سەرەکی » مانشێت » مەڵبەندی كەركوك: مادەی 140 چارەسەرە

مەڵبەندی كەركوك: مادەی 140 چارەسەرە

مەڵبەندی 2ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك راگەیەنراوێکی لەسەر كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كە رۆژی 19/5/2019 سازیكردبوو، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا، مەڵبەندی کەرکوک دووپاتی دەكاتەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هیچ جۆرە هاوبەشییەكی لەگەڵ راكان سەعید و حكومەتی خۆجێیەتی پارێزگای كەركوك نییە. بەڵام یەكێتی نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵكی پارێزگای كەركوك دەكات، بۆیە ئاساییە لە پەیوەندیدابێت لەگەڵ حكومەتی خۆجێیەتی بۆ راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان.
سەبارەت بەوەی راكان جبوری كە دەڵێت خەڵكی گوندەكانی ناحیەی سەرگەڕان خەڵكی رەسەنی ناوچەكە نین و عەرەبە هاوردەكان خەڵكی رەسەنی ناوچەكەن. مەڵبەندی دووی یەكێتی دەڵێت: سەرژمێریی ساڵی 1957 بە بنەما دەگرین و بزانین كێ خەڵكی رەسەنی ناوچەكەیە، ئەوەی راكان جبوری بە خەڵكی رەسەنی ناوچەكەیان دەزانێ، ئەمانە عەرەبی هاوردەن و ئەوەی شارەزاش بێت لە جوگرافیا دەزانێ سنووری نیشتەجێبوونی عەشیرەتی شەممەر لە كوێیە. (ی.ن.ك) بۆ چارەسەری كێشەكان، دەستوور و یاسا بە مەرجەعی یەكلاكەرەوە دەزانێت بۆ ئەم پرسە و تەواوی پرسە چارەسەر نەكراوەكانی ناوچە جێناكۆكەكان كە مادەی 140ی دەستوور، چوارچێوەی چارەسەریەتی .
دەربارەی رێكەوتنی یەكێتی لەگەڵ راكان سەعید بۆئەوەی وەكو پارێزگار بمینێتەوە تاكو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان. مەڵبەندی دووی یەكێتی جەختدەكاتەوە كە ئەمە دوورە لە راستی، ئەمەی كراوە جێگری پارێزگار بۆ پێكهاتەی عەرەب بێت.
ئاماژە بەوەشدەكات كە سەبارەت بەم بابەتە، چەند كەناڵێكی میدیا و سۆشیال میدیا كەوتوونەتە هەڵمەتێكی بێ بنەما لە بەرامبەر كەركوك. بێگومان ئەوانەی بەشێك لە لیستی برایەتییان پەكخستووە بە بیانووی بێ بنەما، جگە لەوەی بوونەتە هۆكار بۆ دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، لە هەمانكاتدا وایانكردووە كە ئەنجومەنی پارێزگاش سست ببـێ، تەنانەت لە چاودێریكردنی كاروبارەكانی پارێزگار.
هەروەها مەڵبەندی دووی یەكێتی دەڵێت: لەم بارەیەوە هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار ‌و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بەردەوام بن لە پاڵپشتیكردنی چارەسەری كێشەی جووتیاران و تەواوی كێشەكانی تری كەركوك.
لەكۆتایی راگەیەنراوەكەشدا، مەڵبەندی كەركوك بە جەماوەری پارێزگای كەركوك رادەگەیەنێت، كە هەمیشە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنیان بۆ چارەسەری كێشەكانیان و بە دەستهێنانی مافەكانیان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״كۆنگرەیەكی یەكێتی-یانە دەكەین بۆ رێكخستنەوە و نوێكردنەوەی یەكێتی״

دوێنێ لەسلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی ...