سەرەکی » هەواڵ » فەرامۆشكردن‌ و پشتگوێخستنی بەدەستهێنانی مافەڕەواكانی كەركوك‌ و كەركوكییەكان ‌و ناوچەكانی دیكە، لای یەكێتی هێڵی سوورە

مەڵبەندی سلێمانی:

فەرامۆشكردن‌ و پشتگوێخستنی بەدەستهێنانی مافەڕەواكانی كەركوك‌ و كەركوكییەكان ‌و ناوچەكانی دیكە، لای یەكێتی هێڵی سوورە

پەیامی پشتیوانیی مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی (ی.ن.ك)

بەناوی تەواوی كادرو ئەندام‌و لایەنگران‌و جەماوەری تێكۆشەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسنووری مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانییەوە، پشتیوانی لەناوەڕۆكی هەڵوێستی جوامێرانەو حەكیمانەی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) بۆ سوربوون لەسەر جێبەجێكردنی یەكپاكێجی هەرسێ پرسی حكومەتی هەرێم‌و یەكلاكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و پرسە چارەنووسسازەكانی گەلەكەمان لەبەغدا، دەكەین‌و لەسۆنگەی باوەڕبوونی تەواومان بەبڕیارو هەڵوێستەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاوی سیاسی بۆ دەربازبوونی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لەو دۆخە چەقبەستووەی كە ئێستا لەڕێی نەوەكانی دوژمنانی داگیركەرانی شۆڤێنیی دوێنێی بەرلەئازادی، بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كوردبوونی كەركوك، پەیڕەوی دەكەن.
بەپێی پرەنسیپە مێژووییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا، كە (44) ساڵ یادی ئەمساڵی دامەزراندنێتی، وەك هێزێكی تێكۆشەری كۆڕی خەبات‌و دەستەبەری ئازادی‌و سەرفرازیی بۆ گەلی كوردستان بەگشتی‌و كەركوكی قودسی كوردستان‌و قەڵای سەوزی یەكێتی بەتایبەتی كە رووبارێك خوێنی بۆ بەخشیوەو هەردەم لەخەمی پاراستنی ناسنامەی كوردبوون‌و كوردستانیبوونی كەركوكی شاری پێكەوەژیانی سەرجەم پێكهاتەكان‌و ناوچە جێناكۆكەكاندا بووە، هەربۆیە فەرامۆشكردن‌و پشتگوێخستنی بەدەستهێنانی مافەڕەواكانی كەركوك‌و كەركوكییەكان‌و ناوچەكانی دیكەی كوردستانی دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان لای یەكێتی هێڵی سوورە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەو هەڵوێستە یەكگرتووەی لەلایەك هاوهەڵوێستی‌و یەكدەنگیی هەردوو مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی بۆ دۆست‌و نەیارانی دووپاتكردەوە، بەلایەكەی تریشدا نیشاندانی پێداگریی بوو لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە هاوبەشانەی كەڕەهەندی نیشتمانییان هەیەو رەتكردنەوەی دیاردەی دەستی دەستیكردن‌و سیاسەتی پشتگوێخستن‌و تاكڕەوی‌و بوغراییبوون بەخەیاڵی زۆرینەی پەرلەمان‌و دژی سیاسەتی فەرامۆشكردنی بڕیارەكانی تایبەت بەدانانی میكانیزمێك بۆ یەكلاكردنەوەی چارەسەری كێشە سیاسی‌و ئیدارییەكانی كەركوك‌و سازشنەكردن بوو بۆ پرسی گەیشتن بەتەواوی ئامانج‌و مافەكانی گەلەكەمان بەگشتی‌و كەركوك‌و خانەقین‌و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی، كە پێچەوانەكەی سوود بەدۆزی رەوای گەلەكەمان ناگەیەنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*