سەرەکی » کەلتوور » سلێمانی، ساڵانی 1918 – 1930

بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عیراق لە ماوەی ماندێتی بەریتانیادا:

سلێمانی، ساڵانی 1918 – 1930

لێکۆڵینەوەی: جۆردی تێجێڵ گۆرگاس

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

به‌شی دووه‌م

لە ساڵی ١٩١٩ دا جێگری کۆمیسیاری مەدەنی بڕیاریدا کۆتایی بە یەکەم حکوومەتی مەحموود بێنێت لەبەرئەوەی ئەم سەرۆکە کوردە هەوڵیدەدا قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات و کەرکوک و کفریش بگرێتەوە و ئەمەش هەڕەشە بوو بۆ تێکدانی بەڵانسی هێز لە باکووری عێراقدا و سەرۆکە کوردەکانی تر بەلای خۆیدا رابکێشێت و یاخیبوونێکی بەربڵاو لەدژی بەریتانییەکان بەرپا بکات. نۆیڵ وەک ئەفسەر (حاکم) ی سیاسی گۆڕدرا و ئی. بی. سۆن جێی گرتەوە، کەوا کەسێکی ریالیستی قسە لەڕووی رەخنە و توانجگر بوو لە شێخ مەحموود٢٠. پەیوەندیی کێوان ئەم دوو پیاوە تا دەهات روو لە گرژی و ئاڵۆزی بوو تا وایلێهات بوو بە قەیران و لە مایسی ١٩١٩دا تەقییەوە کاتێ کە شێخ مەحموود لەپڕ داوای لە تاقمێکی پشتیوانانی کرد لەودیو سنووری وڵاتی فارسەوە بێن بە هانایەوە و ئەفسەرە بەریتانییەکانی دەستبەسەر کرد و جاڕی سەربەخۆیی کوردستانی دا. بەڵام بێ یارمەتی وهاوکارییەکی ئەوتۆ لە لایەن هۆزە کوردەکانەوە، لە حوزێرانی ١٩١٩دا شێخ مەحموود گیرا و رەوانەی بەغدا کرا.
بەهەرحاڵ سلێمانی چیتر ئەو ئارامییەی بەخۆوە نەبینی کە دەسەڵاتدارانی سەربازیی بەریتانیا ئومێدیان لەسەر هەڵچنیبوو بۆی. بەریتانییەکان لە ترسی پەلاماردان و پێشڕەویی هۆزە کوردە یاخییەکان و هێزی تورکی <ناڕێکوپێک> زۆر بەخێرا و بەپەلە لە یەکی سێپتەمبەری ١٩٢٢ دا شارەکەیان چۆڵکرد. پاشان کۆمیسیاری باڵا شێخ مەحموودی گێڕایەوە و لە ١٠ ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٢ دا کردی بە حوکمدارhukumdar یان حوکمڕانی کوردستان. شێخ مەحموود پاش چەند رۆژێک لە گەڕانەوەی فەرمانێکی باڵای دەرکرد بە پێکهێنانی کابینەیەکی حکوومەت کە لە هەشت «وەزیر» پێکهاتبوو و لە هەردوک ئەریستۆکراتییەتی خێڵەکی و توێژی ئەفەندییەکان effendiyya دانرابوون، کە تێیدا شێخ مەحموود خۆی بوو بە وەزیری بەرگری و شێخ قادری برای کرا بە سەرۆک وەزیران و شێخ محەمەد غەریبی زاوای کرا بە وەزیری ناوخۆ. پۆستە وەزارییەکانی تریش دران بە کەریمی عەلەکە کە بازرگانێکی کریستیان بوو بۆ دارایی، ئەشغاڵی گشتی بۆ حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا کە بازرگان و زەویدارێکی دەوڵەمەند بوو لە سلێمانیدا، داد درا بە شێخ عەلیی قەڵەندەری، سەرۆکی پۆلیس بە سەید ئەحمەد بەرزنجی کە خاوەن مڵک بوو لە سلێمانی، پەروەردە و فێرکردنیش درا بە مستەفا پاشا کە جەنەراڵێکی پێشوو بوو لە سوپای عوسمانیدا. لەپاش مانگێک شێخ مەحموود خۆی کرد بە «مەلیکی کوردستان» و کەوتە دەرکردنی رۆژنامەیەک بە ناوی «رۆژی کوردستانRoji Kurdistan» بە هاوکاریی رۆشنبیران و شاعیرانی سلێمانی٢١. شێخ سیمبۆڵەکانی ناسیۆنالیستیی برەو پێدەدا وەک گەڕانەوە بۆ ئاڵای کوردستان و بووژاندنەوەی، چاپکردنی پوولی پۆستەی «کوردی» و رێکخستنی نمایشی سەربازی کە رۆڵی خۆی دەبینی لە بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم یان نەتەوەپەرستی وەک زمانی هاوبەشی lingua franca خەڵکی سلێمانی. لە تەمووزی ١٩٢٢ دا کۆمەڵێک لە رۆشنبیران (مونەوەران – و) و پیاوماقووڵانی سلێمانی، بە رابەریی مستەفا پاشا (١٨٦٦ – ١٩٣٦) جەمعییەتی کوردستانKurdistan Jamiyeti (کۆمەڵەی کوردستان) یان دامەزراند، کە رەنگدانەوەی ئەو کۆمیتە و لیژنە کولتووری و فەرهەنگییانە بوو کەوا لەلایەن رۆشنبیر و ناسیۆنالیستە کوردەکانی ئیستانبووڵەوە دادەمەزران لە ماوەی حوکمی عوسمانیدا٢٢. لە ئابی ١٩٢٢ دا مستەفا پاشا یەکەم ژمارەی بانگی کوردستانیBangi Kurdistan دەرکرد، کە جۆرناڵی رەسمیی کۆمەڵەکە بوو.

جارێکیتر داگیرکرایەوە
لە ساڵی ١٩٢٣ دا دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بۆ جاری دووەم بڕیاریاندا کۆتایی بە خولیاکانی شێخ مەحموود بێنن و گومانی ئەوەیان خستبووەسەر کە پەیوەندیی بەردەوامی هەیە لەگەڵ رابەرە شیعەکانی کەربەلا و نەجەف و کەمالیستەکاندا کە هێشتا هەر ئیدیعای خاوەندارێتیی ویلایەتی مووسڵیان دەکرد. بەم پێیە سلێمانی لە مایسی ١٩٢٣ دا جارێکیتر داگیرکرایەوە، سەرەڕای ئەوەش کاربەدەستە بەریتانییەکان هەر لە ساڵی ١٩٢١وە کاریان بۆ جێبەجێ کردنی ئەوە بوو کەوا دەسەڵاتی ئیداری و سیاسیی شارەکە ببەستن بە حکوومەتی عێراقەوە. کۆتایی «مەملەکەتەکەی» شێخ مەحموود دەرگای خستە سەرپشت بۆ بە شێنەیی دروستبوونی کێبەرکێی سیاسیی لە نێوان دەستە و تاقمە جیاوازەکاندا. کاپتن سی. جەی. ئەدمۆندس بەڕێوەبەرێتییەکی ناوخۆیی پێکهێنا بە هاوکاری ئەو پیاوماقووڵانەی ئامادەبوون بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ماندێتدا. شێخ قادری برای شێخ مەحموود، کە هەمیشە رێککەوتنی لەگەڵ بەریتانییەکان بەلاوە پەسەند بوو، کرا بە بەرپرسی ئاسایشی گشتی و ئەحمەد تۆفیق بەگیش، کە پیاوماقووڵێکی شار بوو، کرا بە بەرپرسی ئیدارەی مەدەنی.
بەڕێوەبەرێتییە نوێکە لە لایەن بازرگانانەوە پشتگیریی کرا کە پێشتر لە ساڵانی ١٩١٨ – ١٩١٩ و ١٩٢٢ – ١٩٢٣دا بە توندی سزادرابوون بە هۆی ئەو سیستەمی باج کۆکردنەوەوە کە شێخ مەحموود سەپاندبووی بۆ یارمەتیدانی دارایی «پشتیوانیی» هۆزەکان. لە دید و بۆچوونی بازرگانەکانەوە ئیدارەی بەریتانی بووژانەوەی بارودۆخی دارایی دەگەیاند و دواجاریش ئەگەرێک بوو بۆ چەسپاندنی کاریگەرییان لە کاروباری ناوخۆدا کەوا هێز و تینی لە توانای ئابووری و تۆڕی بازرگانییانەوە وەردەگرت لەگەڵ دێهات و شارۆچکەکانی تری ناوچەکەدا٢٣. ئەم بەرەیە لەلایەن پارتیزانەکانی شێخ مەحموودەوە بەرەنگاریی دەکرا، بە رابەریی سەید ئەحمەد بەرزنجیی سەرۆکی پۆلیسی پێشوو لە سەردەمی دەسەڵاتی «مەملەکەتەکەی» شێخ مەحموودا. ئەم دەستە و تاقمە هەندێجار لە راپۆرتە بەریتانییەکاندا بە تاقمی «سەر بە شێخ مەحموود» باسیان دێت و هەندێجاریش بە «سەر بە تورک»، چونکە بەرهەڵستییان بۆ ماندێتی بەریتانیا وەک ئەوە وابوو کە مۆرکێکی ستراتیجیی هاوپەیمانییان پێوەبێت لەگەڵ حکوومەتی ئەنقەرەدا.

ئاستێکی تەواو سنووردار
شێخ مەحموود لە تەمووزی ١٩٢٣دا توانی بگەڕێتەوە سلێمانی لەدوای پاشەکشەی هێزەکانی بەریتانیا وەک ئەنجامێک بۆ ئەو فشارە سەربازی و داراییەی ماندێت بوو بە هۆکاری و لە سەرێکیشەوە بوو بە هۆی هەڵاتنی نزیکەی دوو هەزار کەس لەم شارە و ئاوارەبوونیان و زۆربەی زۆریان ئەو پیاوماقووڵ و بازرگانانە بوون کەوا کەم و زۆر دەستیان لەگەڵ بەریتانییەکان تێکەڵ کردبوو. ئەمەش بوو بە هۆی زیادبوونی دەسەڵاتی دەستە و تاقمی «سەر بە شێخ مەحموود». بەهەرحاڵ ئەم رەوشە سیاسییە هەروا نەمایەوە و زۆری نەخایاند و ئەزموونی «کوردستانێکی باشووری» ئۆتۆنۆمیدار راشکاوانە لەگۆڕنرا. لەو ماوەیەدا کە شێخ مەحموود لە سلێمانی دەرکرا کانتۆنەکانی (قەزاکانی – و) رانیە و قەڵادزە لە باکوورەوە، چەمچەماڵ لە رۆژئاواوە، قەرەداخ و هەڵەبجە لە باشوورەوە لە ناوچەی سلێمانی دابڕان و بەمڕەنگە کاتێ شێخ مەحموود لەم سەروبەندەدا گەڕایەوە دەسەڵاتەکەی بەتەواوی دابەزی تا ئاستێکی تەواو سنووردار و رووبەرێکی بەرتەسکی نێوان سنوورەکانی وڵاتی فارس (کە لە ساڵی ١٩٣٤ وە بە رەسمی ناوی ئێرانی لێنرا – و) و ئەو ناوچە کوردییانەی تازە بەمدواییە خرابوونە بندەستی راستەوخۆی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقەوە.
پاشان سلێمانی دیسانەوە بۆ جارێکیتر لە مایسی ١٩٢٤ دا کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی بەریتانییەکان٢٤. لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا سلێمانی دۆخی شارێکی بووژاوە و گەشەکردووی بۆ گەڕایەوە. ژمارەی دانیشتووانی شار کە ساڵی ١٩٢٤ دابەزیبوو بۆ حەوت سەد کەس لە ماوەی دوو ساڵدا بەرزبووەوە بۆ دوانزە هەزار و لە ساڵی ١٩٢٨ دا بوو بە بیست هەزار٢٥. بەرنامە و پرۆژەی بەستنی سلێمانی بە عێراقەوە بەزۆری لە رێگەی زیرەکیی ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکانەوە ئەنجامدرا، کە کێبەرکێی سەرۆک هۆز و پیاوماقووڵانیان یەکلا کردەوە دژ بە مێمڵ و رکابەرەکانیان، چەشنی بابەکر ئاغا دژ بە عەباس مەحموود ئاغا، کە دوو سەرۆک هۆزی پشدەر بوون و هەروەها شێخ قادر لەدژی شێخ مەحموود (برای – و). بە هەمان شێوە ئەفسەرە بەریتانییەکان پێگە و پۆستی رەسمییان دەدا بە هاوپەیمانە لۆکاڵییەکانیان، وەک دامەزراندنی ئەحمەد تۆفیق بەگ بە موتەسەڕیف. بەهەرحاڵ ترنجاندنی هەندێك «بریکار یان گوێ لە مست» لە ناو رژێمە نوێکەی بەریتانییەکاندا بوو بە هۆی زیادبوونی کێبەرکێی نێوان دەستەبژێرەکان. هەرکاتێ ئاشتیی سەقامگیر و پتەو دەبووPax Britannica ئەوە کەمپی ناسیۆنالیستە کوردەکان، کە دواتر بەرپرس بوون لە بەرپاکردنی ئاژاوە و پشێویی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠، لە دەوری کۆمەڵەی زانستیی کوردستان کۆدەبوونەوە، کە لە بەهاری ١٩٢٦ دا دامەزراوە بە ئامانجی «پەرەپێدانی پەروەردە و فێرکردن بۆ جەماوەری کورد»٢٦. بەڵام هەر زۆر زوو ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامان، کە جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە جەمال بەگی بابانیش لەناویاندا بوو، ویستیان مۆرکێکی سیاسیی زیاتری بدەنێ و ئەفەندییە کوردەکان بخەنە ناوجەرگەی گفتوگۆ و مشتومڕی هەنووکەییەوە چەشنی ئۆتۆنۆمیی ئیداری و پەرەپێدانی ئابووری و بەرفراوان کردنی خوێندن و فێرکردن بەشێوەیەک کە لە زیانی سەرۆک هۆزەکان بکەوێتەوە٢٧.

