سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید محه‌مه‌د ره‌وه‌ندۆك پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕشی نوێ

شه‌هید محه‌مه‌د ره‌وه‌ندۆك پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕشی نوێ

حه‌یده‌ر مه‌نتك

رووباری‌ خوێنی‌ شه‌هیدان سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ی‌.ن.ك-ه‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ی‌ ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ شكستی‌ به‌ شكست هێناو ئومێدی‌ شۆڕش و كوردایه‌تی‌ وه‌به‌ر نیشتمان و هه‌ستی‌ كوردانی‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی‌ كوردستان هێنا.
لێره‌دا یادی‌ شه‌هیدێكی‌ ده‌ڤه‌ری‌ چۆمانی‌ شه‌هید به‌خش ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌ویش شه‌هید محه‌مه‌د قه‌سرێ یه‌، شه‌هید محه‌مه‌د پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ شه‌هم و جوان و دڵسۆزو كارامه‌ بوو له‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، كه‌سێكی‌ شایسته‌و خۆشه‌ویست و رێزلێگیراو بوو له‌ناو هاوسه‌نگه‌رانی‌، به‌ڵام جێگای‌ داخه‌ ته‌مه‌نی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ زۆر كه‌م بوو.
شه‌هید له‌ سه‌رده‌مێك چه‌كی‌ شه‌ره‌ف و تێكۆشانی‌ كرده‌ شان كه‌ ده‌ستپێكی‌ هه‌ڵكردنی مه‌شخه‌ڵی شۆڕشێك بوو، له‌ ساڵێك پێشتردا نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد بێ‌ هیوا كرابوو، ‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول شكستی‌ هێنابوو، خه‌ڵك ئومێدی‌ به‌ شۆڕش و كوردایه‌تی‌ نه‌مابوو، به‌ڵام شه‌هید محه‌مه‌دی‌ قه‌سرێ‌ و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك هاوشانی‌ قادر خه‌بات و حاجی‌ شێخه‌ی‌ بنزیری‌ و مه‌حمود سه‌یده‌، بڕیاریان دا رووبه‌رووی‌ رژێم ببنه‌وه‌ و شه‌ره‌فی‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ شۆڕشی‌ نوێیان به‌ باڵا ببڕێت.
ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ سه‌خت بوو ئاسان نه‌بوو، جگه‌ له‌ شاخه‌كان كه‌س دۆستی‌ شۆڕش و یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان نه‌بوو، ژیان به‌مانای‌ وشه‌ قورس بوو، به‌ڵام شه‌هید محه‌مه‌د و هاوسه‌نگه‌رانی‌ باكیان به‌ سه‌ختی‌ ژیان و برسیه‌تی‌ نه‌بوو، له‌ پێناو داكۆكیكردن له‌ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌یان ژیانی سه‌خت و مانه‌وه‌ له‌ لوتكه‌ی شاخه‌كانیان هه‌ڵبژارد، هه‌ر له‌وێشدا بوونه‌ چقڵ بۆ چاوی‌ دوژمنان، ئیتر له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ پێشمه‌رگایه‌تیان چه‌ندین هێرشی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراویان برده‌ سه‌ر دوژمن و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یان تۆمار كرد، ئه‌وان بوونه‌ سه‌رمه‌شق و رێكخستنه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ لاوه‌كانی‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، ئه‌وان بوونه‌ هۆكاری به‌هێزبوونی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هێنانی‌ چه‌ندین پارچه‌ چه‌ك له‌ سه‌ر سنووره‌كانی‌ توركیاو ئێران، هێنانی‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌وكاته‌دا گێڕانه‌وه‌ی‌ هه‌ر به‌ قسه‌ خۆشه‌.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د مسته‌فا عومه‌ر ناسراو به‌ محه‌مه‌د سۆفی‌ ئه‌حمه‌د ڕه‌وه‌ندۆك، له‌دایكبووی رۆژی 1/7/ 1956ی ناحیه‌ی‌ قه‌سرێ‌، قه‌زای‌ چۆمان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر.
ساڵی‌ 1975 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانه‌وه‌ و له‌ مانگی 7ی 1976 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌رتی 1ی هه‌رێمی 7ی باڵه‌كایه‌تی‌، دواتر ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كه‌رتی‌ 2.
شه‌هید محه‌مه‌د له‌ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تییدا به‌شداریی‌ چه‌ندین داستان و به‌رگری‌ سنووری‌ هه‌رێمی‌ 7ی‌ كردووه‌، وه‌ك: بایناوان، كه‌له‌كی‌ باڵه‌یان، شه‌ڕی‌ پاش قه‌ڵاتان، شه‌ڕی‌ سه‌رده‌شتی‌ شیوه‌ڵۆك له‌ سنووری‌ مێرگێ‌ و وه‌ڵاش، شه‌ڕی‌ به‌ری‌ نزاری‌ له‌سنووری‌ وه‌ڵزێ‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین بۆسه‌و لێدانی‌ كاروانی سه‌ربازی له‌ سنووره‌كه‌.
شه‌هید یه‌كێك بووه‌ له‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ چه‌ندینجار و چه‌ند وه‌جبه‌ چه‌كیان له‌ توركیاوه‌ گه‌یاندۆته‌ كوردستان.
دوا پله‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ مه‌فره‌زه‌ بووه‌ و دوا شوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تیشی‌ كه‌رتی دووی هه‌رێمی حه‌وت بووه‌.
خانه‌واده‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌ری گه‌ل بووه‌ و پێنج رۆڵه‌ی به‌خشیوه‌ به‌كوردستان.
محه‌مه‌د قه‌سرێی قاره‌مان، له‌ شه‌وی 24\25/4/ 1978 له‌ سنووری‌ ناوپردان-چۆمان
له‌ نه‌به‌ردییه‌كدا به‌ برینداریی‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی‌ دوژمن و دواتر شه‌هیدی‌ ده‌كه‌ن، دوای‌ ئه‌وه‌ش له‌ دوای ئۆتۆمبێلی ئیڤای‌ سه‌ربازیی ده‌خه‌ن و به‌ سنووره‌كه‌دا ده‌یگێڕن.
دروود بۆ گیانی پاك و بێگه‌ردی ئه‌م شه‌هیده‌ نه‌مره‌ و گشت شه‌هیدانی كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شه‌هید لوقمان بێریاتی‌

شه‌هید لوقمان عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌حمه‌د ئیسماعیل له‌ خانه‌واده‌یه‌كی‌ كوردپه‌روه‌رو دڵسۆزی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان ...