سەرەکی » وتار » شەڕ بەرەو کوێ؟

شەڕ بەرەو کوێ؟

نەرمین عوسمان

ئەم ناوچەیە و ناوچەی دوورگەی عەرەبی لە 2003 دا نە ئەم گرژییە و نە ئەم وتارە سیاسییە توندەی بەخۆوەبینیوە، بە تایبەتی دوای ئابڵوقە ئابوورییە توندەکانی بۆ سەر ئێران و هەڕەشەی ئێرانیش بە داخستنی گەرووی هورمز، کە یەک لەسەر سێی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ و وەڕسکردنی پاپۆڕەکانی ئێران بۆ سەر بەلەمە پشکنەرەکانی ئێران و لەلایەکی تریشەوە ناردنی کەشتی ئەبرەهام لینکۆڵن لەلایەن ئەمریکاوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پاڵ ئەمانەشدا وتاری سیاسی توند لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بەردەوامە. پرسیار ئەمەیە، ئایا ئەم حاڵەتە بەرەو کوێ دەڕوا؟ شەڕ و پێکدادان دەبێ یان نا؟ بەپێی توێژەر و راوێژکارەکانی جیهان، سێ بۆچوونی جیاواز و لێکچووش هەیە، هەیانە دەڵین ئەمریکا ئەم کردانەی بۆ چاوترساندنی ئێرانە بە مەبەستی راکێشانییەتی بەرەو گفتوگۆیەک کە ئێران ناچار بکات هەر دوانزە مەرجەکەی مایک بۆمبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قبوڵ بکا و بە ویستی ئەمریکاش بێت کە سێ تەوەری سەرەکیی لە خۆی دەگرێت، (بەرنامەی نەوەوی، موشەکی بالیستی، هاوکاریی گروپە تیرۆریستییەکان) و دەشڵێن ئێران نایەوێت بچێتە شەڕێکی دۆڕاو کە زۆر لای روونە ئەمریکا لە هەموو روویەکی سەربازییەوە بەهێزتر و بە تواناترە. رەنگە بتوانێت هەندێ زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنێت، بەڵام خۆی لە ناو دەچێت و ئێران دەزانێت هاوپەیمانەکانی لەو شەڕەدا کەمن و کەم دەسەڵاتن. نموونە بەپێی وتەکەی پوتین روون و ئاشکرایە کە روسیا لە سەری بە جواب نایە. بە پێچەوانەوە رەنگە ئەو گرژییە لە بەرژەوەندیی روسیا بێت کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نەوت، کە سەرچاوەیەکی ئابووری سەرەکیی روسیایە. وڵاتی چینیش لە رووی سەربازییەوە لاوازە بەراورد بە ئەمریکا و نایەوێت ئەم شەڕە تووشی خۆی بکا و هاوپەیمانەکانی تریشی لە ناوچەکەدا کەم دەسەڵاتن، کە خۆیان هاوکاریی لە ئێران وەردەگرن.
(کلیڤ کۆبشان) بەرپرسی گروپی دراساتی ئۆراسیا لە سەنتەری راوێژکارانی واشنتۆن دەڵێ، مەزەندە ناکەم هەردوولا شەڕیان بووێت، ئێران یاری دەکا و چاوەڕوانی کاردانەوەیە، بەڵام ئەم گرژییە پەیوەندی بە مەترسییە سیاسییەکانەوە هەیە و بەوهۆیەوە قۆناغێکی ترسناکی سیاسیی مەترسیدار لە ئارادایە.
هەندێ لایەنی تریش هەن دەڵین ئەگەری شەڕ هەیە و گەر شەڕیش ببێ، لە جەنگی یەکەم و دووەمی خەلیج گەورەتر دەبێ و رەنگە ناوچەکە دابەشبوونێکی تازەی سیاسی و جوگرافی بەخۆوەببینێ. لەوانەی بۆچوونی شەڕیشیان هەیە دەڵێن ئێران هەوڵدەدا شەڕەکە لە گۆڕەپانی خۆی دووربخاتەوە و بیخاتە زەوی و ئاسمانی هاوپەیمان و دۆستەکانی وەکو عیراق و سوریا و لوبنان و فەلەستین.
بەپێی زۆرینەی بۆچوونەکان، ئەگەری شەڕی گەورە لە ئارادا نییە، بەڵام ئەگەر ئەگەری شەڕ زۆر کەمیش بێ، بێ شک پریشکێکی ئەم شەڕە دەپەڕێتە لای ئێمە (عیراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی).
باشە ئێمە لێرەدا هەڵوێستمان چییە و چۆنە؟ چۆن دەتوانین بێلایەن بین و نەکەوینە نێوان بەرداشی ئەو دوو لایەنە و ئەوەی هەشمانە لە دەستمان نەڕوات؟ بۆیە ئەرکی پارتە سیاسییەکانە بە یەکەوە یەک هەڵوێست وەربگرن. ئەم پرسە پرسێکی چارەنووسسازی وڵاتێک و نەتەوەیەکە (ئەمە دامەزراندنی حکومەت نییە هەریەکە و لە ئاوازێ بخوێنێت)، دەبێ بە پەلە هەڵوێستی هاوبەش وەربگرن بۆئەوەی هەر لایەنێک هێندەی قەبارەی خۆی (سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی) بەرپرسیارێتی وەربگرن. لە هەموو کاتێک پێویستترە یەک بین و نەبین بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو لایەنە و ناشکرێ بێ بۆچوون بین و چاومان لە میدیاکانی جیهان بێ و لە بری ئێمەش بیر بکەنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریکا لە نێوان بژاردەی جەنگ و گفتوگۆ …

ئەمریکا لە نێوان بژاردەی جەنگ و گفتوگۆ کامیان هەڵدەبژێرێ؟ بڕوا ...