سەرەکی » راپۆرت » دوو كورد بوونە پەرلەمانتاری یەكێتیی ئەوروپا

دوو كورد بوونە پەرلەمانتاری یەكێتیی ئەوروپا

بورهان ئەمین-ئەڵمانیا، PUKmedia

لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپادا كە لە 23تا26ی ئەم مانگە لە28وڵاتی ئەوروپی بەڕێوەچوو، لەنێوان پێنج كاندیدی كوردی پارچەكانی كوردستان لەئەڵمانیاو سوید، دوو كچی كورد بوونە براوەی ناو لیستەكانیان بۆ پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا.

ئەڤین ئینجیر
ئەڤین ئینجیر چالاكوان‌و سیاسەتوانی كورد لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید خۆی كاندید كردبوو، لەكۆی 20 كورسی وڵاتەكەی، توانی بكەوێتە ریزی پێشەوەی كاندیدە براوەكان‌و كورسییەك بەدەستبهێنێت.
ئینجیری تەمەن 35 ساڵ، خەڵكی ئامەدی باكووری كوردستانە، لەمنداڵییەوە لەگەڵ خێزانەكەی چوونەتە سوید. خوێندنی بەكالۆریۆسی لەیۆتۆبۆری تەواوكردووە. كەشی سیاسی‌و بارودۆخی ناو خێزانەكەی، وایلێكردووە كە وەك چالاكوانێكی بواری رێكخراوەیی‌و سیاسی دەربكەوێ‌و ببێتە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموكرات، لەبەر وریایی‌و لێهاتوویی، چەند ساڵێك سەرۆكی رێكخراوی لاوانی پارتەكەی بووە. دواتر بۆتە جێگری رێكخراوی نێودەوڵەتی لاوانی پارتی سۆسیالیست ئینتەرناسیوناڵ، لەزۆر لەڕێكخراوەكانی لاوان‌و سەندیكاكاندا پلەی باڵای هەیەو وەك كەسێكی سیاسی‌و كارا ناسراوە، لەخولی رابردووشدا فراكسیۆنی پارتەكەی بۆ هەمان پەرلەمان كاندیدیان كردبوو، بەڵام لەبەرئەوەی پارتەكەی دەنگی پێویستی نەهێنا نەیتوانی سەربكەوێ‌و كورسی بەدەستنەهێنا. ئینجیر كەسێكی خۆشەویستە لەناو پارتەكەی‌و زۆربەی پارتە كوردستانییەكانی تر، بەتایبەتی كەناڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسوید، هەروەك بۆ كاری رێكخراوی لاوانی سۆسیال دیموكرات چەند جارێك سەردانی سلێمانی كردووەو لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیوەندیی پتەوی هەیە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی لێ دەكات
ساڵح قەیتولی لێپرسراوی كۆمیتەی ریكخستنی سوید لەڕێگەی PUKmediaوە سوپاسی كوردانی سوید دەكات كە هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی ئەڤین ئینجیر بوون‌و دەنگیان پێداوە، هەروەك سوپاسی سەرجەم كوردان‌و كۆمیتەو ئۆرگانەكانی یەكێتی دەگەیەنێت بەسەرجەم كەرتەكان‌و ئەندامانی رێكخستنەكانی سنووری كۆمیتەی سوید كە بەگیانێكی لەخۆبوردووی‌و دڵسۆزانەوە بەشداربوون لەكەمپین‌و بانگەشە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بۆ ئینجیر. ساڵح قەیتولی، هیوا دەخوازێت ئینجیر دەنگێكی ئازادیخوازو بوێر بێت بۆ داكۆكی لەمافی گەلی كوردو خۆی بە باڵیۆزو نوێنەری كوردیش بزانێت.

ئۆزلەم دەمیرەل
لەئەڵمانیاش، لەسەر لیستی پارتی چەپی ئەڵمانی Die linke، ئۆزلەم دەمیرەل، كە وەك سەرۆكی لیست‌و لەڕیزبەندی یەكەمی پارتەكەی ناوی هاتبوو، توانی لەكۆی پێنج كورسی پارتەكەی كە بەدەستیهێناوە، كورسییەكی پەرلەمان بباتەوە، ئەو ژنە كوردەش تەمەنی 35 ساڵەو خەڵكی باكووری كوردستانە، 30 ساڵە لەئەڵمانیا دەژین‌و هەرزوو پەیوەندیی بەپارتی چەپ كردووەو توانیویەتی توانستی سیاسی خۆی بخاتەگەڕو خزمەت بەكۆمەڵگەی ئەڵمانی بكات، لەو ماوەیەشدا پۆستی باڵای هەبووە لەناو پارتەكەیداو چەند ساڵیك سەرۆكی فراكسیۆنی پارتەكەی بووە لەهەرێمی نۆردڕاین ڤێستڤاڵن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كه‌شتی ئالان كوردی ئه‌ركه‌كانی ده‌ستپێكرده‌وه‌

شیهاب عوسمان، ئه‌ڵمانیا جارێكیتر كه‌شتی فریاكه‌وتنی »ئالان كوردی» له‌كه‌ناراوەکانی لیبیا ...