سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » سلێمانی‌ لە نیوەی‌ دووەمی‌ سەدەی‌ نۆزدە

سلێمانی‌ لە نیوەی‌ دووەمی‌ سەدەی‌ نۆزدە

رەوشی‌ سلێمانی‌ لە نیوەی‌ دووەمی‌ سەدەی‌ نۆزدە لە چامەیەکی‌ سالم دا

د.ئاراس محه‌مه‌د سالح

بەشی سێیەم

میری (خوڵمار) و (دەلێن) ئەمساڵ مەڤەننە (صاڵح)ـە
باز بە (جەببار)یان سپەرد باقڵ ئومووری (دۆمەکان)
ئاغە گاها مەشوەرەتجۆیە لەگەڵ سەرکاتبی
وا دەزانم وەرگرێ حوکمی (چیاسەوز) و (شوان)!

لێرەدا شاعیر دەچێتە دەرەوەی‌ سلێمانی‌ و ڕەوشی‌ هەندێ لە قەزاو ناحیەو گوندەکانی‌ دەوربەری‌ سلێمانی‌ باس دەکات و دەڵێت: حاجی‌ میرزا بەپرسی وەرگرتن و ژماردنی‌ بەروبوومی‌ گوندی‌ (مالوان)ـە، گوندێکە لە شارەزور، ناوچەیەکی‌ کشتوکاڵی‌ بەپیتە، تورکەکان کەسێکیان کردووە بە سەرکارو بەرپرسی کۆکردنەوەی‌ سەرانەی‌ (خەراج) ئەو ناوچەیە کە نەشیاو و دەست پیس بووە، هەروەها دەوروبەری‌ شارۆچکەی‌ خورماڵ و جۆگەی‌ (دەلێن) کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی‌ خورماڵەوەو شوێنێکی‌ کشتوکاڵی‌ زۆر گرنگە (صالح) ناوێک کراوەتە سەرکارو کۆکەرەوەی‌ مڵکانەکەی‌ کە ئەویش نەشیاو بووە.
ناوچەی‌ (شوان)ی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ کەرکەوک و گوندی‌ (چیاسەوز) کە لە هەمان ناوچەیە شوێنێکی‌ کشتوکاڵی‌ گرنگن و دەسەڵاتی‌ نوێی‌ عوسمانی‌ کەسانی‌ نەشیاوی‌ سەربەخۆیان بۆ داناوە کە (ئاغا تاها) بووە، بۆ کاروباری‌ (دۆمەکان) کە عەشیرەتێکی‌ پیشەوەری‌ کوردن (جەبار) ناوێک دانراوە، بێگومان ئەویش کەسێکی‌ بێ توانا بووەو سەپێنراوە بەسەریاندا بۆیە سالم ڕەخنەی‌ لێگرتووە.

بۆ گەڕانی دەوری شار ئەمشەو (مەلا یوونس) دەچێ
مشتەکەی گورز و کەمەندی کشتەک و دەرزیی سینان!!
حامید و (وەستا حسێنی کۆڵ) لە شارا گەزمەچین
هەردو بۆ خوێن ڕیتنی دز کۆ بە کۆ تیشنەن بە جان
شیری قەیچی، تیری دەرزی، زەرگی نیوگەز، دیرعی ڕم!
نەخ کەمەند، ئیسپەر (دتوو)، جەوشەن بەتێ، بەنبڕ ددان
غەڵبەغەڵبی (هەی بکوژ) هەڵسا لە دەشتی (چوارباغ)
(قادری دەللاکە) هەر شەو تا سەحەرگەهـ، پاسەبان
لە ڕۆژگاری‌ ئەحمەد پاشای‌ باباندا هەروەکو نالی‌ و شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی‌ ئاماژەیان پێکردووە میرایەتی‌ بابان لەشکرێکی‌ تۆکمە و مەشق پێکراوی‌ هەبوو بۆ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ مەملەکەت، بەڵام لێرەدا وەکو سالم ئاماژەی‌ پێدەکات دەسەڵاتی‌ نوێی‌ عوسمانی‌ نەیتوانیوە دەزگای‌ ئاسایش و پۆلیس پێکیهێنێ، هەربۆیە ناچار بووە پیشەوەرانی‌ ناوبازاڕ بەکار بهێنێ بۆ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ شار، ئەمەیش خاڵێکی‌ ئیجابییە کە خەڵکە هۆشیارەکەو ئەوانەی‌ پێگەی‌ کۆمەڵایەتیان بەهێز بووە وەلائیان بۆ داگیرکەر نەبووەو ئامادە نەبوون ببنە موچەخۆری‌، بەڵام چینە سادەو ئاساییەکە بەزۆر بووبێت یان بە خواستی‌ خۆیان یان بۆ بژێوی‌ ژیان شانیان داوەتە بەر ئەو کارە.
مەلا یونس بووەتە حەسحەس و بە دوری‌ شارا گەڕاوە بۆ پاراستنی‌ هێمنی‌ و ئاسایشی‌ شار، هەروەها (حامید و وەستا حسێنی‌ کۆڵ) بەناو شاردا گەڕاون و ڕۆڵی‌ پۆلیسی‌ ناوبازاڕیان بینیوە، بەڵام بە ئامێری‌ پیشەکەی‌ خۆیان ئەو کارەیان کردووەو چەکی‌ پۆلیسی‌ و پێویستیان پێنەبووە بۆیە سالم گاڵتەیان پێدەکات، لە هەمان کاتیشدا کاری‌ پۆلیسی‌ ئیشی‌ ئەوان نەبوەو ناسراو بوون بە خەڵکی‌ خراپ، لەگەڵ ئەوەشدا وەستا حسێن کۆڵ بووەو بۆ کاری‌ ئاسایش گونجاو نەبووە.

