سەرەکی » مانشێت » سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا

فراكسیۆنی سەوز بەشداریی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستانی نەکرد

سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

دوێنێ، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەچوو، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بایكۆتی دانیشتنەكەی كردو بڕیاریدا ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبێت.
لەكۆبوونەوەكەی پەرلەماندا، دوای خوێندنەوەی ناوی كاندیدەكان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە، نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان 68 دەنگی فراکسیۆنەکانی (پارتی‌و گۆڕان‌و پێكهاتەكان)ی بەدەستهێنا لەكۆی 81 دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو و بەسەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا، كاندیدەكانی دیكە هیچ دەنگێكیان بەدەست نەهێنا. لەكۆبوونەوەكەدا فراكسیۆنی سەوز وەك دووەم گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان، فراكسیۆنی نەوەی نوێ، بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد، فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ‌و یەكگرتووش دەنگیان بەهیچ یەكێك لەكاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، نەدا.

فراكسیۆنی سەوز
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی پەرلەمان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بێگەرد تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز بۆچوونی یەكێتی‌و فراكسیۆنی سەوزی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی سەوز بۆ رۆژنامەنووسان خستەڕوو‌ و رایگەیاند: ئێمە وەك فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان، پابەندی بڕیارەكانی حزبەكەمانین‌و وتیشی: لەسەرەتای دەستپێكردنی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، پەیامەكە بەوجۆرە بووە كە لەسەر سێ ئاست دەمانەوێ رێكەوتن بكەین، یەكەمیان تایبەتە بەهەرێمی كوردستان‌و تەئكید لەشەراكەتی راستەقینە لەحوكمڕانیدا دەكەینەوە، دووەمیان پرسی ناوچە جێناكۆكەكان بەگشتی‌و پارێزگای كەركوك بەتایبەتی، سێیەمیش شێوازی كاركردنی ئایندەمان لەبەغدا، كە هەموو ئەو خاڵانە لەپێناوی ئەوە بووە كەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە كاریگەرەكان مەبەستمان بووە بەیەكەوە لەشەراكەتێكی راستەقینەدا هەنگاوەكانمان بەیەكەوە بهاوین‌و خاوەنی یەك گوتاری یەكگرتوو بین لەسەر ئاستی نێوخۆیی‌و عیراقی‌و لەئاستی نێودەوڵەتییشدا.
سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز، راشیگەیاند: یەكێتی ئەو بڕیارەی داوە كە فراكسیۆنی سەوز بەشداریی لەپرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستاندا نەكات، هەرچەندە بابەتەكان شەخسی نین، بەڵام یەكێتی وایدەبینێت رێككەوتنەكان لەهەموو ئاستەكاندا وەك یەك جێبەجێناكرێن، بۆیە وەك یەكێتی بڕیاردراوە بەشداریی لەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكەین.

فراكسیۆنی پارتی
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، سوپاسی فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئەو پەرلەمانتارانەی کرد كە دەنگیان بەكاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان داوە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

فراكسیۆنی گۆڕان
هەروەها، فراكسیۆنی گۆڕان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رەهەندێكی نیشتمانیی هەیە، وتیشی: ئەو ناكۆكییانەی لەسەر پۆستی پارێزگای كەركوك هەیە هیوادارین چارەسەربكرێت‌و كاریگەریی خراپ دروست نەكات، ناكۆكی زیاتری نێوان لایەنە سیاسییەكانیش، مەترسی زۆر گەورە لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان دروستدەكات، ئەگەر ئەو سیاسەتە بەردەوامبێت‌و لایەنە كوردستانییەكان كۆك نەبن لەسەر پلانێك ئەوا بەدڵنیاییەوە كورد زیانی گەورە دەكات.
فراكسیۆنی گۆڕان راشیگەیاند: ئەوەی لەهەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمدا جێگیركراوە، بەتەواوەتی خواستی گۆڕان نەبووە، بەشێكی بەجێهێڵراوە بۆ نووسینەوەی دەستوور.

فراكسیۆنی كۆمەڵ
هەروەها، عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئێمە وەك فراكسیۆنی كۆمەڵ دەنگمان بەهیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەدا، ئەو هەڵوێستەی ئێمە پەیوەندیی بەكەسەكانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بەسیستەم‌و یاساكانەوە هەیە. وتیشی: لەبەرئەوەی لەكاتی خۆیدا پڕۆژەیەكمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد بۆ كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، بەڵام بەهەندوەرنەگیرا، لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی یاساكەی ئێستا، سەرۆكایەتیی هەرێم‌و سەرۆكی هەرێم بەرامبەر بەهیچ دامەزراوەیەكی هەرێم بەرپرسیار نابێت، بۆیە ئێمە بەدروستمان نەزانیوە كە دژی یاسایەك بین، بەڵام دەنگ بەكاندیدێك بدەین كە بەو یاسایە هەڵبژێردرێت.

فراكسیۆنی یەكگرتوو
لەسەر هەمان بابەت د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو دەنگمان بەسەرۆكی هەرێم نەدا، پێشمانوایە یاساو سیستمەكەمان پەرلەمانی نین، بۆیە نەكاندیدمان هەبوو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، نەدەنگمان بەهیچ كاندیدێكدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*