سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » چەند شیعرێکی خانمە شاعیری ئەمریکیی (جۆیس ئاش)

چەند شیعرێکی خانمە شاعیری ئەمریکیی (جۆیس ئاش)

جۆیس ئاش
و . جەمال غەمبار

-١-
* جگەرە *

دەمەوێ ببمە جگەرەیەک و هیچی تر نا
بۆ ئەوەی بەر لێوانت بکەوم !
هەست بە تەڕیی دەمت بکەم
لەسەر زمانت ڕاکشێم و
لە نێو ئارەزوودا بسووتێم
بە ناسکییش ببمە خۆڵەمێش !

-٢-
* شیعر لە ژووری نووستندا *

من نامەوێ شیعرم
بخرێتە کۆرسەکانی (خوێندن) ەوە .
من دەمەوێ شیعرم لە ژووری نووستندا بێ
ئەو دەمەی لەوێ ، جەستە هەناسە بڕکێیەتی ،
ئەو دەمەی لەوێندەر
<چاوەکان> ئێرەیی بە <زمان> نابەن کە چەندێ بەختەوەرە !
دەمەوێ شیعری من لە ژووری نووستندا بێ .
ئەو ژوورەی ، پەردە ناسک و ڕەنگینەکانی ،
بێ هیچ سیناریۆیەک ، دەبنە پاسەوانی جەستەکان و
سەدای گۆرانییش لەو لێوانەوە دێ کە نازانن چیی دەڵێن !
لە ژووری نووستندا
شیعری من بکەنە سووتەمەنییی .
لە بەربەیانیشدا
ئەو دەمەی قاچەکان لە تێک ئاڵان دەبنەوە
بۆ ئەوەی خۆرهەڵاتن ببینن ،
ئەو دەم ، شاعیران ببەن بۆ کۆرسەکانی خوێندن و
قەسیدەکانی منیش
لە نێو سەرچەفەکاندا جێ بێڵن !

-٣-
* لێڵبوونی ڕوانینێک *
وای – ئۆتێللۆ – ،
تووڕەبوونت چۆن منی دایە بەر قامچیی و
چۆن شەرەفی منت بە قوڕدا کرد .
کەچی من هەر بەسەربەرزیی مامەوە و
هەتا ئێستا تاوانبارم نەکردوویت .
وای ئۆتێللۆ
چیرۆکەکانت واقیان وڕ کردووم
دادگاییەکانت پێستیان داماڵیوم .
بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە – ڤێنیسیا – هەڵەیە ،
لە نەزرگەی ئیماندا مێردم پێکردیت !
کەچی فێلبازەکانی دەوروپشتت
کەسانی وەک – یاگۆ –
ئەوانەی لە قەدەر پێشبینییەکانی تۆ نەبوون !
ئەو فریوبازانە
هێندەیان خەنجەر لە غروری – تۆ- دا
هەتا دەمت کەفچەرێنی کرد !
ئەمێستا،
ئەوە منم دەڕۆم و
پەردەی شانۆش دادەرێتەوە !

• سەرنجی وەرگێڕ :
<ئۆتێللۆ> و <یاگۆ> دوو کاراکتەری یەک لە شاکارە
شانۆییەکانی <شکسپیر>ن بە ناوی <ئۆتێللۆ> .
* <جۆیس ئاش < خانمە شاعیرێکی ئەمریکییە ، بڕوانامەی
بەکالۆرۆسی لە هونەری شانۆدا لە زانکۆی یاوندی لە کامیرۆن و ماستەری لە بواری کتیبخانە و زانیارییدا لە زانکۆیەکی بەریتانیی و پاشان دکتۆرای لە ئەدەبی ئەفریقایی / ئەمریکاییدا
لە زانکۆی نیویۆرک بەدەست هێناوە . قەسیدەکانی ئەم خانمە شاعیرە تەرجەمەی چەندین زمان کراون وەک ئیسپانیی ، یۆنانیی ، بەنگالیی و تورکیی و زمانی تریش . ئەم نموونە شیعرییانەی لێرەدا دەیخوێننەوە ، لە دیوانی (ئاگرێکی جوان) ەوە وەرگیراون کە بەم زوانە بە زمانی عەرەبیی بڵاو دەبێتەوە .

سەرچاوە :
-ڕۆژنامەی (الحیاة) ی ڕۆژی 18 ی ئۆکتۆبەری 2018. پێشکەشکردن و تەرجەمەی : أمل جمال .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆزه‌كانی خه‌یاڵ

حه‌سه‌ن نازدار گۆزه‌گه‌ره‌كه‌ ‌به‌ ته‌واوی ئاره‌زوه‌وه‌ ‌به‌ قاچه‌كانی بزوێنه‌ری ئامێری ...