سەرەکی » دۆسێ » دوو شرۆڤە بۆ دوو هەڵبژاردنی جیاواز

دوو شرۆڤە بۆ دوو هەڵبژاردنی جیاواز

دوا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا

وەک گرنگیدانی زیاتری کوردستانی نوێ بە رووداوە گرنگەکانی جیهان و دەوروبەر کە راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان یان دۆزی کورد بەگشتی هەیە، ئەم شرۆڤەیەی هاوکارمان نەوزاد ساڵح بەڕێوەبەری سەنتەری دیاکۆ بۆ هەڵبژاردن و راپرسی بڵاودەکەینەوە کە شارەزای بواری هەڵبژاردنە، هەرچەندە ئەگەری هەیە ئەم دوو تەوەرەی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و خوێندنەوەکانی بۆ هەڵبژاردنەکەی 2015ی تورکیاو پێشبینییەکانی بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبوڵ مشتومڕی زیاتر هەڵبگرێت، بەڵام لە سۆنگەی گرنگیی هەردوو بابەتەکەوە پێمان باشبوو بڵاوی بکەینەوە.

پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە 23 تا 26/5/2019 بەڕێوەچوو بۆ 751 ئەندام لە کۆی دەنگدەرانی 27 وڵات، 427 ملیۆن دەنگدەر بەشداربوون.
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1979 دا کراوە کە دوای کۆتایی دوو جەنگی جیهانی ئەو هەڵبژاردنە کراوە.
بیرۆکەی دروستبوونی یەکێتییەکە
-بیرۆکەی دروست بوونی پەرلەمانی ئەوروپا لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیاوە (چەرچڵ)ەوە داڕێژراوە لە ساڵی 1946 بەناوی (یەکێتی وڵاتانی ئەوروپا) بۆئەوەی بەهۆی ئەم یەکێتییەوە رێ لە بیری توندڕەویی بگیرێت و تەوژمی شەڕو ئاشوب کەم بکرێتەوە و دیموکراسی بچەسپێنریت کە ئامانج لەم یەکێتییەش بەرقەرارکردنی ئاشتی و روبەڕوبوونەوەی بیری توندڕەویی بوو.
سەرەتای دامەزراندنی لە ساڵی 1958 لەڕۆما بەناوی یەکێتیی ئابووریی ئەوروپا دەستی پێکرد، بنکەی سەرەکی لە شاری (بروکسل)ە و هەر پێنج ساڵ جارێک کۆدەبنەوە و هەڵبژاردن دەکەن، ئەمە جاری نۆیەمە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا دەکرێت، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هیندستانەوە بە دووەم هەڵبژاردن هەژمار دەکرێت، دەنگدەر دوای تەمەنی 18 ساڵی دەتوانێت دەنگ بدات، تەنها لە یۆنان نەبێت کە 17 ساڵیش دەتوانێت دەنگ بدات.
لە نەمسا و ماڵتاش لە 16 ساڵەوە دەتوانن دەنگ بدەن لە 36.9% لەنوینەرە ژنەکان ئەوروپایین لە هەڵبژاردنی 2014 ی پەرلەمانی ئەوروپادا لە 36.9% رێژەی ژنان بوون، کە ئەمەش بە بەرزترین رێژە هەژمار دەکرێت لە مێژووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپادا کە لە ساڵی 1979دا دەکرێت کە لەهەمان ساڵدا ریژەی ژنان 16.3% بوو.
گرنگترین کێشەکان
-1کێشە راستڕەوە توندڕەوەکان.
-2دەرچوونی بەریتانیا لە ئەندامێتیی یەکێتیی ئەوروپا.
-3ململانێی سوور و شین، واتە سۆشیال دیموکراتەکان و موحافیزەکارەکان.
-4دیاردەی کۆچ و کۆچبەران.
-5ژینگەپارێزی.
-6بێکاریی و هەڵاوسان.
-7پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتی.
ئەگەر بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپادا بێتە دەرەوە، ئەوا (705) کورسی دەمێنێتەوە بۆ کێبڕکێی پارت و کاندیدەکان بۆ پینج ساڵی دیکە کە نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان بکەن و بەشداربن لە داڕشتنی سیاسەت و یاسای یەکێتییەکە، بەپێی رێژەی دانیشتووانی وڵاتەکان کورسییەکان دابەشکراون کە ئەڵمانیا گەورەترین وڵاتیانە و 96 کورسی بۆ تەرخانکراوە و ماڵتاش بچووکترینیانە کە کەمترین کورسی دەبێت کە شەش کورسییە.
چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە لە ئیتاڵیا بەچەند بازنەیەک بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە ئەڵمانیا یەک بازنەیە، ئەم پەرلەمانە سێ باڵەخانەی فەرمیی هەیە لە شارەکانی ستراستبۆرگی فەرەنسا و شاری برۆکسلی بەلجیکا و ئەوەی سێیەمیشیان لە لۆکسمبۆرگە کە ئەمینداریەتی گشتیی پەرلەمان و دەستەی ئیداریی لەخۆ دەگرێت.
بوونی کاندیدە کوردەکان
لەهەریەکە لە وڵاتانی هۆڵەندا و سوید و فینلەندا، چەندین بەربژێری کورد بەشداربوون لەم پرۆسەیەدا، لەوانە خاتوو شەم ئەحمەد کە کاندیدی ژمارە (13) بوو لەسەر لیستی پارتی کاری هۆڵەندی، ئۆزلەم ئالیف لەسەر پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید، میلتەن ئۆکشۆ لەسەر لیستی هەمان پارت، هەر لە هۆڵەندا، ئەڤین ئینجر کە خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە لەسەر لیستی پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید، عەلادین باسبوگا لەسەر لیستی هەمان پارت لە فینلەندا.
بوونی ئەم کاندیدە کوردانەو دەرچوونی دوو کورد لەم پرۆسەیەدا، مایەی خۆشحاڵییە بۆ هەموو کورد و هیوادارین بتوانن دەنگی کورد بگەیەننە نێو ئەم پەرلەمانە و داکۆکی لە مافە رەواکانی گەلی کورد بکەن.
پەرلەمانی ئەوروپا بودجەی یەکێتی ئەوروپا پەسەند دەکات کە بڕەکەی (١٦٥) ملیار یۆرۆ زیاترە و بەشێکی ئەم بودجەیە بۆ چالاکیی رێکخراوە نا حکومییەکان و بەشێکیشی بۆ پاراستنی ژینگەیەو هەروەها بە شێکی دیکەی بۆ لێقەوماوانی کارەساتەکانە، جگە لە خەرجکردنی بەشێکی بۆ کارە رۆتینییەکانی کۆبوونەوە و بۆنەکان.
کێشەی راستڕەوە توندڕەوەکان و پۆپۆلیستەکان
دوای دروستبوونی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەسەرەتای 2011ەوە و کردنەوەی دەرگای کۆچبەریی بۆ ئەوروپا، کاری گرووپە تیرۆرستییەکان زیادیکرد و بەهەمان شێوەش کێرڤی جەماوەرێتیی پارتە راستڕەوە توندڕەوەکان بەرەو هەڵکشان چوو، بە هەڕەشەکانیان ترسیان لە دڵی هاووڵاتیاندا چاندووە و کێشەی گەورەیان دروستکردووە، وێڕای ساردکردنەوەی دەنگدەران و دوژمنایەتی کردنی لیبرالیزم و دادپەروەریی، پۆپۆلیستەکان و راستڕەوە توندڕەوەکان، بەرەیەکی بابەتی کۆیان دەکاتەوە، خۆ ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوا ئەوروپا دووچاری کێشەی گەورە دەکەنەوە، پرۆسەکە بەگشتی (رێژەی بەشداربووان لەم پرۆسەیەدا 52% بووە، ئەوەی کە هەستی پێدەکرێت تائێستا پارتە لیبراڵەکان بەرەو هەڵکشان و براوە هەنگاویان ناوە و پارتەکەی ئەنگێلا مێرکل 28% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و 8%ی دەنگەکانی لەدەستداوە، سۆشیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا شکستیان خواردووەو راستڕەوە توندڕەوەکانی فەرەنسا لە پێشترن.

مەترسیی هەیە سیناریۆکەی نۆڤەمبەری 2015 لە تورکیا دووبارە ببێتەوە

پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7ی حوزەیرانی 2015دا کە خۆشبەختانە ئەو شەرەفەمان پێ بەخشرابوو کە سەرپەرشتی ژمارەک کادری هاوڕێم بکەین کە لێرەوە سوپاسی یەک بەیەکیان دەکەم کە بەشێوەی گروپ دابەشیان بکەین بەسەر شارو گوندو شەقام و شوێنە گشتییەکاندا و بەشداربووین لە بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردندا بۆ پشتیوانی خوشک و براکانمان لە باکووری کوردستان کە ئەمەش ستراتیژی کارکردنمان بوو، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بۆ تورکیا بایەخ و گرنگیەکی گەورەی هەبێت، ئەوا بۆ پارتی دیموکراتی گەلان HDP یەکجار یەکلاکەرەوە و سوپرایز بوو کە کۆماری تورکیاش بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامەی لێ رانەدەبینی بەو پیەی کە بەپێی دەستوور بەربەستی 10%ی دانابوو لەبەردەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، بەڵام خۆشبەختانە HDP توانی پشت ئەستوور بە ئیرادەی گەل و دەنگدەرەکانی و کاریزمایی هاوسەرۆکە گەنجەکەی (سەڵاحەدین دەمیرتاش) ئەو بەربەستە تێکبشکێنێت و 13% لە کۆی دەنگەکانی ئەو پرۆسەیە بەدەست بهێنێت و (80) کورسی پەرلەمانی تورکیا مسۆگەر بکات. ئەگەرچی پارتی دەسەڵاتدار ئەو ئەنجامەیان پێ قبووڵ نەکرا و هەڵبژاردنی پێشوەختیان راگەیاند و لە 1/11/2015دا هەڵبژاردنێکی دیکەیان کردەوە کە بە پێی پێوەرەکان و وتەی زۆرێک لە چاودێران هەم ساختەکاریی زۆری تێداکراو هەم پرۆسەکەو هەلی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەنەکان وەک یەک نەڕەخسێنرا و بە ئاشکرا حزبی دەسەڵاتدار و دامودەزگا حکومییەکانیش کەوتنە بەرهەڵستیکردن و رێگریی لەبەردەم دەنگدەرانی HDPو تا بەو شێوازە توانییان 21 کورسی لەو حزبە کەمبکەنەوەو رێژەی کورسییەکان هاتە سەر 59 کورسی و بەمەش هاوسەنگیی هێز بەلای بەرەی حزبی دەسەڵاتدارو مەهەپەی هاوپەیمانیدا هاوسەنگ بکەنەوە، بەمەشەوە نەوەستان کە پەشیمان بوونەوە لە بەڕێوەچوونی پرۆژەکەی (دۆڵمە باخچە) کە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ لە ناوچەکەدا کە بە پرسی چارەسەری هەژماردەکرا، وێڕای هێنانی هێزی سەربازی بۆ باکووری کوردستان و وێرانکردنی چەندین شارو شارۆچکەو گوند لەوانە ناوچەی سووری ئامەد و جزیرە و شەرناخ و نسێبین و چەندین ناوچەی دیکە، جگە لە دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (سەڵاحەدین دەمیرتاش) و(فیگەن یوکسەگداغ ) و سەرۆکی فراکسیونی HDP لە پەرلەمان کە بەڕێز (د.ئیدریس بالوکیان) بوو، جگە لە دەستگیرکردنی دەیان ئەندام پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەنديی پەرلەمانتارەکانیان و زیندانیکردنی زیاتر لە 10هەزار بەرپرس و سەرۆک شارەوانی و کادر و ئەندام و هەواداری ئەو پارتە و سەپاندنی سیاسەتی قەیوم بەسەر سەرۆک شارەوانییەکاندا و گرتن و لادانیان.
تورکیا ئێستاش باجی ئەو هەڵانە دەدات کە بەردەوامە لەسەری کە لەگەڵ گەلان و وڵاتانی دراوسێ و کورد بەتایبەتی دەیکات. ئێستاش بەهیوایە لەم مانگەدا هەڵبژاردنی شاری ئیستانبوڵ دووبارە بکاتەوەو زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە کە بەنیازە هەمان سیناریۆی 1/11/2015 دووبارە بکاتەوە بە پەنابردن بۆ راکێشانی سۆزی ئاینیی کورد و پەنابردن بۆ دەنگ کڕین و بە پشتیوانی هێزە رادیکاڵ و توندڕەوەکانی وەک بەرەی نوسرەو ئەحرار ئەلشام و سوودوەرگرتن لە دەنگی ئاوارە سورییەکان کە رەگەزنامە و پاسپۆرتی تورکیایان هەیە و زۆر شێوازی نا دیموکراتیانەی تر تا بتوانێت کاندیدەکەی پارتی گەلی کۆماری (ئەکرەم ئیمام ئوغڵو) کە بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی مانگی ئازاری ئەمساڵ بە سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ هەڵبژێردراوە، پاشەکشە پێ بکات و کار بۆ سەرخستنی (بن عەلی یڵدرم)ی کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بکات بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی گەورەی ئیسەتانبوڵ کە لەپرۆسەی هەڵبژاردنی 31/3/2019دا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بەو هۆیەشەوە ئەردۆگان-ی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەو سەرکردەکانی حزبی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوا تانوتیان لە بێگەردیی پرۆسەکە داو کەوتنە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی و دووبارەکردنەوەی بەو هیوایەی کە ئەمجارە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەلای خۆیاندا پارسەنگ بکەن کە چاودێران پێیانوایە ئەوە هەوڵێکی شکستخواردووە و تورکیا تووشی گێژاوێکی دیکە دەکات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پارتە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوەکان..

پارتە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوەکان دەنگدەرانیان سێ بەرابەر زیادی کردووە سیروان ...