سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » جوتیاری‌ نموونه‌یی!پەڕە 2

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

جوتیاری‌ نموونه‌یی!

(13)

كه‌ به‌ گه‌شتێك ده‌چمه‌ گوندێك و له‌گه‌ڵ جوتیارێك یان گوندنشینێك داده‌نیشم و گفتوگۆ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر بۆ پێنج ده‌قیقه‌یش بێت ، ئه‌مه‌وێت ڕاسته‌وخۆ بابه‌تی گفتوگۆكه‌ ببه‌ستمه‌وه‌ به‌ بارودۆخی ژیانی ڕۆانه‌ی‌ گوندنشینانه‌وه‌ ، یان به‌ دوای‌ ئه‌و چیرۆك و بابه‌تانه‌دا ده‌گه‌ڕێم كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی كوردستاندا بوونی هه‌بێت و له‌ ناوچه‌كیتری‌ كوردستاندا نه‌بێت و بایه‌خی پێنه‌درێت.
هه‌فته‌ی‌ پێشوو كه‌ پرسی ناونوسین بۆ وه‌رگرتنی گه‌نمی ئه‌م ساڵی جوتیاران كه‌وته‌ نێو ناوان، له‌ دانیشتنێكدا گفتوگۆی‌ گه‌رمی جوتیاران تایبه‌ت بوو به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بڕی گه‌نمی وه‌رگیراوی ئه‌مساڵ دیاری‌ بكات و هه‌موو جوتیاران نه‌گرێته‌وه‌، ئه‌ی‌ ئه‌بێت ئه‌و جوتیارانه‌ی‌ كه‌ گه‌نمیان زۆره‌و حكومه‌ت وه‌ریناگرێت چی بكه‌ن له‌ به‌رهه‌می ئه‌مساڵیان ؟ جوتیارێك له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یگوت : هه‌ندێك جوتیاری‌ نمونه‌یی گه‌نمه‌كانیان وه‌رده‌گیرێت و هه‌ر جوتیارێكیش ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌بێت له‌ بازاڕدا گه‌نمه‌كه‌ی‌ به‌ نیوه‌ قیمه‌ت بفرۆشێت. هه‌ركه‌ وشه‌ی‌ «جوتیاری‌ نمونه‌یی» كه‌وته‌ نێو مه‌جلیسه‌كه‌وه‌ ئیدی گفتوگۆكه‌ دابه‌شبوو به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، به‌ره‌یه‌ك پێی وابوو جوتیاری‌ نمونه‌یی له‌ كوردستان دا له‌ په‌نجه‌كانی‌ ده‌ست تێپه‌ڕ ناكات و به‌ره‌یه‌كیتر پێیانوابوو ئه‌سڵه‌ن له‌ كوردستاندا جوتیاری‌ نمونه‌یی نیه‌ و هیچ مه‌رجێك نییه‌ بۆ نمونه‌یی بوونی جوتیار .
ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ پرسیارێكی پێویست و گرنگیش بێت ئه‌گه‌ر بپرسین : ئایا به‌ ڕاستی له‌ كوردستاندا جوتیاری‌ نمونه‌یی بوونی هه‌یه‌؟ ئه‌ی‌ له‌ باری‌ واقیعدا جارێ‌ جوتیاری‌ نمونه‌یی واته‌ چی و مه‌رجی جوتیارێكیش بۆ نمونه‌یی بوون چییه‌؟ كێ ئه‌و مه‌رج و بنه‌مایانه‌ی داناوه‌ كه‌ جوتیارێكی نمونه‌یی پێهه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت ؟
به‌ بڕوای‌ ئێمه‌ له‌ كوردستاندا گه‌لێك جوتیاری‌ زیره‌ك و به‌ توانا هه‌یه‌ و به‌ پێوه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خۆم خه‌ڵكی گوندم و به‌ ئێستایشه‌وه‌ له‌ گوند داده‌نیشم ، پاشان به‌ پێوه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا پاشكۆكه‌مان تایبه‌ته‌ به‌ گوندنشینان و زۆرجاران جوتیارانم دواندووه‌ له‌ باره‌ی‌ به‌رهه‌م و پسپۆڕییانه‌وه‌ له‌ كاری‌ جوتیاری‌ و كاروباری‌ گونددا، ژماره‌یه‌كی جوتیاری‌ باشم بینیوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تیان پێبدرێت به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ جوتیارانی ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان ده‌توانن به‌رهه‌می جوان و كاری‌ باش بكه‌ن له‌ كێڵگه‌كانیاندا.
له‌ كوردستان هیچ پێوه‌ر یان مه‌رجێكی جیهانی‌ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بكرێته‌ ستاندارد و جوتیارێكی نمونه‌یی له‌ جوتیارێكی نا نمونه‌یی له‌ یه‌كتر پێ جیابكرێته‌وه‌ و له‌ ڕوانگه‌ی نمونه‌یی ئه‌و جوتیاره‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی بدرێتێ كه‌ به‌رهه‌می جوتیاره‌ نمونه‌ییه‌كه‌ له‌ بازاڕدا باشتر ساغ بكرێته‌وه‌ و كێشه‌ی‌ بۆ دروست نه‌كرێت.
وه‌ك جوتیاران خۆیان ده‌ڵێن نمونه‌یی و نانمونه‌یی جوتیاران په‌یوه‌ندی به‌ توانای‌ مادی جوتیار و خاك و زه‌وی جوتیاره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گینا جۆری‌ ئامێر له‌ كێڵاندنی‌ زه‌ویدا زۆر گرنگ نییه‌ و ته‌نها گرنگه‌ ئه‌و دانه‌وێڵه‌یه‌ بشارێته‌وه‌، ئه‌و جوتیاره‌ی‌ توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ده‌رفه‌تی باشتر به‌ زه‌وییه‌كانی‌ بدات و هه‌موو ده‌رمانێك له‌ به‌رهه‌مهێناندا به‌كار بهێنێت ، ئه‌توانێت شتێكی باشتر به‌رهه‌م بهێنێت و بیخاته‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌ و ململانێی به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان بكات و شتێكی جیاوازیش بێت له‌و به‌رهه‌مه‌ بیانیانه‌ی‌ ده‌هێنرێته‌ ناوخۆی‌ كوردستانه‌وه‌ و له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ساغ ده‌كرێته‌وه‌ .
جوتیاری‌ نمونه‌یی چه‌مكێكی داتاشراوی‌ كوردییه‌ كه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و جوتیاره‌ی‌ به‌رهه‌مێكی زیاتر یان جۆرێكی نوێی به‌رهه‌می خسته‌ بازاڕه‌وه‌ ئیدی له‌ دیدی زۆرێكی هاوڵاتیان و جوتیارانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ جوتیارێكی نمونه‌ییه‌ و پێویسته‌ به‌ چاوی جیاواز لێی بڕوانرێت ! . له‌ ڕاستیدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر جوتیارێكی كوردستان ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی پێبدرێت و حكومه‌ت خزمه‌تی بكات و هه‌لی به‌رهه‌مهێنانی‌ بۆ بڕه‌خسێنێت، خاك و زه‌وی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ باش و به‌سووده‌ كه‌ ئه‌و جوتیاره‌ ئه‌توانێت نمونه‌یی بێت و بازاڕی‌ ناوخۆیی پڕ بكات له‌به‌رهه‌می خۆماڵی و ئه‌سڵی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كورد له‌ عیراق، فۆرمێكی نوێی سیاسه‌ت

كورد ئه‌گه‌ر بییه‌وێت جارێكیتر له‌ عێراق دا به‌ به‌هێزی ده‌ربكه‌وێته‌وه‌ ...