سەرەکی » مانشێت » ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان

(كوردستانییەكان) لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبوونەوە

ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان

مەڵبەندی كەركوك: جێبەجێكردنی مادەی 140 چارەسەرە

راپۆرتی، كوردستانی نوێ – كەركوك، عومەر غەریب

سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبوونەوە و تەئكیدیان لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، كردەوە.

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە
دوێنێ دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، د.بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەماندا لەگەڵ سەرۆك وەزیران، گفتوگۆمان لەسەر چەند پرسێكی گرنگ كرد، كە راستەوخۆ پەیوەستە بە هەرێمی كوردستانەوە، لەوانە پرسی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، «داوامان لە سەرۆك وەزیران كرد هەوڵی جددی بدات بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شاری كەركوك، هەروەها داوامان كرد حكومەتی عیراق خێزانە كوردەكانی گوندی پەڵكانە و دەوروبەری بپارێزێت. داواشمان لە سەرۆك وەزیران كرد سنوورێك بۆ كارە نایاسایی و ناڕەواكانی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دابنرێت.
پاشان د.جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەرێنی بووە، سەبارەت بە بارودۆخی ناوچە دابڕێنراوەكان قسەمان لەگەڵ كردووەو ئەوەمان پێڕاگەیاندووە كە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاسایشی ئەو ناوچانە هەیە و پێویستە حكومەتی عیراق كاری جددی بكات بۆ پاراستنی خەڵكی ئەو ناوچانە.

مەڵبەندی كەركوك: چارەسەری بنەڕەتیی بۆ كێشەكانی كەركوك
لەلایەكی دیكەوە، مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە «بۆ پرسە چارەسەرنەكراوەكانی ناوچە جێناكۆكەكان، مادەی 140 ی دەستوور چارەسەرە».
هەر دوێنێ لە بارەگای مەڵبەندی كەركوك، رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی ی.ن.ك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: پێویستە كێشەكانی ئێستای كەركوك بەپێی دەستووری عیراق چارەسەربكرێن. داواشیكرد حكومەتی عیراق پەلە بكات لە دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانی كەركوك بەكێشەی زەویوزارە كشتوكاڵیەكانیشەوە.

حزبە كوردستانییەكان داوای راگرتنی تەعریب دەكەن
هەمان رۆژ لە كەركوك حزب و لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك، كۆبوونەوە و گفتوگۆیان كرد لەبارەی پەرەسەندن و زیادبوونی ئاڵۆزییەكان لە ناوچە دابڕێنراوەكان.
لە بەلاغی كۆبوونەوەكەشدا لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك داوایان كرد پەلە بكرێت لە هێوركردنەوەی دۆخی كەركوك و راگرتنی تەعریب.

كێشەكانی كەركوك دەبرێتە بەغدا
هەروەها كاكەڕەش سدیق سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: كێشەكانی ئێستای كەركوك دەخرێتە ئەجێندای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەمەبەستی تاوتوێكردن و چارەسەركردنی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״كۆنگرەیەكی یەكێتی-یانە دەكەین بۆ رێكخستنەوە و نوێكردنەوەی یەكێتی״

دوێنێ لەسلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی ...