سەرەکی » ئاراستە » موحسین بایز و مه‌جیدی حاجی عه‌لی

له‌ یادی 10 ساڵه‌ی مه‌رگی پیاوه‌ ئازاكاندا

موحسین بایز و مه‌جیدی حاجی عه‌لی

ئاوات كۆكه‌یی

موحسین بایز
فه‌رمانده‌و تێكۆشه‌ری كۆچكردوو محسین بایز یه‌كێكه‌ له‌پێشمه‌رگه‌ ئازاو دیاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش شۆڕشی نوێ، كاك موحسین هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه‌ قه‌ده‌ر نه‌خشه‌ی ژیانی تێكداوه‌و به‌ئاراسته‌ی گرفته‌كاندا بردویه‌تی، به‌ڵام چۆكی دانه‌داوه‌و ئازایانه‌ به‌رگه‌ی ژیانی سه‌ختی گرتووه‌و ته‌نانه‌ت به‌شداری كاریگه‌رانه‌شی له‌خه‌بات و تێكۆشاندا كردووه‌.
ئه‌وكاته‌ی (مام بایز)ی باوكی له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌وسای عیراقه‌وه‌ شه‌هید ده‌كرێت، كاك محسین ئه‌وكاته‌ له‌سه‌ره‌تای لاوێتییدابووه‌و براگه‌وره‌ی خێزانێكی11كه‌سی بووه‌، به‌ناچاری و بۆ بژێوی ژیانی خێزانه‌كه‌ی ده‌ستده‌كات به‌كاری كشتوكاڵی و دوكانداری و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌پۆله‌كانی خوێندنگه‌ دورده‌كه‌وێته‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وباردودۆخه‌ نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌محسین بایز له‌كۆڕی تێكۆشان داببڕێت، بۆیه‌ ساڵی 1976 په‌یوه‌ندی به‌ڕێكخستنه‌كانی ی.ن.ك ده‌كات و دوچاری زیندان ده‌بێته‌وه‌، له‌شاخیشدا چه‌ندان پله‌ی پێشمه‌رگایه‌تی و سیاسی ده‌بڕێت و له‌ده‌یان نه‌به‌ردی و قاره‌مانیدا به‌شداریده‌كات و چه‌ندجارێكیش بریندارده‌بێت.
هه‌روه‌ها له‌ده‌سته‌ی یه‌كه‌مینی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت له‌رۆژی 5/3/1991 ده‌گاته‌ راپه‌ڕینی شاری رانیه‌.
فه‌رمانده‌ی نه‌مر موحسین بایز محه‌مه‌د ئه‌مین، ساڵی 1955 له‌ ناحیه‌ی (میرزارۆسته‌م)ی بناری كۆسره‌ت له‌دایكبووه‌.
خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ سه‌نگه‌سه‌ر و سێیه‌می ناوه‌ندیشی له‌رانیه‌ ته‌واوكردووه‌، ساڵی 1975 باوكی كاك موحسین له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ده‌ستگیركراو دوای شه‌ش مانگ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ده‌ریاچه‌ی دوكان دۆزرایه‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌خوێندن داده‌بڕێت و ئه‌ركی به‌خێوكردنی خێزانه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆده‌گرێت.
كاك موحسین بایزی نه‌مر له‌ساڵی 1976 په‌یوه‌ندی به‌رێكخسته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ باڵێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
هه‌مانساڵ له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر دراوه‌، به‌ڵام ئه‌و قاره‌مانه‌ هیچی له‌نهێنییه‌كانی رێكخستن نه‌دركاندوووه‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دوای شه‌ش مانگ ئازادكرا.
دوای ئازادبوونی له‌زیندان و له‌ساڵی 1977دا روویكرده‌ شاخ و بووه‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ڕیزی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستدا.
كاك موحسینی نه‌مر، له‌پێشمه‌رگایه‌تیشدا كه‌سێكی ئازاو لێوه‌شاوه‌و لێهاتووبووه‌و ده‌ورووبه‌ری زانیویانه‌ كه‌شایسته‌ی فه‌رمانده‌یی كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ ساڵی 1979 كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی هێزی سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیست و پاشانیش كراوه‌ته‌ جێگری هه‌رێمی چوارده‌ی سۆسیالیست.
فه‌رمانده‌ی نه‌مر له‌شه‌ڕو نه‌به‌ردییه‌كاندا كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو و خۆڕاگرو ئازابووه‌، له‌نه‌به‌ردییه‌كانی شاخ سه‌روه‌ری زۆری تۆماركردووه‌و له‌شه‌ڕی ناوشاره‌كانیش نه‌به‌ردی ده‌گمه‌نی تۆماركردووه‌، ساڵی 1981 له‌چالاكییه‌كی گه‌وره‌ی ناوشاری رانیه‌دا له‌سه‌عات11ی نیوه‌ڕۆ بریندارده‌بێت، به‌ڵام ئازایانه‌ درێژه‌ به‌شه‌ڕه‌كه‌ ده‌دات تا سه‌روه‌ختی خۆرئاوابوون و ئینجا توانیویه‌تی خۆی ده‌ربازبكات.
ساڵی 1987 به‌پیلانی دوژمن له‌گه‌ڵ چه‌ندین فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌ی دیكه‌دا ژه‌هرخوارد كراون، به‌ڵام به‌ڕێكه‌وت كاك موحسین رزگارده‌بێت، ساڵی 1988یش له‌هێرشه‌كانی كیمیابارانی به‌عس بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان بریندار بووه‌.
به‌گشتی محسین بایزی نه‌مر به‌شداریی و سه‌رپه‌رشتی و زۆر چالاكی پێشمه‌رگانه‌ی كردووه‌و
ساڵی 1993 كه‌ حزبی سۆسیالیستی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یه‌كیانگرته‌وه‌، كاك موحسین كرا به‌ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و پاشانیش كرابه‌ كارگێڕی فه‌رمانده‌یی گشتی (ه.پ.ك)، دوا پله‌شی جێگری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌رۆژی 11/6/2009 به‌رووداوێك گیانی سپارد.
مه‌جیدی حاجی عه‌لی
تێكۆشه‌ری نه‌مر، مه‌جید عه‌لی‌ سۆفی‌ شه‌ریف ناسراو به‌مه‌جیدی‌ حاجی عه‌لی‌ شاناخسێ، ساڵی‌ 1948 له‌گوندی‌ شاناخسێی‌ سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سیوه‌یلی‌ قه‌زای‌ شارباژێڕ له‌دایكبووه‌و تاپۆلی شه‌شه‌می‌ سه‌ره‌تایی خوێندووه‌.
له‌ناوه‌ڕاستی‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ بیستدا په‌یوه‌ندی‌ كردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، له‌ ساڵی 1972 دا بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول و له‌ نه‌به‌ردییه‌كانی ساڵی 1974دا رۆڵی ئازایانه‌ی بینیوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ كراوه‌ته‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ په‌ل، تا نسكۆی ئه‌و شۆڕشه‌ له‌ ساڵی 1975دا، به‌رده‌وام بووه‌.
ساڵی 1976 له‌ ساته‌وه‌ختی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان په‌یوه‌ندی‌ كردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ (كۆمه‌ڵه‌) یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و هه‌مان ساڵ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌ستبگیركراوه‌، ماوه‌ی 14 مانگ له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌و لێكۆڵینه‌وه‌دابووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر خۆڕاگری‌ و پته‌ویی بیروباوه‌ڕی، هیچ نادركێنێ‌ و ئازایانه‌ نهێنییه‌كان ده‌پارێزێت، بۆیه‌ هیچی له‌سه‌ر ساخ نابێته‌وه‌ و دوژمنیش له‌ناچاریدا له‌ ساڵی 1977 ئازادی ده‌كات.
ساڵی 1980 رووده‌كاته‌ مه‌یدانی روو به‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی نوێ، له‌م شۆڕشه‌شدا نمونه‌ی ئازایه‌تی و خۆڕاگری بووه‌.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی‌ مه‌فره‌زه‌ له‌ كه‌رتی‌ دووی‌ پاراستنی‌ ئێزگه‌ی‌ ده‌نگی‌ گه‌لی‌ كوردستان، ساڵی 1982 بووه‌ به‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌ تیپی‌ 37ی‌ شارباژێڕو ساڵی 1984 بووه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌ هه‌مان تیپ.
فه‌رمانده‌ی نه‌مر مه‌جیدی حاجی عه‌لی، پیاوێكی سه‌نگین و كه‌سێتییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، فه‌رمانده‌یه‌كی ئازاو پێشمه‌رگه‌یه‌كی خۆنه‌ویست و خۆۆشه‌ویست بوو، به‌رده‌وام له‌كاروانی خه‌بات و به‌هۆی شایسته‌یی خۆیه‌وه‌ جار له‌دوای جار پله‌ی به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ه‌ ساڵی 1988دا بووه‌ به‌جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ تیپ له‌مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ری‌ و
له‌ ساڵی 1991 بووه‌ به‌جێگری‌ فه‌رمانده‌ی به‌تالێون.
ئازایانه‌ به‌شداریی راپه‌ڕینی 1991ی كردووه‌، ساڵی 1992 بووه‌ به‌ئه‌فسه‌ری‌ حه‌ره‌كات له‌ لیوای‌ سلێمانی‌ له‌ سوپای‌ یه‌كگرتووی‌ كوردستاندا، ساڵی 1994 بووه‌ به‌جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ سلێمانی‌، ساڵی 1995 بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری‌ ماوه‌تی‌ له‌شكری‌ شارباژێڕ-پێنجوێنی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
ساڵی 1997 بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ له‌شكری‌ شارباژێڕو له‌سه‌رجه‌م ماوه‌ی‌ ساڵانی پێشمه‌رگایه‌تیدا چوارجار بریندار كراوه‌.
ساڵی 1998 بووه‌ به‌ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌وئه‌ركه‌دا به‌رده‌وام بووه‌.
به‌داخه‌وه‌، رۆژی‌ 14/06/2009 ئه‌و فه‌رمانده‌ نه‌مرو كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌ی كوردستان، به‌رووداوی ئۆتۆمبێل كۆچی دوایی كرد و گه‌یشته‌ كاروانی نه‌مران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵمه‌تبه‌ری‌ شاخ و پارێزه‌ری‌ ئارامیی شار

ئالان حه‌مه‌جه‌زا سه‌وڵجانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشگێڕترین حزبه‌ كه‌ زۆرترین ...