سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئەمریكا و ئێران لە نێوان گفتوگۆ و پێكدادانداپەڕە 2

ئەمریكا و ئێران لە نێوان گفتوگۆ و پێكداداندا

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسە باڵاكانی واشنتۆن زۆرجار باس لە گفتوگۆ‌و دانوستان دەكەن لەگەڵ تاران‌و خودی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ بۆ دانیشتن‌و دیالۆگ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بەڵام ناوبەنا‌و هەندێك لە بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە لێدوانی توند لە دژی ئێران دەدەن.

ئێرانی تۆمەتبار كرد
لە نوێترین لێدوانیشدا، دوێنێ جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، جارێكی تر تەقاندنەوەی كەشتییە نەوتییەكانی ئیماراتی خستەوە ئەستۆی ئێران.
جۆن بۆڵتۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئیمارات، رایگەیاند: بێگومانین لەوەی ئێران بۆ لێدانی كەشتییە نەوتییەكانی ئیمارات، مینی دەریایی بەكارهێناوە. وتیشی: ئامانجی سەرەكیی ئێمە بۆ ئێران‌و هاوەڵانی ئەو وڵاتە ئەوەیە كە تێبگەن لەوەی وەڵامی ئەو جۆرە كارانە باجدانی سەختی بەدواوەیە.

تاران مەرجی هەیە بۆ دانوستان
مەرجی تاران بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتۆن، لابردنی گەمارۆی ئابووری سەر ئێرانە‌و لەو بارەیەوە دوێنێ حەسەن رۆحانی سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: دەرگای وتوێژ لەگەڵ ئەمریكا دانەخراوە‌و دەكرێت گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان بكەن، بەو مەرجەی واشنتۆن سزاكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگرێت.
لێدوانەكەی حەسەن رۆحانی دوای لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ دێت كە لە سەردانێكیدا بۆ ژاپۆن لە رۆژی 27ی ئەم مانگە‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە‌، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە ئێران رایگەیاند: تاران دەیەوێت رێكەوتنمان لەگەڵدا بكات‌و ئێمەش هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران نادەین. وتیشی: ئەگەر تاران ئامادە بێت، ئەوا منیش ئامادەم دانوستان‌و گفتۆگۆ بكەم. هەروەك جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێك.

هەوڵەكانی نێوەندگیری
رۆژی 28/5/2019، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا لە بەغدا، ئاشكرایكرد: بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكاو ئێران‌و تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی‌و ئەمنی ناوچەكە، لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی هەریەك لە واشنتۆن‌و تاران دەكات. وتیشی: حكومەتی عیراق هەوڵەكانی بە ئاراستەی كەمكردنەوەی گرژییەكان‌و هێوركردنەوەی بارودۆخی ناوچەكە دەستپێكردووە، بە تایبەت گرژی‌و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، چاوەڕوان دەكرێت شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بەم نزیكانە سەردانی تاران بكات‌و چاوی بكەوێت بە رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران‌و سەرۆك كۆمار‌و بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە.
هەندێك لە سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن كە پێدەچێت سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن پەیامێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای بۆ بەرپرسانی ئێران پێبێت‌و لەوانەیە حكومەتی تۆكیۆ بیەوێت رۆڵی ناوبژیوان ببینێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی تاران‌و واشنتۆن.

ترەمپ پشتیوانیی دەکات
هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە میانی كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەیدا لەگەڵ شینزۆ ئابی، پشتیوانی خۆی بۆ هەر هەوڵێكی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن دەربڕی، لەبارەی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئەمریكا‌و ئێران. وتیشی: دەزانم شینزۆ ئابی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەرپرسانی تاراندا هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەكەین. ئومێدیشی خواست بۆ سەركەوتنی هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن.

رەوانەكردنی هێزی سەربازیی زیاتر
لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ لە كاتێكدابوو كە رۆژی 25ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ناردنی هەزار‌و 500 سەربازی دیكەی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند.
لەوبارەیەوە، كیتی ویبلالگر جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند: وڵاتەكەی هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات‌و سیاسەتی ئێمە لە بەرامبەر ئێران گۆڕانكاریی بەسەردا نایەت، بەڵام هەروەكو سەرۆكی ئەمریكا‌و وەزیری بەرگری ئاماژەیان پێكردووە، شەڕ روو نادات، بەڵكو ئامانجی ئێمە، گەڕانەوەی ئێرانە بۆ گفتوگۆ.
لەلایەكی تریشەوە، مایكل گێڵدی سەرۆكی دەستەی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە: لەو هەزار‌و 500 سەربازەی ئەمریكا، هێزێكی 600 كەسییان تایبەتن بە سیستمی دژە موشەكی پاتریۆت. سەربازەكانی تریش، بەشی ئەندازە‌و بەشی زانیاری‌و ناساندنن.

روسیا نیگەرانە
سەبارەت بە رەوانەكردنی هێزی سەربازیی زیاتر لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ناوچەكە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كاتێك باس دێتە سەر زیادكردنی ژمارەی سەرباز، مەترسییەكان زیاتر دەبن، هیواشی خواست واشنتۆن گوێ لەو دەنگانە بگرێت كە داوای لێدەكەن خۆی بە دوور بگرێت لە روبەڕوبونەوەی لەگەڵ ئێران. وتیشی: پێشنیارەكەی ئێران سەبارەت بە ئیمزاكردنی رێكەوتنێكی تایبەت بە دەستدرێژینەكردنە سەر یەكتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*