سەتڵی سەرخووسێنی تەپڵ و ئەسپی قاپقاپی حەمام!
لۆنگی جەوشەن، شیری کزلک، تۆپزی کاری ددان

یەکێکی‌ تر لەو کەسانەی‌ بەپرسی ئاسایشی‌ ناوشار بووە (قادری‌ دەلاک) بووە، ئەوەیش شتێکی‌ جێگەی‌ گاڵتەجاڕییە، سەرتاشێک بکرێتە بەرپرسی ئاسایشی‌ ناوشار، تەپڵی‌ دەستی‌ سەتڵی‌ سەرتاشینەو ئەسپەکەی‌ (قاپقاپ)ی‌ گەرماو بووە، لەو کاتەدا ئۆتۆمبێل نەبووەو پولیس بۆ هاتوچۆ ئەسپیان بەکارهێناوە، دەبێت (تەپڵ)یش وەک هۆیەکی‌ ئاگادار کردنەوە لەلایەن پۆلیسەوە بەکار هاتبێت.

وا موسەللەح بوون بە ئەسبابی یەلی نەججاری شار
بۆ کەمینگاهی گوزەر وەک شێری بەندی بەردران
ناچەخ و تیر و کەمان و زەرگ و دەشنە و دەهرە بوو
ئەسکەنە و تێشە و مشار و لێسک و مەنگەنە و کەوان

ئەم ئامێرانە شاعیر ناویان دەبات کەرەستەی‌ دەستی‌ پیشەوەرانی‌ ئەو ڕۆژگارەی‌ سلێمانی‌ بوون بۆ ئیشوکارەکانیان، بەڵام لە ڕووی‌ تەنزەوە سالم دەڵێت کراونەتە تفەنگی‌ دەستی‌ پارێزەرانی‌ شار، بەو ئامێرانەوە لە دەوری‌ شار بوونەتە کەمینی‌ پاراستنی‌ شار وەک شێری‌ تازە ئازادکراوی‌ بەند، لەڕووی‌ گاڵتە کردنەوە بە شێر ناویان دەبات، چونکە نەخۆیان ئەهلی‌ ئەو کارەن و نە چەکی‌ دەستیان بۆ ئەو ئەرکە گونجاوە.

چاکی کرد میرزا سڵێمان پاسی دەککەی زیندروو
سەنگەری دەستگایە بۆ شەڕ، شەو هەتا وەختی بەیان!
مشتەیی نایە هەمانە و دەیوەشێنێ میپلی گورز!
گازنی تیژی نەجەخ، زووپین درەفش، ئیسپەر هەسان!

یەکێکی‌ تر لەو توێژانەی‌ ئەرکی‌ کاری‌ پاسەوانی‌ شاری‌ پێ سپێراوە دارتاشەکان بوون، ئەوانیش بە ئامێرەکانی‌ کارەکەیانەوە وەک: (ئەسکەنە) و (تێشە) و (مشار) و (مەنگەنە) و (کەوان) چوونەتە مەیدانی‌ پارێزگاری‌ لە ئاسایشی‌ شارەوە، شاعیر گاڵتە بە (میرزا سلێمان) دەکات کە کێی‌ کردووەتە بەپرسی ئاسایشی شار، (زیندرو) کردووەتە پاسەوان، ئەمەیش هەر تەنزو گاڵتە کردنە، چونکە (زیندرو) یان هەر پیشەوەرێکی‌ تر، کاری‌ ئەو نیە ببێتە پاسەوانی‌ ئاسایشی شار، بەڵکو دەبێت کەسانی‌ تایبەتی‌ ئەو بوارە بەو کارە گرنگە هەستن.

موونیسی خاصص و ئەدەب ئامووزی پاشایە (بزە)
بۆ نەدیمی چوون وزەش بێنن لە (تیمار) و (کچان)
باش خەیاتی خەرقەیی کەهیا ئەلە کۆپاندروو!!
ئەحمەدئاغای دەرزی باشی بوو بە قاترچیی خەران!!

هاودەم و خوێنەری‌ شیعر و ئەدەبی کۆڕی‌ پاشا کە مەبەستی‌ موتەصەڕیفی‌ ئەوکاتی‌ سلێمانیە (بزە)یە، یان ناوی‌ بزە بووە یان لەڕووی‌ گاڵتەپێکردنەوە ئەو ناوەی‌ لێناوە، بۆ هاوکاری‌ بزە چوون (وزە)ش بێنن لە گوندی‌ تیماری‌ قەرەداغ و گوندی‌ کچانی‌ ناوچەی‌ سەنگاو، ئەم دوو ناوە (بزە و وزە) بێگومان بۆ گاڵتەجاڕی‌ شاعیر ئەو ناوانەی‌ لێناون ئەگەرنا ئەو ناوانە لە کوردەواریدا نەبیستراون و ڕێناکەوێت دوو کەس بۆ یەک کار بانگ بکرێن ناوەکانیان هاوشێوەو هاووەزنی‌ یەکتر بێت.
کەتخودا یان (کەهیا) پۆستێکی‌ گەورە بووە لە دەوڵەتی‌ عوسمانیدا، کەسانی‌ پلە باڵاش بەرگدروی‌ تایبەتی‌ خۆیان هەیە، بەڵام شاعیر لە ڕووی‌ گاڵتەپێکردنەوە دەڵێت، بەرگدروە باشەکەی‌ کەتخودا ئەلەی‌ کۆپاندروە، ئەلە عەلییەو (کۆپان) ئەو جلەی‌ لە گوێدرێژو هێستر دەکرێت بۆ سواربوون، شاعیر دەیەوێت بڵێت: کەتخودا شایەنی‌ کۆپانە بۆی‌ ئامادە بکرێت بۆیە ئەلەی‌ ۆپاندرو بووەتە باش خەیاتی‌.

هەی پەنا بەخوا لەدەست ئێڵی غەوارەی دەوری شار
کافرۆشی و چنگنی و چووچانیی و جافی تەلان
عەزمی هەر کارێ بکا فەرچەن ئەگەر کاک ئەحمەدە
وای دەماڵن سێ کەڕەت تا دێتە کانیی ئاسکان.

شاعیر لێرەدا ناوی‌ چەند عەشیرەت و تیرەیەکی‌ کورد دەبات وەک (غەوارە، کافرۆشی‌، چنگنی‌، چووچانی‌، جافی‌ تەلان) ئەم خێڵانە لە دەوری‌ شار بوون لە هاوینانداو خەریکی‌ ماست و کەرەو دۆ فرۆشتن بوون، لەهەمان کاتدا ناسراون بە جەنگاوەری‌ و ئازایەتی‌، بۆیە شاعیر دەڵێت: خواستی‌ هەر کارێک بکەن وەک لافاو چەند جارێک ڕای دەماڵن با ئەو کارە کاک ئەحمەدی‌ شێخیش ڕێگری‌ لێ بکات، یان ئەگەر کاک ئەحمەدی‌ شێخ فەرمانی‌ پێ بدات، کاک ئەحمەدی‌ شێخ لەو کاتەدا شێخێکی‌ گەورەی‌ تەریقەتی‌ قادری‌ و مامۆستای‌ مزگەوتی‌ گەورە بووە.

بۆ نەجیبانی ویلایەت بوونە ئافەت نانەجیب
جامەیی شەهری لەدەست صەحرانشین بەس دادڕان
بانەیی و ئەوچا سوتەڵ هەر دوو شەریکی قیسمەتن
ثەبتی طوغرا بوون بە حوکمی ماوەت و سەمتی قەشان.

خەڵکانی‌ ناوەجاغ بوون بە بەڵا بۆ وەجاغزادەکان بەهۆی‌ ئەو ڕەوشەی‌ دروستبووە، چونکە دۆخی‌ ویلایەتی‌ بابان تێکچووەو دەزگای‌ پۆلیس و لێپرسینەوە نەماوەو پاشاگەردانی‌ بەرقەرارە، خەڵکی‌ دەشتەکی‌ و دواکەوتوو بوونەتە بەڵا بۆ شارو تەنانەت کراس و بەرگی‌ خەڵکی‌ دادەڕن، لە هەموو دنیادا دامودەزگای‌ پۆلیس و ئاسایش ی‌ بەهێزو دادگاو قانوون دەتوانن وڵات و خەڵکی‌ دابین بکەن، هەرکاتێک دەسەڵات و دەزگای‌ پۆلیس و لێپرسینەوە نەما وڵات دەبێتە پاشاگەردانی‌ و دەستدار بێ دەست دەخوات.
شاعیر ئاماژە بە دوو کەس دەکات (بانەیی) و (ئەوڵا سووتەڵ) کە ڕۆمیەکان کردوویانن بە بەرپرسی ماوەت و قەشان لە ناوچەی‌ شارباژێڕ، ئەم دوو کەسە وەک شاعیر ئاماژە بە ناوەکانیان دەکات کەسانی‌ نەشیاو بوون و لە ئاستی‌ ئەوەدا نەبوون ئەو ئەرکەیان پێ بسپێرێت.

لوطفی ڕۆمی پەرتەوی ڕۆژە، لە نیک و بەد دەدا!!
لەقلەق و نێریش دەچن بۆ چابتی نەهری (مووان)!
کەس نەڵێ ڕۆمی لە تەسخیری مەمالیک چابوکن
سستیی بەختی عەشیرەت بوو بە چالاکی ئەوان!

شاعیر بە تەنزەوە هەڵوێستی‌ تورک بە لوتف ناو دەبات و دەڵێت: وەک تیشکی‌ خۆر چاک و خراپ دەگرێتەوە، تەنانەت حاجی‌ لەقلەق و نێری‌ (سابرێن)یش دەچن بۆ سەرکاری‌ و وەرگرتنی‌ باجی‌ گوندی‌(مووان)ی‌ شارەزور.
ئەم بارودۆخەی‌ هاتوەتە پێش و ڕۆمیەکان ویلایەتی‌ بابانیان داگیر کردووە با کەس نەڵێت لە ئازایی و چاپوکی‌ ئەوانە، بەڵکو بەهۆی‌ بێبەختی‌ و نالەباری‌ ڕەوشی‌ کوردەوە بوو، ئەگەرنا ئەوان ئەوەندە چالاک ئازا نەبوون بتوانن هەموو کوردستان بخەنە ژێر دەستی‌ خۆیان و میرایەتیە کوردیەکان لەناوبەرن.

وەر نە ڕۆستەم وەک ئەمان کەی دێتە دەست بۆ چابوکی؟
وا بە جورئەت، وا بە غیرەت، وا یەل و صاحێب سینان!
وەختی حەملەی ڕۆژی مەیدان موددەعی وا پێ دەکەن؛
دێتە لەغزش پێ و ڕیکاب و سست دەبێ دەستی عینان
شێری بێشەی موڵکی بابان مەردی مەیدان ظاهیرە
گەر کەسێ بێنێتە خاطر دەستوبردیی گەرمییان.

پیاوە ئازاکانی‌ کورد ئازاو چاپوک بوون و خاوەنی‌ غیرەت و جورئەت بوون، لە ڕۆژی‌ هێرش و پەلاماردا، وەک شێری‌ بێشە وابووە زاهیر بەگی‌ جەنگاوەری‌ بابان، ئەگەر کەسێک بێنێتە بیری‌ خۆی‌ هەڵمەت و ئازایەتی‌ جەنگاوەرانی‌ ناوچەی‌ گەرمیان ئەو ڕاستیەی‌ بۆ دەردەکەوێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆزه‌كانی خه‌یاڵ

حه‌سه‌ن نازدار گۆزه‌گه‌ره‌كه‌ ‌به‌ ته‌واوی ئاره‌زوه‌وه‌ ‌به‌ قاچه‌كانی بزوێنه‌ری ئامێری ...