سەرەکی » وتار » هاوارێك خەمێك لە گەرمەسێرەوە

هاوارێك خەمێك لە گەرمەسێرەوە

بورهان محەمەد فەرەج

لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە لەساڵی ١٩٢١ و هاتنە سەرتەختی پاشایەتی، لەبەر گرنگی و بەپیتیی زەوی و زاری ناوچەی خانەقی، بەتایبەتی دێهاتەكانی نێوان رووباری سیروان و ئەڵوەن، واتە ئەو دێهاتانەی دەكەونە باوەشی ئەو حەوزەوە، مەلیك فەیسەڵی یەكەم ماڵێكی تایبەتی لێ دروستكردووە و چەندین خێزانی عەرەبی لە سعودیەوە گواستۆتەوە بۆ ئەم ناوچەیە، سەرەڕای بەپیتیی زەوی و زاری و ئاو و ئاودێرییەكەی، ناوچەیەكی گرنگی سنوورییش بووە.
لەسەردەمی عوسمانییەكاندا بە «بەوابە»ی بەغدا ناونراوەو بە پشتێنەی ئەمنیی بەغدا زانراوە، بۆیە هەموو حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق بەچاوێكی گرنگەوە تێیان روانیوە.
ساڵانی كۆمارییش لە عیراق، دیسان پایەگاو معەسكەرو جبەخانەكانیان لەم ناوچەیەو دەوروبەری بەردەوام توندوتۆڵ و پۆشتە و پەرداخ كردووە تا هاتنی بەعس و حەرەس قەومییەكانیش هێدی هێدی گوشاری سەر ئەم ناوچەیەیان زیاتر و زیاتر كردووە تا لە ساڵی ١٩٧٥ بەتەواوی ئەم ناوچەیەیان بە بیانووی پشتێنەی سنووریی نێوان عیراق و ئێران چۆڵكرد و خەڵكەكەیان راگواست و تەفرو تونا كرد و سەراپا دێهاتەكانیان تەعریب كردو خراپترین و شۆڤێنیترین عەرەبی كەرەوییان هاوردەكردو لەوێ نیشتەجێیان كردن.
لەپاش پرۆسەی ئازادیی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣، تەواوی ناوچەكە ئازادكرا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەرەفێكی گەورەی بەركەوت لەو رزگاركردنەدا لەناو یەكێتی-ش (مەلا بەختیار) پشكی شێری بەردەكەوێت لەگەڵ هەڤاڵە پێشمەرگەو هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانیدا و حكومەتی هەرێمیش پاڵپشتێكی گەورەی ئەو شارەو شارۆچكەكانی تری ناوچەی گەرمەسێری كرد. لەڕووی پەروەردەشەوە دیسان رۆڵێكی گرنگی بینی لەهەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی تەعریب لەو ناوچەیە. بەڵام مخابن ئەوا ئێستا بەبەرچاوی هەموو سەركردایەتیی كوردەوە ئەو ناوچەیە گڕدەگرێت، خەڵكە ستەمدیدەكەی بە رۆژی رووناك قەتڵوعام دەكرێن، كەوتوونەتە بەرداشی نێوان داعش و چەكدارەكانی ترەوە، بەبێ ئەوەی خەمێكی بخورێت، ئەمە جێگەی نیگەرانیی خەڵكی ناوچەكەیە، هاونیشتمانیانی كوردستان خوشكی شەهیدی فەرماندە (حسێن مەنسور) هاواردەكات‌و دەڵێت فریامان بكەون، خانەقین گڕدەگرێت، هیچ نەبێت وەك وەفایەك بۆ شەهیدانی خانەقی كە ئەو شارە لە دروستبوونی عیراقەوە تا ئەم ساتەوەختە قوربانی دەدات و خوێنی لێ دەچۆڕێت.
پێویستە بەزووترین كات فریای هاواری دایك و خوشكی شەهیدان بكەوین ئەگەرنا مێژوو رەحم بە هیچ كەس ناكات، تكایە تكایە فریاكەون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئه‌حمه‌د شاتوانی

ئازاد سه‌راوی قه‌رسیلی تا ئه‌ژنۆ سه‌وزو باڵا كردوی، تۆ زیندویت ...