سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » بۆئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا

بۆئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا

ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا پێداگریی یه‌كێتی بۆ بوونی یه‌ك پاكێجی هاوبه‌ش به‌شێكی گرفت و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م هه‌نگاوه‌كانی گه‌یشتن به‌رێكه‌وتن بووبێت، ئه‌وا بێگومان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش دوای رێكه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، پابه‌ند نه‌بوونی پارتی بە به‌شێكی رێكه‌وتنه‌كه‌ سه‌ره‌تایه‌كی تری ناكۆكی ده‌بێت له ‌هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ یه‌كێتی كه ‌له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ-وه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت (له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌) و پرسی كه‌ركوك و به‌غدای له‌یه‌ك پاكێجی هاوبه‌شدا كرده‌ پێشمه‌رج، به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی كورد بۆ ئه‌م قۆناغه‌ یه‌كده‌نگ بێت له ‌به‌غداو چیتر لایه‌نه‌كان په‌رته‌وازه‌و ماڵ جیایی نه‌كه‌ن، چونكه‌ دواجار هه‌موویان یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش كۆیانده‌كاته‌وه‌، ئه‌ویش چۆنێتی پاراستنی سه‌نگ و قورسایی كورده‌ له‌به‌غدا، به‌شێوازێك كه‌ كورد رۆڵی هه‌بێت له ‌داهاتووی هه‌نگاوه‌كان و له‌و نێوه‌نده‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كرێت ده‌رفه‌ته‌كان بكرێنه‌ ده‌ستكه‌وت.
له‌هه‌مان كاتدا پرسی كه‌ركوكیش كه‌ به‌شێكی تری گرنگی پێداگریی یه‌كێتی بوو، خه‌می قووڵی ئه‌و حزبه‌ بوو بۆ شارێك كه‌ ساڵه‌هایه‌ كورد قوربانی له‌پێناودا ده‌به‌خشێت، ئه‌م شاره‌ چۆن له ‌ناسنامه‌ گشتییه‌كه‌یدا كوردبوون هه‌یه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ناو كوردیشدا كه‌ركوك شارێكه‌ كه‌ زۆرینه‌ی هه‌وادارو لایه‌نگری یه‌كێتین و ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش هۆكاری گرنگه‌ كه ‌هه‌ندێك لایه‌ن كه‌ركوك و داهاتووی شاره‌كه‌شیان لا گرنگ نه‌بێت و له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ر ئه‌م هۆیه‌ گرنگه‌ی كه‌ هه‌ندێك لایه‌نی كردووه‌ به‌ پێشڕه‌وی خه‌مساردیی و بڵاوكردنه‌وه‌ی بێ ئومێدیی به‌رامبه‌ر به ‌داهاتووی كه‌ركوك، یه‌كێتی زیاتر خستۆته‌ سه‌ر راسته‌هیڵی داكۆكی.
ئێستا كه‌ركوك لای یه‌كێتی ستراتیژه‌و بۆ داهاتووش به‌شێكی گرنگی ئامانجه‌كانی تەنها كه‌ركوك ده‌بێت، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌م واقیعه‌ و بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌م خواستانه‌ی یه‌كێتیش بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ بپرسین شارێك بۆ یه‌كێتی ئه‌وه‌نده ‌گرنگیی هه‌بێت و خه‌می یه‌كڕیزیی لای یه‌كێتی تا ئه‌و ئاسته‌ پیرۆز بێت، كه‌ له‌چه‌ند مانگی رابردوودا یه‌كێک له‌ پێشمه‌رجه‌كانی رێكه‌وتنی بوو(كه ‌ئێستا له‌سایه‌ی ئه‌م رێكه‌وتنه‌دا هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت نزیكتربوونه‌ته‌وه‌)، ده‌بێت بپرسین دوای رێكه‌وتن و سازان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای هه‌ماهه‌نگی و لێكتێگه‌یشتن، ئه‌گه‌ر پارتی به ‌هۆكاری جیاجیا ئاماده‌ نه‌بێت ئه‌م به‌شه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات(كه‌ په‌یوەسته‌ به‌ داهاتووی كه‌ركوك و پرسی یه‌كڕیزیی كورد له‌به‌غدا)، ده‌بێت یه‌كێتی چی بكات و به‌ چ میكانیزمێك رووبه‌ڕووی ئه‌م پێشهاته‌ ببێته‌وه‌؟ كه ‌بێگومان سه‌ره‌تاییترین كاردانه‌وه‌ بۆ ئه‌م پابه‌ندنه‌بوونه‌ی پارتی جگه‌ له‌وه‌ی وێناكردنه‌وه‌ی جارێكی تری ئه‌م راستیه‌یه‌ (كه ‌ئه‌م حزبه‌ چی له‌ هه‌گبه‌یدایه‌ بۆ كه‌ركوك و پرسی یه‌كڕیزی) له‌هه‌مان كاتیشدا زۆر پرس و بابه‌تی تری گرنگیش ده‌هێنیته‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تاو به‌مه‌ش به ‌ته‌نها كورد و ئه‌زموونه‌كەی‌ تێیدا زەرەرمه‌ند ده‌بێت.
چونكه‌ ئه‌گه‌رچی یه‌كێتی و پارتی وه‌ك دوو لایه‌نی گرنگ و پێكهێنه‌ری حكومه‌ت رێكه‌وتنێك له‌ نیوانیاندایه‌ بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێ، به‌ڵام ده‌بێت هه‌مووان ئه‌و راستییه ‌بزانن رێگەی گه‌یشتن به‌م رێكه‌وتنه‌ پابه‌ندبوونی پارتی بووه‌ به ‌دوو پێشمه‌رجی تر، كه ‌ئه‌وانیش پرسی كورده‌ له‌ به‌غدا و داهاتووی كه‌ركوكه‌، كه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر پارتی له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا ئه‌و خواسته‌ی پیشان نه‌دابا، كه ‌پابەندی ئه‌م دوو مه‌رجه‌ گرنگه‌ش ده‌بێ، یه‌كێتی هه‌رگیز نه‌ده‌هاته‌ ژێر باری ئه‌م رێكه‌وتنه‌.
مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی تێپه‌ڕاندنی پێكهێنانی حكومه‌ت و دواتریش پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی پارتی له‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ یه‌كێتی له‌م چه‌ند مانگه‌دا جارێكی تریش ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ پابه‌ندنه‌بوونی پارتی هه‌یه‌ به‌ رێكه‌وتنه‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ وابڕیاربوو هاوكات له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركویش كۆببێتەوە، به‌ڵام كاتێك كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بووە ئه‌مری واقیع، پارتی پاشه‌كشه‌ی له‌م رێكه‌وتنه‌ كرد كه‌ هه‌رگیز نابێت جارێكی تر یه‌كێتی رێگه‌ به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی بدات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مجاری پارتی، یه‌كێتی به‌ شێوازێك هه‌ڵوێستی هه‌بووبێت، ئێستا بۆ پرسی به‌غدا و به‌تایبه‌تیتریش كه‌ركوك، یه‌كێتی ناچاره‌ هه‌ڵوێستێكی تری هه‌بێت كه ‌ره‌نگه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی ناچاریی بێت بۆ یەکێتی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌پێناوی حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوودا

سه‌ركه‌وتنی هه‌ر حكومه‌تێك په‌یوه‌سته‌ به‌شێوازی بیناكردن‌و جۆرو ستراتیژی كاركردنی، بێگومان ...