سەرەکی » راپۆرت » هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی عیراق بەرامبەر بە ململانێكانی ئێران و ئەمریکا

زۆربەیان داوای بێلایەنی دەكەن

هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی عیراق بەرامبەر بە ململانێكانی ئێران و ئەمریکا

راپۆرتی: ئیدریس جەبار

ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران لە ناوچەكە، رەوشێكی نەخوازراوی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا دروستكردووە، زۆربەی لایەنەكان هیواخوازن لەو ململانێیەدا عیراق پێگەی بێلایەنی خۆی لەدەست نەدات و هەندێكیش پێیوایە دەبێت حكومەتی عیراق پشتیوانی لە ئێران بكات وەك لەبەرچاوگرتنی ئەو چاكانەی تاران بۆ عیراقی هەبووە لە زۆربەی قۆناغەكانی دوای 2003.
هاوپەیمانی سائیرون
هاوپەیمانی سائیرون، كە لەلایەن موقتەدا سەدر و رەوتی سەدرەوە سەركردایەتی دەكرێت پێیوایە ئێستا تەپڵی شەڕ لێدەدرێت لە ناوچەكەدا و هەردوو لایەنی ئێران و ئەمریكاییش خۆیان بۆ ئەو جەنگە تاودەدەن، ئاماژە بەو هەڕەشە و مەترسیانەش، دەكات كە روو لە عیراق دەكەن، ئەگەر ئەو جەنەگە ڕووبدات.
لەوبارەیەشەوە عەلی سەعدون، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون، رایدەگەیەنێت: «هاوپەیمانیی سائیرون كار لەسەر ئەو خاڵە دەكات، كە عیراق نەبێتە لایەنێك لەو ململانێیەی لە ناوچەكەدا روودەدات و دەبێت رێگە بگیرێت لەو هەوڵانەی بۆ لایەنگیریی دەخرێنەگەڕ»، چونكە بە وتەی ئەو، عیراق زۆری بەدەست جەنگ و تەنگژە و قەیران و پێشێلكاریی سەروەریی وڵاتەكەیەوە چەشتووە».
پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیرون دەڵێت: «نابێت رێگە بدەین عیراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگ و ململانێ‌ بۆ وڵاتان و بۆ یەكلایی كردنەوەی حیساباتی ئەوانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت حكومەتی عیراق پشتیوانی لە هیچ لایەنێكی ململانێكان بكات، بەپێچەوانەوە ئەگەر لایەنگریی لایەنێكی كرد، ئەوا دەرەنجامەكان خوازراو نابن». بەپێویستیشی دەزانێت حكومەتی عیراق بەوپەڕی تواناوە كار بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەكانی ململانێكە بكات لە وڵاتدا.
هەر بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە «ئەمریكاییەكان عیراق بەرەو لای خۆیان رادەكێشن تا پشتیوانی لە وڵاتەكەیان بكات و بە هەمان شێوە ئێرانییەكان، بەڵام ئێمە قبوڵمان نییە عیراق پشتیوانی لە هیچ كام لەو دوو لایەنە بكات، كە هەریەكەیان بەرژەوەندیی و خواستی تایبەت بە خۆی هەیە لەو كێشمەكێش و ململانێیەی کە دەیکەن».
سەبارەت بە هەڵوێستی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدریش، رەتی نەكردووەتەوە کە سیاسەتەكانی هاوپەیمانییەكەی بەدووربێت لە دیدو بۆچوون و رێنماییەكانی سەدر، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە بێلایەنبوونی عیراقەوەیە لەو ململانێیەدا.

