سەرەکی » کەلتوور » سلێمانی، ساڵانی 1918 – 1930

بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عیراق لە ماوەی ماندێتی بەریتانیادا:

سلێمانی، ساڵانی 1918 – 1930

لێکۆڵینەوەی: جۆردی تێجێڵ گۆرگاس
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

به‌شی یه‌که‌م
بڕیاری بەریتانیای مەزن لە شوباتی ساڵی ١٩٢٩ دا بۆ وازهێنان لە ماندێتەکەی عیراقی و لێگەڕانی بۆ ئەوەی وڵاتەکە سەربەخۆیی خۆی بەدەستبێنێت لە رێگەی دانوستان کردنەوە لەسەر پەیماننامەیەکی نوێ کەوا لەسۆنگەی نەبوونی هیچ باس و خواسێک لەبارەی ئۆتۆنۆمیی کوردەوە گەورەترین بزاڤ و جموجووڵی مەدەنیی ورووژاندبوو لە کوردستانی عیراق لە ماوەی ماندێتەکەدا. ورووژاندنی سیاسی لە ناڕەزایی و پشێویی سلێمانیدا رۆژی ٦ ی ئەیلوولی ١٩٣٠ گەیشتە لووتکە، کاتێ کە سوپای عیراق لە بارودۆخێکی ناڕوون و تەمومژاویدا تەقەی لە ئاپۆرەی خەڵک کرد و بوو بەهۆی کوشتنی چواردە کەس.
ئەم پشێوی و ناڕەزاییانە لاپەڕەیەکی گرنگن لە مێژووی لۆکاڵی و نیشتمانیی عیراق لە سایەی ماندێتدا. یەکەم تەقەکردنەکە جێگەیەکی کاریگەری داگیرکرد لە یادەوەریی دەستەجەمعیی دانیشتوانی سلێمانیدا و دووەمیش خەسڵەتی شارستانیی ناڕەزایی دەربڕین و پشێوییەکە بواردنێکی دا بە ناوەرۆکی جووڵانەوە کوردییەکان، کە پێشتر بە شێوەیەکی سەرەکی مۆرکێکی دێهاتیان پێوەبوو لە سەردەمی ماندێتدا. دواجار کاریگەری و لێکەوتەی سەرەکیی کوشتارەکە گەڕانەوەی بەهێزی شێخ مەحموود بوو، کە بەریتانییەکان لە سالی ١٩١٨ وە بە کاریگەرترین کەسایەتیی کوردی دادەنێن لە کوردستانی باشووردا لەسەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای ئەوەش، لەسۆنگەی پێگەکەیەوە وەک سەرۆکی رێبازی سۆفیگەرێتیی قادری (سەر بە لقی بەرزنجی)١ و هەروەها لەسۆنگەی شکۆ و پایە و سامانەکەی وەک ئەریستۆکراتێکی خاوەن مڵک لە شانۆی سیاسیی کوردیدا ساڵی ١٩٣٠.

لەگەڵ هۆکارەکانی
لە روانگەی ئەو سێ بوارەی کە لەسەرەوە باسکران – یادەوەریی دەستەجەمعی، رادیکاڵێتی و راپەڕین لە ژێر سەرکردایتیی شێخ مەحمووددا – ئەم باسە تیشک دەخاتە سەر رادیکاڵێتیی ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لە سلێمانیدا. پێش هەموو شتێک ئێمە دەبێت رەوشی مێژوویی دەستەبژێرە ناوخۆییەکانی ئەم شارە کوردە باس بکەین لەگەڵ هۆکارەکانی پەیدابوونی کێبەرکێی جەمسەرە سیاسییەکان لە ساڵی ١٩٢٤دا و پاشان دێینە سەر شیکردنەوەی دینامیکییەتی پەڕگریی سیاسی لە سلێمانیدا و بەتایبەتیش هەرا و پشێوییەکانی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠. دواتر باسەکە دێتە سەر روونکردنەوەی ئەوەی ئاخۆ بۆچی لەپاش سالی ١٩٣٠ و تا جەنگی جیهانیی دووەم ناوچە دێهاتییەکان بوون بە سەنتەری بزاڤ و جموجووڵی کوردی، ئەگەرچی ساڵانی ١٩٢٠کان مۆرکی رادیکاڵیی شارستانێتیی سیاسیی کوردی پێوە دیاربوو.

لە ناوچەکەدا هاتەکایەوە
شوێنی تایبەتمەندی سلێمانی لە بارودۆخی کوردی سەردەمی ماندێتدا دەکرێت بەو گۆڕانکاری و پەرەسەندنە تایبەتەدا لێکبدرێتەوە کە پاش رووخانی دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوچەکەدا هاتەکایەوە. لە نۆڤەمبەری ١٩١٨ دا، مێجەر ئێدوارد نۆیڵ کە ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی بوو بە هەندێک ئەزموون و زانیاریی لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بە ئەرکێک نێردرا بۆ سلێمانی بە مەبەستی گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی و بە هاوکاریی لەگەڵ سەرۆکە لۆکاڵییەکانی ئەو ناوچانەی دەکەوتنە دەرەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی سەربازیی بەریتانیاوە. شێخ مەحموود (١٨٨٢ – ١٩٥٦) کرابوو بە حوکمداری «باشووری کوردستان» ، کە تێرمێکە بۆ دەستنیشان کردنی ئەو رووبەرەی دەکەوتە نێوان هەردوو زێی گەورە و دیالەوە (سیروان – و). بۆ هەریەک لەم ناوچانە کاربەدەستێکی کورد دامەزرابوو و لە ژێر رێنمایی ئەفسەر یان حاکمە سیاسییەکانی بەریتانیدا کاری دەکرد.
بێجگە لەوە
بەم پێیە باشووری کوردستان، بە سلێمانیی «پایتەختیەوە» وەک قەوارەیەک لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکرابوو و نەخشەی بۆکێشرابوو بۆ ئەوەی ببێتە «تاقیگەیەک» ی ئەندازەگرتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دەستی بەڕێوەبەرە کۆڵۆنیاڵییەکاندا. بێجگە لەوە هۆکاری تریش هەبوون کە پشتگیریی ئەم تایبەتمەندییەیان دەکرد. پێش هەموو شتێک شاری سلێمانی دۆخێکی جیاوازتری هەبوو لە مەڵبەندە شارستانییەکانی تری باکووری عیراق بەهۆی هاوچەشنیی ئیتنیکی و ئاینییەوە، چونکە تاڕادەیەک تەواوی دانیشتووانی ناوچەکە لە کوردی سوننی پێکهاتبوون، بەپێجەوانەی هەولێر و کەرکوکەوە کە بە تەنها تورکمان و عەرەب و کورد زۆرینەیەکی روون و ئاشکرایان پێکنەدەهێنا. (ئەمە رای نووسەری باسەکەیە کە لەم رووەوە ورد نەبووە دەنا بە واقیع وانەبووە و هەمیشە هەر کورد زۆرینە بووە لەم شوێنانەدا – وەرگێڕ). بێگومان تایبەتمەندی و تاکایەتییەکی تری سلێمانی لە کەلەپوورە مێژووییەکەیدا خۆی دەبینییەوە،چونکە «باشووری کوردستان» تاڕادەیەک تێهەڵکێشی میرنشینی کۆنی بابان بووبوو کە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەمدا لە لایەن بابا سڵێمانەوە (١٦٦٣ –١٦٧٥) دامەزرابوو. سلێمانی وەک شار لەلایەن ئیبراهیم پاشاوە (١٧٨٣ – ١٨٠٣)، (لێرەدا پێموایە مەبەست ساڵانی حوکم کردنیانە – و) دروستکرابوو لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا وەک پایتەختی نوێی میرنشینەکە. میرنشینی بابان لە گەورەترین و فراوانترین رەوشیدا کۆیسنجەق و بانە لە باکوورەوە و کفری و قەرەتەپەی لە باشوورەوە لەخۆگرتبوو. میرە کوردەکانی بابان کە لە نێوان هەردوو رکابەری تورک و فارسدا گیریانخواردبوو بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی دۆخی سەربەخۆییاندا بوون. بەڵام لە ساڵی ١٨٤٧ دا ئەحمەد پاشا، کە دوا فەرمانداری بابان بوو، لە لایەن نەجیب پاشای والیی بەغدای عوسمانییەوە شکستی خوارد و سەربەخۆیی بابان کۆتایی پێهات. تێکدان و رووخاندنی دوا میرنشینی کورد بەشێک بوو لە پرۆسەی بەمەڵبەندی کردنی ئیدارە کە لەلایەن دەسەلاتدارانی عوسمانییەوە لە ساڵی ١٨٣٩ وە دەستیپێکردبوو لە ژیر پەردە و چاودێریی بەرنامەی تەنزیماتدا (خۆڕێکخستنەوە) کە ئامانجی مۆدێرنە کردنی پێکهاتە و دامودەزگاکانی ئیمپراتۆرییەت بوو.

پێش جەنگی جیهانیی
سلێمانی، سەرباری لەدەستدانی سەربەخۆیی، وەک پایتەختێکی هەرێمیی عوسمانی گەیشتبووە ئاستێکی بایەخداری گەشەکردن. لە پێش جەنگی جیهانیی یەکەمدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دەگەیشتە زیاد لە دە هەزار کەس و فەرمانگەی تۆماری زەوی و خانووبەرەی لەخۆگرتبوو لەگەڵ چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی(رەنگە ئەم چەندینە لێرەدا ورد نەبێت – و) و زیاد لە ٣٠ مزگەوت، چەندین حەمامی تورکی، بانکێکی کشتوکاڵی، خانوودامی رێکوپێک و ژمارەیەکی باشی بازرگانی دەوڵەمەنددا. ئەڵبەتە جێی سەرسوڕمان نەبوو کاتێ کە لە ساڵی ١٩١٩ دا بەریتانییەکان هاتنە سلێمانی هێشتا ژمارەیەکی بەرچاو لە نەوەکانی فەرمانڕەوایانی پێشتری بابان هەر لە شارەکەدا دەژیان و ناودارترینیان جەمال بەگ و عەزمی بەگ و فایەق بەگ بوون، کە ئەمانە گشتیان دواتر تێکەڵی حیزبی نەتەوەیی کوردی بوون. ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی بنەماڵەکە لە بەغدا نیشتەجێ بوون چەشنی (حەمدی بەگ) و هەروەها ئیستانبووڵیش چەشنی حوسێن شوکری و مستەفا زیهنی پاشا.
لە سەروبەندی وەرگەڕان بەرەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا، بازرگانان و گەورەپیاوانی سلێمانی کەوتنە ژێر رکێف و دەسەڵاتی شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحموود و پاشانیش شێخ مەحموود خۆی، کە هەردوکیان بەلای پشتگیریی سوڵتانی عوسمانیدا دایاندەشکاند. کاتێ نۆیڵ گەیشتە سلێمانی کەوتە پشتبەستن بە «سەرۆکە ئاساییەکان» یان نێوەندگیرە لۆکاڵییەکان، کە بە زۆری شێخ و ئاغاکان بوون، بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی ناوخۆیی ئاسایی. بە پێی ئەو رێنماییانەی لەلایەن کۆڵۆنێڵ ئەرنۆڵد ویڵسنی جێگری ئەودەمی کۆمیسیاری میسۆپۆتامیا، کە درابوو بە مێجەر نۆیڵ: «پێویستە بۆ سەرۆک هۆزەکان روونبکرێتەوە کە تۆ پەیوەندییان لەگەڵ دەگریت و هیچ نیازێک نیە بۆ سەپاندنی ئیدارەیەک بەسەریاندا نامۆ بێت بە نەریت و ئارەزووەکانیان. بێگومان سەرکردە خێڵەکییەکان پڕکێشیی ئەوە دەکەن هاوپەیمانییەک دروست بکەن بۆ راییکردنی کاروباری گشتییان بەگوێرەی رێنمایی ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکان».

لە دیدی گەلێ لە بەریتانییەکانەوە
ئەنجامی ئەم سیاسەتی «پشت بە خەڵک بەستنە» کە لە ساڵانی دواتردا پەیڕەوی کرا بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەی عیراقیش بەگشتی. لە دیدی گەلێ لە بەریتانییەکانەوە، سەرۆک خێڵ ئەو کەسە بوو کەوا کاریگەرانە خزمەتی خاڵی پێکەوە گرێدانی نێوان دەوڵەت و دانیشتووانی بەربڵاوی دێهاتدا. بژاردەی شێخ مەحموود و هاوکارانی وەک «سەرۆکە سروشتی و ئاساییەکان» ی کوردستانی عیراق پەیڕەوی ئەو مۆدێلە کۆڵۆنیاڵییەی دەکرد کە لە هندستاندا جێبەجێ دەکرا، هەروەها بەپێی فشارە هەنووکەییەکانیش. راستییەکەی لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٠ بەریتانییەکان پلانی ئەوەیان هەبوو کە پشت بە گەورەپیاوانی شارستانیی شکۆدار ببەستن و بەتایبەتی ئەریستۆکراتەکانی بابان، چەشنی حەمدی بەگی بابان. بەهەرحاڵ، فشاری سەربازیی تورکیا و کاریگەریی روو لە هەڵکشانی لەنێو خێڵە کوردەکانی باکووری عیراقدا، وای لە بەریتانییەکان کرد پشت بە شێخ مەحموود ببەستن و ئەو بە تاقە کەس دانرا کە بتوانێت هێزێکی گەورەی چەکدار لە نێو هۆزەکاندا بخاتەگەڕ بۆ بەرگرتن لە پێشڕەوی کردنی لەشکری تورک لە ویلایەتی مووسڵدا.
هەر لە ساڵی ١٩١٨وە یاخیبوون دژ بە بەریتانیا یاخیبوون لە ناوچە شاخاوییەکانی رەواندز و ئاکرێ و بارزاندا بەرپابوو لەنێو خێڵە لۆکاڵەکاندا بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەربەخۆییان. زیاد لەوە و سەرباری قبووڵ کردنی ئاگربەسی نۆڤەمبەری ١٩١٨ کە کۆتایی بە جەنگ هێنا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام فەرماندەکانی «جەنگی سەربەخۆیی» تورکیا بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال ژمارەیەکی باشی سەرۆک هۆزە کوردەکانیان کۆکردەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئینگلیزە «کافرەکاندا» لە رێگەی بەگەڕخستنی پڕوپاگەندەی چڕوپڕی پان ئیسلامییەوە. ئامانجی ئەم پڕوپاگەندەیە بە کارا و زیندوو راگرتنی سەرچاوەکانی یاخیبوون بەهیوای دووبارە وەرگرتنەوەی ویلایەتی کۆنە عوسمانیی مووسڵ، کە وەک خاکێک لەقەڵەم دەدرا کەوا لەڕووی مێژووییەوە بەستراوە بە وڵاتی ئەنەدۆڵەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٨ دا سلێمانی کەوتبووە دۆخێکەوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان جیاواز بوو لە شکۆداری grandeur جارانی پایتەختە کۆنەکەی میرنشینی بابان. بەپێی راپۆرتە جۆراوجۆرەکانی بەریتانییەکان کەوا هێزەکانی عوسمانی وەک کەلاوە بەجێهیشتووە و ٨٠% ی دانیشتووانەکەی لە ماوەی جەنگدا شاریان بەجێهێشتووە. لە رەوشێکی ئاوهادا وادێتە بەرچاو کە زەحمەتە بیر لە بوونی ئاستێکی بەرچاوی گەورەپیاوان بکرێتەوە کە پەنایان بۆ ببرێت بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتییەکی شارستانیی تۆکمە.
دامەزراندنی «حکوومەتێکی کوردیی» سەربەخۆ لە سلێمانی ودەوروبەریدا ساڵی ١٩١٨، بڕیاری کۆمەڵەی گەلانی بە هەڵپەسێردراوی هێشتبووەوە سەبارەت بە سوود و باشەی داهاتوو بۆ کوردستان و ئەمە لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانییەوە وا تەماشا دەکرا کە ئیجرایەک بێت بەرەو ئاسوودەیی خەڵکەکەی. بەڵام بە شێوەیەکی دژوار و سەرباری سیاسەتی بەریتانیا بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی دۆخی هۆزەکان لە کوردستاندا، ئەو رۆڵە سیاسییە نوێیەی شێخ مەحموود لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ دا بەدەستیهێنابوو وەک «نوێنەری کورد» لە بەرژەوەندیی دروستبوونی دەستەبژێرێکی شارستانیی نوێ بوو کەوا پلە بە پلە و لەسەرخۆ بەدوای چەسپاندنی هێز و توانای لۆکاڵیی خۆیدا دەگەڕا بۆ ئەوەی دواجار خۆی رزگار بکات لە کاریگەریی شێخەکان و ئاغاکان. راستییەکەی لە ساڵی ١٩١٨وە ناسیۆنالیزمی کوردی بوو بە سەرچاوەیەکی تازەی رەوایی شێخ مەحموود و توێژی ئەفەندییەکانی effendiyya لەخۆی نزیک کردەوە، کە دەستە و تاقمێک بوون بریتی لە فەرمانبەرانی مەدەنی، مامۆستایان، رۆژنامەنووسان و ئەفسەرانی کۆنی سوپای عوسمانی. یەکەم حکوومەتی شێخ مەحموود ئاڵایەکی «نیشتمانیی» کوردیی بۆ خۆی چێکرد١٨. هەرچەندە راپۆرتە بەریتانییەکان پێ لەسەر بایەخی هۆزەکان دادەگرن، بەڵام نوێنەرانی ئەم دەستە و تاقمە رۆڵێکی بێ چەند و چوونیان بینی لە ئیدارە کوردییە سەربەخۆکەدا١٩.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید بەشی نۆزدە کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە ...