سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » كەس نییە تەلەفۆن بۆ ترەمپ بكات!

كەس نییە تەلەفۆن بۆ ترەمپ بكات!

پاش دەرچوونی ئەمریكا لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران و گێڕانەوەی سزاكان و بەزیادیشەوە، گرژی و ئاڵۆزییەكی زۆر بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە و رۆژ بە رۆژیش توندتر دەبن و هەندێكیش كە بەرژەوەندییان لەوەدایە، تەپڵی شەڕ لێدەدەن.
ئەگەرچی ناردنی كەشتی و فڕۆكەی جەنگی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ناوچەكە بارودۆخەكەی مەترسیدارتر كردووە، بەڵام روودانی چەند تەقینەوەیەك لە چەند كەشتییەكی بازرگانی نەوت هەڵگردا نزیك یەكێك لە بەندەرە هەرە گەورەكانی ئیمارات و لە ئیمارەتی فجەیرە، هێندەی تر دڵەڕاوكێیەكانی زیادكردووە.
روودانی ئەو تەقینەوانە، زیاتر لە شانۆگەرییەك دەچن وەك سەرەتایەك بۆ هەنگاوی تر، چونكە ئەو شوێنەی تەقینەوەكانی تێدا رووداوە، ئیماراتە، بەندەرێكی هەرە گرنگی ئەو وڵاتەیە، هەر ئەو بەندەرە هێزی دەریایی ئەمریكا و فەرەنسای لێیە، یانی لە نێو چەقی كەنداودا نییە، بەڵكو لە ئاوی ئیقلیمی ئیمارات خۆیدا روویداوە. سەرەتا دەسەڵاتی مەحەلی فجەیرە روودانی تەقینەوەكانی پاش 10 سەعات راگەیاند، دواتر هەر خۆی بە درۆی خستەوە، ئەمجا جارێكی تر تەئكیدی لە روودانی ئەو تەقینەوانە كردەوە و بەدواییدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بەیاننامەی لەوبارەیەوە دەركرد. ئەمجا سعودیە و وڵاتانی كەنداو ئیدانەی رووداوەكەیان كرد و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و ناوچەكە و دونیا لەقەڵەمیاندا. ئەوەی جێی سەرنجە، تا نووسینی ئەم بابەتەش رای ئەمریكا لەوبارەیەوە دیارنییە چییە؟.
ئەمریكا دوو هەفتە زیاتر بە شێوەیەكی رێكخراو هەڕەشە لە ئێران دەكات و هێز كۆدەكاتەوە، لە هەمانكاتیشدا ئاهێكی بۆ گفتوگۆ هێشتۆتەوە گەرچی مەرجەكانی بۆ ئێران، مەرجی قورسن و پێناچێت ئێران بەوە قایل بێت.
بەشێك لە چاودێران پێیان وایە، ناردنی هێز و هەڕەشەكانی ئەمریكا تەنها بۆ ترساندنی ئێرانە و ناچاركردنێتی بە قبوڵكردنی مەرجەكانی ئەمریكا، ئەم قسەیە بەشێكی راستە، چونكە پێویست بەوە ناكات ئەمریكا فڕۆكەی بۆمب هاوێژ و رۆكێت هەڵگری B52 بنێرێتە قەتەر كە چەند سەد كیلۆمەترێك لە ئێرانەوە دوورە، لە كاتێكدا لە شەڕی عیراق و ئەمریكادا ئەو فڕۆكانە لە ئەمریكا و بەریتانیاوە هەڵدەستان و بۆمبارانیان دەكرد و دەشگەڕانەوە. هەروەها هێزێكی هەمەڕەنگ و هەمەچەشنی ئەمریكا لە نێو زەریا و دەریا و وشكانییەكانی ناوچەكەدان.
وێڕای ئەو بۆچوونەش، دەكرێت ئەگەری جەنگ هەڵگیرسان بەهەند وەربگیرێت، گەرچی هەڵگیرسانی كارەساتێكی گەورە لە ناوچەكەدا دەخوڵقێنێت و تەنها رووبەڕووی ئێران نابێتەوە، بەڵكو هەموو ناوچەكەش دەگرێتەوە و هەندێك شیكەرەوەی سەربازی و سیاسیش بە دوا جەنگی ئەم ناوچەیەی لە قەڵەم دەدەن و دەڵێن: لەم جەنگەدا یان هەموو نەیارەكانی ئەمریكا تێكدەشكێن، یان ئەمریكا بە یەكجاری ناوچەكە جێدێڵێت.
لە چوارچێوەی ئەم گرژییانەشدا، كۆشكی سپی، ژمارەی موبایلی (دوناڵد ترەمپ) ی سەرۆكی ئەمریكای بۆ باڵیۆزخانەی سویسرا ناردووە كە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بەڕێدەكات لە ئێران، تاكو ئەو ژمارەیە بداتە بەرپرسانی ئێران، بۆ ئەوەی گەر ویستیان قسە لەگەڵ ترەمپ بكەن، لەو ژمارەیەوە بیكەن. بەڵام تاكو ئێستا كەس نییە تەلەفۆنێ بۆ ترامپ بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ ناگیرێ؟

بۆ هه‌ر لایه‌ك ده‌ڕۆی، باس باسی كۆنگره‌یه‌، له‌هه‌ر شوێن و ...