤه‌ی‌ ده‌روونی‌ ئارامه‌، بیر وكرده‌وه‌ی‌ جوان و وته‌ی‌ به‌تامه‌، ڕوخساری‌ مرۆڤ كتێبێكه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌، گوڵی‌ زیندوو هه‌رگیز بێ‌ ئاو ناگه‌شێته‌وه‌، گوڵه‌كان، بۆ گه‌نجه‌كان گه‌شاونه‌ته‌وه‌، دڕكه‌كان، بۆ پیره‌كان به‌تیژی‌ ماونه‌ته‌وه‌، پیری‌ دۆزه‌خی‌ ژیانه‌، بێ‌ بڕستی‌ ونه‌خۆشی‌ وژانه‌، جه‌سته‌ی‌ نه‌خۆش نه‌خۆشخانه‌یه‌ بۆ گیان، ته‌ندروستی‌ ساغ گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌یه‌ له‌ ژیان، ژیان فه‌رشێكی‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگ وبه‌نه‌خش ونیگاره‌، تێگه‌یشتنی‌ ئه‌سته‌مه‌ ئاوێته‌ی‌ خه‌م وخۆشی‌ ودژواری‌ ڕۆژگاره‌:

دنیا پڕ ئێش وده‌رد وئازاره‌
پڕ له‌ ده‌ردوخه‌م ئۆف وهاواره‌

ژیان خه‌یاڵه‌، چه‌شنی‌ منداڵه‌، هه‌رده‌م سه‌رقاڵه‌، نه‌مردن مه‌حاڵه‌، هیچ ڕێگایه‌ك دوور نییه‌، مرۆڤ گه‌ر له‌سه‌ره‌خۆ بڕوات، كۆڵ‌ نه‌دات، هه‌ر به‌ وێستگه‌ی‌ ئاوات ده‌گات، ژیان زنجیرێكه‌ ئه‌ڵقه‌كه‌ی‌ مه‌رگه‌، هه‌راز ونشێو وشكست وسه‌ركه‌وتنی‌ ئاشتی‌ وجه‌نگه‌، بۆیه‌ شاعیری‌ بێ‌ ناز، بایز ده‌رباز، به‌مه‌به‌ست ونیاز، به‌هه‌ستو شێواز،وێنای ژیان به‌ شیعرێك هه‌ستی‌ خۆی‌ ده‌نوێنێ‌:

ڕۆژگاری‌ ناهه‌ق پیاو داده‌هێنێ‌
نه‌مامی‌ گه‌نجی‌ داده‌چه‌مێنێ‌
هه‌وراز ونشێو به‌چاو ده‌بینێ‌
لێدان وئازار له‌گیان ده‌مێنێ‌

كۆیه‌ شارێكه‌ هه‌ر كۆڵانه‌یه‌كی‌ ده‌یگری‌ به‌هره‌یه‌كی‌ تێدایه‌، له‌ زانست وسیاسه‌ت وبه‌هره‌ وهونه‌ر له‌بن نایه‌، له‌و كه‌ش وهه‌وا سازه‌، له‌و هه‌وار وهێلانه‌ وازه‌، شاعیری‌ هه‌یه‌ به‌ ئه‌ندازه‌، شاعیرێك به‌سۆز وڕاز، به‌نازناو ده‌رباز، بایز تۆفیقه‌ سووری‌ سابیراغای‌ سادقاغا، به‌ره‌چه‌ڵه‌ك ئاغای‌ غه‌فوورییه‌ له‌وه‌چاغا، له‌شاری‌ كۆیه‌ ساڵی‌ 1946، له‌گه‌ڕه‌كی‌ قه‌ڵات ده‌كه‌وێته‌ ناو بێشكه‌ وباوه‌ش، تا سێ‌ی‌ ناوه‌ندی‌ خوێندووه‌، خوێندنی‌ ته‌واو نه‌كردووه‌، ساڵی‌ 1970 په‌نای‌ بۆ شیعر بردووه‌، به‌نیازی‌ شیعر له‌ ده‌ریای‌ وشكی‌ خه‌یاڵ‌ ده‌كه‌وێته‌ مه‌له‌، فرمێسكی‌ شاعیر هه‌توانی‌ برینه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌، شیعری‌ ڕازاوه‌ وڕووكه‌ش، وه‌ك سێوێكی‌ لاسووره‌ وگه‌ش، كه‌بێ‌ ناوه‌ڕۆك بێ‌، ده‌بێ‌ پووچ وكرمۆك بێ‌! له‌و ڕۆژگاره‌، سه‌ختوناله‌باره‌،بایز ده‌رباز، بۆ(5)ساڵان كراوه‌ته‌ سه‌رباز، ساڵی‌ (1973)، تروسكایه‌كی‌ بۆ داده‌گیرسێ‌، ده‌بێته‌ ڕابه‌ری‌ دارستان، له‌ریزی‌ كاربه‌ده‌ستان، به‌ هه‌موو توانا وهێزی‌، ژینگه‌ وسروشت ده‌پارێزی‌، بۆ جوانی‌ سروشت ودارستان شیعر ده‌نه‌خشێنێ‌:
نێر ومێ‌ ده‌بێ‌ نه‌مام بڕوێنێ‌
كاری‌ سه‌رشانی‌ به‌جێ‌ بهێنێ‌
ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ بێ‌ ده‌بێ‌ بیچێنێ‌
بۆ خۆشی‌ وگه‌ل و وڵات بمێنێ‌
بچێنه‌ مه‌بڕه‌ داری‌ دارستان
پارێزگاری‌ كه‌ به‌دڵ‌ وبه‌گیان
هه‌تاكو وزه‌ت به‌دڵ‌ وبه‌گیان
نه‌مام بڕوێنه‌ له‌ بۆ نیشتمان
ده‌یزانی‌ جوانی‌ ڕاسته‌قینه‌ سروشته‌، جوانی‌ به‌رزترین وته‌واوترین شته‌، سروشت له‌ شیعر به‌رزتره‌، دڵگیر وبه‌سۆزتره‌، ده‌رباز پێی‌ وایه‌:

دارستان بینای‌ خۆشی‌ دونیایه‌
به‌رهه‌می‌ بیر وهۆشی‌ وبڕوایه‌
سه‌یری‌ ئاو باغ وگوڵ‌ وگوڵزاركه‌
نیشانه‌ی‌ ده‌ستی‌ په‌روه‌ردگاركه‌
بایز ده‌رباز، به‌ ئاوات وڕاز، عه‌وداڵی‌ شیعری‌ (سامی‌ عه‌وداڵ‌)بووه‌، خوێندنه‌وه‌ وهۆنینه‌وه‌ی‌ شیعری‌ له‌خه‌یاڵ‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ‌ (سه‌عید دڵكۆ) هاوڕێ‌ ویه‌ك ماڵ‌ بووه‌، هاوڕێ‌ی‌ وه‌فادار، چاكتره‌ له‌كه‌س وكار، ئه‌وكه‌سه‌ی‌ دۆستی‌ گیانی‌ گیانیته‌، دۆستی‌ نه‌بوونی‌ ولێ‌ قه‌وماویته‌، به‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌كرێ‌ بڕوا ومتمانه‌، پابه‌ندی‌ وه‌فاو عه‌هدو په‌یمانه‌، سه‌د چاكه‌ بكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ناپیاوا، كه‌ بێ‌ دڵیت كرد ده‌یدا به‌ئاوا، له‌ ده‌روازه‌ی‌ شیعره‌كانی‌ بایز ده‌رباز، كه‌ ده‌ستنووسه‌كه‌ی‌ ده‌بێته‌ بانیژه‌ وبه‌رده‌باز، هاوڕێیه‌تی‌ نێوان ده‌رباز ودڵكۆ، له‌گه‌ڵ‌ یه‌ك خۆشه‌ویست وڕاستگۆ، هه‌روه‌ك براده‌رایه‌تیان پیرۆز وپڕسۆزه‌:

جه‌ژنی‌ ئازادی‌ دڵكۆ نه‌ورۆزه‌
شادی‌ سه‌رفیراز له‌م گه‌ل وهۆزه‌
ده‌ست ده‌خه‌ینه‌ ده‌ست له‌م نزیكانه‌
شاخ وبه‌رد وچیا له‌م كورستانه‌
دڵ‌ نیابه‌ (دڵكۆ)ده‌كه‌ین جه‌ژنانه‌
له‌شاری‌ حاجی‌ له‌م كوردستانه‌
به‌شادی‌ كورد ونه‌وه‌ی‌ نیشتمان
هه‌ر ده‌رباز ده‌بین (دڵكۆ)بزانه‌
بۆ پاكی‌ و دڵسۆزی‌ هاورێیه‌تی‌ نێوان ده‌رباز ودڵكۆ، قه‌ڵه‌می‌ (قه‌ڵه‌می‌ من) سامی‌ عه‌وداڵ‌ بۆیان هاتۆته‌ گۆ:

نامه‌ی‌ پیرۆزی‌ ده‌رباز ودڵكۆ
دڵمی‌ دابین كرد هاته‌وه‌ سه‌رخۆ
كاتێ‌ پێم گه‌یشت له‌ژان وئازار
ده‌هه‌ژا ده‌ستم هه‌ردووك له‌ئه‌ژنۆ
كه‌نامه‌م وه‌رگرت له‌م دوو شاعیره‌
تازه‌ جه‌وانی‌ لاوی‌ شاری‌ كۆ
بیرم حه‌ساوه‌ دڵ‌ چوو بۆ باغی‌
به‌خه‌نده‌ وقاقای‌ پێ‌ كه‌نین ده‌یگۆ
له‌گه‌ڵ‌ ده‌رباز ودڵكۆی‌ خۆشه‌ویست
بڕۆین بۆ باغی‌ شه‌وانی‌ شه‌وبۆ
سامی‌ له‌مێژووی‌ ویقار وئه‌سعار
هه‌رچه‌ند نه‌داربێ‌ بێ‌ نان وبێ‌دۆ

به‌رزترین خۆش به‌ختی‌ خه‌یاڵی‌ فراوان ودڵێكی‌ پاكه‌، ویژدانی‌ ئاسووده‌ وكرداری‌ چاكه‌، بایز ده‌رباز، به‌كار وساز، به‌نیاز ده‌بێ‌:

مرۆڤ كاربكا هه‌ر ده‌رباز ده‌بێ‌
دایم سه‌ربه‌رز وسه‌رفراز ده‌بێ‌
بایز ده‌رباز، شاعیری‌ سینه‌واز، خاوه‌نی‌ (120) پارچه‌ شیعر و (5) ڕۆڵه‌یه‌ به‌ناوی‌ (ڕێباز – ئاراز- ئارام – ڕه‌نج – شێواز) له‌ شیعرێكی‌ به‌ناونیشانی‌ (سه‌رباز) كه‌ ده‌ربڕی ناخی‌ ویژدانه‌:

خاك وخۆڵی‌ ئه‌م نیشتمانه‌
به‌زاخاوی‌ بیر تا خوێن له‌گیانه‌
دایه‌ گیان ئه‌وا هه‌ستی‌ دڵی‌ خۆم
واساڕێژم كرد دڵی‌ كوڵی‌ خۆم
ئیتر خوات له‌گه‌ڵ‌ به‌خوات ده‌سپێرم
وشه‌ی‌ (ده‌رباز)ه‌ له‌ هه‌ست وبیرم

به‌ر له‌ مه‌رگی‌ به‌كپ داگه‌ڕانی‌ مێشك، نیوه‌ی‌ جه‌سته‌ی‌ شه‌پڕێو وشك، به‌و حاڵه‌ش بێ‌ ساڕێژ، پشوو درێژ، ئازار چێژ، ده‌هاته‌ بۆنه‌كان وبنكه‌ی‌ گه‌لاوێژ، هه‌ستی‌ كردبوو ده‌مری‌، له‌ شیعرێك به‌ناونیشانی‌ (له‌شكری‌)پێی‌ وابوو چاك نابێته‌وه‌، مۆمی‌ ته‌مه‌نی‌ ده‌كوژێته‌وه‌، بۆیه‌ شعرێك ده‌هۆنێته‌وه‌:

پێنووسی‌ خوایه‌ ڕه‌ش نابێته‌وه‌
چۆن له‌چاره‌ت بێ‌ وه‌ها دێته‌وه‌
له‌شكری‌ غه‌م هات وا ده‌بڕێته‌وه‌
كاتێ‌ ئه‌جه‌ل هات ناگه‌ڕێته‌وه‌
سوتام برژام له‌كونجی‌ خه‌ما
سه‌رم لێ‌ شێوا ژیانم نه‌ما

له‌ 14/3/2019 بنكه‌ وباره‌گای‌ ده‌پێچێته‌وه‌، به‌ره‌و دوا هه‌واری‌ گۆرستانی‌ (كه‌كۆن) ده‌گوازێته‌وه‌، جه‌سته‌ ده‌ڕزێ‌ ناو وناوبانگ ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:
+/ ئه‌ندێشه‌ وڕه‌فتار- كۆكردنه‌وه‌ی‌ (به‌هرۆز سه‌فاجو) وه‌رگێڕانی‌ لیلۆز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د.
+/ ده‌ستنووسی‌ بایز ده‌رباز.
+/ په‌ندی‌ پێشینان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یه‌كه‌م رۆژی‌ مامۆستا ره‌مه‌زان فت!

مقداد شاسواری‌ ئێوه‌ كه‌ستان له‌وێ نه‌بوون. منیش له‌وێ نه‌بووم. ته‌نها ...