سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: پێكەوە چارەسەری كێشەكان بكەینپەڕە 17

پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی حوكمڕانیی ئەلكترۆنی لەئیستۆنیا

قوباد تاڵەبانی: پێكەوە چارەسەری كێشەكان بكەین

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دوێنێ لەپێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی حوكمڕانیی ئەلكترۆنی لەئیستۆنیا، لە پانێلێكی تایبەتدا تیشكی خستەسەر لەمپەرەكانی بەردەم بەئەلكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییە حكومییەكان لەكوردستان‌و چۆنێتیی چارەسەركردنیان.

لەدۆخێكی دژوارو پڕ قەیراندا هەنگاوەكانی حوكمڕانیی ئەلكترۆنیمان دەستپێكرد
لە پانێلەكەدا، قوباد تاڵەبانی، ئەوەی دووپاتكردەوە بەئەلكترۆنیكردنی حوكمڕانی یارمەتیدەر دەبێت لەزیادكردن‌و شەفافكردنی داهات‌و رێكخستنەوەی بازرگانی، هەروەك هۆكارێكیش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی تاوانەكان‌و بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە. سەبارەت بەئەزموونی حكومەتی ئەلكترۆنی لەهەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی دژوارو پڕ لەقەیرانی ئەمنی‌و سیاسی‌و ئابووریدا هەنگاوەكانی حوكمڕانیی ئەلكترۆنی دەستپێكرد، جگەلەوەش لەكوردستان حەزێكی زۆر بۆ پەیڕەوكردنی بیرۆكراسییەت هەیە، لەبەرامبەر ئەم هەموو لەمپەرەشدا رێژەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیاو توانای گەنجان بەردەوام لەپەرەسەندندایە، هەربۆیە دەكرێت لەبەر رۆشنایی ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو تواناكان رێكبخرێن‌و بەوشێوەیەش هەنگاو بەهەنگاو بەسەر لەمپەرەكانی بەردەم حوكمڕانی ئەلكترۆنیدا زاڵ بین.
پشت بەستنی زۆر بە سامانی نەوت جۆرێك لە سستی دروستكردووە
لەدرێژەی قسەكانیدا، قوباد تاڵەبانی، باسی لەوەشكرد جگە لە یاسا كۆنەكان كە پێویستیان بەهەمواركردنەوە هەیە، پشتبەستنی زۆر بەسامانی نەوت جۆرێك لە سستی‌و تەمەڵی دروستكردووە لەكوردستاندا، ئەوە لەكاتێكدایە كۆمەڵگەی كوردستان نزیكەی 70%ی گەنجەو زۆربەی هەرە زۆریان تەكنەلۆژیاو سۆشیال میدیا بەكاردەهێنن، بۆیە دەكرێت هەنگاو بەرەو ئەوە بنێین كەمتر پشت بەنەوت ببەستین، بۆ ئەوەش ئەزموونی وڵاتێكی وەك ئیستۆنیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.

جیاكردنەوەی سیاسەتی حزبی لەكاری حوكمڕانی
جێگری سەرۆك وەزیران، جەختیشی لەپێویستیی جیاكردنەوەی سیاسەتی حزبی لەكاری حوكمڕانی كردەوەو وتی: «دەبێت وەزیرەكان سیاسەتی حكومەت جێبەجێبكەن نەك بەپێی بەرژەوەندیی حزبەكانیان هەنگاوبنێن، چونكە خەڵك بەتایبەت لەم قۆناغەی پاش شەڕی داعش، داوای باشترین خزمەتگوزاری دەكەن لەحكومەتەكەیان، ئەوەش مافی ئاسایی خۆیانەو دەبێت پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، لەئەولەویەتی كارەكانی حكومەت بێت».

گەڕانەوەی كات‌و بەفیڕۆنەدانی تواناكان
لەبەشێكی دیكەی پانێلەكەدا، باسی لەوەشكرد راستە كوردستان هەرێمێكە لە عیراقی فیدراڵ، بەڵام دەكرێت سەروەرییەكی ئەلكترۆنی هەبێت‌و لەو رێگەیەوە ببەسترێتەوە بەسیستمە جیهانییەكانەوە. بەگرنگیشەوە باسی لەپڕۆژەی بایۆمەتری كرد كە داتای زیاتر لەملیۆنێك فەرمانبەر لەخۆدەگرێت، جگە لەوەش دەست بەكۆمەڵێك پرۆژەی دیكە كراوە بۆ گۆڕانكاریی لەفەرمانگەكانی حكومەتدا لەڕووی رێكخستنەوەیان بەشێوەی ئۆن لاین‌و ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لەپێداویستییەكانی ئەنجامدانی كاروبارەكانیان بەڕێگەی ئەلكترۆنی، ئەوەش بۆ گەڕانەوەی كات‌و بەفیڕۆنەدانی تواناكانە. لەپاڵ ئەوەشدا تیشكی خستەسەر كێشە فیدراڵییەكانی بەردەم بەئەلكترۆنیكردنی حكومەت لە چەشنی كارتی نیشتمانی‌و بانكەكان‌و گەشبینیی خۆیشی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان لەڕێگەی تیمی شارەزاوە، نیشاندا.

پێكەوەكاركردن بەرهەمی باشی دەبێت
لەكۆتایی قسەكانیدا، قوباد تاڵەبانی، ستایشی چیرۆكە سەرنجڕاكێشەكانی ناو كۆنفرانسەكەی كرد بەتایبەت ئەزموونی ئیستۆنیاو جەختیكردەوە كە پێكەوەكاركردن بەرهەمی باشی دەبێت‌و خواستی حكومەتی هەرێمیشی خستەڕوو بۆ هاوكاری‌و چارەسەركردنی كێشەكان لەبەر رۆشنایی ئەو ئەزموونانەو راشیگەیاند: «حەزدەكەین پێكەوە گەشەبكەین‌و پێكەوە چارەسەری كێشەكان بكەین، لێرە فێربووین قەبارەی وڵات گرنگ نییە، بەڵكو كارنامەو بەرهەم گرنگە».
پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی حوكمڕانیی ئەلكترۆنی ئیستۆنیا لەژێر دروشمی «ئامانجی هاوبەش‌و نەخشەڕێگەی جیاواز» بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی لەسەر بانگهێشتی رەسمیی حكومەتی ئیستۆنیا بەشداری لەكۆنفرانسەكەدا كردو یەكێك بوو لەمیوانە سەرەكییەكانی كۆنفرانسەكە، كە جگە لەیاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، زیاتر لە 100 وەفدی باڵای وڵاتان، لەكۆنفرانسەكەدا بەشداربوون.

قوباد تاڵەبانی: 50 هەزار فەرمانبەری وەهمی ئاشكرا بوون
لەبارەی كۆنفرانسەكەشەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاندووە: پێش ئەنجامدانی سیستمی بایۆمەتری نەماندەزانی كێ مووچەخۆرەو مووچە دەدەین بەكێ، ئەوەش سەرئەنجامی كۆمەڵێك كەموكورتی زۆر بوو، بەڵام دوای جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری ئێستا دەزانین چەند كارمەندمان هەیەو موچە بە كێ دەدەین و ئەوەش هەنگاوێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی سیستمی حكومەتی ئەلیكترۆنی‌و ئێستاش پێویستمان بەڕێكخستنەوەی مووچە و رێژەی میلاكاتی فەرمانگەكانەو هێشتاش هەنگاوی زۆرمان ماوە. وتیشی: بەهۆی سیستمی بایۆمەترییەوە 50 هەزار فەرمانبەری وەهمیان بۆ ئاشكرا بووە لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم، چونكە ئەو 50 هەزار كەسەی نەچوون بۆ خۆتۆماركردنیان وەك كارمەندی حكومەتی هەرێم بوون.

لە پۆستێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، قوباد تاڵەبانی، لەبارەی كۆنفرانسەكەوە، ئەوەی بڵاوكردۆتەوە «لە پانێلی ئەمڕۆ (22/5)ی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی حوكمڕانیی ئەلكترۆنی لەئیستۆنیا، تیشكم خستەسەر گرنگیی هەمواركردنەوەی یاساكان‌و گۆڕینی شێوازی بیركردنەوە وەك كلیلی سەركەوتن لەهەنگاونان بەرەو حوكمڕانیی ئەلكترۆنی». دەشڵێت «باسم لەوەشكرد هەرچەندە لەدۆخێكی دژوارو پڕ لەقەیرانی ئەمنی‌و سیاسی‌و ئابووری، هەنگاوەكانی حكومڕانیی ئەلكترۆنیمان لەكوردستان دەستپێكردو لەئێستاشدا لەمپەری گەورەمان لەبەردەمدایە، بەڵام بەسوودوەرگرتن لەئەزموونی وڵاتانی دیكەی وەك ئیستۆنیا، لەم ڕێگەیە تا گەیشتن بە ئامانج، بەردەوام دەبین‌و كۆڵنادەین».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پاراستنی ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دێڤد شینكەر یاریدەدەری ...