سەرەکی » هەواڵ » وتەبێژی یەكێتی: هەر جارەی گرفتێك بۆ پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك دروست دەكەن

وتەبێژی یەكێتی: هەر جارەی گرفتێك بۆ پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك دروست دەكەن

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، لەڕاگەیەنراوێكدا هەڵوێست‌و پێداگریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دووپاتكردەوە لەبارەی پرسی بەیەكەوە كاركردن‌و شەراكەتی راستەقینەو پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك‌و چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان‌و گەیشتنە رێككەوتن لەسەر تەواوی پرسەكان. ئەمەش دەقی راگەیەنراوەكەیە:
كۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵكی كوردستان
وەك دەزانن لەماوەی رابردوودا دوای گفتوگۆیەكی درێژو چڕوپڕو چاوەڕوانییەكی زۆری خەڵك‌و گرتنەبەری هەموو رێگەیەك لەپێناوی گەیشتنە رێككەوتنێكی گشتگیر بۆ چۆنییەتی كاركردن‌و داڕشتنی دیدگای هاوبەش لەبارەی پرسەكانی ناوخۆو عیراق‌و دەوروبەر، دوو رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزاكرد.
رێككەوتنێكیان بۆ چەسپاندنی پرەنسیپەكانی بەیەكەوە كاركردن‌و چارەسەركردنی گرفتە كەڵەكەبووەكانی ناوخۆو ئەوانەی پەیوەندی بەعیراق‌و پەیوەندییەكانی هەرێمەوە هەیە. رێككەوتنی دووەم لەبارەی چۆنییەتی دابەشكردنی جومگەكانی حكومڕانی‌و فەراهەمكردنی جۆرێك لەهاوسەنگیی لەدەسەڵاتە جیاوازەكان. هەموو ئەمانە لەپێناو بەشداریی راستەقینەی یەكێتیی نیشتمانیی كورستان‌و لایەنە سیاسییەكانی حوكمڕانی‌و بڕیاردان، بوون.
لەو رێككەوتنانەدا لەگەڵ پارتیدا مەبەستمان بوو هەماهەنگ بین‌و بەیەكەوە كاربكەین لەكوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەتی هەرێمی بەهێزو خاوەن بەرنامەی چاكسازیی‌و سەقامگیر. بیروباوەڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و ئیستحقاقی گەلەكەشمان وایدەخواست كە بەیەكەوە كاربكەین لەبەغداو بەرنامەیەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ چارەسەركردنی گرفتە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا. هەر لەو رێككەوتنەدا كەركوكمان كردە سەنتەر بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەو گرفتەكانی ناوچە دابڕاوەكان، مەبەستمان بوو پارێزگارێكی كورد لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێرین‌و لانیكەم رێگەبگرین لەهەوڵی پەلاماردان‌و تەعریبكردنی ناوچە دابڕێنراوەكان‌و رێگربین لەهەوڵی جێبەجێكردنی سیاسەتی شۆڤێنیانەی هەندێك لایەنی عیراقی.
بەبڕوای ئێمە حكومەت تەنها پێكهێنانی كابینە نییە، بەڵكو دەسەڵاتێكی دووانەیە ئەویش سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران‌و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە. بڕیارە «ئەمڕۆ 28/5» پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای ئەو هەموو دواكەوتنەو پشوودرێژییەی خەڵك‌و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان‌و دوو رێككەوتنی یەك لەدوای یەك، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان لەلایەنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەك نابینرێن، بەڵكو هەرجارەی گرفتێك بۆ پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك لەپشكی یەكێتی (وەك رێككەوتبووین لەسەری)، دروست دەكەن.
لەم سۆنگەیەوە بەڕای گشتیی كوردستان رادەگەیەنین، كە ئەو سیاسەتی پشتگوێخستن‌و تاكڕەوییە ئاكامەكانی باش نابن‌و ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پارتی كردمان، گرفتمان دابەشكردنی پۆست‌و بەركەوتەی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵكو پرسی بەیەكەوە كاركردن‌و شەراكەتی راستەقینەو خزمەتكردنی هاووڵاتیان‌و پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك بۆ خزمەتی خەڵكی ستەمدیدەو بەشەرەفی ئەو پارێزگایە لەئەولەویەتی ئەجێندای گفتوگۆی ئێمەدا بوو، دەمانویست بەیەك تیم لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا بەیەكەوە كاربكەین، بەڵام مەخابن ئەمڕۆ بەئێوەی رادەگەیەنین كە پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ‌و گرفتی جددی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا دروستكردووەو پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ «28/5»ی پەرلەمان ناكات.
هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش بەبێ دەنگی فراكسیۆنی یەكێتی، پرسی بڕیاردان‌و شەرعییەت لەهەرێمی كوردستاندا دەخاتە بەردەم بارودۆخێكی نوێوە، هەروەك پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەخاتە بەردەم ئەگەرو پێشهاتی تازە، دەرەنجام‌و لێكەوتەكانی ئەو سیاسەتە ناواقعییانە هەرچییەك بێت لەئەستۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا نییەو ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر.

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حاكم قادر: هەموو ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو كراوە

شوان كەریم دوێنێ لەمەراسیمێكی تایبەتدا و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی ...