سەرەکی » مانشێت » کاتێک ئینسان لە ئەخلاق دادەبڕێت بۆ عەرەبە هاوردەکانی کەندێناوە

لە بەرەنگاریی تەعریبدا

کاتێک ئینسان لە ئەخلاق دادەبڕێت بۆ عەرەبە هاوردەکانی کەندێناوە

شێرکۆ کرمانج

10 ساڵ پێش ئێستا لە تێزی دکتۆراکەم پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە عەرەبە هاوردەکان (عرب التعریب) هیچ وابەستەگییەکی رۆحی بەو خاکەوە نایانبەستێتەوە کە هێنراون بۆی. تێزەکە بەدەستکارییەوە لە توێی کتێبك بە ناونیشانی «Identity and Nation in Iraq» لە ئەمریکا بڵاوبۆوە، دواتریش لەلایەن دەزگای ئاراس‌ و دار الساقی کرا بە عەرەبی‌ و بڵاوکرایەوە، پاشانیش بۆخۆم کتێبەکەم بە دەستکاریی زیاترەوە کرد بە کوردی بەناوی «شوناسی عیراق» لە دەزگای سەردەم بڵاوکرایەوە.
ئەمڕۆ ئەو عەرەبە هاوردانەی کە ماوەیەکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی کە کاتی خۆی لە کەندێناوە لەلایەن حکومەتە خۆشەویستەکەی عیراقچییەکانی ئەمڕۆو دوێنێ بۆیان تەرخانکرابوو، لەگەڵ کوردانی ئەو ناوچەیە بە سەرپەرشتی فەرماندەی هێزەکانی ناوچەی مەخموور کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا عەرەبەکان داوایان کردبوو کە دەبێت کوردەکان لە بەروبوومی کشتوکاڵی ناوچەکە بێ بەشیان نەکەن‌ و بیانکەن بە برابەش. دیارە کوردەکان شێرانە داواکەی عەرەبەکان‌ و فەرماندەی هێزەکانی عیراقیان لە ناوچەکە رەتکردۆتەوە.
ئەم داوایەی عەرەبەکان‌ و فەرماندەکانی سوپای عیراق پێش هەموو شتێک بێ ئەخلاقی ئەو فەرماندەیەی سوپا و ئەو عەرەبە هاوردانە دەسەلمێنێ کە بەشێکیان لە رۆژانی هاتنی داعش لە کوردستان ئاوارەبوون‌ و خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ کردبوونەوە و ئەم نووسەرە لە چەند نووسینێکی فەیسبوکی بەرگریی لێیان دەکرد.
دواتر پشتڕاستی ئەو ئارگیومێنتە دەکات کە من 10 ساڵ پێش ئێستا خستومەتەڕوو کە تێیدا گوتم عەرەبە هاوردەکان تەنیا چاوچنۆکی بەو خاکەیانەوە دەبەستێتەوە کە چەندین دەیە داگیریان کردبوو.*
لێرە بۆ نیشاندانی ئەو ئارگیومێنتەی کە 10 ساڵ پێش ئێستا خستمەڕوو بۆ سەلماندنی ئەوەی کە عەرەبە هاوردەکان لە چاوچنۆکی هیچی دیکە زیاتر نایانبەستێتەوە بە خاکی کوردستان، بەشێک لەو بەڵگانەی لە تێزەکەم‌ و لە کتێبەکانم بەکارمهێنابوون دەخەمەوە ڕوو، بە کورتی لەوێدا وتم:
بەگشتی، سیاسەتی حکومەتەکانی عیراق لە پەیوەند بە کەرکوک بنەمای لەسەر دەوڵەمەندبوونی پارێزگاکە بە نەوت داڕشتووە. بۆ عەرەبە نیشتەجێکراوەکانیش لەو پارێزگایە، کەرکوک‌ و ناوچە کێشە لەسەرەکان گرنگییەکی رۆحی‌ نییە و واپێدەچێت کە وابەستەگییەکی سۆزئامێز بە ناوچەکەیانەوە نەبەستێتەوە. بۆنموونە، سکرتێری گشتی لیستی عەرەبەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەحمەد حەمید عوبێدی، لە دیدێکی ئابوورییەوە تەماشای کەرکوک دەکات.
ئەو لە چاوپێکەتنێکدا دەڵێت: «من قەت لێناگەڕێم کوردەکان ئەو پارەیە بدزن [!] بە لکاندنی کەرکوک بە هەرێمی کوردستانەوە، [چونکە هێشتنەوەی کەرکوک وەک خۆی] من دەکات بە یەکێک لە هەرە دەوڵەمەندەکانی دنیا» (Paley 2008).
لەوەش گرنگتر، بەڵگەی زۆر بەدەستەوەن کە عەرەبە هاوردەکان هەست‌ و سۆزیان بۆ ناوچە کوردنشینەکان لە عیراق نییە.
لە چەند سەردانێکی نووسەر لە ٢٠٠٥ و ٢٠١١ بۆ ژمارەیەک گوندی تەعریبکراو لە قەزای دوبز، لە پارێزگای کەرکوک – چەند ساڵێک دوای جێهێشتنی عەرەبە نیشتەجێکراوەکان دوای رووخانی رژێمەکەی بەعس – بۆی دەرکەوت کە سەرەڕای ئەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ، لە ١٩٧٥ بۆ ٢٠٠٣، لەو دەڤەرانەدا نیشتەجێبوون، کەچی هیچ کامێکیان مردووەکانی خۆیان لە ناوچەکە نەناشتووە، بەڵکو بردوویانەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لێیەوە هاتبوون لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق. راستە عەرەبە شیعەکان مردووەکانیان لە گۆڕستانی وادی سەلام لە نەجەف دەنێژن، بەڵام زۆربەی عەرەبە نیشتەجێکانی ئەم ناوچانەی کە نووسەر سەردانی کردن، سوننە بوون نەک شیعە، دیارە شیعەشیان تێدابوو.
کاتێک نووسەر لە هەندێک لەو عەرەبانەی پرسی، کە هێشتان لە ناوچەکەدا ماون، کە بۆچی مردووەکانیان لێرە نەناشتووە، یەکێک لە عەرەبەکان وتی: «ئەم خاکە هی خەڵکی ئێرەیە».
نووسەر لە ئازاری ٢٠٠٥ و نیسانی ٢٠٠٧ سەردانی گوندەکانی پەڵکانە و سەربەشاخ‌ و شەناغە و گابەرەکە و دڕکەی لە قەزای دوبز کرد لە پارێزگای کەرکوک، لەو گوندانەدا بەدوای قەبرستانی عەرەبەکان‌ و بەناو قەبرستانە کۆنەکانی کوردەکاندا گەڕاوە و لەگەڵ هەندێک لەو عەرەبانەش قسەی کردووە کە تائێستا لە ناوچەکەدا ماون. لەو دەرو دەشتانەدا هیچ ئاسەواری قەبرستانی عەرەبان نەبینرا، تاک تاک لێرە و لەوێ عەرەبەکان منداڵی لەبەرچوو و یان زۆر ساوایان ناشتووە بەڵام لاشەی مردووەکانی دیکەیان هەموویان بردۆتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
نووسەر لەگەڵ چەند کەسێک کە خەڵکی ناوچەی گەرمیانن قسەی کردووە ئەوانیش باس لە هەمان دیاردە دەکەن. نەوزاد رەشید و ئەحمەد جاف کە خەڵکی کەلار و خانەقین-ن‌ و بە ئەسڵ خەڵکی گوندەکانی گەرمیانن، وتیان لە گوندەکانی کانەسور و عەلوەش‌ و سولەیمان‌ و باپلاوی گەڕاون‌ و هیچ گۆڕی عەرەبیان لەو ناوە نەدیووە و ئەوانیش وەک ئەوانەی کەندێناوە لە قەزای دوبز بردوویانەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئەم نموونەیە لەوانەیە وەک حیکایەتێکی سادە و ساکار بێتە بەرچاو، بەڵام گرنگیی وابەستەگیی ئینسان بە خاک‌ و نیشتیمانی خۆی نیشاندەدا.
ئەمە پەیامێکی گرنگە لە پەیوەند بە عیراق لەخۆدەگرێت، ئەویش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە ئەوکات بۆ حەفتا ساڵ دەچوو کە باشووری کوردستان بە عیراقەوە لکێنرابوو، کەچی عەرەبەکان هێشتا ئەو ناوچانەیان وەک بەشێک لەوڵاتەکەیان قبووڵ نەکردووەو ئامادەیی ئەوەیان تێدانەبوو کە مردوەکانیانی تێدا بنێژن.
بەپێچەوانەوە، ئەو ناوچانەیان پێ نیشتمان‌ و زێدی باب و باپیرانی خۆیان بوو کە لێیەوە هاتبوون. هاوکات دەکرێت بڵێین کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە «عیراق» لە دوو نیشتیمان پێکهاتووە،
کوردستان‌ و عیراق.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״بەشداریی پێکهاتەکانی کەرکوک لە لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەراندا״

بەیانی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایە لای هەمووان كە ...