هاوپەیمانی نەسر
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسر كە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە سەركردایەتی دەكرێت، باس لە رەوشی ئێستای عیراق دەکات لەسایەی زیادبوونی تەنگژەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و پێیوایە عیراق ئێستا بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت.
هەر لەوبارەیەشەوە خانمە پەرلەمانتار نەدا شاكر جەودەت، لە هاوپەیمانیی نەسر دەڵیت: »ئێستا گەل و حكومەت و هەموو خەڵك لە حاڵەتێكی نیگەرانیدان، بەهۆی زیادبوونی تەنگژەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، چونكە لە پێكدادانی ئەم دوو هێزەدا، عیراق دەكەوێتە نێوان بەرداشی ئەو دوو لایەنەوە و هەندێك لایەن هەن لە عیراق، سوننە یان شیعە، پشتیوانیی لە ئێران دەكەن، بۆیە كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، حكومەتیش ترسی هەیە لە هەڵسوكەوتی ئەو لایەنانەی سەربە ئێرانن. ئاشكرایە تەنگژەكان لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووە، سزا ئابورییەكان و مەسەلەی ئەتۆمی و هەژموونی ئیقلیمی، بەڵام عیراق بەرگەی ئەم رەوشە ناگرێت، بەهۆی ئەوەی نە خزمەتگوزاری هەیە، نە ژێرخان و نە ئابووری، ئەگەر شتێك رووبدات و سزاكان عیراقیش بگرێتەوە، ئەوا مانای مەرگێكی تەواوەتی دەگەیەنێت بۆ ئێمە.
ئەو خانمە پەرلەمانتارە پێیوایە، عیراق لەئێستادا بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت، بەو پێیەی ئەمریكا لە وڵاتدا باڵێوزخانە و بنكەی سەربازیی و باڵی هەیە لە ناوچەكەدا، بۆیە ئەگەر هەر سەركێشییەك دروست ببێت، ئەوا عیراق دەكەوێتە نێوانیانەوەو و لە جەنگەكەدا زیانی گەورەی بەردەكەوێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئاشكرایە لەجەنگدا هەموو لایەنەكان دۆڕاون و هیچ لایەك براوە نابێت».
وتیشی:»ئەگەر ئێران بیەوێت دەست لە ئەمریكا بووەشێنێت، ئەوا باڵێوزخانە و دامەزراوە و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عیراق دەكاتە ئامانج و عیراق دەكاتە شانۆی ئۆپەراسیۆنەكان».
پێشتر رۆژنامەی (گاردیان)ی بریتانی لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەكانەوە بڵاویكردبۆوە، مەترسییەكی زۆر هەیە بەرامبەر بەوەی عیراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ رووبەڕوونەوە و ئێران لێوەی بەدوور لە خاكی خۆی، دژ بە ئەمریکا بوەستێتەوە».

دەوڵەتی یاسا
هەرچی بەرپرسانی دەوڵەتی یاساشە دەڵێن: «لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانییەكەمان بەردەوام جەخت لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی بێلایەنی دەكاتەوە لە ململانێكانی ناوچەكە، بەڵام رازیی نابێت گەلان برسی بكرێن، لەو بارەیەشەوە پشتیوانیی لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات.
لەوبارەیەشەوە پەرلەمانتار عەبدولهادی سەعداوی، لەو هاوپەیمانێتییە بەسەرۆکایەتی نوری مالكی رایگەیاندووە: «وەك دەوڵەتی یاسا، هەڵوێستی بێلایەنبوونمان هەیە، بەڵام برسیكردنی گەلان قبووڵ ناكەین، چونكە ئەو سزایانەی ئەمریكا تاك لایەنەن و سزاكان بۆ برسیكردنی گەلانن، بۆیە نەك هەر كۆماری ئیسلامی ئێران، لە دژی هیچ دراوسێیەكی تری عیراق ئەو سزایانە قبوڵ ناكرێت».
بەوتەی سەعداوی: »ئەو بڕیارو سزایانەی بەسەر ئێران و ناوچەكەدا سەپێنراون، تاكلایەنەن و بۆ برسیكردنی گەلانن، بەو پێیەی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە نەسەپێنراون، بۆیە بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوەو نابینە ئامراز بۆ برسیكردنی گەلان».
لەبارەی ئەگەری بەرپابوونی جەنگیش لەنێوان ئەمریكا و ئێران، پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت:»ئێمە بێلایەن دەبین و رێگەنادەین سەروەریی عیراق پێشێل بكرێت، یان عیراق لەلایەن هیچ وڵاتێكەوە بكرێتە گۆڕەپان بۆ ململانێ‌ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان».
سەبارەت بە بڕیاری پاشەكشەپێكردنی فەرمانبەرە ناسەرەكییەكان لە باڵێوزخانە و كونسوڵخانەكانیش لەلایەن واشنتۆنەوە لە عیراق، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت:»ئەو بڕیارەی ئەمریكا پەیوەندیی بە تەنگژەكانی ئەم دواییەو ململانێی نێوان واشنتۆن و تارانەوە هەیە، لەگەڵ ئەو گوشارە زۆرانەی لەلایەن هەردوولاوە دەكرێن لە كێشمەكێشی نێوانیان»، وێڕای هەڕەشە و لێدوانە توندەكانی بەرپرسانی هەردوو وڵاتیش، سەعداوی رەتیكردبۆوە جەنگ لەنێوان ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیدا رووبدات.

