سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ لەسەر سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران دەكات

ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ لەسەر سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران دەكات

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: بڕیارە رۆژی سێشەممە 11/6/2019 دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبكاتەوە، هەروەك بڕیاریشە پرسی پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی كابینەی حكومەت‌و تەواوكردنی سەرۆكایەتیی لیژنەكانی پەرلەمان، لەگەڵ رووداوەكانی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران بەتایبەتی لەناوچە دابڕاوەكان‌و گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پڕۆژەیاسایەك، لەدانیشتنەكەدا تاوتوێ بكرێن.

چەندین پرس گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت
لەو بارەیەوە، هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەفراكسیۆنی سەوز، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: بڕیارە رۆژی 11/6 دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبكاتەوە، هەرچەندە تا ئێستا بەرنامەی كاری دانیشتنەكەمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی كابینەی حكومەت، كە یەكێكە لەگرفتەكان‌و رەخنەیەكی زۆری لێدەگیرێت، چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكان، بخرێتە بەر باس. وتیشی: جگە لەو پرسە تەواوكردنی پرسی سەرۆكایەتیی لیژنەكانی پەرلەمان خاڵێكی تر دەبێت.

ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتۆتەوە
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی سەوز، ئاماژەی بەوەشكرد كە یەكێك لەو بابەتانەی لەدانیشتنەكەدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، كە زۆر گرنگەو مەبەستمانە، پرسی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانە، بەتایبەتی لەناوچە دابڕاوەكان، كە لەماوەی رابردوودا رووداوەكە زۆر دووبارە بۆتەوەو ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتۆتەوە، وتیشی: هەرچەندە حكومەتی فیدراڵ خۆی بودجەیەكی بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەستدایە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوان دەكەین ئەو بابەتە لەئەنجومەنی نوێنەران ببێتە بابەتێكی جددیی گفتوگۆی پەرلەمانتاران.
باسی لەوەشكرد كە ئێستا ژمارەیەك پڕۆژەیاسا لەئەنجومەنی نوێنەران ئامادەن بۆ گفتوگۆو پەسەندكردن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە هەیە، بۆیە گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایانە دەبێتە خاڵێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.
هەر لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، ئەڵماس فازڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی سەوز، بە كوردسات نیوزی راگەیاندووە «سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران داوایكردووە لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی، راپۆرتێك لەسەر سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران‌و رەوشی ناوچە دابڕاوەكان ئامادەبكات، بڕیاریشە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكان لەڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، ئەو راپۆرتە بخوێنرێتەوەو گفتوگۆی لەسەربكرێت». وتیشی، چاوەڕوان دەكەین گفتوگۆی تەواو لەسەر ئەو پرسە بكرێت، بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكان‌و دەستنیشانكردنی كەموكورتییەكان، پێشنیازیش كراوە هێزێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ كەركوك پێكبهێنرێت لەهەموو پێكهاتەكان.

بڕیارێك لە بەرژەوەندیی جووتیاران
هەروەها، بەپێی لێدوانێكی پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق «ئەنجومەنی باڵای دادوەری، كاركردنی بەگرێبەستە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستوور، رەتكردۆتەوە».

راگرتنی كاركردن بەگرێبەستە كشتوكاڵییە رەتكراوەكان
دیلان غەفوور، لەلێدوانەكەیدا بۆ PUKmedia ، ئاماژەی بەوەشكردووە كە»دەستەی چاودێریی دادوەری سەر بەئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، لەسەرەتای ئەم مانگەدا نووسراوێكی رەسمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی دادگای كەركوك كردووە بۆ راگرتنی كاركردن بەگرێبەستە كشتوكاڵییە رەتكراوەكان لەو ناوچانەی كە ماددەی 140ی دەستوور دەیانگرێتەوە، كە ئەو بڕیارەی دەسەڵاتی دادوەری، خزمەت بەجووتیارە كوردەكانی ئەو ناوچانە دەكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەستەی دەستپاكی هەرێم راپۆرتی 2018ی راگەیاند

رۆژی 15ی 4ی 2019، دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان راپۆرتی ئاماری ...