سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » حەز دەکەم دونیا بەم جۆرە بگۆڕێت

حەز دەکەم دونیا بەم جۆرە بگۆڕێت

حسەین لەتیف

-1-
بە ئومێدی گۆڕینی دونیا،
بەیانییەک لە ماڵ هاتمە دەرەوە،
بە ڕێکەوت تۆم بینی،
ئێستاش لە ئەو جێگایەدام تۆم تێا بینی،
سەیرکە،جۆن بە عەشق کەوتم؟!
-2-
لە ئەو جێگایەی تۆم بینی
بۆ هەمیشە دەمێنمەوە،
شوێن پێکانت بۆنی تۆیان لێدێت!
-3-
خەونم بە گۆڕینی دونیاوە بینی،
بە عەشقت بە ئاگا هاتمەوە.
-4-
هەورەکان رەوە ئەسپێکن،
بە ئاسمانی مندا تێدەپەڕن،
هەندێک جارکوڕژن و …
هەندێک جار حیلەیان دێت،
رەنگە بیانەوێت پێم بڵێن:هەموو شتێک باش دەبوو،
بە عەشق نەکەوتیتایە!
-5-
کەمێک زووتر لێرەوە تێپەڕبووایەیت،
سەربازەکان تووشت دەبوون،
لە جێگای خۆیان ئەوق دەبوون،
چاوەڕوانی گەڕانەوەتیان دەکرد،
جەنگێک بڕیار بوو روو بدات،رووی نەدەدا.
-6-
لەو جێگای سەربازەکان تووشت دەبن
دەبن بەریزێک پەیکەر،
دڵیان دوای پەپوولەی سەر کراسەکەت دەکەوێت،
ئەو رێگایانەیان بیر دەچێتەوە دەیانبەنەوە سەر گۆڕەپانی جەنگ .
-7-
ئەوەی دونیا دەگۆڕێت،
سەرۆکەکان نییە،
نەخشی سەر کراسەکەتە،
بە مەرجێک لە نزیک سەربازگەیەکەوە تێپەڕیت.
-8-
فەیلەسووفەکان پرسیار لە بارەی بوونەوە دەکەن،
بیر لە گۆڕینی دەکەنەوە،
تۆیان ببینیایە پێویستیان بە کرێکاران و خوێندکاران نەدەبوو دونیایان بۆ بگۆرن
بە عەشقت دونیایان دەگۆڕا.
من پرسیار لە بارەی تۆوە دەکەم،
لە دەرکەوتن و ئاوابوونت،
لە رازی چاوەکانت،
ناهێڵن “لە عەشق چاک ببمەوە” .
-9-
لە ماڵ نە هاتبوومە دەرەوە
کتێبی قەبارە گەورەم دەخوێندەوە
کاتێک بیرم لە گۆڕینی دونیا کردەوە
هاتمە دەرەوەو تۆم بینی،
بە عەشق کەوتم،
حەزدەکەم دونیا ئاوا بگۆڕێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆزه‌كانی خه‌یاڵ

حه‌سه‌ن نازدار گۆزه‌گه‌ره‌كه‌ ‌به‌ ته‌واوی ئاره‌زوه‌وه‌ ‌به‌ قاچه‌كانی بزوێنه‌ری ئامێری ...