سەرەکی » ئاراستە » یادێك بۆ كاوه‌ مامه‌

یادێك بۆ كاوه‌ مامه‌

عومه‌ری خه‌تات*

كاوه‌ محه‌مه‌د مام ساڵح ناسراو به‌ (كاوه‌ مامه‌)، ساڵی 1966 له‌ سلێمانی و له‌ خێزانێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و دۆستی هونه‌ری فۆتۆگرافی له‌دایك بووه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ خولیای وێنه‌گرتن و كامێرا بووه‌، له‌به‌ر سته‌م و زوڵمی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و چه‌وساندنه‌وه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد، هه‌ر زوو له‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا چه‌كی دژ به‌ دوژمنی كوردی كرده‌ شان و چووه‌ شاخ و له‌ تیپی 33ی سلێمانی بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا زۆر قاره‌مان و خۆڕاگر بووه‌ و به‌ قسه‌ خۆشه‌كانی جێی خۆی له‌ناو دڵی هه‌ڤاڵانی و خه‌ڵكی ناوچه‌ی شارباژێڕدا كردبۆوه‌.
كاوه‌ یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زۆر بڕوای به‌ سه‌ركه‌وتنی شۆڕش هه‌بوو هه‌میشه‌ ئه‌یوت گه‌ر په‌له‌ نه‌كه‌ین ئه‌بینه‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی خۆمان.
پاش راپه‌ڕین و ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی، وه‌ك كادرێكی راگه‌یاندن و فۆتۆگرافه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ رۆژنامه‌كه‌ی خۆی (كوردستانی نوێ) درێژه‌ی به‌ خه‌بات داوه‌و بۆ هه‌ر كارێك و له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا پێشمه‌رگه‌ ئاسا ئاماده‌ بووه‌ و خه‌رمانی كاره‌كانی له‌ ساڵانی 1997 – 2004 به‌ لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كه‌وه‌ دیاره‌.
من وه‌ك هاوڕێی 36 ساڵ ته‌مه‌نی كاوه‌ مامه‌، له‌ ساڵی 1973 وه‌ واتا له‌ سه‌ره‌تای پۆلی یه‌كی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی كۆچی دوایی كرد، هه‌م له‌ قوتابخانه‌و دواتر پاش دابڕانێكی كه‌م له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی پێك گه‌یشتینه‌وه‌ و دوای راپه‌ڕینیش له‌ رۆژنامه‌ بۆ جاری سێیه‌م و تا كۆتایی ژیانی پێكه‌وه‌ بووین.
بۆ ته‌نها ساتێك دڵمان لێك نه‌ڕه‌نجاوه‌.
به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌كار دابڕا، به‌ڵام بۆ ساتێكیش له‌ قسه‌ی خۆش و كۆڕی پێكه‌نین دانه‌بڕا، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكارێك بووبێت بۆ به‌رده‌وامی و ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بێ به‌زه‌ییه‌.
مخابن له‌ رۆژی 7/6/2009 بۆ داوجار هه‌موومانی به‌جێهێشت و مه‌رگ هه‌موو خه‌ون و ئاواته‌كانی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ خسته‌ ژێر گڵ و دوای خۆی دوو منداڵی چاوگه‌شی جێهێشت. سڵاو له‌ رۆحی پاك و بێگه‌ردی ئه‌و پیاوه‌ ده‌م به‌ پێكه‌نینه‌ رۆح سپییه‌. هاوخه‌می بۆ كه‌سوكار و هه‌ردوو منداڵه‌ دڵشكاوه‌كه‌ی.

*هاوڕێی 36 ساڵ ته‌مه‌نی كاوه‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵمه‌تبه‌ری‌ شاخ و پارێزه‌ری‌ ئارامیی شار

ئالان حه‌مه‌جه‌زا سه‌وڵجانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشگێڕترین حزبه‌ كه‌ زۆرترین ...