دانانی موشەكە بالیستییەكان لە عیراق
سەرچاوەیەكی ئەمنی عیراقیش رایگەیاندووە، ئێران مووشەكی داوەتە هێزەكانی حەشدی شەعبی تا هێزەكانی هاوپەیمانان و باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق و كۆمپانیا نەوتییەكان لە باشووری عیراق بكەنە ئامانج.
ماڵپەری (العربیة) رایگەیاندووە:»سەرچاوەیەك كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت دەڵێت: «موشەكەكان لە سێ خاڵی سنووریی (الشیب، شەلامچە، زرباتیە) و لەكاتی هاوردەكردنی ماددە خۆراكییەكاندا، جێگایان بۆ كراوەتەوە بەرەو ناوچەی سەخر براون».
نیگەرانییەكان لەبەرامبەر ئەوەی ئیران خاكی عیراقی بۆ روبەڕوبوونەوەی ململانێكانی لەگەڵ ئەمریكا بەكاربهێنێت، زیادیكردووە و پێشتریش چەند سەرچاوەیەكی عەشایەری عیراق رایانگەیاندبوو، ئێران لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا مووشەكی بالیستی داناوە بۆ بە ئامانجگرتنی پێگەكانی ئەمریكا و لەگەڵ نزیكبوونەوەی شەڕیش لەنێوان ئەمریكا و ئێران، ئەگەر هەیە ئەو ناوچانە لەلایەن ئەمریكاوە بۆردومان بكرێن.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە» ئەو مووشەكانە لەڕێی عیراقەوە هەندێكیان بە سوریا گەیشتووە، چونكە سوپای عیراق ئەو جۆرە مووشەكانەی نییە».
بەپێی زانیارییەكان، هەریەك لە گروپەكانی (حزبوڵڵا، عەسائیی ئەهلی حەق، نوجەبا، خوراسانی، جوندولئیمام) كە لەژێر كۆنتڕۆڵی فالح فەیاز، ئەبو مەهدی موهەندیس، هادی عامری، و نوری مالیكی لەژێر فەرمانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران و محەمەد ئال سادق راوێژكای باڵیۆزی ئێران لە بەغدا چالاكییەكانیان دەکەن.
ئەمەش لەكاتێكدایە لە گەشتەكەی ئەم دواییەی بۆ عیراق، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریی دابووە سەركردەكانی عیراق لە ئەگەری هەر جۆرە هێرش و هەڕەشەیەك كە بكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانیان لە عیراق و ئاماژەی بەوەڵامدانەوەی توند كردبوو بۆ حەشدی شەعبی.

