سەرەکی » وتار » د.عیزه‌دین مسته‌فا » مه‌لای خه‌یاڵ

ئه‌م كونجه‌ش

مه‌لای خه‌یاڵ

هه‌رچه‌نده‌ كه‌ چاوم نی یه‌ ته‌عریفی قه‌مه‌ر كه‌م
ئه‌مما به‌ زه‌كا ڕه‌نگ هه‌یه‌ سه‌معم به‌ به‌صه‌ر كه‌م

ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای پارچه‌ شیعرێكی مه‌لا حه‌مدوونی شاعیری (كوێر) ی بلیمه‌تی كورد مه‌لا حه‌مدوونه‌ – ئێستا له‌م كوردی یه‌ی ئێستادا (كوێر) یشمان كردووه‌ به‌ (نابینا)، وه‌ك ووشه‌ی (كوێر) عه‌یب بێ و كورد نه‌یووتبـێ‌: (شه‌لم كوێرم، ناپارێزم) – له‌ شوێنێكیتردا له‌ باره‌ی مه‌لا حه‌مدوون و بلیمه‌تیی ئه‌وه‌وه‌ نووسیومه‌ و (ناچمه‌وه‌ سه‌ری). باوكم ده‌یووت: چۆن كوێرێك وه‌سفی شمشێر ده‌كا و ده‌ڵێ (وه‌ك بریقه‌ی قه‌سه‌تۆره‌) – چاوساغێكیش به‌و جۆره‌ (بریقه‌ی قه‌سه‌تۆره‌ نابینێ و وه‌سفی ناكات)، وابزانم وه‌سمان پاشای جاف پێی ووتوه‌: كوێره‌، خوا زانیوێتی چاوت گه‌ره‌ك نی یه‌، بۆیه‌ چاوی نه‌داوێتێ.
ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ بانه‌وه‌ هاتۆته‌وه‌ بۆ سلێمانی سه‌عاته‌كه‌ی تێكچووه‌ – له‌ ده‌نكه‌ شقارته‌ (سانیه‌ ژمێر و سه‌عات ژمێری) بۆ دروست كردووه‌ و چاكی كردۆته‌وه‌ و تا سلێمانی به‌كاری هێناوه‌.
باسی مه‌لا حه‌مدوون و شیعره‌كانی زۆریان ده‌وێ، به‌ڵام من لێره‌دا باسی مه‌لای خه‌یاڵ ده‌كه‌م و باسی كوێره‌ بلیمه‌ته‌كانیتری سلێمانی – وه‌ك (مه‌لا فه‌ره‌ج) و (مه‌لاوره‌حمان) ی خزمم – باوكی عوسمان و شه‌وكه‌ت و روفعه‌ت بۆ جاریتر. به‌ڵام ئێستا باسه‌كه‌م له‌باره‌ی مه‌لای (خه‌یاڵ) ه‌وه‌یه‌.
خۆی نه‌ به‌ ناوی خۆیه‌وه‌، نه‌ به‌ ناوی باوكی یه‌وه‌ به‌ناوبانگ نه‌بوو – به‌ڵكو به‌ ناوی دایكی یه‌وه‌ كه‌ باجی (خه‌یاڵ) یان پێ ده‌ووت – پێ یان ده‌ووت (مه‌لای خه‌یاڵ) – ماڵیان له‌ ده‌رگه‌زێن – به‌و به‌ر گه‌راجه‌ گشتی یه‌كه‌ی ناو شار بوو – به‌رامبه‌ر ماڵی حاجی ئه‌وڕه‌حمانی باوكی مه‌حموود و مسته‌فای تێكۆشه‌ر و ده‌نگخۆش – ئه‌وه‌ی مه‌لای خه‌یاڵی هێنایه‌وه‌ یادم – گۆرانی یه‌كی ده‌نگخۆشێكی سلێمانی بوو – كه‌ بۆ پروپۆگانده‌ دروستكراوه‌ – له‌ولای ده‌نگخۆشه‌كه‌وه‌ كه‌سێك دانیشتووه‌ هه‌ر ته‌واو كوت و مت له‌ مه‌لای خه‌یاڵ ده‌چێ – وه‌ك ئه‌و ڕانكو چۆغه‌یه‌كی جوانی – پاك و ته‌میزی له‌به‌ردایه‌ – ڕووی كردووه‌ به‌ولای ده‌نگ خۆشه‌كه‌وه‌ و مشكی یه‌كیشی به‌ستبوو. دیاره‌ مه‌لای خه‌یاڵ نه‌ماوه‌ به‌ڵام كابرا قسه‌یه‌كی خۆشی ئه‌و (حافز) ه‌ی هێنایه‌وه‌ بیرم.
ساڵی 1948 – له‌ كاتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی عیراقدا یه‌كێك له‌و دروشمانه‌ی كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی (ڕاپه‌ڕین – و‌ثبه‌) دا ده‌ووترانه‌وه‌ – (لا أنتخابات حرة‌ و الاحرار فی السجون) واته‌: (هه‌ڵبژاردنی ئازاد نابێ كه‌ ئازادان هێشتا له‌ به‌ندیخانه‌دان). چونكه‌ نووری سه‌عید به‌ته‌ما بوو پاش ڕاپه‌ڕین – هه‌ڵبژاردن بێت و په‌رله‌مانێكی تازه‌ هه‌ڵبژێردرێ، كه‌ به‌لای سه‌رۆك وه‌زیرانی تازه‌ی پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ (سه‌ماحه‌تی محه‌مه‌د السه‌در) ه‌وه‌ ئازاد ده‌بێت. به‌ڵام نووری سه‌عید و ئازادی – واته‌ ئاسمان و ڕێسمان.
جا دێمه‌وه‌ سه‌ر قسه‌ خۆشه‌كه‌ی (مه‌لای خه‌یاڵ) – پاش ڕاپه‌ڕین هه‌ندێك نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ سلێمانی گیرابوون. له‌ به‌ندیخانه‌ – یا (گرتووخانه‌ – موقف) دا بوون كه‌ له‌ ناو سه‌رای سلێمانیدا بوو. (مه‌لای خه‌یاڵ) یش له‌ ناو گیراوه‌كاندا بوو – لای په‌نجه‌ره‌ی سه‌ر به‌ ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌كه‌دا ده‌وه‌ستا و هه‌رچه‌ند گوێی له‌ ده‌نگی پێی پۆلیسێك یا قۆمیسه‌رێك… هتد ده‌بوو به‌و دیودا ڕه‌ت بێت، به‌ عه‌ره‌بی هاواری ده‌كرد – (لا انتخابات حرة‌ و مه‌لای خه‌یاڵ فی السجون) – واته‌ – هه‌ڵبژاردن ئازاد نی یه‌ كه‌ مه‌لای خه‌یاڵ له‌ به‌ندیخانه‌دا بێت. ئه‌م قسه‌ خۆشه‌ زۆر گورج به‌ ناو شاردا و به‌ناو تێكۆشه‌راندا بڵاوبۆوه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ گاڵته‌ و گێڕانه‌وه‌كانی ئه‌و كاته‌دا بوو. ئیتر نازانم (مه‌لای خه‌یاڵ) به‌ردرا یا نه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئازاد نه‌بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شەیتان

دیسان نازانم – (كونجە) یا یاداشت – بەڵام هەر دەینووسم ...