سەرەکی » راپۆرت » بەشداریكردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، چاوەڕێی گفتوگۆی دواساتە

بەشداریكردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، چاوەڕێی گفتوگۆی دواساتە

راپۆرت و بەدواداچوون

بڕیارە سبەینێ دووشەممە 10/6/2019، رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا پرسی بەشداریكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فراكسیۆنی سەوزی یەكێتیش لە ڕێوڕەسمەكەدا روون نەبۆتەوە.

״وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە״
بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، بڕیارە كۆبوونەوەیەك لەنێوان وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا بكرێت، بۆ ئەوەی لەمبارەیەوە دوا هەڵوێست روون ببێتەوە و بەرچاوڕوونی هەبێت لەسەر بەشداریكردنی یەكێتی لە رێوڕەسمەكەدا.
هەر پەیوەست بە رێوشوێنی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم، لە چەند رۆژی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ئەنجام دا و تێیدا «وێڕای بە فەرمی بانگهێشتكردنی سەرۆك كۆمار بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، هەردوولا دۆخی سیاسیی عیراق و ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێكرد».
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان كە جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، بە سەرۆك كۆماری عیراقەوە یەكەم پەیوەندیی رەسمیی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەوە كە رۆژی 2/10/2018، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە لە هەڵبژاردنێكی ئازاددا بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، كە پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە بەرامبەر كاندیدەكەی یەكێتی-دا، كاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە هەبوو.

راوێژ و گفتوگۆ بەردەوامە
لەدوای رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە كابینەی «نۆیەم»یش ناودەبرێت، بۆ ئەوەی كابینەی نوێ لە ماوەی دیاریكراودا پێكبهێنرێت.
بەلێكدانەوەی چاودێرانیش ئەگەر پرسی بەشداریكردنی سەرۆك كۆمار و سەركردایەتیی یەكێتی و فراكسیۆنی سەوز لە رێوڕەسمەكەدا یەكلایی بكرێتەوە، رەنگە ژینگەیەكی نوێی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بێنێتە ئاراوە كە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانتر دەكات. بۆ ئەو مەبەستەش تائێستا راوێژ و گفتوگۆ بەردەوامە و دۆخەكە چاوەڕێی گفتوگۆی دواساتە.
شایانی باسە، رۆژی 5/2/2019، وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكەش لەسەر سێ خاڵی گرنگ رێكەوتن كە پەیوەندییان هەبوو بە (ئامادەكردنی وەرەقەی سیاسی‌ و كاری هاوبەش، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە).
رۆژی 4/3/2019 ش دوای كۆبوونەوەی وەفدی باڵای هەردوولا لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر، رێكەوتننامەی سیاسیی نێوان یەكێتی و پارتی ئیمزاكرا كە رێكەوتنی پرەنسیپەكان بوو بۆ شەراكەتی راستەقینە لە كوردستان و لە بەغدا و لە چارەسەری دۆسێی كەركوكدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حكومەتی میسر بەرپرسە لە مردنی..

حكومەتی میسر بەرپرسە لە مردنی مورسی رەوتەكان- تەلەفزیۆنی فەرمی میسر، ...