سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ململانێی ئەمریکا و ئێران بە کوێ دەگات؟

ململانێی ئەمریکا و ئێران بە کوێ دەگات؟

بارودۆخی گرژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆنی شەڕێکی گەرم و خوێناوی لێدێ و دونیای کردووە بە دوو جەمسەر و بگرە لەناو ئیدارەی ترەمپ-یشدا دوو جەمسەر پەیدابووە، کە هەریەکەیان بە ئاڕاستەیەک دەڕوانێ. راوێژکارەکانی کۆشکی سپی و پنتاگۆن هەریەکەیان بۆچوونی تایبەتیان هەیە لەسەر ئەم کێشەیە. مایک بۆمبیۆ وەزیری دەرەوە نەرمتر لە جەمسەری شەڕاوی هەوڵدەدات باوەڕ بە هاوڕێکانی بێنێ کە بە رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ کێشەکە چارەسەر بکەن. ئەو جەمسەرە دەیەوێت رێکەوتننامەی ئەتۆمی بە مەرجەکانی ئەمریکا هەڵبووەشێتەوە و ئێران ملکەچی بڕیار و راسپاردەکانی خۆیان بکەن، هەرچی جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و لایەنگرەکانێتی، بڕوایان وایە کە لەوەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتۆتە ئاراوە، لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە و پێویستە بڕوات. ئەمەش بە هێزی سەربازی و بە شەڕ نەبێت نایەتەدی. ئەم دوو جەمسەرە وەنەبێت هەر لەناو ئیدارەی ترەمپ-ەوە پەیدا بووبێت، بەڵکو شۆڕبۆتەوە ناو هەموو پایەکانی دەسەڵات و چاودێر و بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و سەربازی و ئابووریش.

هەڵوێستی ترەمپ
بەپێی لێدوانەکانی ترەمپ بۆ رای گشتی و سەرچاوەکانی میدیا، زۆر مەیلی شەڕی چەکداری و بەشداریکردنی سوپای نییە لە دژی ئێران. ئەو سەرۆکە لە سەروبەندی هاتنی بۆ حوکم، چەند جارێک و لە چەند بۆنەیەکدا رەخنەی لە ئیدارەی بوش گرتووە کە شەڕی لەگەڵ رژێمی عیراق هەڵگیرساندووە و ئەو هەموو سەربازە ئەمریکییەی بەکوشت داوە. جگە لەوەش سەروەت و سامانێکی زۆری لەو شەڕە بەفیڕۆداوە، بۆیە چاودێران پێیانوایە سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت ئەو هەڵەیە دووبارە بکاتەوە. ترەمپ دەیەوێت بەبێ شەڕ ئێران ملکەچ بکا بە بڕیارەکانی خۆی.هەروەها دەشڵێن ئەمە مانای ئەوە نییە کە بەرگری نەکات، هەر کاتێک هێزەکانی لەلایەن ئیرانییەکانەوە پەلامار بدرێن، ئەوە شەڕەکە دەستپێدەکات.

ئەی ئێران؟
لەگەڵ هێنانی چەندین کەشتی سەربازی و جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و وناوچەکە، ئێرانیش هەڵمەتی سەربازی و راگەیاندنی خۆی دەستپێکردووە و هەڕەشەی بەردەوام دەکات.لە دوالێدوانی بەرپرسە سەربازییە ئێرانییەکان وتراوە کە موشەکە کورتهاوێژەکانیان دەتوانێت بە ئاسانی کەشتییەکانی ئەمریکا لە کەنداو بپێکێ، چ جای دوورهاوێژەکانی. جگە لەوەش جموجۆڵەکانی لە عیراق و لە رێی هێز و گروپە دۆستەکانییەوە وایکردووە ئەمریکییەکان هەڵوەستەیەک لەسەر ئەم پرسە بکەن و لە بڕیارەکانیاندا پەلە نەکەن. هەڵوێستی تازەشیان لەبارەی رێکەوتننامەی ئەتۆمییەوە ئەوەندەی تر بارەکەی ناسکتر کردووە کە رایانگەیاندووە پەیوەست نابن بەو رێکەوتنە و چالاکییەکانیان دەست پێدەکەنەوە.

ئەی دۆستانیان؟
هەریەک لە ئیسرائیل و شانشینی عەرەبی سعودی دۆستی نزیکی ئەمریکا، پەلەپەلی ئەوەیانە تاکو شەڕ هەڵبگیرسێ و ئێڕان گڕ تێبەردەن. هەریەک لەو دوو وڵاتەش ژمارەیەک هاوپەیمان و نزیکی خۆیان هەیە و ئەوانیش هاوهەڵویستن و دەیانەوێت بە شەڕ کێشەکە یەکلایی بێتەوە.هەرچی دۆستە ئەوروپییەکانی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا و هۆڵەندا، پێیانوایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕگەیەکی گەرمە و ناکرێت شەڕێکی تر بخرێتە ناو ئەو گۆڕەپانەی کە پڕیەتی لە ململانێ و کوشتوکوشتار. هەرچی روسیا و چین-یشن کە دەکەونە بەرەی ئێرانەوە، چاوەڕێ دەکەن و سەرەنجام لەگەڵ لایەنی براوەی شەڕ دەکەونە دانوستان.
چاودێران دەڵێن، ئەو شەڕە ئەگەر رووبدات، وەک ئەوەی سەر رژێمی عیراق نابێت کە تەنها لەناو خاکی عیراقدا رووبدات، بەڵکو هاموو ناوچەکە گڕ دەدا و پانتاییەکی گەورە دەگرێتەوە، کە دامرکاندنەوەی ئاسان نابێت.

چی روو دەدات؟
وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەی بەوە کرد: لە ناوچەکەدا شەڕ روو نادات، لەبەرئەوەی ئێمە جەنگ ناخوازین، پێویستە هیچ کەسێکیش بیر لەوە نەکاتەوە کە توانای روبەڕوبونەوەی ئێرانی هەیە لە ناوچەکەدا. دوای ئەویش لە تاران سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای گفتوگۆی کرد لەگەڵ ئەمریکا، لێدوانەکەی ئەو بەرپرسە دوای ئەوە هات، کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردبۆوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکیدا نامەیەکی ئاراستەی یاریدەدەرەکانی کردووە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نایەوێت فشارە چڕەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ببێتە جەنگ و ململانێیەکی کراوە، بۆیە پێناچێت شەڕ رووبدات، بەڵام ترەمپ دەخوازێ فشار بخاتە سەر ئێران تاکو ملکەچی داخوازییەکانی خۆی بکات.

سەرچاوە: BBC. Endependent

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەمیانی پێشوازیی لە ئەلكسەندەر لاڤرینتییڤ نێردەی ...