ئەم هەوڵ و تەقەلایە
وەک داڤید ماکدوواڵ بۆیدەچێت کەوا کۆمەڵەی زانستیی کوردستان بووبوو بە «گۆڕەپانی شەڕەدەنووکی رکابەرە سیاسییە لۆکاڵەکان کەوا کوردە ناسیۆنالیستە قسەڕۆیشتووەکان دەیانویست بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریبێنن»٢٨. بەم پێیە مستەفا پاشای «وەزیری» پێشووی پەروەردە و فێرکردن لە حکوومەتەکەی شێخ مەحمووددا، کۆمەڵەکەی بەکاردەهێنا بۆ سەپاندنی بەربژێربوونی خۆی وەک نوێنەری سلێمانی لە پەرلەمانی عێراقدا. ئەم هەوڵ و تەقەلایە لەلایەن ئەحمەد تۆفیق بەگی موتەسەڕیفی سلێمانییەوە خەتابار کرا، کە ئەم خۆیشی سەرۆکی کۆمەڵەکە بوو، بە دنەدان و ورووژاندنی ئەفسەرە بەریتانییەکان. دەستلەکارکێشانەوەی مستەفا پاشا لە ساڵی ١٩٢٧دا هاوکات بوو لەگەڵ کەمپێنێکدا لە دژی ئەحمەد تۆفیق بەگ لەپێناوی دانانی جەمال بەگی بابان لە جێگەکەیدا وەک موتەسەڕیف. ئەڵبەتە بەریتانییەکان وایبۆدەچوون کەوا جەمال بەگی بابان پەیوەندیی خێزانیی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە ئیدارییانەی کە مابوون٢٩. هەرچەندە ئەم فڕوفێڵە شکستی هێنا، بەڵام ئەوە روون و ئاشکرایە کە خولیا و مەراقی تاکەکەس و پەیوەندیدار بە «بنەماڵەوە» بۆ هەندێک لە پیاوماقووڵانی کوردی وەک بابان، زۆر لە نزیکەوە تێهەڵکێشی خەون و خولیاکانی ناسیۆنالیستی بووبوون.
لە ساڵی ١٩٢٩ وە ئەو دەستە و تاقمە سیاسییانەی لە دەوری کۆمەڵەی زانستیی ئاڵابوون چوونە نێو رکابەری و ململانێیەکی ئاشکراوە بە هۆی سێ فاکتەرەوە کە بریتین لە: بڕگەکانی پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقی و سیاسەتی هەڵبژاردن و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان گەورەپیاوانی سلێمانیدا دوابەدوای دەرکردن و دوورخستنەوەی تۆفیق وەهبیی موتەسەڕیفی نوێ (١٨٩١ – ١٩٨٤) لە شارەکە لە ساڵی ١٩٣٠دا٣٠. نەبوونی تەواوی هیچ ئاماژەیەک بۆ ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی کورد لە رەشنووسی پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقیدا کە ساڵی ١٩٢٩ ئاشکرابوو کاردانەوەی بەهێزی لێکەوتەوە لە بازنەی کوردە ناسیۆنالیستەکاندا. لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٩ و ١٩٣٠ دا چەندین یاداشت و سکاڵانامە لەلایەن کەسایەتی و کۆمیتە (رێکخراوە – و) کوردییەکانەوە بەرزکرایەوە بۆ دەسەڵاتە بەریتانییەکان و کۆمەڵەی گەلان. وەک ئەنجامێک بۆ ئەم چالاکی و داواکاریانە حکوومەت بەڵێنی سیاسەتێکی دا کە لە دەوری یاسایەک بۆ زمانە ناوخۆییەکان یان لۆکاڵییەکان دەخولایەوە لە سەرەتای نیسانی ١٩٣٠ دا. بەهەرحاڵ، سەرباری فشارە بەردەوامەکان بۆ سەر کابینەی حکوومەتی عێراق لە لایەن راوێژکارە بەریتانییەکانەوە، ئەم یاسایە تا مایسی ١٩٣١ هێشتا هەر لە قۆناخی رەشنووسیدا بوو، «کاتێکیش کە بۆ دواجار دەرکەوت هێند لاواز بوو کە تا رادەیەک وەک ئەوە وابوو کە دانی پێدا نەنرابێت»٣١. ناهەستیاریی حکوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داواکارییەکانی بازنە کوردییەکاندا هاوپەیمانییەکی لێکەوتەوە لە نێوان سێکتەرە میانڕەوەکانی کەوا شێخ قادر و پشتیوانەکانی نوێنەرایەتییان دەکرد و کاربەدەستە بەریتانییەکان لە لایەک و ئەو «رادیکاڵانەی» نوێنەرەکانی توێژی ئەفەندییەکان سەرۆکایەتییان دەکرد لە لایەکی ترەوە کە بازرگانان و ئەفسەرانی سوپای عێراقیشیان لەگەڵ بوو. سەرەڕای ئەوەش و بە پێی راپۆرتە بەریتانییەکان ئەفەندییە ناسیۆنالیستەکان لە شێخ قادر کاریگەرتر بوون چونکە ئەم هەمان گونجاوی و خەسڵەتی شێخ مەحموودی برای نەبوو٣٢.

سلێمانی بخرێتە سەر دەوڵەتی عێراق
بەدەر لە دەستە و تاقمی «سەر بە کورد» دەستە و تاقمی رکابەری «سەر بە بەغداش» هەبوون و بایەخیان لەو کاتەوە پەیداکرد کە تاقمی «سەر بە تورک» رۆڵ و کاریگەرییان لەدەستدا لە پاش بڕیارەکەی ساڵی ١٩٢٥ ی کۆمەڵەی گەلان سەبارەت بە بەستنەوەی ویلایەتی مووسڵی جاران بە عێراقەوە. تاقمی «سەر بە بەغدا» وایان بەلاوە پەسەند بوو سلێمانی بخرێتە سەر دەوڵەتی عێراق بەو هیوایەی کەڵک و سوودی لێببینن، بەتایبەتی بۆ مەسەلەی دروستکردنی رێگەوبان کە ئاسانکاریی بازرگانی دەکرد لەگەڵ مووسڵ و بەغدادا٣٣. لایەنگرانی ئەم تاقمە دڵسۆزی ناسیۆنالیزمی عەرەب نەبوون بەڵام تاڕادیەک بیروبۆچوونی تێکەڵ و پێکەڵیان هەبوو. هەندێک لە سەرۆکەکانیان، چەشنی مستەفا پاشا، ناسیۆنالیستی کورد بوون بەڵام سەرکێشییەکانی شێخ مەحموود نائومێدی کردبوون و دەیانخواست دەرووی نوێی کاریگەریی شەخسیی بدۆزنەوە و بەشێکی تریان کە پارتیزانەکانی جارانی سەر بە تورک یان سەر بە شێخ مەحموود بوون و بۆچوونی دژە بەریتانی زاڵ بوو بەسەریاندا. بۆشایی نێوان ئەوانەی لایەنگری ئۆتۆنۆمیی کورد و ئەوانەی کە یەکگرتنیان لەگەڵ بەغدا بەلاوە باشتر بوو تا دەهات قووڵتر دەبووەوە لە قۆناخی سەرەتایی پێش هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراودا. پاش ئەوەی بەندە سەرەکییەکانی پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقی لە یەکی تەمووزی ١٩٣٠دا بڵاوبووەوە دەستەیەکی یانزە کەسی لە پیاوماقووڵان کۆمیتەیەکیان لە خۆیان پێکهێنا بۆ ئاڕاستە کردنی هاندانی سیاسی لە سلێمانیدا و توانییان بایکۆت بە خەڵکی شار بکەن لە هەڵبژاردنی لیژنەی پشکنیندا بۆ ناوچەکە کە سەرپەرشتیکار و بەرپرس بێت بۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنی تەشریعیی تازە٣٤.
لە هەمان کاتدا هەندێک لە گەورەپیاوانی دەستڕۆیشتووی شار لە هاوینی ١٩٣٠دا چەند داواکارینامەیەکیان نارد بۆ جنێڤ و تێیاندا داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی کوردییان کردبوو لە ژێر سەرپەرشتیی کۆمەڵەی گەلاندا. لەوە بەدواوە ناردنی داواکارینامەکان هاوپێچ دەکرا بە «کۆمەڵێک بابەتی هەمەچەشن»٣٥. ئەمەش بریتیبوو لە ئامادەکردنی «راڕەوێکی جۆشدان» بە رابەریی بازنەیەکی بچووکی ئەو رۆشنبیر یان مونەوەرانەی لە دەوری «جەمعییەتی کوردستان» و دواتر کۆمەڵەی زانستیی کوردستان یەکیانگرتبوو بە مەبەستی پتەوکردنی «سیاسەتی جەماوەریی» ناسیۆنالیستی.
یەکەم خۆپێشاندانی جەماوەری لە سلێمانیدا لە ١٦ی تەمووزی ١٩٣٠ دا بەرپابوو بە بۆنەی سەردانی شازادە غازییەوە بۆ شارەکە. رێڕەوی بەشدارانی ناڕەزایی دەربڕین بوو دژ بە پەیماننامە تازەکە لەسەر ئەو بنەمایەی کە هیچ شتێکی تێدا نیە بۆ کورد. هەردوک رەمزی فەتاح ئەفەندی و تۆفیق قەزاز کە سەرکردەی حیزبەکەی شێخ قادر بوون لە بەردەمی غازیدا وتاریان خوێندەوە٣٦. هەست و هۆشی دڵگەرمانە و دژە عەرەب بەخێرایی گەشەی دەکرد بە هۆی سەردانی کۆمیسیاری باڵا و سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سلێمانی، کە وای بۆ دانرابوو لە ١٠ ی ئابی ١٩٣٠دا ئەنجام بدرێت. رۆژی پێشتر، ئەحمەد فایەق بەگ کە فەرمانبەرێکی رەسمیی دائیرەی تۆمارکردنی زەوی و خانووبەرە (تاپۆ) بوو هەروەها ئەندامی پێشووی دادگای سلێمانی بوو، لە کەرکووکەوە گەیشتە سلێمانی و لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عەرەبی وتارێکی دا و ئەوەی ئاشکرا کرد کە نیاز وایە ئەم بکەنە موتەسەڕیف لە جێی تۆفیق وەهبی. پاش ئەمە خوێندکارانی قوتابخانە حکوومییەکان لێی کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەری و ئەمیش ناچار پەنای بردە بەر بنکەی پۆلیس و لەوێوە خرایە ناو ئۆتۆمبیلێکەوە و گەڕێنرایە دواوە بۆ کەرکووک و هۆشداریی درایە کە جارێکیتر نەگەڕێتەوە. بۆ رۆژی دوایی لە دەشتی تەیارەخانە خێوەت هەڵدرا و کەپر دروستکرا و عەشاماتێکی زۆر کۆبووەوە بۆ پێشوازی کردن لە دەسەڵاتداران. لێرەدا خەڵکەکە سەریان سوڕما کەوا فایەق بەگ لە ناو ئەو تاقمەدایە کە لەگەڵ کۆمیسیاری باڵا و سەرۆک وەزیراندا هاتوون و بەشێک لە جەماوەرەکە بە بەرد هاوێشتن پەلاماریاندا و برینداریان کرد. کۆمیسیاری باڵا ئاگای لە رووداوەکە نەبوو و پێشوازییە جەماوەرییەکە بەردەوام بوو. ئەڵبەتە بە رێگەپێدانی بەریتانییەکان، رێکخەرانی پێشوازییەکە قوتابییەکیان سازکردبوو وتارێک لە بەردەمی کۆمیسیاری باڵادا بخوێنێتەوە و جەعفەر پاشای سەرۆک وەزیرانی عێراقیان پشتگوێ خستبوو. وتارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
«خوێندکارانی کورد بەوپەڕی خۆشحاڵی و شانازییەوە بەخێرهاتنی جەنابی بەڕێز و پایەبەرزتان دەکەن بۆ کوردستان … ئێمە بەتەواوی ئاگادارین کەوا گەلێ لە کۆمەڵگاکانی تر لە ژێر دەستی ئێوەدا راهێنراون و فێرکراون. جەنابی پایەدارتان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە بەکەڵک دەبین بۆتان و … نیشتمانی دایکی کوردان زۆر بەهیوای پێشکەوتن و گەشەکردنە لە ژێر سایەی پارێزگاریی حکوومەتی بەریتانیادا. هەر بژی حکوومەتی بەریتانیا، هەر بژی جەنابی پایەدارتان کە پشتیوانیی کوردان دەکەن»٣٧.

کۆبوونەوەیەک بەسترا
بۆ رۆژی دوای ئەوە خۆپیشاندان شەقامەکانی سلێمانیی گرتەوە و تەوەری ئەم خۆپیشاندانە پەنجا قوتابی بوو بە رابەری و هاندانی دوو بەڕێوەبەری قوتابخانە، کە ئەوانیش محەمەد ساڵح قەفتان و رەفیق حیلمیی سەر بە قوتابخانەی شەوی زانستیی کورستان بوون. بێجگە لەوەش وتەکەی کاربەدەستێکی بەریتانی ئاماژەیەکی تێدابوو بۆ «شوێنکەوتووە ستەمکار و پیاوکوژەکانی شێخ قادر و هاوڕێکانی»٣٨. لە سەرای، کە تەلاری بەڕیوەبەرێتیی سەرەکی بوو لە شارەکەدا، کۆبوونەوەیەک بەسترا لە نێوان دەسەڵاتداران و سەرکردەکانی هەردوو تاقمەکەدا (تاقمی ئۆتۆنۆمی و تاقمی یەکگرتن لەگەڵ عێراقدا)، سەرەڕای ئەوەی کە سەرکردە دیارەکانی تاقمی سەر بە بەغدا زۆریان ئامادە نەبوون، حاجی مەلا محێدینی لێدەرچێت کە یەکێک بوو لە بازرگانە هەرە دەوڵەمەندەکانی سلێمانی و پیاوێکی دەم سپی و ناودار بوو. دەستە و تاقمی سەر بە کورد (نەتەوە پەروەر – و) داواکارییەکیان بەرزکردەوە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی سەربەخۆ لە ژێر سایەی بەریتانیادا یان شێوە ماندێتێک بێت لە لایەن کۆمەڵەی گەلانەوە. هەر کە لە کۆبوونەوەکە هاتنە دەرەوە رەمزی فەتاح ئەفەندیی وتەبێژ و دەمڕاستی تاقمەکە لەلایەن «جەماوەرێکی بێشوماری خەڵکەوە بە دڵگەرمییەوە پێشوازیی لێکرا و خستیانە سەرشان و بە ناوشاردا گێڕایان»٣٩. لەم کەشە بە جۆش و خورۆش و پڕ لە ئومێدەدا تاقمی سەربەخۆیی خواز پڕکێشییان کرد و دەسبەجێ داواکارییەکی پڕ وردەکاری و دوورودرێژیان ئامادە کرد بۆ ئەوەی بەرز بکرێتەوە بۆ کۆمەڵەی گەلان. بەڵام لەولاوە بڕیاردرابوو کە هیچ گۆڕانکارییەک نەکرێت لەو هێڵ و بنەمایانەی کە هەبوون و ئەمەش بزووتنەوەیەک بوو کە ئیلهامی لە تەکتیکە هندییەکانەوە وەرگرتبوو لەبارەی ئەوەی کە باج نەدان دەبێ رێکبخرێت٤٠.
لەم رووەوە وا چاکە سەرنجی ئەوە بدرێت کە بەریتانییەکان هانی خەڵکی سلێمانییان دەدا بە زۆر بێت یان بە خوایشت پەیڕەویی ئەو گەشەکردنانەی هندستان بکەن لە ساڵی ١٩٢٠وە و لە رێگەی دیلە کوردەکانی جەنگەوە کەوا لە سومارپور و بێلەری و نۆگۆنگەوە گەڕابوونەوە بۆ سلێمانی. بە پێی قسە و بەڵێنی ئەفسەرە بەریتانییەکان بوایە پێدەچوو هەموو دانیشتووان «دەبوایە ئەو بیرەیان لە مێشکی خۆیاندا گەڵاڵە بکردایە کە پەست و ناحەزن بەو رێبازەی هندستان». ئەڵبەتە دیلە گەڕاوەکان یەکەم پڕوپاگەندەی دژە بەریتانییان بڵاوکردەوە و بانگەشەی کۆتاییهێنانیان دەکرد بۆ پرۆسەی «بەهندستان کردنی کوردستان»، کە بە دەربڕینی ئەوان ملکەچ کردنی سەرۆکەکان و هەژار کردنی جووتیارانی دەگەیاند٤١. بەڵگە و شایەتی زانیاریی زیاتر لە سەر بزووتنەوەی دژە بەریتانی لە هندستاندا بوو بە هۆی ئەوەی کەوا تۆفیق قەزاز، کە یەکێک بوو لە ناودارترین سەرکردەکانی دەستە و تاقمی نەتەوەپەروەر لە سلێمانیدا، لە نێو هاوەڵەکانیدا بە غاندی بناسرێت٤٢.
کێنهان کۆرنواڵیسی راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کە ئاگاداری ئەم پەرەسەندنانە بوو، هانی پشکنەری ئیداریی سلێمانی دەدا بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر دەمڕاست و سەرۆکەکانی سلێمانی کە دەبێ بە شێنەیی و لەسەرخۆ چاوەڕێی بڕیاری کۆمەڵەی گەلان بکەن سەبارەت بە سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیی کورد٤٣. بەهەرحاڵ، هەوڵەکانی بەریتانییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە سلێمانیدا بێئەنجام بوو، چونکە دەستێوەردانی ئەکتەری سێهەم، کە حکوومەتی عێراق بوو، لە برەوپێدانی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان دوو تاقمەکە لەم رووەوە یەکلاکەرەوە بوو. لە کۆتایی ئابی ١٩٣٠دا تۆفیق وەهبی لەلایەن بەغداوە لابرا و تۆمەتبار کرا بە هاندان و برەوپێدانی هەستی جوداخوازی لای دانیشتووانی سلێمانی. دوابەدوای ئەم بڕیارە کۆمەڵی نەتەوەپەروەری کورد خۆپیشاندانیان رێکخست بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە سەر لادانی وەهبی و بڵاوبوونەوەی واتەوات سەبارەت بە ئەگەری دانانی ئەحمەد تۆفیق بەگ بە موتەسەڕیف لە جێگەی تۆفیق وەهبی ئەوەندەی تر دۆخە گشتییەکەی ئاڵۆز کرد. پێشتر ئەحمەد تۆفیق بەگ موتەسەڕیفی سلێمانی بوو بەڵام کەوتبووە ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ چەند سەرۆک و دەمڕاستێکی ناوخۆییدا کە لە یانەی زانستیی کوردستان بوون و لە هەموویشی گرنگتر ئاوەڵزاوای بابەکر ئاغای سەرۆکی «سەر بە بەغدای» بەشی پشدەری ئەو کۆنفیدراسیۆنە خێڵەکییە بوو کە بەهێزترین هۆزی کوردی پێکدەهێنا و ناکۆک بوو لەگەڵ شێخ مەحموود و شێخ قادری برایدا.
ئەنجامی ئەمەش زیادبوونی چالاکیی دەستە و تاقمەکەی شێخ قادر بوو، کە بە تەواوی و دوور لە ئامانجە نەتەوەییەکان، بەرەوڕووی لەدەستدانی دۆستێکی شەخسیی بووەوە کە تۆفیق وەهبی بوو، لە هەمان کاتیشدا موتەسەڕیفێک دەچێتە جێگەکەی، با بیر و بۆچوونی سیاسی هەرچییەک بێت، بەڵام بۆ ئەمان کەسێکی دۆست نەبوو. سەرباری ململانێ و ناکۆکیی پێشتری نێوان شێخ قادر و شێخ مەحموود وا ئێستا یەکەمیان پێویستی بە پاڵپشتی دووەمە و بەم رەنگە هەردوو برا لەگەڵ یەکتر رێککەوتنەوە و زۆربەی هەرە زۆری پشدەریان بەلای خۆیاندا راکێشا. هەروەها ژمارەیەک پیاوماقووڵی دیار هەبوون چەشنی حاجی مەلا محێدین و مستەفا پاشا کە بەلای جێبەجێ کردنی ئەم هەڵبژاردنەدا دایاندەشکاند. ئەمان بوون بە قوربانیی چەند کردەوەیەکی دوژمنکارانە و جارێکیان لە کاتی کۆبوونەوەیەکی رەسمیدا کە تاقمەکەی شێخ قادر بڕیاریاندا بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە بکەن کە بەو نزیکانە لە ١٦ ی تەمووزی ١٩٣٠دا دەکرا، مستەفا پاشا کەوتبووە وتاردان و دایشکاندبوو بەلای عەرەبدا و دژ بە بەریتانیا وەستابوو بەڵام نەیانهێشتبوو قسەکانی تەواو بکات و بە توندی پێیدا هەڵشاخابوون و لە کۆبوونەوەکە کردبوویانە دەرەوە و لە ژێر چاودێری و پاسەوانیی پۆلیسدا ناردبوویانە ماڵەوە و ماوەی چەند رۆژێک خۆی شاردبووەوە. بێجگە لەوەش، نامەی هەڕەشەیان ناردبووە سەر هەموو ئەو کەسانەی گومانیان لێکردبوون کە مەیلیان بەلای حکوومەتەوە بووە و نامەی هەڕەشەکانیان بە خەنجەر و دەمانچەی خوێناوی رازاندبووەوە٤٤.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید بەشی نۆزدە کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە ...