سەرەکی » وتار » ژنانى ئێزيدى و تراژيديایەكى دیکە

ژنانى ئێزيدى و تراژيديایەكى دیکە

شاناز هیرانی

جه‌نگ، ته‌نيا بريتى نييه‌ له‌ ماڵوێرانى و ده‌ربه‌ده‌رى و له‌ده‌ستدانى كه‌سانى نزيك، به‌ڵكو دۆخێكى ناهه‌موارو پڕ له‌ تراژيديای دژبە سه‌رجه‌م به‌ها مرۆييه‌كان ده‌خولقێنێ و ده‌خزێته‌ ناو پايه‌و ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌پاش جه‌نگه‌كه‌ له‌دۆخێك رزگارده‌بن، به‌ڵام خۆيان له‌بارێكى دژوارتردا ده‌بينه‌وه‌. چيرۆكه‌ ناخ هه‌ژێن و پڕ كاره‌ساته‌كانى ژنان و كچانى ئێزيدى يه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌ى تائێستاش بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ و دووباره‌ بووەتە‌ يه‌كێك له‌كێشه‌ هه‌ره‌ ئاڵۆزه‌كان، كه‌ رووبه‌روى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدیان و حكومه‌تى عیراقيش بووەته‌وه‌.
دياره‌ دواى شكسته‌ سه‌ربازیى و جوگرافيايیه‌كه‌ى رێكخراوى تيرۆريستى داعش له‌ سوريا و عیراق، به‌تايبه‌تيش له ‌شارى موسڵ، دووباره‌ پرسێكى ترى هه‌ستيار و مه‌ترسيدار تر رووبه‌رووى ژنانى ئێزيدى بووته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى بوونه‌ قوربانى ئه‌و فيكرو ئايديۆلۆژيا توندڕه‌وانه‌ى گروپى داعش په‌يڕه‌ويان كردو بوونه‌ كۆيله‌ى سه‌رده‌مى خۆيان، وه‌ك كۆيله‌ى جه‌نگ (غنيمه‌ الحرب) مامه‌ڵه‌يان پێوه‌ كراو له‌گه‌ڵدا كرا. ئه‌ويش پرسى ئه‌و منداڵانه‌يه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌رو به‌زۆر موسڵمانبوونکردنی ئه‌و ژن و كچه‌ ئێزدیانه‌يه‌ له‌لايه‌ن ئه‌ندامانى ئه‌و گروپه‌وه‌ له‌دايكبوون‌. ژماره‌يه‌كى زۆر له‌ منداڵ و وه‌چه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌و گروپه‌ له‌كاتى ئێستادا له‌ناو بازنه‌ى چاره‌نووسێكى ناديار له‌عیراقدا ده‌خولێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و منداڵانه‌ لەلایەن حکومەتی عیراقەوە له‌ساڵى 2014ه‌وه‌ تۆمار نه‌كراون.
به‌ پێى سه‌رژمێريیه‌كى به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتى بۆ كاروبارى ئێزدیان له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ ئێزديیه‌ رفێندراوەکان گه‌يشتووەته‌ (6417) كه‌س كه‌ (3425) يان رزگاريان بووه‌ پاش رووخانى دەوڵەتەکەی داعش .
ئه‌نجومه‌نى باڵاى رۆحانى ئێزدیان له‌ به‌ياننامه‌كيان كه‌ له‌ 24/4/2019 ده‌رچووە، جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ رێگه‌ ناده‌ن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى هيچ منداڵێك بۆ ناو چڤاكى ئێزدیان كه‌ له‌دايكێكى ئێزيدى و باوكێكى نا ئێزيدى بێت. واته‌ منداڵى ئه‌و ژنانه‌ى پاش په‌لامارى چه‌كدارانى داعش بۆ سه‌ر شنگال وه‌ك كه‌نيزه‌ و سه‌بایا ده‌ستدرێژيان كرايه‌ سه‌ر. خۆيان وه‌رده‌گيرێنه‌وه‌، به‌ڵام منداڵه‌كانيان نا. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئه‌نجومه‌نى رۆحانى ئێزدیانش هۆكاره‌كه‌ى په‌يوه‌ست بوونيانه‌ به‌ ياساو رێساكانى ئاينى ئێزدیان، له‌لايه‌كى دیکەشەوە ترسيان له ‌بوونى ئه‌و منداڵانه‌يه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌يان.
پێشتر رابه‌رانى ئايينى ئێزيدى پيشوازیيان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و ژنانه‌ كرد بۆ ناو كه‌سوكاريان و لێخۆشبوونيشى ده‌ركرد بۆيان، ئه‌ويش به ‌ده‌ركردنى مه‌ڕسومێكى ئاينى له‌ساڵى 2014ه‌وه‌، به‌ڵام هيچ مه‌رسومێكيان ده‌رنه‌كرد بۆ لێخۆشبوون له ‌وه‌چه‌ى داعشه‌كان.
لێره‌دا سه‌دان ژن كه‌وتنه‌ ناو بێ ئومێدییەكى زۆر گه‌وره‌وەو دۆش دامان به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوون و ره‌وانه‌كردنى ئه‌و منداڵانه‌ بۆ خانه‌ى نه‌جه‌وانانى عیراق و گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ لاى كه‌سوكارو ئاينه‌كه‌يان. هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌يه‌ك له‌و ژنانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانى سورياى ديموكرات منداڵه‌كانيان لێ وه‌رگرتوون و نازانن به‌ره‌وكوێ براون.
ديمه‌نى ئه‌و دايكانه‌ى به‌ گريانه‌وه‌ ده‌ستبه‌ردارى منداڵه‌كانيان ده‌بن، مرۆڤ ده‌هێنێته‌ هه‌ژان، هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ به ‌هاوارو گريان و پاڕانه‌وه‌ تكا ده‌كه‌ن له ‌منداڵه‌كانيان جيانه‌كرێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ به‌شێكن له ‌خوێن و گۆشتى ئه‌و ژنانە، به‌ چاوپۆشين له ‌جۆرى ئاين و مه‌زهه‌بى باوكه‌كانيان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر منداڵه‌كانيان هه‌ڵبژارد، ئه‌وا چيتر ناتوانن بێنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدیان و كه‌سيش ئاوڕيان لێ ناداته‌وه‌و به‌هانايانه‌وه‌ ناچێت.
رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیيه‌ جيهانيیه‌كانيش هۆشداریانداوە له‌ جياكردنه‌وه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ له ‌دايكيان، چونكه‌ به‌و شێوه‌يه‌ جۆرێك له‌ نه‌هامه‌تى و كاره‌ساتى تر له‌نه‌وه‌يه‌كدا ده‌خولقێ له‌عیراق.
بيروباوه‌ڕى ئايينى له‌مپه‌رى سه‌ره‌كيه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌يه‌
وته‌بێژى ئێزدیان لوقمان سلێمان مه‌حمود رايگه‌ياند: كه‌ په‌يڕه‌وكردنى ئاينى ئێزدى ته‌نيا به‌ رێگه‌ى له‌دايكبوون و باوكه‌وه‌ ده‌كرێت، نه‌ك به‌ گۆڕينى مه‌زهه‌بێكى تر! بۆيه‌ ناتوانرێت رێگه‌ بدرێت به‌و منداڵانه‌ له‌ باوكێكى نا ئێزيدى بێنه‌ ناويان. له‌لايه‌كى تريشه‌وه‌ ده‌ستورى عیراقى يارمه‌تيده‌ر نه‌بووه‌ بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌.
به‌پێى ماده‌ى (26)ى عیراقى، پێويسته‌ منداڵى له‌دايكبوو به‌ناوى باوكێكى موسڵمان، يان ناديار تۆمار بكرێت، ئه‌و تۆماركردنه‌ش راسته‌وخۆ ئاينى دايك ده‌گۆڕيت بۆ ئيسلام.
ئه‌يمه‌ن مسته‌فا: دادوه‌ر له‌ سه‌رۆكايه‌تى ليژنه‌ى باڵاى كوردى له‌سه‌ر پرسى به‌جينۆسايدكردنى به‌كۆمه‌ڵ، كه‌ ئه‌ركى كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ دژى داعش و دادگاريكردنى تاوانبارانى تاوانه‌كانى جه‌نگ راسپێردراوه‌، دەڵێت: ئه‌گه‌ر كچێك، يان ژنێك رووبه‌ڕووى ده‌ستدرێژیى بوه‌وه‌و منداڵێكى بوو، ئه‌وا ئه‌و منداڵه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ئاينى باوكى.
رابه‌رانى ئێزدیش له‌لاى خۆيانه‌وه‌ گوشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر په‌رله‌مانى عیراق تا رێگه‌ بدات ئه‌و منداڵانه‌ به‌ناوى دايكيانه‌وه‌ تۆمار بكرێن. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدايه‌ ئەگه‌ر هاتوو ئه‌و ژنه‌ رزگاربووه‌ بيه‌وێت منداڵه‌كه‌ بهێڵێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێى وته‌ى هه‌ندێكيان (ئاسان نييه‌ له ‌خێزانێك 20 تا 30 كه‌سى لێ كوژراوه‌ به‌ده‌ستى داعش، كه‌چى كچه‌كه‌يان منداڵى ئه‌وان په‌روه‌رده‌ بكات و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى ئه‌وان گه‌وره‌ ببێت. له‌لايه‌كى تره‌وه‌ چه‌ندين له‌و كچ و ژانانه‌ ئاماده‌ن ده‌ستبه‌ردارى عه‌شيره‌ت و ئاين و كه‌سوكار ببن بۆ پاراستنى منداڵه‌كانيان.
دووباره‌ ته‌نيا ژن ده‌كه‌وێته‌ به‌ر توخمى (دڵڕه‌قى) دۆش داماویی كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤايه‌تى، كه‌ به‌هۆى ئه‌و هاوكێشه‌ و ململانێيه‌ تايفى و كۆمه‌ڵايه‌تيیانه‌وه‌ رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌. بۆيه‌ لێره‌دا ژن چه‌ندين جار ده‌بێته‌وه‌ قوربانى (پاداشتى جه‌نگ، كۆيله‌بوون، دابونه‌ريتى ئاينى، بێبه‌شبوون له‌ كۆرپه‌كه‌ى) ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدايه‌ هيچ يه‌كێك له‌مانه‌ هه‌ڵبژارده‌ى خۆیان نه‌بووه‌، ته‌نيا دڕندايه‌تى جه‌نگ و كەلتوور و ديسپلينى ئاينى نەبێت ئه‌و ژنانه‌ى خستۆته‌ ئه‌و دۆخه‌ و چاره‌نووسه‌ نادياره‌و كه‌وتوونه‌ته‌ نێوان به‌رداشى كه‌سوكارو ئايين و نێوان ده‌ستبه‌رداربوون له‌ كۆرپه‌كانيان، كه‌ بڕيارێكى يه‌كجار سه‌خته‌و هه‌موو مرۆڤێك ناتوانێت خۆى رابگرێت له‌به‌رده‌ميدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریکا لە نێوان بژاردەی جەنگ و گفتوگۆ …

ئەمریکا لە نێوان بژاردەی جەنگ و گفتوگۆ کامیان هەڵدەبژێرێ؟ بڕوا ...