سەرەکی » وەرزش » میسی بۆ جاری شه‌شه‌م پێڵاوی زێڕینی برده‌وه‌

میسی بۆ جاری شه‌شه‌م پێڵاوی زێڕینی برده‌وه‌

لیۆنێل میسی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی‌ بارسێلۆنا بۆ جاری شه‌شه‌م له‌ ژیانی وه‌رزشیدا پێڵاوی زێڕینی تایبه‌ت به‌ باشترین گۆڵكه‌ری خوله‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌وروپا برده‌وه‌.
میسی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ بارسێلۆنا توانی 36 گۆڵ له‌ خولی ئیسپانیا تۆماربكات، به‌مه‌ش پێش سه‌رجه‌م ركابه‌ره‌كانی كه‌وت و بووه‌ یه‌كه‌م یاریزان 6 جار ئه‌و پێڵاوه‌ بباته‌وه‌.
كیلیان مباپی تاكه‌ ركابه‌ری میسی بوو له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ كه‌ پێویستی به‌ تۆماركردنی 4 گۆڵ هه‌بوو له‌دوا یاری یانه‌كه‌ی‌ له‌ خولی فه‌ره‌نسا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌گه‌ڵ میسی یه‌كسان بكاته‌وه‌، به‌ڵام مباپی به‌رامبه‌ر به‌ ریمس ته‌نها گۆڵێكی كرد، به‌مه‌ش میسی به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی بۆ سێیه‌م وه‌رز له‌سه‌ریه‌ك بووه‌ پاڵه‌وانی خه‌ڵاتی گۆڵدن شۆی.
میسی بۆ یه‌كه‌م جار وه‌رزی 2009-2019 ئه‌م خه‌ڵاته‌ی‌ بردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات 34 گۆڵی له‌ خولی ئیسپانیا كرد، دوای ئه‌وه‌ له‌ وه‌رزی 2011-2012 ریكۆردێكی نوێی له‌ مێژووی ئه‌و خه‌ڵاته‌ تۆماركردو بووه‌ یه‌كه‌م یاریزان به‌ 50 گۆڵ خه‌ڵاته‌كه‌ بباته‌وه‌و وه‌رزێكیش دوای ئه‌وه‌ی‌ 46 گۆڵی كردو بۆ جاری سێیه‌م خه‌ڵاته‌كه‌ی‌ برده‌وه‌.
دوای چه‌ند وه‌رزێك دابڕان میسی وه‌رزی 2016-2017 به‌ تۆماركردنی 37 گۆڵ جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵاته‌كه‌و وه‌رزی رابردووش توانی به‌ 34 گۆڵ پارێزگاری له‌ خه‌ڵاته‌كه‌ بكات و ببێته‌ یه‌كه‌م یاریزان 5 جار خه‌ڵاته‌كه‌ بباته‌وه‌، دواجاریش ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ سێیه‌م وه‌رز له‌سه‌ریه‌ك بووه‌ براوه‌ی گۆڵدن شۆی و ریكۆرده‌كه‌ی‌ به‌هێزتر كرد.

 78 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*