نابێت خاكی عیراق بكرێتە مەیدانی جەنگ
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، هەڵوێستی عیراق ئەوەیە كە نابێت لە خاكی وڵاتەكەیەوە كردەوەی سەربازی دژی ئێران ئەنجام بدرێت، یان هێرش بكرێتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا».
فالیح یونس ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ئاژانسی (سپۆتنیك)ی روسیای رایگەیاندووە: »بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق یاساییە و لەسەر داوای حكومەتی عیراق بووە».
دەشڵێت: »بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا دەكەونە پارێزگاكانی خۆرئاوای عیراقەوەو سەرەڕای ناكۆكییەكان لەسەر مانەوە، یان چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە، هەڵوێستی عیراق ئەوەیە كە نابێت لە خاكی وڵاتەكەیەوە كردەوەی سەربازی دژی ئێران ئەنجام بدرێت، یان هێرش بكرێتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا».
فالیح یونس دەشڵێت:» هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق مەشق و راهێنانیان بە هێزە ئەمنییەكان كردووەو پەیوەندییەكی باش لەنێوان ئەمریكا و عیراقدا هەیە، بەڵام بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرش كردنە سەر ئێران و بەپێچەوانەشەوە هێرش كردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا، زیانی گەورە بە عیراق دەگەیەنن».
پێشیوایە»سەرجەم قەوارە سیاسییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دژی ئەوەن عیراق بكرێتە مەیدانێك بۆ روبەڕوبونەوەی سەربازیی نێوان ئەمریكا و ئێران».
هەڵوێستی عەسائیبی ئەهلی حەق
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سادیقون كە نوێنەرایەتی عەسائیبی ئەهلی حەق دەكات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هۆشداریی دەداتە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی هێرشكردنە سەر ئێران.
حەسەن سالم پەرلەمانتاری ئەو فراكسیۆنە لەوبارەیەوە لە هەژماری خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە: »هەر دەستدرێژییەك بكرێتە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران، لەلایەن ئەمریكاوە، دەستدرێژی راستەوخۆیە بۆسەر وڵاتە ئیسلامییەكان، بەبێ‌ رەچاوكردنی هەڵوێستی هەندێك لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكان بەرامبەر بە ئێران».
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی سادیقون ئەگەر ئەمریكا هەوڵیدا جەنگ لە دژی ئێران رابگەیەنێت، ئەوا خۆی دەخاتە نێو گۆڵمەزێكی گەورەوە، رەنگە هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا وەك وڵاتێكی زلهێز لەدەست بدات».

هەڵوێستی مەرجەعێكی ئاینی
مەرجەعێكی ئاینیش لە عیراق، دەستوەردانی عیراقییەكان لە ململانێی ئێران و ئەمریكا حەرام دەكات و داوای بێلایەنبوون دەكات لەو ململانێیەدا.
بەپێی بەڵگەنایەك كە 17ی ئایاری 2019 لەلایەن میدیاكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، شێخ فازڵ بدێری، مەرجەعی ئاینی لەعیراق، رایگەیاندووە:»ئێمە لە نزیكەوە بە تەواوی چاودێریی تەنگژە سەربازییەكانی ئێران و ئەمریكا دەكەین كە مایەی مەترسییەكی گەورەن بۆسەر ناوچەكە بەگشتی و بۆسەر وڵاتەكەمان بە تایبەتی، بەو پێیەی لەوڵاتدا لایەن هەن سەربە ئێرانن، بۆیە ترسی دەست تێوەردانی سەربازییمان هەیە كە دەبێتە مایەی نغرۆكردنی وڵاتەكەمان لە پشێویی و كاولكارییدا».
ئەو مەرجەعە ئاینییە دەڵیت: »ئێمە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی شەرعی و نیشتمانییەوە، دەست تێوەردانی هەموو عیراقییەك و دەوڵەتیش لەو ململانێ‌ سەربازییەدا حەرام دەكەین، چونكە وڵاتەكەمان پڕە لە نەهامەتی و پێویستە بێلایەن بووەستین، تا بزانین خودا حوكمی بە چی دەبێت و چی بەسەر رەوشەكەدا دێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...