وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: ئه‌كره‌می میهرداد
به‌شی سێیەم و کۆتایی
6 – دیموكراسی : ئازادی ، یه‌كسانی :
له‌ساڵی 1843 و له نووسراوی (پرسی یه‌هود) ماركس ئازادی و ڕزگاربوونی سیاسی به هه‌نگاوێكی مه‌زن بۆ پێشه‌وه ده‌نرخێنێ ، كه دواهه‌مین شێوازی ئازادییه له ناو سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، به‌ڵام شێوازی كۆتایی نیه بۆ ڕزگاربوونی مرۆیی. به‌بێ گرنگیدان به‌هه‌ڵوێستی ماركس به‌رامبه‌ر دیموكراسی به‌مانای كۆمه‌ڵایه‌تی یان مرۆیی، ناتوانین گرنگی و مه‌به‌سته‌كانی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی ئه‌و بناسین، یه‌كێك له‌گرنگترین ئه‌و خاڵانهشه كه لاوازیی تیۆری بزاڤی سۆسیالیستی سه‌رده‌می ماركس نیشان ده‌دات، كه به‌رهه‌می دواكه‌وتوویی بزاڤی كرێكاری سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بوو. خودی پرس و باسه‌كانی دیموكراسی، به مانای ئه‌مڕۆی، داوامان لێده‌كات له‌شێوازه‌كانی چه‌مكی ئازادی مرۆیی و سیاسی و دیموكراسی باشتر بیربكه‌ینه‌وه‌و بۆ ئه‌ڵته‌رناتیفه جیاوازه‌كانیش وه‌ڵامه‌كان ئاماده‌بكه‌ین. بیروڕاكانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش بۆ ئازادیی مرۆیی و له‌نه‌یاری به‌رانبه‌ر چه‌مكی لیبرالیزمی نوێ سه‌باره‌ت به دیموكراسی، جیاوازی به‌یان ده‌كه‌ن. پرسه‌كانی ئێستای دیموكراسی و هه‌ڵوێسته‌كانی ره‌خنه به‌رانبه‌ر بهمۆدێرنیزمی سه‌رمایه‌داری ماركس به‌یه‌كێك له‌ڕه‌خنه‌گرانی مۆدێرنیی ده‌ناسێنن و ده‌بنه زه‌مینه‌و هۆكاره‌كانی په‌یدابوونی شێوازی جیاوازی دیموكراسی به‌رانبه‌ر گوتاری ڕه‌سمی و ده‌سه‌ڵاتداری دیموكراسی سیاسی و دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه.
ئاشنابوون به‌باوه‌ڕی ماركس ده‌رباره‌ی دیموكراسی و ئازادی مرۆیی توانا‌مان ده‌كات كهههڵوێستمان به‌رانبه‌ر په‌یدابوونی دیموكراسی میللی یان خه‌ڵكی له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕۆشنتر بكه‌ینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت تێگه‌یشتنی لینین و كۆمۆنیزمی ڕوسی و كۆمۆنیزمی چینی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ماركس نه‌ك یه‌كسان نین، به‌ڵكو ته‌واو جیاواز‌و نهیاریشن. ڕه‌خنه له‌بزافی ناسراو بهماركسیزم له‌سه‌ده‌ی بیست به‌جیا له‌چه‌مك و هه‌ڵوێستی لینین و لینیزم، كه خراپترین شێواز‌و هه‌ڵوێستی نهیاربووه له‌گه‌ڵ ماركس، ده‌بێته كارێكی مه‌حاڵ. سه‌رئه‌نجام تێگه‌یشتن له‌چه‌مكی ماركس بۆ دیموكراسی و ئازادی ده‌توانێ باشتر سه‌رچاوه‌و ڕه‌سه‌نی هه‌ژموونگه‌رایی و لیبرالیزمی نوێ و دیكتاتۆری، كه به‌ناوی دیموكراسییه‌وه كاریان ده‌كرد، ڕۆشنتر بكاته‌وه .
ڕه‌خنه‌ی ماركس له‌دیموكراسی سیاسی (یان وه‌كو خۆی ده‌ڵێ دیموكراسی بۆرژوایی) ته‌نها به‌شێك نیه لهبهدبینی و بێزاری سۆسیالیستێكی رادیكاڵ و شۆڕشگێڕ به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵی بۆرژوایی، به‌ڵكو له‌وه‌دایه كه ئه‌و بۆ ئه‌م ڕه‌خنه و نه‌یارییه بۆچوونی گرنگ و ڕوو له‌ئایینده‌ی هه‌یه كه ده‌بێت ئێمه بیزانین. داكۆكیكارانی دیموكراسی سیاسی، یه‌كسانی و مافه‌كانی مرۆڤ وه‌كو یه‌كسانی سیاسی و یه‌كسانی لهئهندێشهدا ده‌ناسێنن و له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا (یه‌كسانی هاووڵاتیان به‌رانبه‌ر یاسا) ئه‌و ئه‌نجامه به‌ده‌ستده‌هێنن كه له كۆمه‌ڵی مۆدێرندا ته‌واوی هاووڵاتیان یه‌كسانن. ماركس له‌گه‌ڵ ئه‌م حوكمه‌ی تیۆری لیبرالیزمدا نه‌بوو، په‌یگیری ئه‌و بۆ ئه‌وه‌بوو كه یه‌كسانی سیاسی ته‌نها یه‌كسانیه‌كی ڕووكه‌شه و نابێته یه‌كسانی واقعی و ڕاسته‌قینه، چونكه له كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داریدا كه خاوه‌نی چینه جیاواز‌و نه‌یار و دابهشكراوهكانه، یه‌كسانی ڕاسته‌قینه بوونی نیه. له‌كۆمه‌ڵی چینایه‌تیدا به‌شی سه‌ره‌كی سامانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ڕێگای دابه‌شكردنی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌به‌رده‌ستی خاوه‌ندارێتی كهمینهدایه، ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی كارناكه‌ن و زه‌حمه‌ت ناكێشن و هه‌موو هۆكاره‌كانی به‌رهه‌م هێنانیان لهدهستدایهو به‌رده‌وامن له‌چه‌وسانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵ. له‌م كۆمه‌ڵانه‌دا یه‌كسانی ڕاسته‌قینه به‌مانای یه‌كسانی مادی و یه‌كسانی لهسامانو ژیاندا نابینرێن. به‌بڕوای ماركس، دیموكراسی بریتیه له‌و كۆمه‌ڵه‌ی كه ده‌بێت زۆرترین سنوور‌و ژیانی یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی تیابهدهست بێت. خودی ئه‌و زۆرجار ئه‌م شێوازه له‌دیموكراسی به‌دیموكراسی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوده‌بات. ماركس وه‌كو ڕۆسۆ ڕه‌خنه‌ی له‌دیموكراسی ناڕاسته‌وخۆ، یان دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تیش گرتووه، چونكه له‌م جۆره دیموكراسیه‌دا خه‌ڵك ناتوانن به‌هره‌مه‌ندبن له‌ده‌نگ و نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌وخۆی خۆیان. ماركس (له‌سه‌ر زمانی ڕۆسۆ) ده‌ڵێت: من چۆن ده‌توانم ته‌نانه‌ت بۆ كاتێكی سنوورداریش ویستی خۆم به‌یه‌كێكی دیكه بسپێرم؟ چۆن ده‌توانم دڵنیابم به‌رانبه‌ر به‌هه‌ر بیر‌و هه‌ڵوێستێكی ئه‌و نوێنه‌رانه ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ بۆ من ڕۆشن نین و ته‌نانه‌ت هه‌ستیان پێناكه‌م، كه هه‌ڵوێست و بیری خۆیان نیه‌و داكۆكیه له‌من؟
له‌مێژووی دیموكراسیدا یه‌كێك له‌پرسه گرنگه‌كانی ئه‌وه‌بوو كه‌هه‌ردوو مانای دیموكراسی له‌پێش ساڵی 1848 كه‌ساڵی شۆڕشه گرنگه‌كانی دیموكراسی و ئازادییه له‌زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، په‌یوه‌ندی نێوان ئازادی و یه‌كسانی بووه. شێوازی یه‌كه‌می دیموكراسی دڵنیابوون بووه لهئازادییهكانی تاك و هاووڵاتیان، و حكومه‌تی به‌رپرسیاربووه له‌وه‌ی كه ئازادی مرۆڤ له مه‌ترسیه‌كان بپارێزێ. شێوازی دووه‌می دیموكراسیش دڵنیابوونه‌وه‌یه له‌یه‌كسانی، و بیرمه‌ندان و شاره‌زایان ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یان به‌ڕاستی به ئازاد‌و ئه‌و حكومه‌ته‌یان به‌شایسته‌ی ناوی دیموكراتی ناسیوه كه‌یه‌كسانی نێوان هاووڵاتیان دابین ده‌كات و ده‌یپارێزێ. گوزارشی دووه‌م بۆ دیموكراسی كه‌له‌ناو باڵی چه‌پی شۆڕشگێڕانی فه‌ره‌نساو په‌یڕه‌وانی بابۆفدا باوبووه، ڕیشه‌یان له‌ئه‌ندێشه‌ی ڕۆسۆدا بووه، كه سه‌ره‌ڕای په‌سه‌ندكردنی جیاوازییه سروشتیه‌كانی نێوان مرۆڤ ، دڵنیاییان له‌یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری تێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ كردووه.
به‌رامبه‌ر چه‌مكی دووه‌می دیموكراسی، كانت كه بێگومان به‌رامبه‌ر بیروڕای رۆسۆ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یاریی نه‌نواندووه، باسی یه‌كسانی و ئازادی كردووه‌و داوه‌رییه‌كی نوێی هێناوه‌ته‌دی. ئه‌و ده‌نووسێ كه بوونی نایه‌كسانیه‌كان له‌ناو خه‌ڵكدا سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه كهخراپن و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه باشن. به‌ڵام ئه‌لكسی دوتوكویل له كتێبی (له ئه‌مریكا) دا، دیموكراسی به‌مانا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی شیدهكاتهوهو له‌نێوان یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموكراسی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دیدگاكانی خۆی ده‌باته پێشه‌وه. له‌م باره‌شه‌وه ریمۆن ئارۆن نووسیویه‌تی: (توكفۆیل زاراوه‌ی دیموكراسی زیاتر بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ی شێوازێك له‌كۆمه‌ڵ به‌كارده‌هێنێ نه‌ك شێوازێك له‌ده‌سه‌ڵات … به‌بڕوای ئه‌و دیموكراسی بریتییه لهیهكسانكردنی هه‌لومه‌رجه‌كانی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵ. ئه‌و كۆمه‌ڵه دیموكراتیكه كهجیاوازییهكانی كار‌و پیشه وچینهكان تیایدا نامێنن و ته‌واوی تاكه‌كان له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیدا یه‌كسانن و ئه‌م یهكسانیهش (به‌بڕوای توكفویل) له‌بیروباوه‌ڕدا نیه كه‌كارێكی مه‌حاڵه‌و یه‌كسانیش نیه له‌باری ئابووریدا كه‌له‌لای ئه‌و زۆر سه‌خته. یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وه‌دایه كهجیاوازییه میراتی و سروشتیه‌كان نابێت له‌هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بمێنن و كاریان پێبكرێت، و هه‌موو كار‌و پیشه‌كان و هه‌موو پله‌و شایسته‌ییه‌كان ده‌بێت بۆ هه‌موان یه‌كسان بن) دیدگای بنه‌ڕه‌تی توكفۆیل له‌وه‌دایه كه یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و حكومه‌تی دیموكراتی ده‌بێت پێكه‌وه‌بن و هێنانه‌دی ئه‌م دوانه‌ش له‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌وجود (كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری) به‌ته‌واوی ده‌بێت . توكفۆیل بڕوای به‌و مه‌ته‌ڵه یان نهێنیه نه‌بوو كه رۆسۆ ده‌رباره‌ی دیموكراسی باسیده‌كرد: له‌نێوان یه‌كسانی سیاسی و هاووڵاتی له‌گه‌ڵ یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كه‌لێنێك هه‌یه.
ماركس به‌خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كانی ڕۆسۆ به‌و ئاكامه گه‌یشتبوو: له كۆمه‌ڵی بونیادنراو له‌سه‌ر بنه‌مای خاوه‌ندارێتی هه‌وڵدان بۆ یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ناچاریی له‌یه‌كه‌مین قۆناغه‌كاندا نابێته هۆی بوون و فراوانكردنی ئازادییه‌كان. ئه‌م پرسه له‌بیری ماركسدا جێگیربوو، به‌رده‌وام لهنووسینهكانیدا ده‌رئه‌كه‌وت و هه‌تا سه‌رئه‌نجام له نووسراوی (ڕه‌خنه‌ی به‌رنامه‌ی گۆتا) به‌ڕۆشنی به‌یانیكرد. شكستی سنووره‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌وجود، به‌هۆی خه‌باتی به‌رده‌وام بۆ هێنانه‌دی ئازادی، ئه‌و دهرسهبوو كه ماركس لهڕۆسۆ فێری بوو، كه بۆ باسه‌كه‌مان زۆر گرنگه. بیركردنه‌وه له‌چه‌مكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیموكراسی به‌ره‌و نیاز‌و پێویستی ئه‌و پرسه‌مان ده‌بات، كه لهبنهڕهوه ئازادی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا كۆناكرێنه‌وه یان هاوئاهه‌نگ نین. له‌یه‌كه‌مین نووسینه‌كانی ماركس، كه‌چه‌مكی دیموكراسی به‌هه‌مان مانای ده‌وڵه‌ت به‌كارده‌هێنێ، بۆ نموونه له‌نووسراوی (ڕه‌خنه له فه‌لسه‌فه‌ی هه‌قی هیگڵ)دا ده‌خوێنینه‌وه: (له‌سه‌رده‌می مۆدێرندا فه‌ره‌نسیه‌كان له‌وه تێگه‌یشتن كه‌له دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌دا، ده‌وڵه‌تی سیاسی له‌ناو ده‌چێت) له‌ڕاستیدا وێنای ماركس هه‌مان ئه‌و بۆچوونه‌یه كه ساڵانی دواتر له‌نووسراوه‌كانی ده‌رباره‌ی كۆمۆنی پاریس نووسیویه‌تی: نه‌مانی ده‌وڵه‌ت، په‌یدابوونی سه‌ره‌تاكان و هه‌لومه‌رجه پێویسته‌كان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی، خاوه‌ندارێتی گشتی هۆكاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌لایه‌ن به‌رهه‌مهێنه‌رانی هاوكار، فه‌راهه‌م ده‌كات. ئه‌م هه‌ڵوێسته به‌رامبه‌ر دیموكراسی، كه ماركس په‌یڕه‌وی لهڕۆسۆ ده‌كات، ناكۆكی سه‌ره‌كی له‌چه‌مكی دیموكراسیدا به‌یان ده‌كات و باوه‌ڕی به‌وه‌یه هه‌تا ئه‌و كاته‌ی لهزهمینهو سه‌رچاوه واقعیه‌كانی چالاكی ئابووریی كۆمه‌ڵی مۆدێرندا بونیادی نایه‌كسانی هه‌بێت، و پێشمه‌رجی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان بێت، ده‌وڵه‌ت وه‌كو هێزێكی هه‌ژمووندار بهسهركۆمهڵدا ده‌سه‌ڵاتداری ده‌كات، به‌ڵام له‌خزمه‌تی چینه ده‌وڵه‌مه‌ندو باڵاكاندا ده‌بێت، هه‌تا ئه‌وكاته‌ی كهدهوڵهت بوونی هه‌بێت ناتوانین باسی یه‌كسانی سیاسی بكه‌ین. ماركس وه‌كو ڕۆسۆ بڕوای به‌وه‌یه كه له‌كۆمه‌ڵی دامه‌زراو له‌سه‌ر نایه‌كسانیی خاوه‌ندار، ئازادی بێ سنوور زیاتر له‌خه‌ونێك نابێت و هێنانه‌دی سه‌خته. بڕوادارانی ئه‌م چه‌مكه (هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست) ناچار ده‌بن به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه بوه‌ستن كه خوازیاری سنوورداركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازادی و یهكسانیهكانن و له‌كرداردا ئازادی ئه‌وانیش سنووردار ده‌كه‌ن .
ماركس له ڕه‌خنه‌ی خۆی به‌رانبه‌ر په‌یڕه‌وی هیگڵ به‌و ئاكامه گه‌یشت و تا كۆتایی ژیانیشی هه‌روا بیری ده‌كرده‌وه: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی بۆ هۆكاره‌كانی بهرههمهێنانو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بنه زه‌مینه‌ی جێگیربوونی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ كه به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ڕابردوودا جیاوازه‌و له‌وێدا هه‌له‌كانی یه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ تاكه‌كان ده‌ڕه‌خسێن و سه‌رئه‌نجام به‌ده‌ستهێنانی ئازادی ڕاسته‌قینه فه‌راهه‌م ده‌بێت. پێش هێنانه‌دی ئه‌م ئامانجه، ماركس ده‌یه‌ویست بۆ دیموكراسیش هه‌مان مانای كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو خودی كۆمه‌ڵی چینایه‌تیدا به‌كاربهێنێ. ئه‌و به‌ده‌ستهینانی یه‌كسانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی له‌كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داریدا به‌مه‌حاڵ یان نامومكین ده‌بینی، یان ده‌یوت دیموكراسی به‌مانا كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كه‌ی، كه مه‌به‌ستی یه‌كسانیه، له‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵ و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی سه‌رمایه‌داریدا نایه‌ته‌دی.
سه‌رده‌مێك پێش ماركس، ئادام فێرگسۆن به‌ڕاشكاوی نووسیبووی: به‌هۆی سیسته‌می كار له‌كارگه‌كان و هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو جیاوازییه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییانه، ئیدی باسی مرۆڤی ئازاد له‌كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی هاوچه‌رخدا شتێكی زیاتر له گاڵته نیه. فێرگسۆن له‌كتێبی (مێژووی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی) ده‌نووسێ: (ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كمان له‌كۆیله دروست كردووه‌و خاوه‌نی هاووڵاتیانی ئازاد نین) . ئه‌م وته‌یه بڕوای بیرمه‌ندێكی سۆسیالیست نه‌بوو، به‌ڵكو فه‌یله‌سوفێكی لایه‌نگری دێڤید هیۆم و جان لۆكه.
ماركس له‌دوای شكستی شۆڕشه‌كانی 1848، دیموكراسی به‌مانای قۆناغی تێپه‌ڕبوون له‌كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری بۆ كۆمه‌ڵی ئایینده ده‌بینی، و بڕوای به‌بوونی ده‌وڵه‌تی دیموكراتی بۆرژوایی نه‌بوو. پێشتریش ئه‌نگلز له‌ساڵی 1845 و له‌گوتاری (نموونه‌ی كوشتارێكی نوێ له‌ئه‌ڵمان)دا نووسیبووی: (دیموكراسی و كۆمۆنیزم، هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌چینی كرێكاره هه‌بێت، یه‌ك ما‌نایان هه‌یه). مه‌به‌ستی ئه‌نگلز له‌دیموكراسی، كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه له‌ده‌ستی زۆرینه‌ی خه‌ڵك، بۆ هێنانه‌دی ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی. (شۆڕشی دیموكراتی به‌ته‌واوی به‌مانای شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی پرۆلیتاریا دێت). ته‌نانه‌ت پارێزه‌ران و داكۆكیكارانی دیموكراسی بۆرژواییش بانگه‌وازی ئه‌وه ناكه‌ن كه‌دیموكراسی به‌هه‌مان مانای یه‌كسانی ته‌واوی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت، و ناڵێن كهبهرقهراركردنی ئه‌م شێوه‌یه له‌ئازادی و یه‌كسانی سیاسی و ئه‌م سیسته‌مه سیاسیه‌ش، نایه‌كسانیه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ناو ده‌به‌ن. هه‌ركاتێك دیموكراسی به‌مانای یه‌كسانی ته‌واو و ڕه‌های تاكه‌كان بناسین، یان به‌یه‌كسانی ته‌واوی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یری بكه‌ین، ئه‌و كاته ناتوانین نكۆلی بكه‌ین كه له‌هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئێستای دیموكراتدا‌و له‌هیچ ئه‌زموونێكی دوای ماركس به‌ده‌ست نه‌هاتووه .
به‌ڵام هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌خه‌باتی دیموكراتیك یان داكۆكی له‌ئازادی هه‌بێت دیدگا‌و هه‌ڵوێستی ماركس ئه‌وه‌بوو كه‌ده‌بێت چینی كرێكار‌و سۆسیالیسته‌كان له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی دیموكراتی و داكۆكی له‌ئازادی خه‌بات بكه‌ن و پرۆلیتاریا ئه‌گه‌ر هه‌مووان ڕزگارو ئازاد نه‌كات ناتوانێت خۆشی ئازاد بێت. مه‌رجی دووه‌می سامان‌دان به‌م خه‌باته بۆ ئازادی و دیموكراسی له‌وه‌دایه كه‌چینی كرێكار بتوانێت دروشم و ئامانج و ڕێنمای سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت و له‌دیموكراسی و ئازادی ڕووكه‌ش یان ته‌نها (سیاسی) بۆرژواكان خۆی جیابكاته‌وه‌و به‌ره‌ی دیموكراسی و ئازادی به‌مانای یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری سازمان بدات و بیباته پێشه‌وه. وێڕای ئه‌وانه‌ش ماركس ئازادی سیاسی و ئه‌ندێشه وبه‌یان به‌بوونی پۆزه‌تیف یان زه‌مینه‌ی گونجاوی ئازادی ده‌ناسێنێ، و ئازادی به‌مه‌رجی سروشتی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی ده‌زانێ.
خه‌بات بۆ ئاڵوگۆڕی دیموكراسی و ئازادیی سیاسی به‌ره‌و دیموكراسی و ئازادی به‌مانای یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری یان هه‌روه‌كو خودی ماركس ده‌ڵێت هێنانه‌دی ئازادی مرۆیی و به‌ده‌ستهێنانی مرۆڤایه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه، له‌سه‌رده‌می مهوجودو له كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داریدا به‌وه ده‌بێت كهزهمینهو ئامرازه سیاسییه‌كانی بۆرژوای بگۆڕێت بۆ زه‌مینه‌و سه‌رچاوه مرۆییه‌كانی خه‌بات بۆ ژیان و ئایینده‌یه‌كی باشتر. ماركس له‌ساڵی 1880 و (له‌پێشه‌كی به‌رنامه‌ی پارتی كرێكارانی فه‌ره‌نسا) نووسی : (ته‌رخانكردنی گشتی – ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان – بۆ پرۆلیتاریا ده‌بێت له‌ڕێگای ته‌واوی ئه‌و ئامڕازانه‌وه بێت كه له‌ده‌ستیدایه. له‌نێوان ئه‌م هۆكارانه‌دا مافی ده‌نگدانی گشتیه كه‌ده‌بێت له‌شێوازی هه‌تا ئێستای، كهئامرازی سه‌ركوت‌و فریوی چینی ده‌سه‌ڵاتداره، بگۆڕێت بهئامرازی ڕزگاریی چینی كرێكار) و ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌كات كهههلی گه‌یشتن به‌سۆسیالیزم به‌سوود وه‌رگرتن له ئامرازی یاسایی و ئاشتی خواز ڕه‌ت ناكه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌كۆنفرانسی ئه‌نترناسیۆنالی یه‌كه‌می ساڵی 1872 له‌ئه‌مستردام باسكرد، له‌وێدا ماركس به‌ڕۆشنی باسی سێ وڵاتی ئه‌مریكا، به‌ریتانیاو هۆڵاند ده‌كات كه‌خه‌باتی یاسایی و ئاشتییانه بۆ كرێكاران و ئه‌نترناسیۆنال شێوازی سه‌ره‌كی خه‌باته، چونكه له‌و سێ وڵاته‌دا هۆكاره‌كانی خه‌باتی ئازادی و سیاسی و ئاشتیانه به‌ده‌ست هاتون یان (فه‌راهه‌م كراون !). به‌ڵام وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وسا كه‌ئه‌م ماف و ئازادییانه‌ی تیا نه‌بوون، خه‌بات ڕێگا و ڕێساكانی دیكه‌ش به‌ده‌ست ده‌هێنێ.
7 – مرۆڤ باوه‌ڕی له‌لای ماركس :
رایا دۆنایفسكایا پێش سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ئه‌وكاته‌ی خه‌ریكی سازدانه‌وه‌ی تیۆری سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی بوو وه‌كو قۆناغێكی نوێی سه‌رمایه‌داری جیهانی، توانی ده‌ستنووسه‌كانی ماركس كه‌ئێستا به‌ناوی (ده‌ستنووسه ئابووری و فه‌لسه‌فیه‌كانی 1844) ناسراون بخوێنێته‌وه. ئه‌و به‌سه‌ختی كه‌وته ژێركاریگه‌ریی ئه‌م نووسینانه‌و یه‌كه‌مین كه‌سیش بوو كه‌بۆ زمانی ئینگلیزی وه‌رگێڕا. به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێك لهماركسیستهكانی ئه‌و سه‌رده‌مه كه‌بڕوایان وابوو مرۆڤ باوه‌ڕیی ته‌نها به‌شێكه له‌نووسینه‌كانی سه‌رده‌می لاوێتی ماركس، دۆنایفسكایا ئه‌م مرۆڤ باوه‌ڕییه‌ی به‌پرسی بڕیارده‌ری ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌ی ماركس زانی و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش له (كۆمۆنیزمی) سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی جیای كرده‌وه.
ئێمه له‌سه‌رده‌مێك ده‌ژین كه (كۆمۆنیزمی) سیاسی و ڕه‌سمی شكستیان هێناوه، سه‌رمایه‌داری خۆی به پیرۆز‌و سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێ و هه‌ندێك لهچهپهكانیش ماركسیزم به‌مردوو ده‌زانن. به‌ڵام فه‌لسه‌فه یان دیدگای مرۆڤ باوه‌ڕی ماركس چرای ڕێنماییه كه ده‌توانێ بونیادی ڕژێمه تۆتالتیارهكانی سۆفیه‌ت و چین‌و سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاواش بخاته‌به‌ر ڕه‌خنه و بیسه‌لمێنێ كه‌ڕه‌خنه‌ی ماركس له‌سه‌رمایه‌داری دروسته و ئه‌و ئهڵتهرناتیفهی ئه‌و بۆ سه‌رمایه‌داری ده‌یخاته ڕوو هێشتا زیندووه. گرنگی‌و كاریگه‌ری شیكردنه‌وه‌كانی رایا دۆنایفسكایا له كتێبی (ماركسیزم و ئازادی) كه یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 1958 له ئه‌مریكا چاپكراو تائێستا چه‌ندین جار چاپ كراوه‌ته و به‌زمانه‌كانی ژاپۆنی، فه‌ره‌نسی ، ئیتاڵیایی ، ئیسپانیا و چینی چاپكراوه‌و تازه‌ترین چاپیشی له‌ساڵی 2000 به‌زمانی ئینگلیزی بوو، كه له‌وێدا چه‌مكه جوان و مرۆڤ باوه‌ڕه‌كانی ماركس لهدهستنووسهكانی 1844 و گرۆندریسهو به‌شی یهكهمو دووه‌می كتێبی (سه‌رمایه) ده‌بنه ڕه‌خنه‌و ئاسته‌نگ بۆ سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی به‌ناو كۆمۆنیستی و سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوا. ئه‌و بونیادی دیاله‌كتیكی و مرۆڤ باوه‌ڕی ته‌واوی ڕه‌خنه‌ی ماركس له‌ئابووریی سیاسی ده‌خاته به‌رنامه‌ی كاره‌وه. ئه‌وه‌ی كه ماركس به(به‌رهه‌مهێنانی به‌ها) یان گۆڕینی كاری زیندووی (دیاریكراو) به‌كاری مردووی (موجه‌ره‌د _ دابڕاو) له‌ڕێگای (كاتی پێویستی كۆمه‌ڵایه‌تی كار) ده‌یناسێنێ، چه‌مكێك بوو كه ماركس به (تایبه‌تمه‌ندی جیاكه‌ره‌وه‌ی) سه‌رمایه‌داری ده‌زانێ و دۆنایفسكایا له‌وه دڵنیامان ده‌كاته‌وه كه ئه‌م شێوازه‌ی كار ماهیه‌تی سه‌رمایه‌داری هه‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌لمێنێ، جا ئه‌و كۆمه‌ڵه خۆی به‌سه‌رمایه‌داری بزانێ یان نه‌زانێ. ئێمه له سه‌رده‌مێك ده‌ژین له‌لایه‌ك سه‌رمایه‌داری خۆی بێ ڕكابه‌ر ده‌زانێ و له‌لایه‌كی دیكه‌ش ڕژێمی به‌رهه‌مهێنانی به‌هاكان به‌هۆی كاری لهخۆبێگانهكراو یان (دابڕاو) كهبنهماكهی (كاتی پێویستی كۆمه‌ڵایه‌تی كاره) هه‌رچی زیاتر‌و خێراتر ئه‌نجام ده‌درێت، زۆرترین مرۆڤه‌كانی زه‌وی به‌ره‌و هه‌ژاری ونامۆبوون بردووه‌و ژینگه‌ی جیهانیشی خستۆته بۆسه‌ی نابوودبوونهوه گه‌ڕانه‌وه بۆ دیدگا‌و وینای ماركس له سه‌رمایه‌داری و ئه‌و ئهڵتهرناتیفهی كه‌به‌رامبه‌ری ده‌یخاته‌ڕوو، بۆ ئێمه كه شكست‌و نابوودی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تمان به‌ناوی كۆمۆنیزمه‌وه بینی، كارێكی گرنگ‌و زیندووه.
هێربرت ماركیوزهی فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندی په‌یڕه‌وی فرانكفۆرت ئه‌و كه‌سه بوو كهپێشهكی ساڵی 1957ی بۆ كتێبی (ماركسیزم و ئازادی) نووسی و ڕه‌نگ بێت ئه‌و له‌و بیرمه‌نده باشانه بێت كه‌له‌سه‌ر دیدگای مرۆڤ باوه‌ڕی ماركس بڕوای خۆی نووسیبێ : (زۆر كه‌س بڕوایان وایه نووسینه فه‌لسه‌فییه‌كانی ماركس كه پێش ڕه‌خنه‌كانی بوون له‌ئابووری سیاسی، زه‌مینه‌سازی ئابووری و سیاسه‌تی ماركسی بوون. پاش سه‌رده‌مێكی درێژ لهفهرامۆشی یان نه‌زانین، ئه‌م نووسینه فه‌لسه‌فییانه له ده‌یه‌ی 1920 و به‌تایبه‌تی له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌قی ته‌واوی (ئایدیۆڵۆژی ئه‌ڵمانی) و (ده‌ستنووسه ئابووری و فه‌لسه‌فییه‌كان) كه‌وتنه مه‌یدانی باس و گرنگیدان. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا هێشتا یه‌كسانكردنی (قۆناغی) فه‌لسه‌فی له‌گه‌ڵ (قۆناغی) ئابووری و سیاسی‌دا تیۆری ماركسی ڕۆشن نه‌كرده‌وه (و له‌وانه‌شه به‌پێی پێویست نه‌یتوانیبێت ڕۆشنی بكاته‌وه، چونكه گرنگترین بازنه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو قۆناغه مانای (گرۆندریسه، بنه‌ماكانی ڕه‌خنه‌ی ئابووری سیاسی 1857 – 1858) كه سه‌ره‌تا له‌ساڵانی 1939 و 1941 بڵاوبوونه‌وه، هێشتا نادیاربوون) .
ڕوانگه‌ی مرۆڤ باوه‌ڕی ماركس (له‌دوای سه‌رده‌می ناوبراو) نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌یان سه‌لماند كهئابووریو سیاسه‌تی ماركسی به‌ته‌واوی فه‌لسه‌فین، به‌ڵكو فه‌لسه‌فه‌ش له‌سه‌رتای ئابووری‌و سیاسه‌ته‌وه دێت، یان ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فی بۆ مرۆڤ ده‌كرێته به‌رنامه یان میتۆدی تێگه‌یشتن له‌سیاسه‌ت و ئابووری ماركسی. تیۆری ماركس له‌ژێر كاریگه‌ریی دیاله‌كتیكی مێژوویی‌دا ده‌رئه‌كه‌وێت و ڕۆشن ده‌بێته‌وه‌و به‌ئاكام ده‌گات و سه‌ره‌تاكه‌شی ناسین و تێگه‌یشتنی هه‌لومه‌رجه‌كانی كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌دارییه. چه‌مكی ماركس بۆ بونیادنانی فه‌لسه‌فی مرۆڤ باوه‌ڕی له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات كه: كۆمه‌ڵی ئێستا (سه‌رمایه‌داری) و (دیموكراسی) پێشمه‌رجه‌كانی بوونێكی مرۆڤانه‌ی ئازاد‌و عهمڵانی فه‌راهه‌م ده‌كات، به‌ڵام بۆ خۆی ڕێگره له‌به‌دیهێنانی ئازادی و عه‌قڵ، چونكه سوودوه‌رگرتنی خراپی باو‌و ده‌سه‌ڵاتدار له‌زاراوه‌ی (ئازادی) ڕێگری سوود وه‌رگرتنی باشه له‌م چه‌مكه. ماركس بڕوای به‌وه‌یه كه‌كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری پێشمه‌رجه‌كانی ژیانی بێ ڕه‌نج و زه‌حمه‌ت، هه‌ژاری، بێدادی و نا ئارامی فه‌راهه‌م ده‌كات و له‌هه‌مان كاتیش‌دا ره‌نج و زه‌حمه‌ت، هه‌ژاری، بێدادی و نائاسووده‌یی به‌رده‌وام ده‌كات.
ماركس (به‌های) ئه‌م ئامانجه‌ی نه‌خسته ژێر پرسیار‌و گومان، ئه‌و (مرۆڤ باوه‌ڕی) وه‌كو فه‌لسه‌فه‌یه‌ك له‌ناو فه‌لسه‌فه‌كانی دیكه‌دا نه‌خسته‌ڕوو، به‌ڵكو به‌ناونیشانی هه‌لومه‌رجی واقعی و مێژوویی یان شێوازێك له‌شایسته‌یی مێژوویی و مرۆیی كرده ڕێبازی خۆی: هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هێنانه‌دی (تاكی به‌هره‌مه‌ندی هه‌مه‌لایه‌نه) له‌كاتێكدا دێته دی كه هه‌لومه‌رجه‌كانی بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ڕێگرن له‌م ئامانجه، ئاڵووگۆڕیان به‌سه‌ردا بێت. ماركس (به‌ها)ی كۆمه‌ڵی مرۆیی (سۆسیالیزم) وه‌كو ڕێبه‌ری ئه‌ندێشه‌و كار په‌سه‌ند ده‌كات، به‌و شێوازه‌ی كه‌به‌های سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی ده‌بنه پێوه‌رێك یان ڕێنماییه‌ك بۆ دیاریكردنی نه‌خۆشی و چاره‌سه‌ركردن. تیۆری ماركسی، ئابووری سیاسی و سه‌رمایه‌داری (له‌ناوخۆیدا و بۆ خۆی) باس شیكردنه‌وه نه‌كردووه، به‌ڵكو به‌پێی پێوه‌رێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕژێمه شیده‌كاته‌وه، واته به‌پێی ئه‌و توانا و ئه‌گه‌ره مێژووییانه كه‌ده‌بنه ئامانجه واقعی و ڕاسته‌قینه‌كانی كاروخه‌بات. بیروڕای ماركس وه‌كو تیۆرێكی ڕه‌خنه‌گرانه له‌سه‌ره‌تاوه هه‌تا كۆتایی له‌دوو ڕهههندایه: شیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی ئێستا له‌به‌رنبه‌ر توانا‌و هێزه بابه‌تی و مێژووییه‌كانی خودی كۆمه‌ڵ. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه و له‌یه‌كێتی نێوان فه‌لسه‌فه‌و ئابووریی سیاسی‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت. فه‌لسه‌فه‌ی ماركسی و ڕه‌خنه له‌ئابووری سیاسی (له ڕووانگه‌ی ئابووریی مرۆڤایه‌تییه‌وه) و هه‌ر یه‌كێك له چه‌مكه ئابوورییه‌كان بۆ خۆیان چه‌مكی فهلسهفیشن .. بڕوای ماركس بۆ ئازادی و مرۆڤ باوه‌ڕی نیشانی ده‌دات هونه‌ری ترین و زیره‌كترین شیكردنه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌و له‌ره‌وتی به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوگۆڕی كاڵاییدا به‌ئه‌ندازه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌و له هیگڵ و تێزه‌كانی ده‌رباره‌ی فیورباخ بڕوادارو پابه‌نده به فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤ باوه‌ڕی .
ئایدیای (مرۆڤ باوه‌ڕی) ته‌نها خواستگاو ئامانجی تیۆری ماركس نیه، به‌ڵكو گه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ئه‌وه‌و ئه‌وه‌شمان نیشان ده‌دا كه توخم‌و پرسه ڕیشه‌ییه‌كانی ئازادیخوازی و ئانارشیستی (دژه ده‌سه‌ڵاتی) ئه‌و تیۆره‌یه به‌ئاشكرا ده‌رئه‌كه‌ون. سۆسیالیزم خۆی نه‌ك له‌ڕزگاری و سازماندانی كاردا ده‌بینێ، به‌ڵكو له (هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی) یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كاردایه. تائه‌وكاته‌ی كه خه‌باتی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌سروشت به‌دیهێنه‌ری ڕه‌نج و ئازاربێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی نیازه‌كانی ژیان، ئه‌وه‌ی كه له‌م زه‌مینه و قهڵهمڕهوهدا له‌ئاكامدا به‌ده‌ستدێت، ته‌نها ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕاسته‌قینه‌ی عه‌قڵانیه‌تی كاره. له‌قۆناغی پیشه‌سازی پێشكه‌وتوودا، جێگیركردنی ئه‌م پرسه ته‌نها) یه‌ك پرسی سیاسییه. به‌بڕوای ماركس ئه‌م كێشه‌یه ده‌بێت بهشۆڕشێك چاره‌سه‌ر بكرێت كه ڕه‌هه‌ندی به‌رهه‌مهێنان بخاته كۆنترۆڵی گشتی (به‌رهه‌مهێنه‌رانی ڕاسته‌خۆ). به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئازادی نییه، ئازادی هه‌مان ئه‌و ژیانه بێ ڕه‌نج و ئازار‌و نائارامیهیه: یاریی تواناییه‌كانی مرۆڤه. به‌ده‌ستهێنان و به‌ئاكام گه‌یاندنی ئازادی پرسی زه‌مان و كاته: كه‌مكردنه‌وه‌ی كاتی كاری ڕۆژانه بۆ كه‌مترین ڕاده كه چه‌ندایه‌تی ده‌گۆڕێت به‌چۆنایه‌تی. كۆمه‌ڵی سۆسیالیستی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه كه‌له‌وێدا كاتی ئازاد‌و نه‌ك كاتی كار ده‌بێته پێوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی سامان و ڕه‌هه‌ندی بوونی مرۆڤ (تاك).
ماركس له‌كتێبی گرۆندریسهدا ده‌ڵێت: (ئابووری ڕاستینه پاشه‌كه‌وت كردن بریتییه لهدهستگرتنهوه له‌كاتی كاردا، به‌ڵام ئه‌م پاشه‌كه‌وته له‌گه‌ڵ ته‌كامولی داهات هێنه‌ردا یه‌كسانه. له‌به‌ر ئه‌وه به‌دڵنیایی چاوپۆشین نیه له‌چێژ، به‌ڵكو گه‌شه‌ی تواناكانی به‌رهه‌مهێنان و به‌ئاكام گه‌یاندنی توانا‌و هۆكاره‌كانی چێژ‌و خۆشی ده‌بنه پێوه‌ر. توانای به‌هره‌مه‌ندی بۆ چێژ‌و خۆشی مه‌رج و پێوه‌ره بۆ خودی چێژ‌و خۆشی وه‌رگرتن و ئه‌م توانایه‌ش بریتیه له‌هه‌مان گه‌شه‌و توانایی تاك و داهاته‌كان. پاشه‌كه‌وتی كاتی كار به‌مانای زیاد بوونی كاتی ئازاده، واته ئه‌و كاته‌ی بۆ گه‌شه‌و ته‌كامولی تاك پێویسته.
مه‌زنترین هێزی به‌رهه‌مهێنان ئه‌و هێزه‌یه كه له‌سه‌ر داهاته‌كانی كار كاریگه‌ر ده‌بێت .. له‌و كاته‌دا كار ناتوانێ یان نابێت له‌دژایه‌تی دابێت له‌گه‌ڵ كاتی ئازادی تاكه‌كان – به‌پێچه‌وانه‌ی دیدگای ئابووری ناسانی بۆرژوایی كه به‌رهه‌م و كاتی كار به‌دوژمن ده‌ناسن. به‌لای ئه‌وان كار ناتوانێ ببێت به شێوازێكی خۆشی… و كاتی ئازاد كه كاتی تایبهتیو خۆشیی یه بۆ تاك و چالاكییه‌كی واڵاتره، و به‌رهه‌مه‌كه‌شی بهبكهری جیاواز و ئازاد ئاڵوگۆڕ ده‌كات) .
ئه‌مه وێنای كۆمه‌ڵێكه كه (كار)ی تاك له‌گه‌ڵ كاتی ئازادی ئه‌ودا ناكۆك نین و ده‌بنه ناونیشانی سه‌رده‌مێك كه هه‌ردووكیان (واته كار و كات) هی تاكن . له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕه‌وتی به‌رهه‌مهێنانی نیاز‌و پێویستییه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵ و ڕێكخستنی تاكه ئازاده‌كاندا، هه‌لومه‌رج و هۆكاره‌كانی به‌كارهێنانی ئازادی به‌مه‌به‌ستی (هێنانه‌دی خۆشی) فه‌راهه‌م ده‌كات. ئه‌گه‌ر سۆسیالیزم مه‌رجدار بێت به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی كاری (ته‌واو پێویست) تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی نێوان كاتی كار‌و كاتی ئازاد‌و خۆشییه‌كانی ژیان گرنگتر‌و باڵاتر ده‌بن له كاتی كار‌و دابینكردنی ژیان و ژیانكردن پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه ، واته كاتی ئازاد‌و خۆشیه‌كانی ژیان گرنگتر‌و باڵاتر ده‌بن له‌كاتی كار‌و دابینكردنی ژیان. له‌و كاته‌دا سۆسالیزم پێویستی به به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازییه‌كی پێشڕه‌وه تاباڵاترین ئاستی ته‌كنه‌لۆژی و زانستی، بۆیه تێگه‌یشتنی ماركس له‌شۆڕشی سۆسیالیستی له‌حوكمی ڕووداوی كۆتاییه له‌سه‌رمایه‌داری پێگه‌یشتوو. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان سه‌رمایه‌داری و پیشه‌سازی كردنی پێشكه‌وتوو ته‌نها یه‌ك په‌یوه‌ندیی ته‌كنیكی – ئابووری نیه، به‌ڵكو وابه‌سته‌یه له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنی ئه‌و به‌شه له‌توانا مرۆیییهكان كه‌ده‌بنه هۆی گه‌شه‌ی مرۆڤی ئازاد (یان به‌ده‌ربڕینی ماركس فره‌لایه‌ن)و به‌تایبه‌تی ده‌بنه هۆی گه‌شه‌ی (هۆشیاری). له تیۆری ماركسدا زاراوه‌ی و هۆشیاری مانای ناوه‌كی و تایبه‌تی هه‌یه كه‌مرۆڤ والێده‌كات ئاگای لهتواناییهكانی كۆمه‌ڵ‌و ڕێگری و سه‌ركوته‌كانی ئه‌و توانا‌و هێزانه بێت یان ئاگادار بێت له‌جیاوازی نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه سهربهخۆو ڕاسته‌قینه‌كان .
به‌م شێوه‌یه هۆشیاری ده‌بێته ئاگایی شۆڕشگێڕانه كه (نه‌فیكردنی دیاریكراوه) بۆ كۆمه‌ڵگای ده‌سه‌ڵاتدارو به‌مانا تهواوهكهشی ده‌بێته هۆشیاری سۆسیالیستی.
گه‌شه‌ی هۆشیاری له‌م چه‌مكه‌دا پێویست بوونی مافه یاساییه‌كانی مه‌ده‌نی و سیاسی وه‌كو ئازادی ئه‌ندێشه‌و به‌یان و ئازادی كۆبوونه‌وه‌و ڕێكخراوبوون، ئازادی چاپه‌مه‌نی ده‌كاته ئه‌و نیازه گرنگه‌ی كه‌كۆمه‌ڵی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری بتوانێ فه‌راهه‌میان بكات. دڵنیایی ماركس له‌سه‌ر تیۆر‌و ڕێبازی دیموكراسی وه‌ك قۆناغی پێشه‌كی و زه‌مینه‌ی سۆسیالیزم، و نه‌ك وه‌كو سه‌رپۆش یان (زمانی ره‌مزی)، و تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ش گرنگ و شایسته‌یه وه‌كو چه‌مكێكی بونیادی كه‌جیاوازی نێوان دیموكراسی (بۆرژوایی) و دیموكراسی سۆسیالیستی له‌گرنگی ئه‌م تیۆره كه‌منابێته‌وه.
دیاله‌كتیكی مێژوویی كه تیۆری و كار، فه‌لسه‌فه‌و ئابووری سیاسی پێكه‌وه ده‌به‌ستێ، و سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیزمیش په‌یوه‌ندار ده‌كات. به‌بڕوای رایا دۆنایفسكایا ئه‌و هێزه یه‌كێتی به‌خشه‌یه (نه‌ك ڕژێمیكی جه‌زمی) كه‌ده‌بێته ناسین و هۆشیاری بۆ په‌یجوری مێژوویی. ئه‌وكاته گه‌شه و پێگه‌یشتنی خودی ماركسیزمیش له‌تیۆری وكاردا ده‌بێته پابه‌ندی ئه‌م پهیجوره. سۆسیال دیموكراسی له‌لایه‌ك و لینیزم و ستالینیزمیش له‌لایه‌كی دیكه ده‌بێت به‌پێی كاریگه‌ریی مێژوویی نێوان تیۆری و پراتیك داوه‌رییان له‌سه‌ر بكرێت. ڕێبازی ماركس یان دیاله‌كتیكی مێژوویی به‌و ڕاده‌یه تێده‌كۆشێ كه (سروشت باوه‌ڕی ته‌واو یان باوه‌ڕی ڕاستینه چۆن خۆی لهئایدیالیزم و ماتریالیزمیش جیاده‌كاته‌وه و له‌هه‌مان كاتیش‌دا حه‌قیقه‌تی یه‌كێتی به‌خش هه‌ردووكیانه) بۆیه ماركس یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفه كه لهسنووردارییهكانی فه‌لسه‌فه فراوانتر ده‌ڕوات و له‌دیدگای ژیانی كرده‌یی و نیازه زیندووه‌كانی مرۆڤه‌وه پرسی بونیادی فه‌لسه‌فه وه‌كو ڕه‌وشێكی به‌ڕاستی زانستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه‌و ناسینی جیهانی واقعی شیده‌كاته‌وه. سه‌رئه‌نجام ماركس له‌سنووره‌كانی فه‌لسه‌فه‌و ئایدیالیزم و ماتریالیزم و سیاسه‌ت… هتد فراوانتر ده‌ڕوات و میتۆد‌و بڕوای خۆی له‌سه‌ر حه‌قیقه‌ت و نیازه‌كانی مرۆڤ داده‌نێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وكاره بوو كه ئه‌وانه‌ی دوای خۆی به‌ناوی ماركسیزم و لینیزم و سۆسیال دیموكراسی و چی و چی نه‌یانكرد. له‌كاتێكدا ماركس له‌ژیانی زیندوو و نیازه كرده‌ییه‌كاندا خه‌بات و بیریاری ده‌كرد، ئه‌وان مرۆڤیان له‌چوارچێوه‌ی چه‌مك و بیروباوه‌ڕ و ئایدیۆجیاكاندا ئه‌سیر ده‌كرد.
445 جار بینراوە